کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئینگە و لەنگەی شۆڕشەکانی کورد و پلانگێڕیەکان لە سەدەی نۆزدە- بیستی نەتەوە دەوڵەت و شارستانیەتدا تا بە ئەمڕۆ (بەشی دیازدەیەم)

Friday, 13/02/2015, 12:00


سیاسەتی کورد و دەوڵەتداری لە دوای نەمانی سەدام حسین و ڕژیمی بەعس.
- لە ساڵی ٢٠٠٣ز. کە سەدام گیرا و پاش ماوەیەک لە سیدارەدرا ئیتر قۆناخەکانی عێراق گۆڕانکاریەکیتریان بۆ خۆوە دی و ڕووداوی جۆراوجۆر لە هەموو بەشەکانی عێراق هاتنە گۆڕەپانی ململانێ و ئاڵۆزیەکی بەرفراوان زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتەی گرتەوە... هەر کەس و لایەنێک لەو پاشاگەردانیەدا ئەسپی خۆی تاو دەدا و تيراتێنی ئەکرد!. بە مەیدانی و کرداری، عێراق کرابوو بە سێ بەشی سەرەکی و هەر لایەک چەندین قەوارە و ململانێی سیاسی، قەومی، دینی، و ئیتنیکی تیکەوتبوو...
شیعەگەری و کوتلەکانی تایفی و مەزهەبی لە خوارووی عێراق و پایتەخت
- لە باشووری عێراق بە دەیان گروپی جیاوازی مەزهەبی و باڵی چەپ و ڕاستی جۆراوجۆری شیعەگەری و تایفەیی سەریان هەڵدابوو؛ دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی ئێرانی ئاخوندی لەوپەڕی برەوی خۆیدا بوو و کە ئیستاش هەر درێژەی هەیە و بگرە زیاتر بووە.، چەندین میلیشیاو چەکداری ئەم و ئەو؛ کوڕە ئاخوند و مەلای شیعە، بێ پرسانە و ناسیاسیانە تەڕاتێنیان ئەکرد.. هەر کام خۆی و هاوقەتارانی بە ڕەواو میراتگر ئەزانی!.... دەیانەویست بۆشایی دەیانساڵی بێدەسەڵاتی و مەزڵومی خۆیان بستێننەوە و ببنە بڕیاردەر و دەسەڵاتداری سەرەکی کە تا ئیستاش هەر بناو بناو ئەو ڕەوتانە درێژەیان هەیە...
- هەر چەندە لە مێژ ساڵ بوو کە جوڵانەوەی شیعەگەری و مەزهەبی شیعی لە ژێر دەسەڵاتی حکەمەتەکانی بە ناو عەرەبی سوونی دەچەوسانەوە و زوڵمیان لێدەکرا و دەنگیان کپ کرابوو، بەڵام ئەو ڕەوتانەی کە لە ناو توندڕەویی شیعە و تەنانەت ناو دەسەڵاتیشاندا دوای نەمانی دەسەڵاتی بە ناو سوننە، هاتنە ئاراوە تا ئیستا زیاتر لە دوو دەیەیە ئەوانیش بەربوونەتە جەستەی ئەو وڵاتە، و لە ڕژیمەکانی پێشووتریان، و بگرە خرابتر؛ ڕۆژ نیە بە دزی و بە ئاشکرا خەڵکی سوونە بە تایبەت لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق نەکوژن و بێحورمەتی پێنەکەن!!.. کینە و ڕق و بێزاری هەموو جەستەی عێراق و بە تایبەت سوننەکانی گرتووەتەوە و بووەتە شەڕێکی تایفی و ئیتنیکی و لە ژێر و باڵی سیاسی و ئاینیدا کۆمەڵکوژی ئەنجام ئەدرێت و محاڵە ئەو جۆرە ڕەفتارانە بەم جۆرە تۆڵەسەندنە و نەزانکاریانە کورتخایەن بێت و ئارامی بەو وڵاتە ببەخشێت!؟. 
- دیارە ئەو جۆرە هەڵس و کەوتانە برین و ڕقی کۆنن و هەروا لە خۆڕا درەوست نەبووە: -- وەک پێشتر ئاماژەم پێدا؛ دەیانساڵ دەسەڵاتداری حکومەتی بە ناو باڵی سوننە لە عێراق و ئەو زوڵم و زۆرییەی کە گوایا دەرهەق بە مەزهەبی شیعە کرا بوو، ببوونە هۆکاری ڕق و توڕەیی و لە دڵی شیعەکاندا مابوونەوە تا ڕۆژگار بە باری ئەوانیشدا وەرسوڕا و تۆڵەی خۆیان کردەوە.. هەر چەندە ڕەوای هەق نەبوو بۆ هیچ لایەکیان بەڵام تاوان بە تاوان چارەسەر نابێت.. 
- بە پێی ڕێژە و ئاماری دانیشتوانی عێراق کە زۆرینەی شیعەیە توانیان ببنە دەسەڵاتداری سەرەکی لە عێراق و بە پشتگری حکومەتی ئێرانی ئاخوندی حکومەتی عێراق بەڕێوەبەرن.. لەو مابەینەدا تا ئیستا چەندین سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی یەکەمی وەک؛ '' جەعفەری و مالکی و عیبادی، و چەندین ئاخوندی وەک باقری و سەدری و چی و چیمان... بینی و نیشانیان دا کە هیچکامیان لە سەدام بۆ کورد باشتر نەبوون!!. هەر جارەو بە بیانوویەک دژایەتی کورد و کوردستانیان کردووە، و تەنانەت مافی ڕەواو یاسایی ناو یاسای نوێ و داڕێژراوی خۆیان پێشێل کردووە و نەیانهێشتووە کە کارەکان وەک خۆیان بچنە پێش...
- ئەوەش بەلای باوەڕی منەوە هەم دیسان لە خەتای کورد و کوتلەی کوردیەوەیە کە بڕیار و یاساکان بە پێی پێویست و خواستی کورد نەهاتوونەتە دی و تا ئیستاش لە ناو ئارشیو و تۆزی چەکمەجەکاندا ماونەتەوە!!...

پەرەسەندنی بە ناو ڕەوتی تووندئاژوویی ئیسلامی سوننە و هۆکارەکانی لە دوای ٢٠٠٣ز.
- هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێداوە، گروپی بە ناو ئیسلامیست و ئیسلامی سیاسی لە سەرەتای دەیەکانی نەوەدەوە گوڕ و تینیان وەدەر کەوت و بە ئاشکرایی چالاکی خۆیان نیشاندا، بناخەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێکی کۆن و بۆ ناو قەیرانی ئیسلامیستی، و خستنە پەراوێز و کەم ڕەنگ کردنی لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێو نەتەوەیی و ناوچەیی ئەو وڵاتانەی کە زۆرینەی هەرە زۆریان و لە هندێک وڵات لە سەدا سەد دانیشتوانی موسڵمانن....؛ ئەگەر بمانەوێ هۆکاری ئەسڵی سەرهەڵدانەکانی ئەو ڕەوتانە دەستنیشان بکەین دەبێ بگەڕێنەوە بۆ سەدەکانی ١٧ و ١٨، و ڕاگرتن و ڕاوەستانی زانکۆ و زانستی ئیسلامی و لەمپەر خستە سەر ڕێگای چالاکیەکان، هێنانی بە ناو سیاسەت و زانستی عیلمانی و پەرەپێدانی و جێگیر کردنی لە باتی زانستی ئیسلامی لە لایەک؛ و لە لایەکیتروە گرنگی نەدان و پەراوێز خستنی عالمی ئیسلامی لە ناو دام و دەزگا و تەنانەت قوتابخانەکان، و دەست و قاچ کردنی تێگەیشتنەکانی ئیسلامی بۆ ناو کۆمەڵگە؛ بوونە هۆکاری سەرهەڵدانەوە و ڕاپەڕین و ڕێنێسانسی ئیسلامی...، کە بە دەیان عالم و سەرکردە کەوتنە بڵاو کردنەوەی بیر و هزری ئیسلامی و دیسانەوە بە پێی ڕەوتی نوێ داڕشتنەوەیان بڵاو کردەوە و پەیڕەوانی ئاینخوازی و ئیسلام ناسی، برەویان پەیا کرد و زۆر زوو هەموو گەلانی موسڵمانی ناوچە و تەنانەت جیهانیشی گرتەوە.. لێرەدا ناچمە سەر جۆر و کات و چۆنیەتی سەرهەڵدانەکان و پێڕەو و پرۆگرامەکان و لە کوێوە و کێ بوون ئەوانەی ئەو ڕەوتانەیان داڕشتەوە، و ناوی سەرکردە و گروپەکان کێن و چین؛؟.. چونکی من شارەزای وردەکاریەکانم لە لا نیە و پسپۆڕیش نیم لەو بوارەدا، و دایدەنێم بۆ کەسانی شارازاتر و شیاوتر...، تەنیا دەتوانم بێژم: دوچکەی ئاڵۆزیەکانی جولەکەو ئیسلام، یان باشتر بڵێم '' عەرەب و ئیسرایل'' ، و شەڕی نەتەوە و خاک، و دواتر ئاین و ململانێی سیاسی دەرەکی و ناوچەیی، کە چەندین شەڕ و داگیرکاری لێکەوتەوە تەشەنەی کرد و شۆڕ بوونەوە بۆ ناو هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتر بەرەو ئاسیای بچوک و ئینجا ڕۆژئاوا و ئیستا بووەتە ئالۆزیەکی هەمەگیر و دژوار... 
- لێرەدا هەر ویستم ئاماژەیەک بە هۆکاری ئەو ڕەوتانە بدەم کە بە تایبەت لە نەوەدەکانەوە چۆن و بۆ بڵێسەیان سەند و هۆکارەکانی کێ بوون؟ چۆنین گەیشتوونەتە ئەم ئاستە و بەرەو کوێ مل دەنێن؟.
- لە لایەک نەزانی و بێ ئاگا بوونەوەی کۆمەڵگەی ئیسلامی، بە تایبەت لە هەڵس و کەوتی دروستی ئاینی و نەبوون و نەهێشتنی زانا و زانستی ئیسلامی و بە لاڕێدا بردنی وانە و زانستە ئیسلامیەکان،؛ بەشێک بوون لەو هۆکارانی کە بە درێژایی چەند دەیە خەڵک لە جەوهەری ئاین دوور کەوتبوونەوە..
- هیوادارم لێرەدا ناحاڵی بوونێک ڕوو نەدا لە نێوان مەبەستی من و تێگەیشتنی خوێنەران!. ڕاستی ڕوو تەقە، و لەوانەیە هەموو کەسێک نەتوانێت وەک خۆی وەری بگرێت.!.. ئیسلام و موسڵمان دوو شتی جیاوازن. ئیسلام بەرنامەیە و یاسایە، و موسڵمان جێبەجێکاریەتی و بە کاریان ئەبات و حوکمیان پێ دەرئەکات!!... بەڵام ئیتر؛ کێ و چۆن و بە چ ڕەوت و ڕێگا و ئامرازێک و لە کوێ و لە چ دەورو زەمانێک و لە ناو چ کۆمەڵگە و جیهانێک، و چۆن تێگەیشتنێک و بۆ چی؟؛ هەڵئەگەڕێتەوە بۆ فام و دەرک و پێگەیشتن و تێگەیشتن لە ئەسڵ مەبەست؛ و چۆنیەتی و نیەتی جێبەجێکاران، کە ئەوانەش لە کەس و گروپ و گەل و نەتەوە، لە مەزهەب و ڕێباز و تێگەیشتنی ڕۆحی هەر کەسایەتی و سەرکردەیەکی ئاینی و مەزهە بی، یا خۆ پێگەیشتن و تێگەیشتنی ئاستی ئەو کۆمەڵگەیەی کە بە کاری ئەبەن، جیاوزی زۆریان ئەبێ...
- ئەمڕۆ بە داخەوە ناوی ئیسلام و تاک و کۆی بە ناو موسڵمان لێک جودا ناکرێتەوەو هەردوو وەک یەک ئەبینن و هەر نەرێنییەک ڕوو دەدا و ئەنجام ئەدرێ ئەیخەنە پاڵ ئاینی پیرۆزی ئیسلام و خەڵکیان پێ بەدگومان کردووە!! میدیا و دەسەڵاتدارانی جیهانی چۆنیان بوێ وای لێدەکەن؛ دایدەپاچن دایدەتاشن، دایدەماڵن، و دایدەنێن!..
- باوەڕ و ئیمانی بە جێ و ئاوەز پەسەند لە ناو دڵ و هەناوی هەر کەسێک چەسپی ئیتر خۆی بۆ فیدا ئەکات.. جا ئەو کەسە باوەڕی بە هەر شتێک هەبێت؛ '' نەتەوە، خاک، تاک، ئاین، مەزهەب، تەریقەت، شەریعەت''، یان هەر بیرو باوەڕیکیتر کە لە ناخی مرۆڤدا جێبگرێت و ببێتە بەشیک لە گرنگی ڕۆح و جەستەی، ئیتر مافی خۆیەتی ئەو کەسە، یان دەستە و تاقمە بۆ پاریزگاری لێکردنی و بە ئامانج گەیاندنی، بە مەرجێك نەبێتە هۆکاری پێشێلکردنی مافی ڕەوای بەرامبەری و لە هێڵی سووری سنووری ئەویتر تێنەپەڕێت، بە هەر ڕێگایەکی گونجاو و لەبار، پارێزگاری لە ئامانجەکانی بکات.
- بە داخەوە زۆرجاران ئەو ڕەوتانە بە ئیسلامی عیلمانیشەوە هەرچەندەش ئەگەر باش و دروست و ڕەوا بووبن بەڵام بە هۆی لاوازی ماڵی و پشتیوانی سیاسی و ماڵیەوە لە لایەن کەس و دەسەڵات و هێزێک ئاوێتە بوون؛ و ئیتر ڕەوت و ڕێبازی خۆیان ون کردووە و کەوتوونەتە ژێر کاریگەری و فرت و فێل و منافقی، و خێر و بێریان بووەتە شیروتیر و ڕێبازەکەشیان توشی قەیران و ڕق لێبوونوە بووەتەوە و بوونەتە کەوا سووری بەر لەشکری نەزانی و پلانگێڕی ناوەکی و دەرەکیەوە...
- ڕژیمەکانی ئێران و عێراق لەو ڕەوتانە کەڵکیان وەرگرت و قۆستنیانەوە بە قازانجی خۆیان و دەیانساڵ شەڕی ناوەوە و دەرەوەیان پێکردوون!!. ئەوە بوو ڕژیمی ئاخوندی بێجگە ئێران، ئەو بیرۆکە و ڕەوتانەی ناردە دەرەوە بۆ زۆربەی وڵاتانی ناوەڕاست و سەرجەم خوارو ژوری ئەم جیهانە، و لەم ڕیگایانەوە مەبەست و ئامانجەکانی پێکاوە و دەیانساڵە درێژە بەو پلان و ئاژاوەگێڕیە فیرقەیی و مەزهەبیە ئەدات و سیاسەتی شیعەگەری لە سەر نرخ و بەهای خاک و گەل و نەتەوەکانی ئێران کە ساڵانە ملیاردها خەرجی ئەبێ برەو پێئەدا!. ئەمە لە کاتێکدایە کە گەلانی ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری و توشی قەیرانی ئابووری، ئیداری، نژادی، ئاینی و مەزهەبی هاتوون، لە هەموو خرابتر ملیونان کەس توشی مەواد و ماڵویرانی و مادە بێهۆشکەرەکان بوون و لە ماڵ و کۆڵانەکاندا کەوتوون و بە ئازارەوە ئەتلێنەوە..!
- سەدام بۆ هاوکێشی و بالانسی سونە لە بەرامبەر شیعە لە لایەک و لە لایەکیتروە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێز و هێرشەکانی ڕۆژئاوا بە دژی خۆی و دەسەڵاتەکەی لە نەوەدەکان بەملاوە تا ٢٠٠٣ز. تا بەرلەوەی خۆی و دەسەڵات و لە خۆ باییەکانی بکەونە زبڵدانی مێژووەوە؛ بە هەموو توانایەوە گروپەکانی توندئاژوویی سوننی پڕ چەک کرد و هەرچی چەک و تەقەمەنی لە دەست پەلامارەکانی ڕۆژئاوا مابوونەوە بە ئەو گروپە بە ناو ئیسلامیانەی دا و بەریدانە عێراق و دەوروبەر، تا گوایا بتوانێت لەو بشیوی و ئاڵۆزیە درێژە بە زوڵم زۆریەکانی خۆیان بدەن......

- درێژەی هەیە...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە