کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیاسەتى چەواشە و بێدەنگیمان خوڵقێنەرى مەسعودەكانە

Wednesday, 25/03/2015, 12:00



یەكێك لەگرفتە گەورەكانى ئێمەى كورد ئەوەیە، بۆخۆمان دیكتاتۆر دروست ئەكەین، هەرخۆمان مەزن و گەورەى ئەكەین و ئەیپەرستین، پاشانیش ئەبێتە بەڵاو دەردى سەرى و بەهەرچى كڵۆجیەك بێت لەكۆڵمان نابێتەوە، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمەى كورد تا ئێستا بەشێوەیەكى دروست و واقیعى سیاسەت ناكەین و، لەو بوارەدا زۆر كاڵ فام و ساویلكە و خۆش باوەڕین، زۆر بەزووى رابردوو لەبیر ئەكەین، لەپێناو بەرژەوەندى و قازانج بۆخۆمان و حزبەكانمان، گەورەترین سەرشۆڕى و نوشوست و ژێر دەستى قبوڵ ئەكەین، گەر بڕوانن سەرلەبەرى سكرتێرى پارتەكانى كوردستان بەگشتى و باشوور بەتایبەتى، لەوپەڕى چەپەو بۆ ئەوپەڕى راست لەنەتەوەیى یەو بۆ ئیسلامى، سەرلەبەریان تا ئەو رۆژەى لووتیان ئەیدات لەبەردى ئەلحەد، هەر سكرتێرن و پاش خۆشیان، چەشنى دیكتاتۆرەكان، نەوەو بنەماڵەكەیان دەكەن بەبەڵا و نەهامەتى بەسەر میللەتەوە.
ناخوازم باسى تەواوى بەناو سكرتێرى حزبەكانى كوردستان بكەم ، ئەوەى كە مەبەستمە و گەرەكمە بیهێنمە زمان، تارمایى رەش و بەڵا و هەیمەنەى پارتى و مەسعود بارزانى یە، كە لەوەتەى هەیە و چاوى پشكوتوە هەر شت بووە، بەدەر لەوەش لەپاش راپەرینى 1991 مەسعود بارزانى خەون و خەیاڵ و خولیا و ئاواتى ئەوەبووە كە ببێتە سەرۆك و ،كەسى یەكەمى كوردستان، بۆ ئەوەش جۆرەها تاوان و، خیانەت و ناپاكى كردوە، بۆ سەلامەتى و مانەوەى دەسەڵاتى بەهەزاران كەسى بەكوشت داوە. ئامانج و بەرنامەو مەرام سیاسەتى پارتى تەنها وتەنها لەوەدا خۆى دەبینێتەوە، كە بۆ هەتایە مەسعود سەركردەو سەرۆك بێت، هەربیرێكى پێچەوانەى ئەوە یان تەدەخولاتێك لەسەر ئەو پرسە بڤەیە و مایەى قبوڵ نى یە، گەر سەرنج بدەن، پارتى و سەرانى هەموو هەوڵ و تەقەلایەكیان بۆ ئەوە چڕكردۆتەوە، بەملیۆنان دۆلاریان بۆ تەرخان كردووە،لەلایەك كۆمەڵێك كەسى بەناو روناكبیر و مامۆستاى زانكۆ ،لەهەوڵى ئەوەدان كە مەسعود و بنەماڵەكەى بكەنە شانشین و، بۆ ئەوەى تا هەتایە ئەو پۆست و مەكانەیە بۆ خۆیان مەحفوز و پارێزراو بێت، لەولاشەوە بەدرۆ و فڕ و فیشاڵەكانى كۆمەڵێك هەرزە سیاسى و كۆیلەو كۆلكە خوێنەوارى حوجرەكەى مەلا مستەفا بەڕاستەو خۆ و ناراستەو خۆ، ئەوە بەخەڵكى دەڵێن مانەوەى مەسعود لەو پۆستەدا ، بۆ ئەم كات و زرووفە شتێكى حەتمەیە، رەوشەكە وا دەخوازێت و،نەمانى سەرۆك واتە نەمانى هەرێمى كوردستان ونغرۆبونى كورد و دۆزەكەى. كە ئەوەى تۆزێكش شارەزاى لەسیاسەتدا هەبێت و، گوزەرێك بە ژیاننامەى مەسعود و پارتى و كارەكانیدا بكات، دەگاتە ئەو راستیەى كە جگە لەنەهامەتى و قوڕكردن بەسەر خەڵكى كوردستان و،خیانەت و خزمەتكردنى دوژمنان و ، بەرزكردنەوەى پایەو مەكانەى بنەماڵەو سەرسورەكان بۆ حەوت تەبەقەى ئاسمان و، پڕكردنى بانكەكانى ئەوروپا و توركیا لەپارەى دزراو و قووتى میللەت، چ خێر وبێر و دەستكەوتێكى بۆمان هەبووە؟ ئەوەى ویژدان وئاكارى سیاسى هەبێت و خیانەت لە ناخى خۆى نەكات، ئەوەى لامەعلومە كە ژینگە هەر تاكێكى ئەم میللەتە هەر لەپارێزێك یان جوتیارێك یان كرێكارێك سەد هێندەى مەسعود بارزانى خزمەتى كورد و نیشتمانى كردووە. ئەوان بۆ ئەم رۆژگارە زەروور و پڕ بایەخن نەك كەسێكى هاوشێوەى مەسعود.
شەڕەكەى ئەمڕۆى پەرلەمانتارانى پارتى، لەگەڵ پەرلەمانتارەكەى گۆڕانیش ، یەكەم زەنگى ئاگاداركردنەوەیە بۆ تەواوى ئەندام پەرلەمانى لیستەكان، كە جگە لەرازى بوون بەدرێژكردنەوەى ویلایەتى مەسعود، هیچ خەیارێكى دیكە نى یە. كە تەمەننا دەكەم پەرلەمانتاران ئەوانەى ئێستا هاش و هۆش دەكەن و لەبەرامبەر ئەو پرسەدا دەستەمۆ نەكرێن و بەسەفتە دۆلار و ئوتومبێلى گران بەها ، خۆیان نەفرۆشن و سەنگ و قورسایى خۆیان نەدۆڕێنن و سومعەى خۆیان و دیموكراتى نەڕوشێنن ،جارێكى دیكە لمەزادخانەى سیاسەتدا دەنگ و ویژدانیان هەرراج نەكەن!! بەبڕواى من ئەو بەزمەى ئەمڕۆى پەرلەمان دەرهاویشتەى ئەو تەگژە و قەیرانەیە كە پارتى تێیكەوتوە، چونكە ئەوان و پارتى و مەسعود، باش ئەوراسیتە دەزانن كە بەدرێژایى ئەو چارەكە سەدەیەى كە مەسعود بەناو فەرمانڕەوا بووە،كارێكى وەهاى نەكردوە تا دڵمان پێى خۆش بێت و، متمانەى پێبكەین. ئەوە لەباكور تەواو پەراوێز خراوە و، رۆژانە خەڵكى ئەو پارچەیە لەنزیكەوە دەیناسن و، دەزانن كە مەسعود جگە لەجەندرمە و پیاوێكى میتى تورك هیچ شتێكى دیكە نى یە، لەرۆژئاوا ئەوا بینیمان كە پارتە كارتۆنى و دروستكراو و، وابەستەكانى چ گێچەڵ و گەڕێك بە خەڵكى دەكەن، چۆن سیاسەت و كوردایەتى وەك چارەى مەسعود رەش و تاڵ دەكەن، هەربۆیەش رۆژانە پەراوێز دەخرێن . ئەوە بەچاوى خۆمان دەبینین كە پارتى لەگۆڕەپانى سیاسەتدا رۆژ بەرۆژ تەریك و گۆشە گیر دەبێت. بۆیە هیچیان بەدەستەوە نەماوە و نازانن بەچ جۆرێك ،بەچ تەڵەكەیەك ئەمجارەش شەرعیەت بدەنەوە بە دریَّژكردنەوەى ویلایەتى مەسعود؟! بۆ ئەوەش كەوتونەتە هەڕەشە و چاو سوركردنەوە و،تۆقاندن و شەڕو پەلامار، لەهەمبەر ئەوانەى كە ناخوازنن ئەو پرسە سەربگرێت و جارێكى دیكە مەسعود بكرێتەوە بە دێوزەمە و بەرەو گرانى وبرسێتى و بێ موچەیمان بباتەوە.
من هیچ هەست و سۆزێكم بۆ ئەو هێرشەى سەر پەرلەمانتارەكەى گۆڕان نابزوێت ، نەئیدانەى دەكەم نەبەكارێكى نەشیاوى دەزانم ، لەبەر ئەوەى سەرجەم لایەنەكانى كوردستان ،بەیەكێتى وگۆڕان و ئیسلامى و چەپەكانەوە ئەو راستیە چاك ئەزانن ،كە پارتى جگە لە ماڵوێرانى و كلكەلەقێ بۆ دوژمنان و سووك كردنى كورد و دۆزەكەى هیچى دیكەى لەهەگبەدا نى یە، پارتى و خیانەت ،پارتى و دیكتاتۆرى ، پارتى و گەندەڵى و پارتى و پاوانخوازى،پارتى وكوشت وبڕ،پارتى و كۆنە پارێزى، بونەتە ناسنامەى پارتى و مەسعود، گەر لەمناڵێكى كەم تەمەن و هەرزەش بپرسیت، باش دەزانێت كەهاوتەریب لەگەڵ پەیدابوون و سەرهەڵدانى پارتیدا سەراپاى قەیرانەكان پڕانى دەردى سەرییەكان ، لەماڵیاتى بارزانى یەوە هاتونەتەخوارەوە، كەچى لەگەڵ ئەوەشدا چ یەكێتى وچ گۆڕان و لایەنەكانى دیكە، پەرچە كرداریان نى یە و بەپێچەوانەوە لەكاتە هەستیار و ناسكەكاند،ئەو دەمەى خەریكە خۆرى مەسعود ئاوا بێت، بۆى دەبن بە پارێزەرو قەڵغانى و هەوڵ وتەقەلاى بۆدەدەن كەخولێكى دیكە ببێتەوە بەسەرۆك ، چەندین موجازەفەو تەزویر و شەڕى بۆدەكەن. ئەم دەچێت رێكەوتنى ستراتیژى لەگەڵ مۆردەكات، ئەویان دەچێت لەژوورە تاریكەكاندا رێكەوتنى ژێر بەژێرى لەگەڵ ساز دەكات، پاشانیش كە بەزۆر سەپێنرا و جارێكى دیكە بوەوە بەسەرۆك ، ئەكەونە بەخشینەوەى تۆمەت و تەشهیر و هەڵدانەوەى مەلەفى كۆن وزیندوكردنەوەى ناڕەوایى و خیانەت و دزێویەكانى.
ئەوەى كەلاى من بۆتە شتێكى حەتمى و رێژەى نەگۆر ئەوەیە كە ، ئەگەر سیاسەیەكان بەم جۆرە چەواشەكاریانە سیاسەت بكەن، رۆژێك مەسعود بیكەنە گەورەو مەزن و رابەرو كارێزما، تا گیرفانیان پر دەبێت، رۆژێكیش كە بەخشیش و شیرینیان كەم بوو پۆستیان پێنەدار ،دەكەونە دژایەتىو، قایل نەبوون بە حوكمڕانى مەسعود. لەولاشەوە میللەت و جەماوەر بوونەتە تەماشاكەرێكى بێ دەنگ و بێ هەڵوێست لاخەبەر و ،كە بەپلەى یەكەم پرس و باسەكە چارەنوسى ئەوان دەگرێتەوە ، چونكە باجى سیاسەتە


چەوت و پڕ لەهەڵەكانى مەسعود، لەچەشنى نەبوونى بێ موچەیى و قەیران و،شەڕ هەر دەبێت ئێمە بیدەین، جا ئەگەربێت لەسەر ئەم بێدەنگى و بێ هەڵوێستیە بەردەوام بین، خاوەندارێتى لەو مەسەلەیە نەكەین و، لامان شتێكى رۆتین و سادە بێت ، ئەوا دڵنیابن كە بەچشنى عەلى حمە ساڵح هەموومان دەدەنە بەرشەق ،یان وەكو هاوڕێى رۆژنامە نووسم و پێشمەرگەى دێرین (محمد سیاسى ئەشكەنەیى) كەلەسەر باسكردن و ناوهێنانى بارزانى و بنەماڵەكەى دەیان ساڵەچارەنوسى نادیارە، دەبێت تا یەومى نەفخى سور چەشنى كیم جۆن و ستالین و شاوشیسكۆ و ستالین، كۆیلەو زەلیل و ریسواى بارزانى و بنەماڵەكەى بین.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە