کێیە بکوژانی د. قاسملو!؟
Tuesday, 30/12/2014, 12:00
چەکەکەیە؟ چەکدارەکەیە؟ یا خۆ هاندەرو ڕێکخەرەکەیە؟
- ناوەڕاست هاوینی ١٩٨٩ز. واتە تا ئیستا زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە لە تیرۆری د. قاسملوو تێدەپەڕێ، کە چی میراتگرانی ڕێبازی قاسملوو تا ئیستاش سەرگەردانانە بە دوای بکەرانی ئەو کارەساتەن و بە بێ هیچ پێشچونێک، لە یەکبازنەیی تەسکی بێواتایی خۆیاندا ئەسوڕێنەوە!!! ئەیانەوێ لە خوێنبەهای ئەو ڕووداوە سامناکە بەرژەوەندی تەسکی سیاسی حیزبی و ناوچەیی وە چنگ بخەن و لانی کەمی ویژدانی خۆیانی پێ بحەسێننەوە!.
- پێش یەک دوو ڕۆژ وەڤدێک لە نوێنەرایەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە سەرپەرشتی '' عەلی لاریجانی'' دوای سەردانی لوبنان و جنوبی عێراق و ڕێبەرانی مەزهەبی شیعە لە باشور و دواتر بەغدا و کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی و ئایینی و ڕاو و ڕاووێژ و پلان و بیروڕا گۆڕینەوە، دەگاتە کەمەربەنی سەوزی سلێمانی و لە لایەنی ئەندامانی باڵای یەکێتی نیشتمانی پێشوازی گەرمیان لێدەکرێ. دواتر دەچنە عەیادەتی مام جەلال و زۆربەی بەرپرسانی باڵای یەکێتی لە نیوەڕۆخوانێکدا پێکەوە بەشدار دەبن و دواتر بە فڕۆکە دەگەنە کەمەر بەنی زەرد و لە هەولێری پایتەخت لە لایەن کۆمەڵێک لە ئەندامانی باڵای پارتی بە فەرشی سوور پێشوازی گەرمیان لێدەکرێ. پاشان لە گەڵ سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی کۆ دەبنەوە و کۆمەڵیک بیرو ڕای ئاشکرا و نهێنی ئاڵ و گۆڕ ئەکەن. هەر لەو نێوانەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم نێچیرەڤان بەرزانی بە هاوڕێیی خۆی و دەستەیەک لە ئەندامان دەبنە ئیسکۆرتی وەڤدی ئێرانی و بە ناو شار و شوێنە ناودارەکانی شاری هەولێر دەیانسوڕێنن و چاودێریان دەکەن و ڕێزی لە ڕادە بەدەریان لێدەگرن.!!
- بە هەمە حاڵ باوەڕ ناکەم کەس لاری بێت لە پێوەندی و لە ئامێز گرتنی وەڤد و نوێنەری دەر و دراوسێ و دوور و نزیک بۆ لای یەکتری و ئاڵ و گۆڕ کردنی بیر و ڕاو پێوەندی سیاسی دیپلۆماتی و بازرگانی و هتد... ئەویش ئەگەر لە ئاست و خواستی هەردوولا بێت و پلان و مەبەستی گڵاویان پێ نەبێ و خەریکی کولانەوەی کۆنە زام نەبن و داو بۆ لایەنێکی مافخواز و داماو نەنێنەوە، قەیناکا!.
- بەڵام جەوهەری مەبەست و باسەکان لەوەوە سەرچاوەی گرت کە ئەو وەڤدە کەسێکی بکوژی کورد، بکوژی چارەنوسی کورد، بکوژی بزووتنەوەیەکی کورد، و ڕووخانی ورەی خەباتێکی گەورەی کوردی لە گەڵدا بوو بۆ هەرێمی کوردستان!! ئەویش '' محمد جعفر سحرارودی'' ئەندامی وەڤدی بە ناو وتو وێژکاری کارەساتی ڤیەن بوو.!
- بە هاتنی ئەو بکوژە بۆ کوردستان و پێشوازی گەرمی لە بەر چاوی هەموو ڕاگەیەنە ناوخۆیی و دەرەکیەکان لە لایەن ئەندامانی باڵی حیزبی و حکومەتی هەرێمەوە، بە توندی، هەراو هوریایەک لە تۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و هندێک دام و دەزگای ڕادیۆ و تیڤی و ماڵپەڕەکان وەڕێخست.... هەست و ئیحساسی کپکراوی زۆر کەس و کەسایەتی و لایەنی سیاسی و ڕۆشنبیری، ئەندام و دۆست و دڵسۆزانی لە دوور و نزیکەوە وروژاند و کاردانەوەیان نیشاندا...
- لە دوور و نزیکەوە ئاگاداری ڕووداو و کاردانەوەکان بووم و زۆر هەست و ئیحساسی تاک و کۆم بینی و خوێندمەوە... هەموو ئەوانە بە جێی خۆی و جێگای ڕێز و تەقدیرن. بەڵام من کەمێک قوڵتر و جیاوازتر بیر دەکەمەوە و مەبەستمە لێرە بە کورتی بیانبێژم:
- زیاتر لە ٢٥ ساڵە ئەو تیرۆرە ناجوانمێرانەیە ڕوویانداوە کە چی ئیستاش حیزبی خانەخوێ و ئەندامان و بەشێک لە ڕۆشنبیران و سیاسەتوانانی بە پەڕۆشی ئەو مەسەلەیە هەر لە شوێن خۆیان دان و هەمان هەڵوێست و کاردانەوە نیشان ئەدەن و چەند پاتەی ئەکەنەوە کە پێش ٢٥ ساڵ وتوویانە و بە کرداری مەیدانی ڕژاندوویانە!؟
- ئەوانە تا ئیستا لەیانتوانیوە خەت و هزر و بۆچونەکانیان کۆ بکەنەوەو گۆڕانکارییەک بەو هەڵوێستانەیاندا بخشێننەوە و بزانن هەڵەکانیان لە کوێدایە!؟ بۆچی نەیانتوانیوە بستێک لەو داخوازی و مەبەستەیان بچنە پێش و تەنانەت وەپاشیان خستووە!؟
- ئەوە یەکەمجار نیە کە سەحراڕودی و قاتڵانی کورد لەملاولا دێنە کوردستان! کوردکوژان بەردەوام لە کوردستانن!! بیرو هزری کورد کوژان و دوژمنان لە ناو بیر و هزری ئەحزابی کوردی و تاکی ناو جەرگەی خەبات و شۆڕش و بە ناو شۆڕشگێڕی کوردە و بە قسە و پلانی دوژمنان هەڵس و کەوت ئەکەن و بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی خۆیانی پێڕادەگرن!!.
- نازانم لە کوێوە و چۆنین دەسپێبکەم و بە کورتی مەبەستەکەم بگەیەنم!! بکوژ و قاتڵان تەنیا سەحراڕودیەکان نین!! یەک و دوان و سیان نین؟!! دەوروبەرمان زۆر لەو بکوژانە!! تەنانەت لە کوردستانی ئازادیشدا زۆرن بە نهێنی ئاشکرا تاک و ڕۆشنبیری کورد ئەکوژن و دەشگەڕێن و کەسیش ناتوانێ بڵێ پشتی چاوتان برۆیە!. کوشتن لە هەر حاڵ و جۆرێکدا هەر کوشتنە..
- بکوژانی دوکتور قاسملوو زۆر لەوە زلترە کە بە کەس و تاکێکی خۆ فرۆش و نەزان و گەمژەوە گرێ بدرێ! ئاخر مرۆڤ چۆن چاکترین و چالاکترینی جەستەی دەبڕێ و دەشکێنێ ئەگەر ئەو کەسە نەزان و گەمژە و لە نەسڵی دڕندە نەبێ و گورگ سفەت بیر نەکاتەوە!؟
=- * بە کورتی: '' حیزبەکەی د. قاسملوو و میراتگران و شۆڕشگێڕان و گشت مافخوازانی کورد بە تایبەتی دەبێ ڕێگا و ڕەوڵی ڕیشەیی بگرنەبەر و بتوانن هەشتێک بە مشتێک بکەن.!
ئەگەر کەمێک تێڕامێنێن و بچینە ناو قوڵای باسەکە دەکرێ ئاوای لێکبدەینەوە؛ هەر شتێک سەرچاوە و بنەمایەکی سەرەکی هەیە و لە ڕەگ و ڕیشەیەکەوە سەرهەڵدەدا!.
- دار ئەگەر پەلەکانی سیس و وشک بن لە بنەوە گرفتی هەیە.. یان ئاوی دەوێ یان بنەکەی زیانی لێکەوتوو یان کێشەی ژینگە و جێگایەکەی هەیە..
- ئەگەر مارێک لە ماڵدا بینرا و خۆی شاردەوە دەبێ کون و قوژبنەکانی ماڵەوەی بۆ بگەڕێیت و هێلانەکەی بدۆزیتەوە.
- مناڵێک کە سەرەڕۆی ئەکات و ئاسایی هەڵس و کەوت ناکات بزانە پەروەردەو ژینگەکەی نالەبار و ناڕێکە..- کەسێکی گەورە کە خرابەکاری، دزی، جەردەیی، بێ ئەخلاقی، خیلافی یاسای سروشت و مرۆ ئەجوڵێتەوە بزانن کە پەروەردەی ماڵ و ژینگە و وڵات و سیستەمەکەی بوونەتە هۆکاری ئەو کردارە نادروستانەی....
- چەند پەندێک بە نموونە دێنمەوە و دواتر دەچمەوە سەر باسەکەم: '' وتیان بە وشتر دایکت بەچکەیەکی بووە، وتی با هەر بیبێ من هەر باری خۆم لە سەر شانی خۆمە!.'' وتیان بە جۆگەی کانییەک بۆ وشک و بۆگەنت کردووە؟؛ وتی سەرچاوەکەم ماریک تیا پەپکەی کردووە؟! '' دار کرمی لە خۆی نەبێ هەزار ساڵ ئەژی''....
- * هۆ!! میراتگران و دیمۆکراتەکان؟! دەیان ساڵە بە بێ ئاکام سەرگەردانانە ئەسوڕێن و بە دەوری بازنەی خۆتاندا ئەخولێنەوە بێ ئەوە بزانن بۆ و چەند سوورتان خواردووە!؟
- لەوەتی ڕێبەرانتان تیرۆر کراون ئێوە هەر بیانوو دەهێننەوە و هەر هەمان شت دەڵێنەوە کە دەمبەتاڵانیش دەیڵێنەوە؟! بکوژانی سەرەکی سەحراڕوودیەکان نین... لە سەرەوەن لە بنەوەن و لە بنکە پر لە فێڵ و ڕیاکانی سەدان ساڵەی پیلانڕێژانی تاران و قومن...
- سحراڕودیەکان بکەرانن، لە چەکەکان شتێک زیاتر نازانن و تەنیا دەسیان پڕ چەکە و بەس. ئەگەر چەکیان نەبێ هیچ ناتوان و بێدەسەڵاتن وەک بێدەسڵاتان!!! ئەوانی داڕێژەرانن، پلان زانانن؛ سەرچاوەکانن، هۆکارەکانن، خولقێنەری بکەرەکانن...
- بیگۆڕن؛ بە کەسێکەوە گرتووتانە و هەر دەڵێن بیگرن و بیکوژن و نازانم چی و چێ!!!؟؟ ئەوە چی بوو هەر تەواو نەبوو ئەو ڕاونانە بێ دەس و چەک و بێ واتایانە!! کەسێکی بێ دەست و پێن!!.. دەنا ئەگەر مەبستانە و توناتان هەبوایە هەیە و خۆتان بە هیز و دەسەڵات و حیزبی لە مێژینە و چوزانم چی دەزانن بۆ تا ئیستا بە مەبەستی خۆتان نەگەیشتوون و ئەو کەسە نەکوژراوە لە ناو نەچووە!!؟؟ دەنگ ناکەن و گوێتان لێ ئاخنیوە تا ئەو جۆرانە دەگەنە هەرێمێکی ئازاد کراو، ئیتر دەست دەکەن بە قاڕ و قاو و هەرا، بە بێ ئەوەی هیچتان پێ بکرێ!!!
دەتانوت کە لە ناو سەتحی ڕێبەری کەس و نەفەرمان هەیە و دەزانین چی دەوقۆمێ و ئاگامان لە ڕێبەرایەتی خامەنەیی و ماڵباتی پلان ڕێژان هەیە کە چی ناتوانن خاینێک لە ناو ماڵ و خاکی پان و بەرینی ئێران بە سزای خۆی بگەیەنن، ئەگەر مەبەستتانە!!؟؟ ئەوانە هەموو پڕوپاگەندەن کە وەڕێی دەخەن!!.
- واز لە کەس و ناو و ناتۆرە بێنن و بای دەنەوە بۆ یەکڕیزی و هاوکاری و ڕێگەچارەیتر...
- '' دەڵێن کابرایەک لە دەرەوەی شار و ماڵەکەیان کاری ناڕەوای لە گەڵدا ئەنجام ئەدەن و ناتوانێ هیچ بکات بەڵام کە بکەران دێنەوە ناوشار، ئەویش بە توێکڵی شویتی پەلاماریان ئەدا و یەک دوان توێكلە شامییان بۆ فڕە ئەدات و ئەڵێ ئۆخەی هەقی خۆمم سەندەوە"!!
- ببوورن! بەڵام حەیفە بۆ ئێوە و... خاوەن و میراتگری ئەو ڕێبەرە مەزنەن!!
- بۆ هەتا سەحرا ڕودیەکان نەیەنە کوردستان ئێوە لە بیرتاندا نیە و هاوارێک ناکەن و دەنگۆی ئەو ڕووداوانە ناوروژێنن و بەرزی ناکەنەوە بۆ حکومەتی هەرێم و حیزبە دەسەڵاتدارەکان کە خۆیان لە هندێ هەڵس و کەوت بپارێزن، یان بە پێچەوانەوە بە جۆرێک چاو سووریەک وەخەرج بدەن.. !!!؟ دەنا خۆ لە بکوژان زیاتر لە باشور زەرەر و زیانتان لیکەوتووە!!!
- گلەیی لە کوردستانی باشور و حیزبەکانی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان کە هەردەم لە بندەستی ئێران و تورکیا و دەرو دراوسێدا بوون و لە ڕەوتی مێژوودا یان سەر بە عوسمانی بوون یان سەفەوی، پیشەی هەمیشەیی کوردانە، و جێگای داخ و کەسەرە کە تا ئیستاش کورد پێیانەوە ئەناڵێنن.!!
- ئەگەر ئەوەتان پێناکرێ لانی کەم دەس بگرن بە کڵاوی خۆتانەوە با نەیبات و مەچنە ژێر بیرۆکە و پلانگێڕی ئەو حیزبانە کە کەساتیتان لەوە زیاتر لاواز بکەن و بتانخنکێنن و ببنە کلک و دار دەست و موچەخۆریان!!. '' کەڵەشێریش نەبێ خوا ڕۆژ هەر ئەکاتەوە'' با ئاو بتانبات لە پردی نامرد مەپەڕنەوە''.. گۆشتی لاڕانتان بخۆن و منەتی قەساب هەڵمەگرن..."
- کەسایەتیەکی مەزنی کورد، ڕۆشنبیرێک، زانایەک، سیاسەتمەدارێک، دیپلۆماتێک، مامۆستایەکی ئاکادیمی، زانایەکی بواری ئابوری سیاسی، و ڕێبەرێکی سیاسی بزوتنەوەیەکی خاوەن مێژووی دەیانساڵەی گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشان و مافخواز و هیوابەخشی گەلێکی بەش خوراو و بەش مەینەت، لە کۆبوونەوەیەکی بە ناو وت و وێژ کە بۆ چارەسەری چارەنوسی کوردی کوردستانی ئێران لە ناو جەرگەی ئوروپا و لە وڵاتی '' ئوتریش''ی گوایا ئازاد و دیمۆکراتیک و ماف پارێزی مرۆڤ لە ڤییەنی پێتەختی ئەو وڵاتە کە لە نێوان نوێنەرانی ڕژیمی ئاخوندی ئێران و حیزبی دیمۆکرات پێکهاتبوو لە ناو گەرمەی باسەکاندا و لە کاتی دیاریکردنی ڕۆژانی دواتری درێژەی کۆبوونەوەکان، لە ناکاو دەدرێتە بەر ڕێژنەی چەکی سوکی دەنگبڕ و هەر لەوێ لە گەڵ هاوڕێیان عبدوڵا قادری و دوکتور فازڵ ڕەسوڵ دەبنە قوربانیی، دەبنە سات و سەودای بازرگانی پلانڕێژان و دەسبەجێ دەکوژرێن.!!
- تا ئیستاش ئەو ڕووداوە لە ژێر پەردەی بازرگانی دوو وڵاتی ئوتریش و ئێران شاردراوەتەوە و خاوەنی نەبووە کە بتوانێ بیانخاتە روو تا بە ڕای گشتی بگەیەنرێ و ئاکامی ئەو ڕەشەکوژی و ناعەداڵەتیەی وڵاتێکی بە ناو دیمۆکرات و ئازاد و بکەرانی هزر و بیرۆکەی ئەو بکەرە سامناکە بدرێنە دادگای نێو دەوڵەتی. هەرچەند هەموو جیهان و بە تایبەت دیاسپورای کورد لە ئاست ئەو کارەساتە تا ئیستا گوێ و زمان و چاوی خۆیان داگرتووە و وەک کەڕ و لاڵ و کوێر لەو ڕووداوانە دەڕوانن!!..
مەجید کاکەوەیسی
٢٨/١٢/٢٠١٤ز
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست