کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بنەماڵەی مەلا مستەفا، نەک تێکۆشەر نیین، بەڵکو قومارچیشن!

Monday, 14/05/2012, 12:00


نووسەرێک بەناوی (Mr Clint) باس لە خۆی دەکات، دەڵێت:
(زۆر جار ئەو پرسیارەم لە خۆم کردووە بۆچی پیاو خوو دەداتە یاریکردن؟ ئایا تەنها بۆ خۆشیی و بۆ کات بەسەربردنە؟ ئایا ژیان ئەوەندە بێنرخە بەم شیوەیە کاتی تێدا بەسەر بەرین و مێشکی خۆمانی پێ بمرێنین؟ ئایا باشتر نییە خۆمان بە کارێکی بەکەڵکتر و باشتر بەسەربەرین؟ بۆ وەلامدانەوەی ئەم پرسیارانە هەموو کەسێک بەشی خۆی قسە و وەڵامی پێیە! ئەوەی بە لای منەوە گرنگە ئەوەیە، کە پیاو هەموو شتێک تاقیبکاتەوە، لێ هەوڵبدات کارێکی نەگەتیڤ لەسەر خۆی دانەنێت و زیان بە خۆی نەگەیەنێت! لە نێوان لە خەیاڵ و فەنتاسییدا خۆی ون نەکات و لە واقیع دووربکەوێتەوە).

یەکێکی دیکە بەناوی (Lisa Odebck) ئاوا دەنووسێت:
(من بەڕێکەوت تووش بووم ، کە دەستم دایە قومارکردن، ئەویش لە رێگای چەند هاوڕێیەکی قومارچییەوە، سەرەتا بە یاری بچووک و پارەی کەم دەستم پێکرد، چونکە سەرەتامبوو باشم لێنەدەزانی، بەڵام بەختیش یاوەرم بوو، دەمبردەوە  پاش ماوەیەک، پیاو لەسەر یارییکردن کە بەردەوام دەبێت، ئەو هەستە لە لای دروست دەبێت، کە دەیەوێت ئازا بیت و بکەویتە شەڕەوە و کێبڕکێ بکات، ئەوەی بەرامبەرت وەستاوە لێیبەریتەوە و لە مێزەکە دووری بخەیتەوە، پاش ماوەیەک لە راستیی تێدەگەیت، کە بردنەوە و دۆراندن بۆ قومارچی تەنها یەک مانای هەیە و یەک ئامانج دەپێکێت، ئەوەیش ئەوەیە کە تۆ لە هەموو لایەکەوە دۆراویت، دۆڕاندن لە کات، لە تەمەن، لە ژیان، لە عەقڵ، لە سامان و هەموو خۆشییەکی تر. ئەوەی یاریکەرە ئاستی زانست و تێگەیشتنی کەمدەبێتەوە، چواردەوری خۆی نابینێت و لێی دوور دەکەوێتەوە، لە کۆمەڵگا پەرێز دەبێت و لە خەیاڵدا دەژی، ناشزانێیت بۆچی دەژی و بۆچیشە، کە یاری دەکەیت؟).



تا ئێرە بەسە بۆ گێڕانەوەی قسەی قومارچییەکان، ئەوانەی کە خۆیان بیرکەوتۆتەوە و دەرسیان لە ئەزمونی خۆیان وەرگرتووە و لە ژیانی داهاتوویاندا کەڵکیان لێ وەرگرتووە،  زوو هەستیان بە تێکشکانی خۆیان کردووە، لە دواییدا نرخی ژیان و کاتیان زانیوە، لەوێسەوە بوونەتە رێنیشاندەر بۆ ئەوانەی کە خەریکن تێدەکەون و تاقیکردنەوەکانی تاڵی ژیانی خۆیان بۆ باسکردوون.

قومارکردن، گرفت و دەردێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریشە، لە زۆر رووەوە هەمەلایەنەشە، ئێمە لێرەدا باس لەمانە ناکەین، لایەنە سیاسییەکەی، یان دروستتر لەسەر سیاسییە قومارچییە کوردەکان و منداڵەکانیان قسە دەکەین، کە چۆن لە  رابواردن و خواردن و هەموو شتێک تێربوون، ئاگایان لە دەوروبەر و ئیستا و رابردووشیان نییە، بەو پارە زۆرەی لەبەر دەستیاندایە خەریکی قومارکردن و بەهەدەردانی سامان و پارەی خەڵک ئەو وڵاتەن.

دەتوانین بڵێین کە ٩٩%ی بەرپرس و سەرکردە کوردەکان ئەمڕۆ خەریکی قومارکردن و جۆرێک لە یاریکردنن، هەمووشی لە پیناو کاتکوشتن و سەرفکردنی ئەو پارە زۆرەی لەبەر دەستیاندایە،  لە خەوێکدا دەژین، کە لە رابواردن تێربوون، شەپشەپێن بە پارە و هەموو شتێک دەکەن. لیستی ناوی بەرپرسە کوردە قومارچییەکانی کورد زۆر و دوور و درێژە، کوڕ و منداڵەکانیشیان لە ناو دۆلاردا دێن و دەچن و هەڵدەستن، بۆ نمونە کوڕەکانی نوری شاوەیس هەموویان بەناوبانگن بە قومارچیی، کاری دزیی و فزیی، لە بەغدا کوڕێکی هەڵەبجەیی پەیوەندیی پێوەکردین وتی: مانگی رابردوو بە کارێک چوومە لوبنان دەمێک بوو سەردانی دەرەوەی کوردستانم نەکردبوو، نازانم چی وای لێکردم بچم بۆ گازینۆی بەیروت، بەڕێکەوت دیتم رۆژ نوری شاوەیس یاری پۆکەری دەکرد، دوو سێ پاسەوان لە ژوور سەریەوە وەستابوون، من وەکو کوردێک خۆم نەناساند، دەمیکیش بوو یاریم نەکردبوو، چوومە بەردەم کاسەی فیشە گۆڕینەوەکە، بەرامبەر رۆژ نوری شاوەیس وەستام، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک منیش یاریم کرد، بەختم هەبوو، ٩٠٠ دۆلارێکم بردەوە، بەڵام بروا بکەن، رۆژ نوری شاوەیس ئەوەندەی من ئاگام لێی بێت، هەر دەیدۆڕاند، هیچ خۆی تێکنەدەدا، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دۆلاری دۆڕاند، مێشی خەم میوانی نەبوو، بە خەیاڵیشیا نەدەهات.



 رابەڕ و سەرکردە سیاسییەکانی وڵاتان چۆن و ئەوەی ئێمەش چۆنن؟!

سەرۆکی سۆسیال دیموکراتەکانی پێشووی سوید بە ناوی هۆکان یوهۆڵت (Hkan Juholt) تەنها بۆ ماوەیەکی کورت سەرۆکی ئەو پارتە بوو، بەهۆی گەندەڵییەکی یاساییەوە، نەیانهێشت لەسەر کارەکەی بەردەوام بێت، هێندەیان لەسەر نووسی و ئێخەیان گرت، لە ساڵێک کەمتر لە سەرۆکایەتی ئەو حیزبە نەمایەوە، زوو پاڵیان پیوەنا، ئەویش بە حەیای خۆیەوە دەستی لە کار کێشایەوە، پاش ئەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک دەنگ و رەنگی نەما، لێیان پرسی لە کوێ بوویت، لە وەڵامدا وتی: لەو رۆژەوە کە دەستم لە کارکێشایەوە، کاتێکی باشم هەبوو تەرخانم کرد بۆ خوێندنەوە و بەخۆداچوونەوە، کەڵکی باشم لەو چەند مانگە وەرگرت.


ئەمانە زۆربەیان قورماچی و شتی تریشن (PUK)

خوێنەری خۆشەویست ....
 لەم قسەیە وەردبەرەوە، بەراوردی بکە لەگەڵ پیاوە سیاسی و خەباتگێڕەکانی شاخ و شاری کورددا، بزانین کامیان خاوەن شەهامەت و عاقڵن، دڵسۆزن بۆ خاک و خەڵکی خۆیان؟ ئەوسا هەڵسەنگاندن بۆ کەسە بەناو سیاسییەکانی خۆمان بکە بەراوردیان بکە لەگەڵ سیاسییەکانی وڵاتانی تردا؟ ئایا چەند لەم بەرپرس و سەرکردانەی کورد خەریکی خوێندنەوە بوون و کارێکی باشیان کردووە؟ ئایا سەرکردە و بەرپرسێکی کورد هەیە بڵێت من رۆژێک لە رۆژان قومارچی، لگاوچیی و دۆمینە و ئەزنیفچی نەبووم؟ تەماشای ئەو بیچمانەی سەرەوەی وێنەکە بکە، جگە لە پیاوکوژ، تاوانبار، چی لە ناوچەوانیان دەخوێنیتەوە؟ لە شاخیش دوای خیانەت و تاوان و کوردکوژیی، زۆربەیان کاتی خۆیان بە ئەزنیف و دۆمینە و قومار و تەسبیح بادان و کاری خراپی کۆمەڵایەتییەوە خەریک کردبوو! تێیاندایە تا ئیستا کتێبێکی نەخویندۆتەوە، دەستی لە کتێبێکەوە نەداوە، زۆربەیان ئەوەندەی چاوی بریوەتە نامووسی خەلکی ئەوەندە چاوی نەبڕیوەتە کتێبێک. ئەوەندەی قوماری کردووە، دە ئەوەندە قوماری بە چارەنووسی میللەتەوە کردووە، بنەماڵەی مەسعود بارزانی هەرچی فیعل و کاری ناشرینییە کردوویانە و فیری بوون، بە قسەی زۆربەی خوینەری سایتە عەرەبییەکانیش کوڕەکانی مەسعود بارزانی گەورەترین بەڵان بۆ کۆمەڵگا، بۆ میللەت، تەنانەت بۆ چارەنووسی کورد. با لە زمانی کوردەوە نا، لە زمانی عەرەب و بیگانەوە تێیان بروانین، بزانین ئەوان چیمان بۆ باس دەکەن و چیمان پێ دەڵێن.



مەنسوڕی کوڕی مەسعود بارزانی ٣ ملیۆن و دووسەد هەزار دۆلار دەدۆڕێنێت
گۆڤاری (التجاره والاعمال)ی قەتەری لە دوایین ژمارەی گۆڤارەکەیاندا رایگەیاند، کە مەنسوری کوڕی مەسعود بارزانی لە شەوێکدا ٣ ملیۆن و دووسەد هەزار دۆلاری دۆڕاند، گۆڤارەکە درێژەی دەداتێ و دەڵیت، دیارە ئەو شەوە مەنسور بەخت یاوەری نەبووە، هەرچەندە کەسەکانی دەوروبەری، کە لەگەڵیدا بوون داوایان لێکردووە دەست هەڵبگرێت چیدی یاری نەکات، بەڵام ئەو بە گوێی نەکردوون تا دەمەوبەیانی بەردەوام بووە، ئەو بڕە پارە زۆرەی دۆڕاندووە ئەوسا هەڵساوەتە سەر پێ!. زۆربەی سایت و رۆژنامە عەربییەکان لە سەر ئەم رووداوە نووسیویانە، دەڵێن ئە ئاوا مەسعود بارزانی  پاریزگاری لە پارە و سامانی گەلەکەی دەکات و دژی دیکتاتۆریش قسە دەکات؟!

هەروەها  رۆژنامە و سایتە عەرەبییەکان، کە ئەم هەواڵەیان بڵاوکردۆتەوە دەڵێن: لەو کاتەدا مەسعود بارزانی لە هەولێر لە کۆبوونەوەیەکدا دەبێت، کاتێک هەواڵی ئەو سکانداڵە گەورەیەی کوڕەکەی پێدەڵێن، یەکسەر بە بێ ئاگادارکردنەوەی هیچ لایەک و بەرپرسانی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیش، تێیدەقێنێت و دەگاتە ئیمارات، مەبەستیش تەنها بۆ شاردنەوەی ئەو سکانداڵەی مەنسوری کوڕی بووە.

ئەم هەواڵە زۆربەی ناسیۆنالیستە عەرەبە عێراقیی و توندڕەوەکانی تری عەرەبی هێناوەتە قسە، بەهۆی ئەم هەڵسوکەوتەی کوڕانی مەسعودەوە کەوتوونەتە هێرشکردنە سەر کوردیش، قسەی ناشرین بە کورد دەڵێن، ئێمە لە کۆتاییدا کۆمێنتاری هەندێک لەو خوێنەرانەتان بۆ دەکەینە کوردی و بڵاوی دەکەینەوە، تێیاندایە، بە چاوێکی بەزەیی و سۆز و قوربانیییەوە دەروانێتە کورد،  ئەم بنەماڵە بە تاوانکار و دیکتاتۆر ناو دەبات.
جگە لەوەیش زۆربەی سایت و رۆژنامە عەرەبیەکانیش هەواڵەکەی کوردستانپۆستیان لە زمانی مایکل رۆبینەوە وەرگرتووە، تێیدا باسمان لەوە کرد، کە مەسروری کوڕی مەسعود لە واشنتۆن ڤیلایەکی بە ١٠ ملیۆن دۆلار کڕیوە، ئەو وێنانەی، کە بڵاومان کردەوە ئەمانیش بڵاویان کردۆتەوە.



عەرەبەکان چیمان پێ دەڵێن!؟
کۆمێنتارێکی زۆر لەسەر ئەمە نووسراوە کە خوێنەرە عەرەبەکان نووسیویانە، ئێمە هەندێکیان بە کوردی دەنووسینەوە، تا بزانن چۆن عەرەبەکان تێمان دەروانن، (بە داوای لێبوردنەوە هەندێک لە کۆمێنتارەکان بریندارکەرن، بەڵام با دەرەوەی خۆمان بناسین بزانن چیمان پیدەگووترێت):

مەنسوری شازادە، لە وڵاتی بارزاندا، هەروەکو شازادەکانی سعودیە هەڵسوکەوت دەکات.

بێگومان بە خوینی سارد دۆراندوویەتی، لەبەر ئەوەی ماندوو نەبوون بەو سامانەی عێراق کە لەبەر دەستیاندایە.

تف لە خۆتان و لەوەی لێی هاتوون و لەوەیش کە بە دواتاندا دێت.

کردارەکان هەروەک یەکن، بەڵام کەسەکان گۆڕاون. چ جیاوازییەک هەیە لە نیوان عودەی کوڕی سەدام و کورەکانی مەسعوددا؟ هەموویان پارەی ئەو خەڵکە هەژارە دەدزن و فڕێی دەدەنە سەر مێزی قومار، سوکایەتیش بە خەڵک و بە ژیانیان دەکەن، ئەوەش پارەیەک نییە، کە لە باو و باپیرانیانەوە بۆیان جێ مابێت، پارەی هەزاران خەڵکی چەوساوەی کوردە، کە زەمانێک تێکۆشاوە بۆ ئەوەی پارویەک بۆ ژیانی مسۆگەر بکات. ئەمە چ دەست بڵاویی و بەهەدەردانێکە ئەی نەوەکانی فیرعەون؟!

لە ساڵی هەشتاکاندا لە مۆنتیکارلۆ عودەی ملیۆنێک دۆلاری دۆڕاند، لە هۆڵی قومارخانەکە بە قاقای پیکەنینەوە هاتە دەری، ئەمڕۆش شازادە مەنسور بە هەمان شێوە هەڵسایە سەرپێ، تەنها جیاوازییەک ئەوەبوو  عودەی یەک ملیۆنی دۆراند، بەلام شازادە مەنسور سێ ملیۆن دۆلار.

ئەمانە قومارچیی نیین، شارەزاش نیین لە قومارکردندا، نرخی پارە ئەوەیە کە بە رەنجی سانی خۆت بکەوێتە دەستت، ئەمان وەک پارەی راستەقینە مامەلەی لەگەلدا ناکەن و نرخی نازانن، تەنها وەک کاغەز و وەرەقەیەک لەبەر دەستیاندایە.

ئەمە نوکتەیە لە پلەی پۆخڵی و پیسییدا، نەکەن پشتگیریی کوردەکان بکەن کە داوای پشکی خۆیان لە داهاتی نەوت دەکەن، ئەوانە  وا دەیکەن بە قومار.

راستە ئێوە بێویژدانن، مەبەستم لە کوڕەکەی مەلا مستەفا و مەسعوری کوڕێتی (مەسعور لە جیاتی مەسعود نووسیویانە، واتە وەڕیو) ئەمانە خەباتیان کردوە، ماندووبوون، سەربازی عێراقییان کوشتوە، دوایی تێیان تەقاند، نەوتیان دزیی، بوونە پیاوی ئێران و تورکیا و ئیسرائیل و سەدام، لەش و گیانی خۆیان فرۆشت، هەڵبەتە بۆ ئەوەی چەند ملیۆن دۆلارێکیان دەست بکەوێت، ئەمەش پارەیەکی کەمە بۆ ئەو هەموو خەباتەی کە کردوویانە .... هتد.

پارەی نەوتی بەسرە و عێراقییەکان بە هەدەر دەکەوێتە دەست کوردەکان، ئەم هەموو پارەیەیان لە کوێ بوو؟ لە گۆڕی مستەفا بارزانی دەری دەهێنن؟ ئەو پارەیە هی عێراقییە زوڵملێکراوەکانە، بە ملیار دۆلار نەوتی بەسرە دەچێتە گیرفانی بارزانی و تالەبانیی و بنەماڵە گەندەڵەکانیانەوە، هەموویان بوونەتە ملیاردنێر، بچۆرە لەندەن تەماشابکە، بە دەیان ریستۆران و چێشتخانەی کوردی هەیە، ئەوانەی کاری تێدا دەکەن هەموو کرێکاری بەردەستی بارزانی و تالەبانیین. توخوا ئەی گەلی عێراقی زوڵملێکراو ئەو پارەیەیان لێببڕن، نەفرەت لە رەگ و ریشەی ئەو کوردانە بکەن.

دڵنیام کە گەلی کورد بەرامبەر ئەم سکاندالەوە بیدەنگی دەنوێنێت، هەروەک چۆن گەلی عەرەبیش لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا لە ئاستی ئەو هەموو گەندەڵی و سکانداڵانەدا بێدەنگن، من نازانم ئەم هەموو بیدەنگیییە لە پای چی؟ ئایا بەرپرسەکان و منداڵەکانیان چییان زیاترە تا شایانی ئەو هەموو بەخشندەییە بن؟، ... هتد

خەمتان نەبێت ئینشائەڵا چارەنووسی کوڕەکانی مەسعودیش وەکو چارەنووسی عودەی و قوسەی دەبێت، بۆ کوێ دەبەن، بۆ هەرکوێیەک بڕۆن و ڕابکەن دەستی گەل دەیانگاتێ، دەبێت بە سزای خۆیان بگەن، تٶڵەی گەل زۆر لەوە توندترە کە خۆیان هەستی بکەن، لێیان گەڕێن با بۆخیان بخۆن و بلەوڕن، بزانن چۆن هەموویان لێدەردەهێنریتەوە.



ڕۆژ نوری شاوه‌یس له‌ ڤێننا Vienna ـ نه‌مسا




عیماد ئه‌حمه‌د له‌ بادن  Baden ـ نه‌مسا





 هەندێک لەو هەواڵانەی کە سایت و رۆژنامە عەرەبییەکان  بڵاویان کردۆتەوە:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە