له ڕۆژی دایکدا چ دیارییه‌ک ؟
Sunday, 09/05/2010, 12:00
له ڕۆژی دایکدا چ دیارییه‌ک ؟
ئیمڕۆ که ڕۆژی دایکانه ، بزه ده‌خاته سه‌ر لێوی دایکانی جیهان که‌چی له کوردستانه‌که‌ی مندا مه‌ته‌مینی سه‌رتاپای دایکان داده‌گرێت و ده‌بێت سنگ بکوتن . دایکانی جیهان چاوه‌ڕوانی ده‌ست و دیاری جگه‌رگۆشه‌کانیان ده‌که‌ن که‌چی له کوردستانه‌که‌ی مندا دایکان مه‌رگی منداڵه‌کانیان له ئامێز ده‌گرن . دایکانی جیهان له یه‌کدی کۆ ده‌بنه‌وه و سه‌مای خۆشی ده‌گێڕن که‌چی له کوردستانه‌که‌ی مندا دایکان له یه‌کدی کۆده‌بنه‌وه و پرچی خۆیان ده‌ردێنن . دایکانی جیهان بۆنی گوڵ و گوڵزار ماڵه‌کانیان پڕ ده‌کات که‌چی دایکانی کوردستان بۆنی خوێنی ئازیزانیان ژیانیان تاڵ ده‌کات . دایکانی جیهان ئارامترین ڕۆژ به‌ڕی ده‌که‌ن که‌چی دایکانی کوردستان جه‌رگبڕاوی و شین و شه‌پۆڕ به‌سه‌ر ده‌به‌ن له‌م ڕۆژه‌دا .
هێشتا زه‌رده‌ی خۆر سه‌ر لوتکه‌ی چیاکانیشی نه‌گرتۆته‌وه که هه‌واڵی مه‌رگی تێکۆشه‌رانی کورد خۆی ده‌کات به هه‌موو ماڵێکدا . هێشتا دایکانی کورد ڕیفۆقی چاویان نه‌سڕیوه که دڕنده‌کانی کۆماری ئیسلامی په‌تی سێداره له گه‌ردنی پێنج تێکۆشه‌ری نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌ئاڵێنن و چاوی برسێتییان به خوێنی شۆڕشگێڕانمان تێر ده‌که‌ن . هێشتا له بیری تیرۆرکردنی "سه‌رده‌شت عوسمان"هکانداین به ده‌ستی سه‌گه‌کانی خۆماڵی که که‌ڵبه‌ی گورگه هاره‌کانی داگیرکه‌ران نوقمی لاشه‌ی پاک و بێگه‌ردی "کهمانگهرهکان و وهکیلیهکان و عهلهمهولووییهکان و حهیدهریهکان و ئیسلامیان" ده‌بێت .
تۆ بڵێی له به‌ختی که‌چی دایکانی کورددا بێت که سه‌گی خۆماڵی و گورگی بێگانه ده‌بنه هاوکار بۆ تاریککردنی ڕۆژی دایکان و سوورکردنی لاشه‌ی جوانه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ؟
به‌ڵێ ئیمڕۆ که ڕۆژی دایکانه ، دیاری دایکانی کورد بوویه پێشوازیکردن له ته‌رمی تێکۆشه‌رانی وه‌کو فه‌رهاد و فه‌رزاد و شیرین و عه‌لی و مه‌هدی به ده‌ستی ئه‌و کۆنه‌په‌رستانه‌ی که به زه‌بری شمشێر کوردستانیان وێران کرد و ئه‌نفال و جیهاد و کۆمه‌ڵکوژی و گۆڕی به کۆمه‌ڵیان به دیاری بۆ هێناین .
له یادی ئه‌م پێنج تێکۆشه‌ره‌دا سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ ئه‌م پۆله شه‌هیده و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ئازادی .
مردن بۆ ئه‌و دڕندانه‌ی که ته‌رمی {فه‌رزاد که‌مانگه‌ر - شیرین عه‌له‌م هولو - فه‌رهاد وه‌کیلی - عه‌لی حه‌یده‌ریان - مه‌هدی ئیسلامیان و سه‌رده‌شت عوسمانیان } کرده دیاری بۆ ڕۆژی دایکانی کورد .
جه‌لال چوارتایی
9-5-2010
هۆڵاند
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست