بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


فەرهاد پیرباڵ بە شەهیدبوون دەڵێت گەوادییە

Wednesday, 04/06/2014, 12:00


لە پەیجی خۆی فەرهاد پیرباڵ ڕووی دەمی لە گەنجان و قوتابیان دەکات و دەڵێ:

"من دەمرم، بەڵام وەسێتێکم هەیە بۆ تۆ ئەی گەنج و قوتابی، مەیەڵین بۆ هیچ شتێک بکوژرێیت، شەهید بوون درۆیە
ژیان ڕاستی یە، هەموو ئەوانەی چەپڵە بۆ برا کوژراوەکانت ڵێدەدەن، سەرسامی شەهید بوونی براکانت نەبوون، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو بازرگانیان بەکوژرانی ئەوانەوە کرد، هەموویان درۆ دەکەن تۆ خۆت بپارێزە شەهید بوون و مردن و کوژران، هەرسێک لە تڕی سەگچونە . شەهید بوونی چی ؟ هەمووی گەوادی یە "


"ئالبێر کامۆ" دەڵێ : گەر ناچار بکرێم لەنێوان عەدالەت و ئازادیدا یەکێکیان هەڵبژێرم، من ئازادی هەڵدەبژێرم، بۆ ئەوەی بتوانم بەئازادی ڕەخنە لەعەدالەت بگرم .
دەکری بڵێین ئازادی ئەو چەمکەیە کەهیچ بەدیلێکی نییە، کەچێ"فەرهاد" دەڵێ ژیان هەڵبژێرن با ئازادیش نەبن، یان بە واتایەکی تر مردن ڕەتکەنەوە با لە پێناو ئازادیی کۆمەڵگاشدا بێت . بەگەڕانەوەمان بۆ ئەو هەموو قوربانی و شەهید بوونە کە گەلەکەمان داویەتی فەرهاد بوختان بۆ کەس و کاری قوربانییەکان دەکات و دەڵێ : ئەوانە لەبەر کوژراوەکان واناکەن بەڵکو بۆ بازرگانیانە . لەڕاستیدا فەرهاد پێمان دەڵێ مادام مەسعود و بنەماڵەکەی لە شەڕەکاندا تۆسقاڵێکیش نە ڕووشاون، ئەوە مانای وایە شەهید بووەکان هیچیان بەرهەم نەهێناوە، تەنانەت گەوادیش بوون.
لەبەر چییە دەسەڵات و کۆمەڵگا قسە لە "فەرهاد پیرباڵ "قبوڵ دەکەن؟ وەسێتەکەی فەرهاد بۆ گەنجان و قوتابیان چی لە هەناودایە و دەیەوێت چ پەیامێکی پلان داڕێژراوی دەزگا ترسناکەکەی پاراستن و بنەماڵەی مەلامستەفامان بەگوێدا بدات ؟
فەرهاد گەرچی کەسێکە ئەمڕۆکە ڕۆڵێکی نامۆ دەبینێت و دەیەوێت خۆی وەک مرۆڤێکی کۆمێدی یان وەک شێتێک نمایش بکات، لێرەو لەوێ چەند ڕۆڵی سەیرو سەمەرە دەگێڕیت، کە هەمووی لە خانەی پلانێکی جەهەنەمیدایە پیشانی کۆمەڵگا ماندوەکەی باشوری کوردستان دەدەرێت . لەکاتێکدا فەرهاد بەئاشکرا گوریسی وەفایی پچڕاندوە بۆ بنەماڵەی مەلامستەفا، هەربۆیە ئەویش دێت ئەم ڕۆڵە دەبینێت . وەک چۆن سەگێک خۆراکی دەدەیتێ سەرەتا کلکی ڕەزامەندی دەلەقێنێت و لای گرنگ نییە، ئەوەی خۆڕاکی دەداتێ چ کەسێکە ؟

نیشتمانفرۆشێک، خائینێک، مافیایەک، دزێک، ترسنۆکێک، دەتوانێت ببێتە خاوەنی فەرهادەکان، وەک چۆن هەموو کەسێک دەتوانێ ببێتە خاوەنی سەگە ناڕەسەنەکان، من حورمەتم بۆ سەگ وەک گیاندار هەیە چونکە ئەو سەگەی ڕەسەن بێت وەک گورگێکی تەنها ژیان دەکات، نەک خۆی بکاتە کۆیلە و خەڵکیش ڕابهێنێت لەسەر ژیانی کۆیلایەتی .
هاوڕێکانم لایان وابوو بێدەنگی باشترین شتێکە بۆ ئەم کەسە تێکشکاوانە کە ڕۆڵی کەسێکی بێناسنامە دەبینن بۆ دەسەڵات و دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەو ڕۆڵە قێزەونانەی دەیگێڕن، کلکی وەفاداری خۆیان بلەقێنن و بڵێن دەسەڵات خەمتان نەبێت ئێمەی خزمەتکار دەزانین چۆن گەنجان فریو دەدەین .
لەم سێ چوار دێڕەی کە "فەرهاد" نوسیوێتی و لەپەیجی کۆمەڵایەتی فەیسبوکدا دایناوە، تەواو کۆیلەکردن و بەغوڵام کردنی گەنجانە و بێ هیوا کردنیانە بۆ دنیایەکی باشتر، کە تاکی کورد تێیکەوتووە . فەرهاد دەڵێ: بژین گرنگ ژیانە ئیتر کێ حاکمە بەسەرتانەوە چۆنتان دەکوژن و چۆن نیشتمانەکەتان هەراج دەکەن و چۆن مامەڵە بە ڕابردوو داهاتوتانەوە دەکەن گرنگ نییە، ئێوە بێدەنگ بن و تەنها بێدەنگیتان لەسەرە، بژین و خۆتان بەکوشت مەدەن چونکە هەموو شتێک درۆیە و شە هید بونیش گەوادییە .
٢٣ساڵە ئەم دەسەڵاتە کە خۆماڵییە و حاکمی هەرێمێکی بچکۆلانە دەکات وایان لە کۆمەڵگا کردووە، ئەوان چاویان هەیە و کەچی نابیناشن، گوێیان هەیە و ناشبیستن . گەرچی کۆمەڵگاکەمان چاو وگوێشیان هەیە، کەچی نەدەبینن و نەدەبیستن . کاتێک فەرهاد دێت لەڕێگەی پاراستنەوە دەست لە پیرۆزییەکان دەدات . ئێمە دەترەقینەوە و دەڵێین فەرهاد شێتە "قسە یان لەشێت، یان لە منداڵ" وەرناگیرێت ؟ بەڵام بەدیوەکەی تریدا ئەمە سوککردنی قوربانییەکانە، ئاخر ماڵی مەلامستەفا بۆیە نایەنە قسە چونکە ئەوان خاوەنی شەهید نین، ئەو گەلەی قوربانی داوە و ئەو کەسانەی شەهید بوون هیچ پەیوەندییان بەخێڵی ١٠٠٠ پیاوەکەوە نییە، دەنا مەسعود بارزانی دەهاتە قسە و ئەو نەخۆشەیان دەمکوت دەکرد. بەڵام ئەمانیش وەک فەرهاد بەگەنجان دەڵێن شەهید بوون درۆیە و گەوادییە.
بەداخەوە بەگەلەکەم دەڵێم بەربەستێک بەردەم چاوەکانی ئێوەی گرتوە و گوێکانی ئێوەی ئاخنیوە، ئەویش بەرژەوەندییە . باشە ئێمە شەهیدەکانمان لێبسەندەوە، ئیتر چیمان دەمێنێتەوە . مەنتیق دەڵێت ئێمە پێویستیمان بەشتێکی گەورە هەیە، ئەویش یاخی بوونە لەو هەموو سوکایەتییە کە پێمان دەکرێت، جگە لەهەراجکردنی نیشتمانەکەمان .
ئێمە هەموومان بوینەتە مەسیح و نزاکەی ئەو دووبارە دەکەینەوە. (ئەی باوکی ئاسمانی ...خۆشبە لەو کەسانەی کە من لەخاچ دەدەن، چونکە ئەوان نازانن چی دەکەن) بەڵام دڵنیام گەر مەسیح بگەڕێتەوە هەمان نزا ناکات، بەڵکو تەفرو تونای ئەو کەسانە دەکات کە سوکایەتی بە پیرۆزییەکان دەکەن و ئەو دەسەڵاتەش لەناو دەبات کە لەپشتی فەرهادەکانەوەیە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە