چاودێرانی ئەوروپا: دادگایی كردنی ئەو كەسانە لەژێر بانگەشەی ترۆریستبوونیان، هەڵەیەكی زۆر گەورەیە
Saturday, 23/10/2010, 12:00
ئەو هەیئەتە ئوروپایەی لە شاری ئامەد چاودێری دۆزی سیاسەتمەدارانی كورد دەكەن، ڕایانگەیاند كە ئەو دۆزە هەم هەڵەیە و هەمیش پێكەنینیە. ئەندامانی ئەو شاندانە، دەستنیشانیان كرد كە سیاسەتمەدارانی كورد ڕووبەڕووی ناهەقییەكی زۆر كراونەتەوە. ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی كۆمۆنیستی فەڕانسا، دانیێل ڤۆگۆ، گوتی: ئەو دەلیلانەی كە سیاسەتمەدارانی كوردیان لەسەر دادگایی دەكرێن، بێواتان. لەساڵی 1980دا ئەندامانی سەندیكای كرێكارانی شۆڕشگێر، ڕووبەڕووی هەمان تۆمەت دەكرانەوە و دادگایی دەكران. دادگایەكی دێموكراتیك ئەو دەلیلانە بەهەند ناگرێ. ئەو دۆخەی ئێستا نەرێنییە. نەو ئەو كات و نە ئێستاش من هیچ ترۆریستێكم بەدی نەكرد. ئەوانەی دادگایی دەكرێن ترۆریست نین. ئەو مرۆڤانە سەدا شێستی دەنگەكانیان لەپشتە و هەڵبژێردراون. دادگایی كردنی ئەو كەسانە لەژێر بانگەشەی ترۆرستبوونیان، هەڵەیەكی زۆر گەورەیە. ئایا ڕێخستنێك كە لەپێناو ئازادی گەلێكدا و لەدژی دەوڵەتێك كە منداڵەكانی ئەو گەلە ئەشكەنجە دەكات و ڕاپێچی زندانەكانیان دەكات تیكۆشانێكی چەكدارانە بەڕێوەدەبات، ترۆریستە؟
لە لایەكی تر، سەرۆكی كۆمەڵەی دۆستایەتی كوردان لە "كۆرسیكا، دۆمینیك تۆر" گوتی: لە كۆرسیكا پارلەمانیك هەیە كە لەودا زۆر ئەرك و بڕیار بەجێدێنێ. منداڵان هەر لەسەرەتای خوێندنیانەوە هەم زمانی دایكی فێر دەبن، هەمیش زمانی فەڕانسی. سیاسەتمەدارانی كوردیش هەمان داواكاریان هەیە. هەربۆیە دادگاییكردنی ئەوان هیچ واتایەكی نییە. داننان بە ماف و ناسنامەی گەلێك، نابێتە هۆكاری دروستكردنی مەترسی لەسەر ئەو وڵاتە.
ئەمەو ئەندامی كۆمەڵەی "ئیزەر" "كالدێللا لودۆڤیچ" سەبارەت گوتی: من ئەو دۆزە وەك دۆزێك بەناو ناكەم، بەهۆی ئەوەی دۆزێكی بێبنچینەو پێكەنینییە. بەناوكردنی ئەو مرۆڤانەی لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراون وەك ترۆریست، لە كرۆكی خۆیدا ناكۆكییەكی گەورەیە. دادگایی كردنی سیاسەتمەدارانی كورد، پرۆسەیەكی بە ئێش و ئازارە. تەنانەت من كاتێك باس لەو دۆزە دەكەم، ئێش و ئازار دەكێشم. لە فەرانسا حوكمەتێكی نزیك لە نازییەكانی ئاڵمان هەبوو. لەو سەردەمەشدا كەسانێك هەبوون كە لەدژی ئەو دەوڵهتە بەرخۆدانیان دەكرد و وەك ترۆریست بەناو دەكران. ئەو كەسانەی كە ئەو كات بەرخۆدانیان دەكرد، لە فەڕانسا وەك ترۆریست بەناو دەكران، دواتر بوونە قارەمانانی فەڕانسا. من لەو باوەڕەدام كە ئەو كوردانەی ئەمڕۆش وەك ترۆریست بەناو دەكرێن، دەبنە قارەمانانی داهاتوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست