کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دروشمەكانتان پڕە لە وەهم , ئامانجەكانتان پڕە لەفێڵ 25/7 خەڵكى كوردستان تاقیتان دەكاتەوە

Wednesday, 15/07/2009, 12:00


دواى (18) ساڵ لەخۆبەڕێوەبردن و ئەو هەمو نەهامەتییەى لەلایەن حیزبەكانەوە بەسەر خەڵكى كوردستاندا هێنایان, دەكرێ لەئێستا تەنها بۆبیرهێنانەوە چەند پرسێاریِك ئاراستەبكرێن , بەمەبەستى ئەوەى لەدواى 25/7 جارێكى دى ئەو پرسیارانە دوبارە نەبنەوە و بەشێوەیكى كۆنكریتى سترایژى كاركردنى دەسەڵاتى ئایندەى كوردستان گوڕانێكى جەوهەریانەى بەسەردابێت و چەمكى (دیموكراسیەت) وەك لەو ماوە زۆرەدا بانگەشەى بۆدەكرا لە فۆرمێكى تیۆریی چەق بەستوەوە بگۆڕدرێت و لە فۆرمێكى پراكتیزەیدا خۆى ببینێتەوە و كوردستان بگەیەنینە ئاست وڵاتانى پێشكەوتوە و لە دابینكردنى كەشێكى ئارام بۆفەراهەم كردنى ئازادیەكانى تاك و ئازادى ئابورى و سیاسى و ڕۆشنبیرى و ...تد.
كێ هەیە لەئێمە ئاگرى شەڕى ناوخۆى بەرنەكەوتبێت ؟ كام لەئێمە لەشكست و خیانەتى حیزبەكان ئاگار نەبوە ؟ كێ هەیە لەئێمە ئەو هەموشكستانەى , لەلایەن حیزبەكانەوە بەدەسكەوتى مێژویى و نیشتمانى پێ نەفرۆشرابێتەوە ؟ كێ هەیەگوێى لە ڕۆژنامەنوسێكى حیزبى نەبوبێت , تەقەكردنى پۆلیس و ئاسایشى لە خۆپیشاندەرەكان , بەحیكمەتى حیزب و دەسەڵات لەقەڵم نەدابێت و هەمو خۆپیشاندانێكى بە دەستێك لە قەڵەم نەدابێت , ئەگەر خۆپیشاندانەكەیش بۆ چارەسەركردنى كەم ئاوى و دابین كردنى وزوى كارەباش بوبێت ؟ كێ هەیە لەئێمە بۆدابین كردنى پێَداویستى یە سەرەتایەكانى بەشدارى خۆپیشاندانێكى نەكردبێت و زۆر بەتوندى بەرشەقى ئاسایش و جنێو و سوكایەتى پێكردنى پۆلیسەكانى هەرێمى هەردولا نەكەوتبێت ؟ كێ هەیە لەئێمە لەسەر ڕەخنەیەك , یان لەسەر توڕەبونێك دژ بە كردارە نامۆراڵیى یەكانى دەسەڵات , لە خوارەوە و لەلایەن (بەرپرسۆلكە) یەكەوە هەڕشەى تێهەڵدانى لێنەكرابێت یان سوكایەتى پێنەكرابێت ؟ كەسێك هەیە لەم نیشتیمانەدا فایلى پڕلە خیانەت كردنى چەند بەرپرسێكى حیزبى و پاڵەوانى ناو حیزبە كوردیى یەكانیى لە ڕێگاى ڕۆژنامەكانەوە نە خوێندبێتەوە یان گویێ بیستى نەبوبێت , ئەى كام لەئێمە لەكاتى دادگــایى كردنى ئەوانەدا ئامادەبوە ؟.
(ئێمە) واتە میللەت واتە ئەو مرۆڤانەى بەخت یاوەریان نەبووە لە نەبونی و لە نەهامەتى لەم نیشتمانەدا ڕزگاریان بێت , ئێمە واتە ئەو بونەوەرانەى كە فێر نەكراوین هیچ مەكینەى ماستاو سارد كردنەوەیەك بەدەستەوە بگرین , ئێمە واتە ئەو مرۆڤانەى كەزمانمان زمانى گوڵەو ڕخنەكانمان بۆ خۆشنودى خۆمانە و خاڵین لەڕق و پڕین لە توڕەبون بەرامبەربە (ئێوە) و ئێوە ڕەخنەكانمان بە (وەڕێنى سەگ لەمانگەشەو) پێناسەدەكەن و بەجاسوس و بەكرێ گیراوى وڵاتان تاونبارمان دەكەن .
ئێوە واتە كاربەدەستە بێ خەمەكان, مەسئولە پاوەنخوازەكانى ئەم نیشتمانە, كە وڵات تان وێران كروە و پڕتان كردوە لە كائینى شەڕانى و گەندەڵ و چەقۆبەدەست ؟! ئێمە دەستێكمان هەیە بۆ بەخشین (ئێوە) چیتان هەیە بیى بەخشن بە ئێمە , جگە لە سوكایەتى كردن نەبێت بە ئیرادەى ئێمە ؟ ئێَمە دلێكمان هەیە پڕە لە خۆشەویستى بۆ نیشتمان , ئێوە چیتان هەیەتا بە نیشتیمانى ببەخشن , جگەلەوەى هەمیشە دڵى نیشتمانتان سوتاندووە و دڵەكانى خوتان پڕكردوە لە غەریزەى شەیتانى ؟ ئێمە ڕۆحێكمكان هەیە هەمەیشە لەئاست گەوەرى نیشتماندا ئامادەیە بۆ دەرچوون , بەڵام ئێوە كەڕۆحتان لێوان لێوە لە هەناسەى تەماوى و ساتێكى پڕ لە شەهوەتى خۆتان و بەزمى سەرمێزەكانتان نا گۆڕنەوە بە گریانەكانى ئێمە , ئیدى چۆن جورئەت دەكەن بەئێمە بڵێن (فەوزەوى یەكان) ؟ ئەگەر هەركەسێك لەسەر داواكارى یەكانى خۆیى زمان بگرێت و دژى شەڕە بێ تاموو بێ ماناكانى ئێوە هاوار بكات و ئێوە ناوى لێبنێن (فەوزا) ئەوا ئێمە خەڵكانێكین تاسەرئیسقان شانازى بە (فەوزەوێتى خۆمانەوە دەكەین) و دەڵێن بژى (فەوزەوێت).
خەونەكانى ئێمە هەموو خەونى ئیناسنین و ئازادى ئەقڵ و خۆشنودى تەواوى مرۆڤەكان خەونى هەمیشە سەوزمانە , بەڵام خەونى ئێوە چى یە ؟ جگە لە مۆنۆپۆلكردنى سەرجەم كایە جیاجیاكان نەبێت ؟ خەونى ئێوە بێ دەنگى ئێمە یە لەئاست گەمە ناشرینەكانتاندا , خەونى ئێوە شكاندنى دەستەكانى ئێمەیە كەهەركاتێك بمانەوەێت (پەنجە مان) درێژبكەین بۆ گەندەڵى یەكانى ئێوە , ئێمە خەون بەوە وە دەبینین كە باڵندەكان لەسەر لولەى تفەنگەكانتان بنیشنەوە و لەسێ بەرى مرۆڤەكان هەڵ نەیەن , بەڵام ئێوە بە تفەنگەكانتان دەم كوتمان دەكەن , كاتێك ئێمە قسە دەكەین و ڕەخنە دەگرین بۆ ئەوەى خۆتان پاك بكەنەوە لە ئەو كارەى كە پێى دەوڵەمەند بوون , ئێوە بە دوژمون و بە جاسوس و بە خیانەتكارو بە تێك دەرى ئەمن و ئاسایشى وڵات تاوانبارمان دەكەن و خۆتان دەكەنە فریشەتى فریاد ڕەس لەئێمە .
ئەوە 18 ساڵى تەواوە ,ئێمە هاوارتان لێدەكەین و داواى ئازادى دەكەین , ئێوە بەندمان دەكەن و سوكایەتى بەكەرامەتمانەوەدەكەن , 18 ساڵە داواى خۆشنودى و سەربەستى دەكەین , 18 ساڵە هاوار دەكەین , بەسە گەندەڵى , بەسە كورسى پەرستى , بەسە ...تد , ئێوە گۆمان لێناگرن , ئێستا ئێوە دەپارێنەوە داواى بەخشین دەكەن , ئێوە دەپارێنەوەو داواى دەنگ دانمان لێدەكەن , كەچى لەمەشیاندا ڕاست نافەرمون و دروشمەكانتان پڕە لە وەهم , ئامانجەكانتان پڕە لەفێڵ و خۆَلأكردنە چاو ؟! .
لە 25/7 دوبارە خەڵكى كوردستان هەموتان تاقى دەكاتەوە , لەم سەرى چەپ بۆئەوسەرى ڕاست لە ئیسلامیەكانەوە تا عیلامانیى كان , تابۆئەوەى بزانن تاچوار ساڵى ئایندە چەند پرسیارى ترى هاوشێوەى ئەم پرسیارانە دووبارەدەبێتەوە و كام لە ئێوە لەگەڵ دروشم و بانگەشەكانى خۆیدا ڕاستگۆیانە بەردەوام دەبێت .
تێبینى : ئەم وتارە لە ژمارە (541) ى ڕۆژنامەى هاوڵاتى بڵاوكراوەتەوە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە