راپەرینی 17 ی شوبات، بارو دۆخی مەوزوعی و فاكتەری زاتی
Friday, 08/04/2011, 12:00
لەكاتێكدا جەماوەری خەڵكی كوردستان بۆ لە گۆرنانی گەندەڵی و نا عەدالەتی ((ئەزمونەكەمان)) هاتونەتە مەیدانی سەرای ئازادی و مەیدانەكانی تری پارێزگای سلێمانی و شاری كۆیە، ئەم ئەزمونەی كە نمونەی ئیدارەی فاشلەو لە دنیادا ئەزمونێك شك نابەم بە هێندەی ((ئەزمونەكەمان)) فاشل بێت، ئاخر لەم ئەزمونەدا بە پشت بەستن بەبەشە نەوتی كوردستان لە بودجەی عێراق تەواوی هێزی كاری میللەتێك كرا بە فەرمانبەری بێ بەرهەم، لە ناو كۆمەڵگایەكی 3-4 ملیۆنیدا كە بە گوێرەی داتاكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەرو یەك ملیۆن موچەخۆری حكومی هەیە واتە هەمو خێزانێك موچەخۆرێكی بەردەكەوێت، بێگومان بواری كاری ئەمانە ئاسایش و پێشمەرگە و فەرمانگە خزمەتگوزاریەكانی ترە، خۆ كارگەیەكی بە رهەمهێنمان نیە 1000 كرێكار موچەی لێ وەرگرێت، واتە هەمو خێزانێك موچەخۆرێكی بەردەكەوێت، لەكاتێكدا كوردستان بوە بە ئۆردوگایەكی بەكاربەری موچەخۆر، دوای 20 ساڵ ئەم ئەزمونە فاشلە شانازی بەچ پێشكەوتنێكی ئابوری دەكات؟ لە ئەزمونی چین و یەكێتی سۆڤیەتی جاراندا بە 20 ساڵ كە 4 پلانی 5 ساڵەی تێ دەكەوێت ئە و وڵاتانە لە كشتوكاڵی دواكەوتو گۆران بۆ پیشەسازی پێشكەوتو، ئیسرائیل لە 1948 دا دروستبو لە 1967 دا واتە كەمتر لە 20 ساڵ هەمو وڵاتە عەرەبیەكانی بەزاند.
لەم ئەزمونە 20 ساڵیەدا كە بە دەسترێژی بی كەی سی وەڵامی بەردی خۆپیشاندەران دەدرێتەوە و دەرگا لەسەر پەرلەمانتاران دادەخرێت و سەریان دەشكینرێت و پیاوكوژان لە بریتی دادگاییكردن پاداشت دەكرێن و رێگا بە هەرێمی زەرد نادرێت بەشداری ئەم شەپۆلی خۆپیشاندانە بكات و یەكێتی قوتابیان بەبێ ئاگاداری وەزیری خوێندنی باڵا زانكۆ دادەخات و لە كەلار و سلێمانی هێزەكانی دژە خەڵك بە دەمامكی رەشەوە سەركوتی خۆپیشاندان دەكەن دەبێت چ پێشكەوتنێكی سیاسی بۆ خەڵكی كوردستان بەدەست هێنابێت، لەم ئەزمونە فاشلەدا كە 20 ساڵە توێژێكی كەم لە لێپرسراوە كانی شۆرشی شاخ بون بە چینێكی ئەرستۆكرات و رۆژبەرۆژ قەبارەی سەرمایەو ئامرازەكانی خۆشگوزەرانی و رابواردنیان گەشەدەكات و لەبەرامبەردا زۆرینەی هەرە زۆری گەنجانی وڵات رۆژبە رۆژ تروسكایی هیوایان بە دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەی مرۆڤ كزتر وكزتر دەبێت، بە جۆرێك ئێستا گەنجانی ئەم وڵاتە تەنانەت پاش بە دەستهێنانی بروانامەی زانكۆ دواكەوتوەكانیشمان و تەنانەت دوای دامەزراندنیش كە 20 سالە هەیشە و نیشە، واتە هەرگیز بە یەكسانی و بە گویرەی یاسا دامەزراندن نەبوە بەڵام هەمیشە بە واستە و كورنوش بردن و تەزكیەی حیزبی هەیە، هاوسەرگیری و خانو كرین و سەیارەكرین و گەشتوگوزارێكی ئەوروپا وەك تراویلكەیەكی هەرگیز دەست پێ نەگەیشتو دەبینن لە بەرامبەردا و بەبەرچاوی ئەمانەوە رۆڵەی توێژە مشەخۆرەكەی كۆمەڵگا پارەی خەیاڵی لەبەردەستدایە بۆ هاوسەرگیری، كۆشك و تەلار، سەیارەی زۆر گرانبەها و گەشتوگوزاری ساڵانەی ئەوروپا....
ئێستا كە ئەم گەنجە هوشیارانە گەیشتون بە و دەرەنجامەی سەرچاوەی هەمو نەهامەتیەكانیان دەسەڵاتی سیاسی گەندەڵكاران و بە تایبەت حوكمی مافیایی دوبنەماڵەكەی تاڵەبانی و بارزانیە، بە سود وەرگرتن لە راپەرینی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست كە تا رادەیەكی سەرسورهێن بارو دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیان هاوشێوەی بارودۆخی كوردستانە، لە 17 ی شوباتەوە هاتونەتە مەیدان بۆ ئەوەی وەك تونس و میسر كۆتایی بە حوكمی بنەماڵە دزو پیاوكوژەكان بهێنن بەسود وەرگرتن لە هەمان ئامرازەكانی ئەوان واتە بەرپاكردنی شورشی ئاشتیانە لەرێگەی سایتە كۆمەڵایەتیەكانی ئینتەرنێت بۆ خۆ رێكخستن و رێنمایی شۆرشەكە، واتە جگە لەوەی بارودۆخی مەوزوعی كوردستان وەك میسر و تونس لەبارە بۆ شۆرش سەركەوتنی شۆرشی ئاشتیانە لەو دو وڵاتەش فاكتەرێكی تر بو بۆ زیاتر پێگەیینی بارو دۆخی مەوزوعی، بەڵام بە داخەوە، فاكتەری زاتی هێشتا ئامادە نیە بۆ سود وەرگرتن لەم هەلە و گەیاندنی كاروانی خۆ پیشاندانەكان بە مەنزلگای سەركەوتن، لە 17ی شوباتدا ئاستی نارەزایەتی جەماوەری خەڵكی كوردستان بە گەنجو پیر و ژن وپیاوەوە گەیشتە رادەی تەقینەوەو هەتا رۆژانی نەورۆزیش سەرەرای سیناریۆكانی دەسەڵات هەر لە تەقینەوە و دەسترێژ ەوە هەتا گرتن و سوتاندنی خێمەكان، لەروی چەندێتیەوە رۆژبەرۆژ فراوان تر دەبو لە روی چۆنیەتیشەوە رۆژبەرۆژ تورەترو رادیكاڵ تر دەبو بە جۆرێك رۆژی ئاگری نەورۆز ئامادەبوانی سەرای ئازادی لە كۆی ئامادەبوانی یەكێتی و پارتی زیاتربون كە بە زۆر و فروفێڵ لە 7 و 11 ی ئازاردا لە سلێمانی و هەولێر كۆیان كردبونەوە، ئەمە خۆی لە خۆیدا وەك ئیستیفتایەكی جەماوەری نیشانەی هەڵكشانی ئاستی جەماوەری ئۆپۆزیسیۆن و پوكانەوەی ئاستی جەماوەری دەسەڵات بو.
سەیرە هێشتا فاكتەری زاتی لە ئاستێكی وادا نیە كە رابەرایەتی جەماوەری ئامادەی شورش بكات، بەتایبەتی كە بەپێچەوانەی زۆرێك لەپێشبینیەكانەوە، ئۆپۆزیسیۆن بە هۆی خوێندنەوەی جیاوازی بۆ هەلومەرجەكە بەتەواوی پشتی كردە بزوتنەوەی شەقام كاتێك لە 5 ی نیساندا خواستی روخاندنی رژێمی كورتكردەوە بۆ داواكاری هەڵوەشاندنەوەی تەنیا حكومەتە ئیفلیجەكەی دكتۆر بەرهەم!! بەداخەوە حیزبە گۆرانخوازەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێمە بە هێندەی ئیخوانی میسریشی پێ نەكرا كە سەرەرای بێ هەڵوێستی موزمنیان لە مێژوی هاوچەرخی میسردا، ئەمجارە پاش یەك هەفتە خۆی فرێدایە شۆرشەكەی مەیدانی ئازادی قاهیرەوە، بێ گومان مێژوی سەركردایەتی یەكگرتوی خۆشمان مۆركی هەرە جیاكەرەوەی بێ هەڵوێستی و نەرم ونیانی لەرادە بەدەربوە بەجۆرێك هەمیشە بە یەكدو وەزیر و هەندێك بودجەی مانگانە بێ دەنگ كراوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرسورمان بو ئەوەبو لەم نزیكبونەوەیەی نێوان گۆران و یەكگرتو و كۆمەڵدا بەتایبەتی لەدوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەبریتی یەكگرتو هەڵكێشرێت بۆ ئاستی هەڵوێستی پێویست، گۆران و كۆمەڵ داكشان بۆ ئاستی حیزبێكی پاسیڤی وەك یەكگرتو!
وە خوشكو برایانی ئەنجومەنی كاتی سەرای ئازادیش، وێرای پێزانین و رێزی زۆرمان بۆ هەوڵ و ماندوبون و خۆبەخت كردن و گیانبازییان، هێشتا لەئاستی ئەم لێپرسراوێتیە گەورەیەدانین كە زۆرانبازیەكە لە رژێم بەرنەوە، بە بەڵگەی ئەوەی كە ژمارەی بەشداربوانی خۆپیشاندانی سەرای ئازادی و مەیدانەكانی تریش لە بریتی زیاد بكات بە رێژەیەكی بەرچاو كەمی كردوە، لەم شۆرشە جەماوەریە سپیانەدا ئەوەی دەسەڵاتەكان دەهێنێتە سەرچۆك و هێزەچەكدارەكان دەهێنێتە ریزی شۆرشەوەو پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ شۆرشەكە پەیدا دەكات ژمارەی گەورەی خۆپیشاندەرانە كە نزیك بێتەوە لە كۆی دانیشتوانی شارەكان، كارمەندان و بازار كاتێك پەیوەست دەبن بە مانگرتنی گشتیەوە كە هەست بكەن دەسەڵات لەوپەری گۆشەگیریدایە.
ئەم بچوكبونەوەیەی ژمارەی خۆپیشاندەران بە رای من جگە لە هەڵوێستی دورەپەرێزی ئۆپۆزیسیۆن دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی كاتیش لە بریتی یەكەم رۆژ، چل و پێنجەمین رۆژی خۆپیشاندان بە رەسمی دروشمی ((ارحل)) و ((بۆدەرەوە)) ی هەڵگرت وە لە چلوحەوتەمین رۆژدا باسی پرۆژەیەكی 9 مانگی كرد كە رێك بە مانای مۆڵەتێكی 9 مانگی بو بۆ دەسەڵات، كە ئەمەیان دۆخە شۆرشگێریەكە بەیەكجاری لەبار دەبات.
بۆ دەربازبون لەم چەق بەستنەی بزوتنەوەكەو گەشەپێدانی ژمارەی خۆپیشاندەران تا ئاستی كۆكردنەوەی هەمو دەنگە نارازیەكان، لە كاتێكدا سەركردە كلاسیكیەكانی حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن ناچنە ژێر باری ئەم ئەركە قورسەوە رەنگە تاكە رێگایەك كە هەبێت ئەوەبێت كە سەركردە گەنجەكانی ناو ئەم حیزبانە و پیاوانی ئایینی و رۆشنبیران و رۆژنامەنوسانی بەهەڵوێست قۆڵی لێ هەڵماڵن و لە ئەنجومەنێكی سەركردایەتی بە كۆمەڵدا رابەرایەتی راپەرین بگرنە ئەستۆ بە هەمو كارە فیكری و ئیعلامی و ریكخستن و دیپلۆماسیەكانیەوە نەك تەنیا رۆژ نارۆژێك لە خوتبەیەكی كورتدا بڵێن ئێمە ((پشتگیریتان دەكەین))، خۆشبەختانە ئێستا كۆمەڵێك سەركردەی نوێمان هەیە كە بێجگە لە شارەزایی و بوێری و دڵسۆزی لەرادەبەدەریان، لەم 50 رۆژەی تەمەنی راپەریندا كاریزمای پێویستیشیان لەناو جەماوەردا بەدەستهێناوە، لەوانە بەرێزان دكتۆر فاروق رەفیق، رێبین هەردی، بابەكر درەیی، دكتۆر شاهۆ، دكتۆر زانا، عەدنان عوسمان، حاكم شێخ لەتیف، بورهان رەشید، عبدالله مەلا نوری، ئەحمەد میرە،سۆران عومەر، مەلا محەمەد نەسروڵا، مەلا كامەران ... رۆژانی داهاتو دەریدەخات كە ئاخۆ ئەمانە لە ئاستی ئەوەدان سەركردایەتی نەوەی نوێ بگرنە دەست بەوەی خۆیان لە ئەنجومەنێكدا رێك بخەن رۆژانە رەوشی راپەرین هەڵسەنگێنێت و بریار بدات چی بكرێت و چۆن بكرێت؟ ئەم هەنگاوە زۆر پێویستە بۆ ئەوەی لەبریتی تێكشانی یەك سەركردە كۆمیتەیەكی سەركردایەتی لێپرسراوێتی شیكردنەوەو بریارەكان هەڵگرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست