تێستەكانى وەزارەتى پەروەردە تاكەى ؟
Thursday, 15/04/2010, 12:00
هەموو لایەكى نێو بوارى پەروەردە ئاگادارى ئەوەین لەكابینەى پێنجەمى حكومەتى هەرێمى كوردستان هەر لەسەرەتاى دەست بەكاربوونى وەزیرى پەروەردە خەریكى ئەوەبوون هەروەكو خۆیان باسیان دەكرد سیستەمى پەروەردەو فێركردن دەگۆرن بۆسیستەمێكى نوێ و مۆدێرن و ئەكتیڤ بۆئەوەى بتوانرێت نەوەیەكى سوودمەند پێبگەیەنرێت بۆكۆمەڵگە و بۆئەوەى نەوەى داهاتوو نەوەیەكى پرۆفیشناڵ بێت لەبوارە جیاجیاكانى نێو پرۆسەى پەروەردەو فێركردن ، ئەم بەرنامەیە سەرەتا لەلایەن سەرجەم كارەكتەرەكانى نێو ئەم بوارە بەگەرمى پێشوازى لێكرا و چاوەروانى ئاسۆیەكى روونى لێدەكرا بەلام كاتێك ئەم پلانە هاتە سەر رێچكەى جێبەجێكردن و كات هات و رۆیشت جگە لەبەهەدەردانى پارە و پول هیچ ئاسۆیەكى روونى لێبەدى ناكرێت ، بەشایەدى زۆربەى كارەكتەرەكانى نێو پرۆسەى پەروەردە و فێركردن شایەدى ئەوە دەدەن رۆژ بە رۆژ ئاستى زانستى قوتابیان روو لەدابەزین و پاشەكشەیە ئەوەش جێگاى هەڵوەستەیە ، دواى تێپەربوونى چوارساڵ بەسەر تێستەكانى وەزارەتى پەروەردە لەسیستەمى نوێدا بەڵام جگە لەبەهەدەردانى سامانى هەرێم و چەند حالەتێكى كەمى ئەرێنى چیترى لێبەدى ناكرێت ،
لەسایەى گۆرینى سیستەمى خوێندن سەرەتا سەرجەم پەرتوكەكانى سیستەمى نوێ بەشێوازى نیوەى پەرتووك بەشێوەزارى بادینى و نیوەكەیترى بەشێوەزارى بادینى چاپكرا بەڵام دواتر لەلایەن هەردوولا بەسۆرانیەكان و بادینیەكان ئەم پەرتووكانە رەتكرایەوە ئەوەش بووە هۆى بەهەدەردانى برێكى زۆرى سامانى هەرێم لەبەر بێ پلانى و هەندێك لەو پەرتووكانە سوتێنران هەندێكى تریان هەر لەووڵاتى ئوردن نەهێنرانەوە ، سەیر لەوەدایە تائێستا كەسێك نیە بڵێت ئەم هەموو تێستە تاكەى ؟ هەر لەچوارچێوەى سیستەمى نوێدا نمونەیەكى زەق هەیە بۆئەوەى باسى لێبكرێت ئەویش تاقیكردنەوەى نیشتمانیە و یەكێكى ترە لەتێستەكانى وەزارەتى پەروەردە ، تاماوەیەكیش لەمەوبەر مامۆستایان و قوتابیان و پسپۆرەكانى پەروەردە نەیاندەزانى تاقیكردنەوەى نیشتمانى بۆ چ مەبەستێك دانراوە !! هەندێك دەیان ووت بۆهەڵسەنگاندنى سیستەمى نوێیە هەندێكى تر دەیان ووت نەخێر بەڵكو بۆ هەڵسەنگاندنى مامۆستایە هەندێكى تر دەڵێن بۆهەلسەنگادنى قوتابیانە و هەندێكى تر دەڵێن و دەڵێن 000 هەندێك لەمامۆستایان لەساڵى رابردوو ترسى ئەوەیان هەبوو كەتاقیكردنەوەى نیشتمانى بۆهەلسەنگاندنى مامۆستایان بێت بۆیە هەڵسابون بەقوتابیانیان ووتبو لەكوێندەر وەلامەكەم دووجار خوێندەوە ئەوە وەلامە راستەكەیە !!! قوتابى هەبوو لەتاقیكردنەوەى مانگانە (سفر) ى هێنا بوو بەلام لەتاقیكردنەوەى نیشتمانى (80) هێنابوو لەبەرئەوەى مامۆستا وەلامە راستەكانى پێ ووتبو و ویست بوى رێژەى دەرچونى بەرزبێت ، یان هەندێك لەمامۆستایان لەبەرنەبونى هیچ زانیاریەك لەسەر تاقیمردنەوەى نیشتمانى لەساڵى رابردوو بەقوتابیانیان ووتبو كە هەرقوتابیەك لەتاقیكردنەوەى نیشتمانى دەربچێت ئەوا لەتاقیكردنەوەى سەرى ساڵیش دەردەچێت و بەپێچەوانەشەوە ، ساڵى رابردوو بریار وابوو كەهەرقوتابیەك لەتاقیكردنەوەى نیشتمانى بكەوێت ئەوا دەبێت ساڵى داهاتوو تاقیكردنەوەكە ئەنجامبداتەوە بەلام چەند رۆژێك لەمەوبەر بریاردرا كەهەر قوتابیەك سالى رابردوو لەتاقیكردنەوەى نیشتمانى كەوتبێت ئەمسال ئەو تاقیكردنەوەیە ناكاتەوە ، لێرەدا بانێكە و دوو هەوا ، بەداخەوە لەبەرنەبونى زانیارى وورد لەسەر تاقیكردنەوەى نیشتمانى لەساڵى رابردوو رێژەیەكى بەرچاو لەوقوتابیانەى كەلەتاقیكردنەوەكە سەركەوتوونەبو وازیان لەخوێندن هێنا كەئەوش جێگاى داخە ، بۆیە پێویستە وەزیرى نوێى پەروەردە لەكابینەى شەشەم پێویستە پلانێكى جددى و تۆكمە دابرێژێت و بەوسیستەمە دابچێتەوە و لیژنەى پسپۆر پێكبهێنێت و پرس و راوێژ بەمامۆستایانى بەرێز بكرێت سەبارەت بەدەرەنجامەكانى سیستەمى نوێ و لایەنە ئەرێنى و نەرێنیەكانى دیاریبكرێت و پێداچونەوەى بۆبكرێت چونكە بەراى بەشێك لەپسپۆرانى پەروەردە سیستەمى نوێى خوێندن لایەنە نەرێنیەكانى زیاترە لىلایەن ئەرێنیەكانى ، بۆیە پێویستە لەمەودوا هەرشتێك پلانى تۆكمە و ئامانجى روونى نەبوو پێویستە رێگاى لێبگیرێت و سامانى میللەتى تێدا بەهەدەر نەدرێت و قوتابى و مامۆستاش چیتر وەكو تاقیگەى سیستەمى نوێ بەكارنەهێنرێن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست