فەلەستینیەكان بە حازرى و ئاوەرەى متەفەریقە بە قەرز
Tuesday, 21/04/2009, 12:00
1988 بینراوە
دوا بە دواى سەردانەكەى (مەحمود عەباس)ى فەلەستینى بۆ هەرێمى كوردستان و دیتنى (مەسعود بارزانى)، دواتر لە لایەن سەرۆكایەتى هەرێم و حكومەت رەزامەندى هاتنە ناوەوەى 13 هەزار ئاوارەى فەلەستینى بۆ ناو خاكى كوردستان درا، ئەم رەزامەندییەش جێى هەڵوەستە لەسەر كردنە، چونكە ناگونجێت هەرێمێك تژى بێت لە كەموكورتى و نەبوونى شوێنى نیشتەجێ بوونى هاووڵاتیانى خۆى، هەروەها نەبوونى ئیكتیفاى زاتى و ئاسایشى خۆراك و تەواوى پێداویستیەكانى ژیانى گەلەكەى، بڕیار و رەزامەندى لەسەر كارێكى وا بدات، كە تاكو ئێستا هیچ دەوڵەتێكى عەرەبى قسەى خێرى بۆ كورد بوونى شارى كەركوك نەكردووە و ئامادەنین بە كوردستانى بناسێنن، ئەمە لە لایەك و لە لایەكى تریش هەر لەم رۆژانەدا لە چاوپێكەوتنى یەكێك لە ئەندامەكانى لیژنەى باڵاى ماددەى (140) لە كەناڵى (knn) گوتى: "ئەمەریكیەكان بە ئێمەیان وتووە پاراستنى ئاسایشى كەركوك، یانى پاراستنى واشنتۆن"، كە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت سەرانى كورد ناتوانن بە هیچ شێوەیەك باس لە مافەكانى ئایندەى كوردبوونى ئەو شارە بكەن! كە كاتێك ئەم راستیانە دەزانین بەرامبەر ئەو شار و شارۆچكانەى كە تاكو ئێستا لە ناو دەستووردا ئاماژەى پێكراوە و بەڵام بڕیاركان بە هەڵواسراوى ماونەتەوە، سەركردایەتى كورد چۆن زات دەكات دواى ئەو هەموو نەهامەتیە ستراتیژییە كە لە هاوكێشە سیاسییەكانى ئەمرۆدا نادیارن، دەچێتە ژێربارى هێنانى ئەو فەڵەستینیانە بۆ هەرێمى كوردستان.
سەرباى ئەوەش بیر لە ئاكامى دوا رۆژى ئەو كارەش نەكرێتەوە! مەگەر موفەكیرەكانى ئەم دەسەڵاتە لە كوێ بوون كە ئەو بڕیارە درا!؟ دواجار ئاكامە خراپەكانى بۆ مێژوو دەكەوێتەوە سەر شانتان، ئێوە تا ئێستا كێشەى ئاوەرە متەفەریقەكانى شەڕى ناوخۆى خۆتان چارەسەر نەكردووە و بە قەرز لاى خۆتان هێشتوتانەتەوە، فەلەستینیەكان بە حازرى دەهێننە جێگایان، هەروەك چۆن لاپەڕەكانى دیكەى مێژوو پڕە لە هەڵە و میزاجى شەخسى، كە دنیایەك كارەساتى بە دواى خۆیدا هێناوە و بۆ نەوەى نوێ بە ئاسانى لاناچێت، ئەم هەنگاوەى ئێوەش دووبارە بارى سەرشانى نەوەیەكى دیكە گرانتر دەكات.
بینیشمان لە پاش نەمانى رژێمى پێشووى عێراق، هاتنى عەرەبەكان بە گشتى، بە تایبەت مەسیحیەكان بۆ ناو ئەم هەرێمە، حكومەتى هەرێم هەستا بە دابینكردنى پارچە زەوى و مووچە و تەنانەت دروستكردنى خوێندنگا بۆ منداڵەكانیان، كە لە كاتێكدا منداڵى نەتەوەكەى خۆیان لە ژوورى مردوو شۆرى مزگەوتدا دەیانخوێند، دابینكردنى زەوى بۆیان، كە لە كاتێكدا و ئێستاشى لەگەڵ بێت، میللەت بە دەست كێشەى نیشتەجێبوونەوە دەناڵێنێت، خۆ گەر ئەوكەسەى كە ئەو بڕیارەى داوە، بۆ تەنها جارێك داواى ئامارى رێژەى تەڵاق لە دادگا بكات، دەزانێت كە زۆرینەى رێژەى جیابوونەوەى هاوسەران نەبوونى شوێنى نیشتەجێیە، كە لە ئامارێكى نوێى رۆژنامەى (رۆژنامە) هاتووە، كە تەنها لە شارى سلێمانى (183) هەزار خێزان كرێچین، ئەوە بە دەر لە شار و شارۆچكەكانى ترى ئەم هەرێمە.
ئەم دەسەڵاتە لە ماوەى 18 ساڵى تەمەنیدا چەندە پڕبووە لە هەڵسوكەوتى تراژیدیا بەرمبەر میللەتەكەى، هێندەش تژى بووە لە هەڵسوكەوتى كۆمیدیا و تەنزئامێز، گەر بگەڕێینەوە كۆتایى ساڵى 1990، كە ئەوكات پارتى بە تەنها حوكمى هەولێرى دەكرد و سەردەمى دوو حكومەتى و سێ ئیدارەیی بوو، بە هۆى وشكە ساڵییەوە رەزامەندى لەسەر هاتنە ناوەوەى مەڕ و ماڵاتى عەشیرەتى (شەممەر) بۆ ناو هەرێمى كوردستان دەهێنا، لەبەر نەبوونى كارەبا سەهۆڵ لە شارى هەولێر دەست نەدەكەوت و خڵكیش لە پێناویدا دەكوژرا، كەچى دەسەڵاتى ئیدارەى پارتى ئەوكات لۆرییە سەهۆڵەكانى كارگەكانى هەولێرى بۆ موسڵ (میسیل) دەنارد! لێرەدا پێویست بەوە دەكات كە رووداوێكى راستى تەنزاوى ئەوكات بێنمەوە یاد، كە ئەویش 2 عەرەب بە مەبەستى كڕین و فرۆشتنى (مەڕ و ماڵات) چووبوونە ناو مەیدانى حەیوان كە ئەوكات نزیك شارۆچكەى كەسنەزانى سەر بە شارى هەولێر بوو، ئیدى لەگەڵ كابرایەكى جەڵەب كڕى كورددا دەمیان تێكگیرابوو، بووبووە شەڕیان، 2 دوو عەرەبەكە كابراى كوردیان دابووە بەر شەق و لەگەڵ هەر شەقێكیشا بە كوردەى داماویان وتبوو: "اسكت انت جلالى"، ئیدى برا كوردەكانى تریش لە ترسى بوون بە جەلالى زاتى ئەوەیان نەكردبوو، لەسەر كوردەكە بە جواب بێن، تا عەرەبەكانیش بە ئارەزووى خۆیان كوردەى داماویان لە خاكى خۆیدا پڕ شەق كردبوو.
ئەوەى كە دەمێنێتەوە ئەوەیە، كە فەلەستینیەكان لە ئێستادان و ئەو شێوازى تاوانباركردنە كۆتایى پێ هاتووە و رەنگە ئەوان پێمان بڵێن: "اسكت انت یهودى".
تێبینى: هۆكارى تریش هەن كە لە ئێستادا پێویست بە وتنى ناكات، چونكە دەسەڵات خۆى تێدەگات، ئەویش هۆكارى (ئەمنى و دەولیە)، بەڵام لێرەشدا وەك تاكى كۆمەڵگا هەقى خۆمانە كە بپرسین، ئایا ئێمەى رۆژنامەنووسان ئایندەى ئاسایشى نەتەوەیى دەخەینە مەترسیەوە؟ یا هەڵوێستە میزاجیەكەى دەسەڵاتى ئێوە؟! كە بەم كارە ئێوەش كوردواتەنى: "پینە گەورەترە لە شەرواڵ".