کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئۆپۆزسیۆن و یەکێتى دەتوانن کۆتایی بەحوکمى بنەماڵەیى بهێنن

Monday, 08/10/2012, 12:00


پارتى لەبەردەم مەترسى هەڵوەشاندنەوەى ڕێکەوتنانەى ستراتیژیدا

ئامادەکردنى:ناسح عبدولڕەحیم-هەڵەبجە
لەماوەى ساڵى ڕابردوودا بەهۆى ئەو گۆڕانکاریانە کە لە ڕۆژهەلاتى ناوەڕاست ڕویانداوە بەشێوەیەک کە کۆمەڵێک دەسەڵاتى بنەماڵەیی کۆتاییان هات و هەندێکیتریان لە لێوارى کەوتن و لەدەست چوونى دەسەڵات نزیک بوونەتەوە ئەو شەپۆلە بەشێوەیەک کە بووتە مەترسى بۆ دەسەڵاتى حوکمڕانى بنەماڵەى لە کوردستان،ئەگەر پێش بەهارى عەرەبى و شۆڕشەکانى ووڵاتانى ناوچەکە هەرێمى کوردستان بەشێوەک لەلایەن دوو بنەماڵەوە بەڕێوە دەبرا و هەموو پۆستە سیادیەکان و پۆستە ئەمنى و سەربازى و ئیداریەکان مۆرکى دوو بنەماڵەى پێوەبووبێت ئەوا لەدواى شۆڕشەکانى ووڵاتانى عەرەبى یەکیتى نیشتمانى کوردستان بەشێوەیەک لە شێوەکان پاشەکشەى کرد لەو شێوازە حوکمڕانییە و لەهەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى شکڵى دەستبەردارى زۆرێک لە پۆستەکانى هەرێمى کوردستان بوو بۆ پارتى دیموکراتى کوردستان ،یەکیتى بەم کارەى توانى چاوى میدیاو دەنگى ناڕەزاى خەڵکى کوردستان ناوەندە ڕۆژنامەنیەکانى دەرەوەش لەسەر خۆى لابەرێت بەشێوەیەک کە بەشدارنییە لە سیستمى حوکمڕانى بنەماڵەتى لە هەرێمى کوردستاندا .

بەڵام پارتى دیموکراتى کوردستان بە پێچەوانەى یەکێتى نیشتمانى کوردستانەوە لەگەڵ ئەوەى بەبەرچاوییەوە ئەو دەسەڵاتانەى ناوچەکە کە سیستمى حوکمڕانیان سەرۆکایەتى و بنەماڵەییە یەک لە دواى یەک دەکەون و کۆتاییان پێ دێت بەڵام زیاتر سور بوو پێداگرى زیاترى کرد لەسەر ئەوەى کە هەیمەنەى بنەماڵەى بەرزانى نەک تەنها لە هەریمى زەرد بەڵکو ئەو هەیمەنەیە بەسەر هەرێمى زەردو تەواوى هەرێمى کوردستاندا بسەپێنێت،ئەم پێداگریەى پارتى بەشێوەیەک بوو کە ئێستا سەیرى هەرێمى کوردستان بکەیت بە ڕوونى بۆت دەردەکەوێت کە لەلایەن تاکە بنەماڵەیەکەوە بەڕێوەدەبرێت.ئەم هەنگاوەى پارتى و بەرزانى واى کرد کە یەکیتى نیشتمانى کوردستان و دەسەڵاتى بنەماڵەى تاڵەبانى ڕزگار کرد لە بەرپرسیاریەتى حوکمى بنەماڵەیی و لەبەرچاوى ناووە و دەرەوەى هەرێمى کوردستان دوور خستەوە کە ئێستا هەموو ڕەخنەکان و هەموو بەرپرسیاریەتیەکى خراپى سیستمى سیاسی و ئیدارى ڕووبەڕووى بنەماڵەى بەرزانى دەکرێتەوە.
 
ئایا ڕێکەوتننامەى ستراتیژى نێوان یەکیتى و پارتى هەڵدەوەشێتەوە؟
پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکیتى نیشتمانى کوردستان لە ساڵى 2007دا ڕێکەوتنیکان مۆر کرد کە بە ڕێکەوتنى ستراتیژى ناوبرا ڕێکەوتنى سارتیژى نێوان یەکیتى و پارتى کە لە تەمووزى 2007 بۆ تەموزى 2013 ئەم ڕێکەوتنە کە بەهەموو پێوانیەک ئەوەندەى ڕێکەوتنى نێوان تاڵەبانى و بەرزانى بووە بۆ پاراستنى هەیمەنەى بنەماڵەکانیان بەسەر هەرێمى کوردستانەوە ئەوەندە ڕێکەوتنى نێوان دوو حیزبى سیاسى نەبووە چونکە تالەَبانى بەرزانى زۆر هەوڵیان دا کە ئەم ڕێکەوتنە شۆڕ بکەنەوە بۆ خوارەوە بەڵام نەک هەر نەیانتوانى بەڵکو ڕۆژ لە دواى ڕۆژ کاڵتر دەبێتەوە بەشێوەیەک کە ئێستا تەنها خودى تاڵەبانى و بەرزانى خۆیان ماوون قسەلەسەر هەڵوەشاندنەوەى ئەم ڕێکەوتننامەیە بکەن چونکە تێکڕا جەماوەرى ئەم دوو حیزبە و زۆریک لە سەرکردایەتى هەردوو حیزبەکە بە ئاشکرا کار بۆ هەڵوەشاندنەوەى ڕێکەوتننامەى ستراتیژى نێوان پارتى و یەکیتى دەکەن.
 
لە ئەگەرى هەڵوەشاندنەوەى ڕێکەوتننامەى ستراتیژى هاوکێشەى سیاسی هەرێم چۆن دەبێت؟
پاش نزیک بوونەوەى یەکیتى نیشتمانى کوردستان و بزووتنەوەى گۆڕان و هەوڵى خۆ ڕێکخستنیان بۆ ئەوەى لە پرسە نیشتمانیەکان و پرسى گەڕانەوەى پرۆژە یاساى دەستورى هەرێمى کوردستان بۆ پەرلەمانى کوردستان و دووبارە خوێندنەوەى بۆ بکریـَت و دەستکارى بکرێت ئێستا هەرێمى کوردستان دابەشى سێ بەرە بووە ،
بەرەى پارتى دیموکراتى کوردستان کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ گەڕانەوەى دەستوردا نییە و پێى باشە لە زووترین کاتدا بە بێدەستکارى و گەرانەوەى بخرێتە ڕیفراندۆمەو دەنگى لەسەر بدرێت و بەبەردەوامیش کارى کردووە بۆ ئەوەى هێزەکانیتر قەناعەت پێ بکات کە دەستور بخرێتە ڕیفراندمەوە،هەرچى بەرەى یەکێتى نیشتمانى و بزووتنەوەى گۆڕانیش هەیە ڕێکەوتوون لەسەر گەڕانەوەى دەستور بۆ پەرلەمان و جارێکیتر دەستکارى بکرێتەوە بەشێوەیەک کە سیستمى حوکمڕانى لە سەرۆکایەتیەوە بکرێت بە پەرلەمانى کە ئەمە هێڵى سورە لەلاى پارتى دیموکراتى کوردستان.
ئەوەى کە ماوەتەوە لەنێوانەدا بەرى ئیسلامیەکانە بەتایبەتى یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى کە دوو هێزن و ئێستا لەسەر ئاستى جەماورەى خاوەن پێگەى تایبەتن و دەتوانن هاوکێشەى سیاسى لەنێوان ئەو دوو بەریەدا بەلایەکدا بخەن بچنە هەر لایەکیان ئەوا ئەو لایەنە براوەن.
 
لە پرسى دەستورى هەرێمدا ئیسلامیەکان خاڵى یەکلاکەرەوەن
لەدواى یەکەمین هەڵبژاردنى هەرێمى کوردستنا لەساڵى 1992 هەرێمى کوردستان بەسەر دوو جەمسەرى سەوزو زەرد دابەش بوو لەدواى هەڵبژاردنى سێیەم لەساڵى هەرێمى کورستان دابەشى بەرەى ئۆپۆزسیۆن و بەرەى دەسەڵات بوو کە ئەمجارەیان پارتى و یەکیتى پێکەوە لەبەرەى دەسەڵات و یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى و بزووتنەوەى گۆڕان لەبەرەى ئۆپۆسیۆن ،لە دواهەمین گۆڕانکارى و پێشهاتەکانى سەر گۆڕەپانى عێراق و کوردستان و کێشەو ململانیەکانى نێوان هەرێم و بەغداد جۆرێکیترى دابەشکارى کرد لە نێوان هێزە سیاسیەکانى سەر گۆڕەپانى کوردستان بەشێوەیە هەروەک چۆن یەکێتى و پارتى خستە دوو بەرەى دژ بەیەک بەهەمان شێوەش هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى دوو لەت کرد .ئێستا ئەگەر سەیرى بەرەى هیزە سیاسیەکان بکەیت بزووتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەبەرەیەکدان و لەبەرامبەردا پارتى دیموکراتى کوردستان یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى پێکەوە لەبەرەیەکدان.
ئەگەر چى لەسەر ئاستى ڕاگەیاندن و پرۆژەى پێشوترى ئۆپۆزسیۆن بۆ دەسەڵات گەڕانەوەى دەستور بۆ پەرلەمان یەکێکە لە مەرجەکان بەڵام دواى گۆڕانکاریەکانى ئەم دوایە عێراق و دۆسیەى لەسەرکار لابدرنى مالیکى هێزە ئیسلامیەکان واتە یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى بەشێوەیەکى چاوەڕوان نەکراو لە پارتى دیموکراتى کوردستان نزیک بوونەتەوە لەیەکیتى نیشتمانى و بزوتنەوەى گۆڕان دوور کەوتوونەتەوە.

ئایا ئەم جارەش ئیسلامیەکان پارتى ڕزگار دەکەن؟
لەخولى دووەمى پەرلەماندا یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى لەسەرەتادا لەگەڵ پرۆژە یاساى دەستورداکەدا نەبوون بەڵام پاش کۆبوونەوەکیان لەگەڵ مەسعود بەرزانى ڕەزامەندیان دەربڕى لەسەر پرۆژە یاساکە لە پەرلەماندا ،واتە ئەم پرۆژە دەستورەى ئێستا کە گەوەتین کێشمەکێشى نێوان هێزە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستانى لەسەرە لە پەرلەماندا بە دەنگى ئەندامامنى پەرلەمانى یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى تێپەڕینراوە،
پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا پارتى دیموکراتى کوردستان ئامادە نابێت کارتى مەسەلە ئاینیەکان بۆ بەرژەوەندى خۆى بەکار بهێنێت و یەکگرتوو و کۆمەڵى ئیسلامى بەلاى خۆیدا ڕاکێشێت و بەڵێنى ئەوەیان پێبدات کە پارتى نەرمی دەنوێنێت لەبەرامبەر مەسەلە ئاینیەکانى دەستورى هەرێم چەند سازشێک بۆ ئیسلامیەکان دەکات بەمەرجێک ئیسلامیەکان لە مەسەلەى هێشتنەوەى سیستمى سەرۆکایەتى لەگەڵ پارتى هاو هەڵوێست بن بەشێوەیەکە سیستمى حوکمڕانى نەگۆڕدرێت بۆ پەرلەمانى بەمشیوەیە یەکێتى نیشتمانى کوردستان و بزووتنەوەى گۆڕان لە دەستکارى کردنى پرۆژە یاساى دەستورى هەرێمى کوردستان پاشگەز بکاتەوە.
 
گەڕانەوەى دەستور لە خولى ئێستاى پەرلەماندا
لە خولى ئێستاى پەرلەمانى کوردستاندا کە کۆى 111کورسى پەرەلەمانى کوردستان پارتى دیموکراتى کورستان خاوەنى 30 کورسییە و ئەگەر کورسیەکەى حیزبى شیوعى و کورسیەکەى زەحمەتکێشان و دوو کورسیەکەى بزووتنەوەى ئیسلامیش لەگەڵیدا بێت و هەر 11 کورسیەکەى کەمەنەتەوەییەکانیش بچنە پاڵى ئەوا تێکڕا هەموو پێکەوە 45 کورسى پەرلەمانیان بەدەستەوەیە کە ناتوانن ڕیگرى بکەن لە گەڕانەوەى دەستور بۆ پەرلەمانى کوردستان .
 لە ئێستاشدا کە یەکیتى خاوەنى 29کورسى پەرلەمانە و ئۆپۆزسیۆنیش خاوەنى 33 کورسییە،حیزبى سۆشیالستى کوردستان خاوەنى 2 کورسى پەرلەمانە کە ئەم هێزەش لە یەکێتى نیشتمانى کوردستانەوە نزیکە،حیزبى ئاینەش خاوەنى یەک کورسییە ئەویش ئێستا ئۆپۆزسیۆنە و لەگەڵ گەڕانەوەى دەستوردایە بۆ پەرلەمانى کوردستان
 لە ئەگەرى ئەوەى یەکیتى و ئۆپۆزسیۆن و ئەو هیزانە پێکەوە ئیتفاق بکەن دەبنە خاوەنى 65 کورسى پەرلەمان، لە ئێستادا کە دەتوانن زۆر بە ئاسانى پرۆژە دەستورى هەرێمى کوردستان بگەڕێننەوە بۆ پەرلەمانى کوردستان و جارێکیتر خوێندنەوەى بۆ بکرێت و دایڕێژنەوە بەشێوەیەک سیستمى حوکمڕانى لە هەرێمى کوردستان لە سەرۆکایەتیەوە بگۆڕن بۆ پەرلەمانى .بەم پێیەش بەرەى گەڕانەوەى دەستور بۆ پەرلەمان دەبنە زۆرینەیەکى ڕەها کە دەتوانن دەسور بەو شێوەیەک دارێژنەوە کە دەیانەوەێت
 


لەو خشتەى سەرەوە دەتوانین تا ڕادەیەک چارەنووسى دەستور لەم خولەى ئیستادا دیارى بکەین کە دەگرێتەوە بۆ پەرلەمان و جارێکیتر خوێندنەوەى بۆ دەکرێت یان نا ؟ئەو بەرەیەى کە پێى باشە دەستورى هەرێم بگەڕێـەوە بۆ پەرلەمانى کوردستان لە پەرلەمانى ئێستادا خاوەنى 65 کورسییە هەرچى ئەو بەرەیەشى پێى باش نییە دەستورى هەرێم بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و بە بەرەى ڕازى لە دەستور هەرێمى کوردستان ناو دەبرێت خاوەنى 35 کورسى پەرلەمانن و هەرچى کەمە نەتەوایەتیەکانن کە خاوەنى 11 کورسی پەرلەمانن بە جێگیرى تا ڕادەیەک هیچ کاریگەریەکیان نابێت لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا تەنها لەحاڵەتى ئەوەدا کاریگەریان دەبێت کە ئیسلامیەکان برۆنەوە پاڵ بەرەى پارتى و ئەوکات لەگەڵ پارتى دەتوانن ڕێگرى بکەن لە گەرانەوەى دەستور بۆ پەرلەمانى کوردستان .

چارەنووسى دەستور لە خولى داهاتوودا
پێگەى جەماوەرى هێزە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان لە دواهەمین هەڵبژاردندا،به‌پێی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن که‌ کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان رایگه‌یاند، له‌هه‌رێمی کوردستاندا: پارتی (671965) ده‌نگی هه‌یه‌، لیستی گۆڕان (425.793) ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌، یه‌کێتی (397.974) ده‌نگ، یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان (214.218) ده‌نگ، کۆمه‌ڵی ئیسلامی (144.996) ده‌نگی هێناوه‌ و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی 7481 ده‌نگ و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان 4342 ده‌نگ و زه‌حمه‌تکێشانی سه‌ربه‌خۆ 3463 ده‌نگ و حزبی سۆسیالیست 10620 ده‌نگ و حزبی شیوعی 12847 ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه‌ .ئەگەر کورسیەکانى پەرلەمانى کوردستان بە پێى هەڵبژاردنى 7ى3ى2010 کە دواهەمین هەڵبژاردنە لەهەرێمى کوردستان دەتوانین تا هەڵبژاردنى داهاتوو وەک ڕێژەى دەنگى پارتە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان لێى بڕوانین ئەنجامەکەشى بەمشێوەیە دەبێت ،ئەگەر چى لە هەڵبژاردنى داهتوودا گۆڕانکارى جەوهەرى لەو ڕیژانادا ڕوودەدات بەتایبەتى ڕووداوى 17 شوبات بەشێ،ەیەکى سلبى کاریگەرى دەبێت لەسەر هێزەکانى دەسەڵات بەتایبەتى پارتى دیموکراتى کوردستان،هەروەها زاڵبوونى هیمەنەى پارتى لەسەر ساحەى کوردستان و ڕووبەڕوو کردنەوەى تەواوى کێشەو گرفتەکانى خەڵک بەرامبەر بە پارتى و بوونى قەیران لەداوى قەیران کە پارتى دیموکراتى کوردستانى پێ تاونبار دەکرێت ئەمانە و چەندین هۆکارى تر کاریگەریان دەبێت لەسەر دابەزینى ئاستى جەماوەرى و دەنگەکانى حیزبى دەسەڵات.


 لە ئەگەرى ئەوەى یەکێتى بێتە پاڵ ئۆپۆزسیۆن؟
بە پێى ئامارى دەنگى لایەنە سیاسیەکانى کوردستان لە دواهەمین هەڵبژاردن کە لە هەریمى کوردستان ئەنجام درا لە7ى3ى2010دا یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە هەرسێ پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان سلێمانى هەولێر دهۆک توانى لە کۆى 1،893،658 یەک ملیۆن و هەشت سەدو نەوەد و سێ هەزار و شەش ێەدو پەنجاو هەشت هەزار دەنگدەر 397،929 سێ ێەدو نەوەدو حەوت هەزارو نۆێەدو بیست و نۆ دەنگ بەدەست بهێنێت ،کە ڕێژەى دەنگەکانى دەکاتە %21ى دەنگەکان ئەم رێژەیەش ڕێژەیەکى وەها بەرچاوە کە دەتوانێت هاوکێشەى سیاسى هەرێمى کوردستان بگۆڕێت بەشێوەیەک ئۆپۆزسیۆن و یەکیتى پێکەوە ڕێژەى %60ى دەنگەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵیاندایە
 
ئایا پارتى ئامادەیە دەسەڵات بە جێبهێلێت و ئۆپۆزسیۆن بوون قبوڵ بکات؟
پارتى دیموکراتى کوردستانى سورە لەسەر ئەوەى کە سیستمى حوکمڕانى لە هەرێمى کوردستان سەرۆکایەتى بێت نەک پەرلەمانى بەبەردەوامیش کارى لەسەر ئەمە کردووە تا ئێستاش پەرلەمانى ناچار کردووە کە چەندین یاسا دەربکات کە هەموو خزمەتکردن و ڕێخۆشکارى بێت بۆئەوەى سیستمى سەرۆکایەتى لەهەرێمى کوردستان بچەسپێنێت ،ئەوەى ئێستا جێگە قسە لەسەر کردنە کە ئەوەیە ئایا پارتى دیموکراتى کوردستان کوردستان قبوڵی دەکات کە سیستمى حوکمڕانى لە هەرێمى کوردستان لە سەرۆکایەتیەوە بگۆڕدرێت بۆ سیستمى پەرلەمانى؟چارەنووسى پارتى و بنەماڵەى بەرزانى لەم گۆڕانکاریەدا چى دەبێت؟کاردانەوەکانى پارتى لەبەرامبەر ئەم هەوڵەى یەکیتى نیشتمانى کوردستان و بزووتنەوەى گۆڕان چى دەبێت.

تێبینى :
ئەم ڕاپۆرتە لە ژمارە 55ى گۆڤارى (ڕێگا مەگەزین)بڵاوبووەتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە