هەموو ساڵێك لە (5/11)دا، ساڵیادی شەهیدى سەركردە (قادر مستەفا)
Tuesday, 10/11/2009, 12:00
كەركوك
هەڵدانەوەى لاپەڕەكانى مێژووى پێشمەرگایەتى ئەم میللەتە كڵۆڵەى ئێمە پڕاوپڕە لە رووداوى نەخوازراوو ناشایستەى ئەوتۆ، كە رەنگە نە بكوژەكەو نە قوربانییەكەش رۆژێك لە رۆژان بیریان لە كوشتن و تەقەكردن لەیەكترى نەكردبێتەوە. ئاخر پێشمەرگەى وا هەبوون، تەمەنێكى دوورودرێژیان لەسەنگەرو حزبێكدا بەڕێكردووە، كەچى لە ئەنجامى تێكچوونى بەرژەوەندى بازرگانەكانى سیاسەت لە پڕێكدا دەستیان چۆتە خوێنى یەكترو شەهید بوون.
كات: پایزى ساڵى 1985.
شوێن: دەڤەرى بادینان (گەلى زێوە)ى نزیك سنوورى دەستكردى نێوان باشوورو باكوورى كوردستان.
هەواڵ: شەهیدبوونى فەرماندەى (هەرێمى 8ى دەشتى هەولێر)ى حزبی سۆسیالیستى كوردستانو چەككردنى (7) پێشمەرگەى حزبی سۆسیالیست لە رووداوێكى دڵتەزێندا لە ناوچەى سەیدانى پشت مێرگەسوور.
باشم لەیادە، كاتێك ئەو هەواڵە بە ئێمە گەیشت لە لقى دهۆكى حزبی سۆسیالیست، ئەو كاتە هەڵوێست لە سەركردایەتى (حسك) وەرگیرابوو. كۆمیتەى ئامادەكردنى حزبی سۆسیالیستى كوردستان/ ئیتجاهى دیموكراتى شۆڕشگێڕ، سەرپەرشتى هێزى پێشمەرگەو رێكخستنە نهێنییەكانى ناوشاریان دەكرد كە ئەوانیش بەشێكیان هەڵوێستیان وەرگرتبوو. بە گەیشتنى هەواڵەكە بارەگاى لق شڵەژاو مقۆمقۆ دەستى پێكرد، هەرگیز قسەى ئەو هەڤاڵەم لەیاد ناچێت كاتێك كۆیان كردینەوەو هەواڵەكەیان پێڕاگەیاندین، كە ئەو هەڤاڵە وتى: دەستى هەڤاڵانمان خۆشبێت!!. بەڕاستى ئەو قسەیە زۆر ئازاریدامو هەر ئەوكاتە بە هەڤاڵێكى نزیكى خۆم وت: ئەمە سەرەتاى كێشەكانە، شەهیدكردنى (قادر مستەفا) وا بە ئاسانى تێپەڕ نابێت. دواى چەند رۆژێكى كەم (7) پێشمەرگەى (حسك)یان بە دیلى هێنا. پیاو هەق بڵێ: لەوێ زۆر رێزیان لێگیرا، هەرچەندە هەندێك هەرزەكار بەچاوى گیراوو دیلەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكردن، بەڵام لە چەندین یارى بالەو تۆپى پێ كە لەگەڵ هەڤاڵانى (پارتى)و هاوڕێیانى (شیوعى)و برا (مەسیحی)یەكان ئەنجاممان دەدا، بەشدارییان لەگەڵ دەكردین و وەكو پێشمەرگەیەكى خۆمان بەوانمان دەناساندن.
ئەم قسانە نە پاكانەیەو نە كولاندنەوەى برینەكانیشە، لێ من بۆ خۆم ساڵانە بەشێوەیەكى (لا ئیرادى) ئەم رۆژە ناخۆشەى (5/11)یەم بیر دەكەوێتەوەو خەمى پێدەخۆم. ئاخر شەهید قادر مستەفا، یەكێك بوو لەو سەركردە بوێرو پارتیزانە جەربەزانەى كە ئێمە وەكو رێكخستنەكانى ناوشارى (حسك) شانازیمان پێوەدەكردو لاى زۆربەمان كەسایەتییەكى ئەفسوناوى بوو، بەڵام بەداخەوە ئەویش بووە قوربانى حەزى بازرگانەكانى شەڕى ناوخۆو یەكلایی كردنەوەى رقوقینەكانى ئەوان.
یادى بەخێر جارێكیان هەر لە شاخ و لە بەهارى 1987 لە خودى (دكتۆر رەشید)م پرسى: ئەرێ دكتۆر تۆ گۆڕى شەهیدان پێم ناڵێیت: چۆن كاك قادر مستەفا شەهید بوو؟ سەرنجێكى دامێ و لێی پرسیم بۆ؟. وتم: ئاخر پێمخۆشە لەزارى خۆتەوە هۆكارى شەهید كردنەكەى بزانم. لە وەڵامدا وتى: بە راستى من خۆم زۆر موتەئەسیرم كە ئەو رووداوە روویدا، قەت نەدەبوو رووی بدابوایە. رابەر گیان باوەڕ بكە، مەبەستى ئێمە شەهیدكردنى ئەو نەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەوەى نەدەبوو رووبدات، روویدا. بۆ چەند ساتێك بێدەنگ بوو، ئینجا وتى: ئاخر ئەوان لە رووبار پەڕیبوونەوەو كەمینیان بۆ دانابووین كە تێبپەڕین لێمان بدەن، كاتێك ئێمە بە ئاگا هاتین و ویستمان دەوریان بگرین، ژمارەیەكیان رایانكردو خۆیان گەیاندە بارەگاى (حشع)، تەنها كاك قادرو ئەو حەوت پێشمەرگەیە مابوونەوە كە كاتى خۆى میوان بوون لامان. قەت نەدەبوو ئەوە رووی بدابوایە، بەڵام چیدەكەى لەگەڵ قەدەر!. منیش بە ئاه هەڵكێشانێكەوە وتم: خۆزگە وا نەدەبوو، هەرگیز ئەوە قەدەر نییە.
زۆر بە داخەوە دواتریش دكتۆر رەشیدو چەندانى وەكو ئێمەومانان لە ئەنجامى دیكتاتۆریەتى ناو سەرانى ئیتجاهى دیموكراتى شۆڕشگێڕ پەراگەندەى نێو حزبەكان و خواكورك و دواتریش لەژێر فشاردا تەسلیم بوونەوەى هەندێكمانى لێكەوتەوەو لە ئێرانیش دكتۆر رەشید كە ئەویش سەركردەیەكى پێشمەرگایەتى جەربەزە بوو، شەهید كرایەوەو لە كاتوساتى كۆڕەوكەشدا شێروانى براى دكتۆر رەشید و چەند پێشمەرگەیەكى دێرینى دیكە بوونە قوربانى ئەو شەڕە نەگریسە خۆبەخۆیە.
لە كۆتاییدا لە یادى (24)ەمین ساڵیادى شەهیدبوونى (قادر مستەفا)دا، وێڕاى دانەواندنى سەرى رێز، بیست و چوار چەپكە گوڵیش پێشكەش بێت بۆ سەر گڵكۆى ئەو شەهیدە قارەمانە.
هەر لێرەوەش، هەزاران سڵاو لە گیانى (دكتۆر رەشید)ى قارەمان كە هەرجارێ لە جەولەى خوارەوە دەگەڕانەوەو دەهاتنە راگەیاندن بەزمێكى خۆشمان ساز دەكرد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست