شێوازى شەرێكى نوێ لە كوردستان پراكتیزەكردنى روو بەروو بوونەوەیەكى سەرتاسەرى بانگەوازێك بۆ خەڵكى كوردستان و میدیاى ئازاد
Monday, 18/07/2011, 12:00
ئەمڕۆ گەلەكۆییەكى هەرێمى و جیهانى دژ بە بزووتنەوەى كورد لە هەموو لایەكدا بەڕێوە دەچێت،دوژمنانى كورد ، سەربارى هەموو جیاوازیەكیان، بۆ لێدانى كورد یەكگیرو هاودەنگن ، شەڕێكى سەرتاپاگیر دژى كورد لە هەرچوار پارچەى كوردستان پیادە دەكرێت !!! بەداخەوە ، بەهۆى پێنەگشتن و دواكەوتووییەوە ، بەشێكى زۆر لە كوردانیش شان بەشانى دوژمنان دژ بە رۆڵەكانى خۆیان دەجەنگن ، بوونەتە دەستگرو چاوساغى دوژمنان . ئەمە شتێكى تا رادەیەك ئاساییەو قسەى زۆر لەسەر كراوە ، ئەوەى نا ئاساییە ، ئەوەیە كە سەربارى ئەو پێشكەوتنە بەرچاوەى لە هوشیارى كۆمەڵگاى كوردیدا هاتۆتە ئاراوە ، تاوەكو ئێستا نەوەى نوێ ، نەیتوانیوە ئیرادەى سیاسى خۆى بە شێوەیەكى هوشیارانە بخاتە كار ، چۆن بەرامبەر مەسەلە ناوخۆییەكان هاتۆتە سەرشەقام ، بە هەمان شێوە بەرامبەر مەسەلە نەتەوەیى و چارەنووس ئامێزەكاندا بێتە دەست ، جێگاى داخە تاوەكو ئێستا لە مەسەلە نەتەوەییەكاندا گەل چاوى لە دەستى دەسەڵات و حكومەت دایە ، لە كاتێكدا هێزى راستەقینە لە دەست خۆى دایە ، دەتوانێت بە خەباتێكى زۆر هێمن و ئاسان و مەدەنیانە ، كاریگەریەكى گەورە بنوێنێ و زەبرێكى كوشندە بە دوژمنان بگەیەنێ. بۆ وێنە كاركردن لەسەر پەكخستنى ، یاخود لاوازكردنى ئابورى ئەو وڵاتانەى ، كە لەرێگاى بازرگانى و كۆنترۆڵكردنى بازاڕەكانى كوردستانەوە ، بەهێز دەبن ... هەر ئەو ئابوریەشە بۆ كڕینى چەك و تەقەمەنى بەكاردەهێنرێت و كوڕى كوردى پێدەكوژرێت گوندو رەزو باخەكانى كوردستانى پێدەسووتێنرێت و خاپوور دەكرێت، پێویستە كار لەسەر ئەوە بكرێت كەسەرچاوەى ئەو ئابوریە لاواز بكرێت ، ئەویش لە رێگاى بڕیاردان بۆ نەكڕێن و بەكار نەهێنانى كاڵاى ئەو وڵاتانەى كە پەلامارى هەرێم دەدەن و گوندەكانى كوردستان تۆپ باران دەكەن ، یاخود پەلامارى هێزى پێشمەرگەو گەریلاكانى كوردستان دەدەن لە هەر پارچەیەكى كوردستاندا ، وەك ئەو پەلامارە دڕندانەى ئێستا حكومەتى ئیسلامى ئێران دەیكاتە سەر هێزەكانى پژاك ...
نابێت چیتر خەڵكى كوردستان دەستەو ئەژنۆ وەك تەماشاكار دابنیشێت ، دەبێت بوێرانە بێتە ناوهاوكێشەكانەوە،، ئەویش بە لاتەریك كردن و نەكڕین و مامەڵە نەكردن بە كەل و پەلى ئابورى ئەو وڵاتانە ، با ئەم خەباتە مەدەنیەش وەكو یەكەم هەنگاوو سەرەتایەكیش لە ئێرانەوە دەست پێبكرێت ، كەئەگەر پەلامارەكانى رانەگرێت ، ئەوا كەس كەل و پەلى ئێرانى نەكڕێت ، دەبێت هەموو تاكەكانى كورد ، لە هەرچوار پارچەى كوردستان ، بە تایبەتیش لە باشوورى كوردستان ، كە تا رادەیەكى زۆر بڕبڕەى پشتى ئابورى ئێرانە لە سنوورەكانى باشوریدا ، هەست بە بەرپرسیاریەتى مێژوویى خۆیان بكەن و ئەركى نەتەوەیى خۆیان بەجێبگەیەنن ، پشت لە بەرهەم و كەل و پەلەكانى ئێرانى بكەن . لێرەدا داوا لە هەموو خەڵكى كوردستان دەكەم ، بەسەرمایەدارو هەژارەوە ، بە فەرمانبەرو كرێكارەوە ، بە بازرگان و بەكاربەرەوە ، كە وەكو یەكەم هەنگاو بۆ هاتنە ناوەوەى خەڵكى كوردستان و بەهێزكردنى رۆڵى گەل لە ململانێیە سیاسیەكاندا ، بۆ ماوەیەك پشت لە كڕین و بەكارهێنان و بازرگانى كردن و مامەڵەكردن بە كەل و پەلى ئێرانى بكەن ، ئەم هەڵمەتەش با لە رۆژى هەینى رێكەوتى 22/7/2001 دەست پێبكات و ماوەى 3 رۆژ بخایەنێت ، واتە لە 25 مانگدا كۆتایى پێبهێنرێت ، ئەگەر حكومەتى ئێران ملكەچى نەكردو وازى لەو سیاسەتەى نەهێنا ، دواتر ئەو لاتەریك كردنەى ئابورى ئێران درێژتر بكرێتەوە و رێگاو شێوازى ترى مەدەنیانە دژى ئەو سیاسەتە بگیرێتە بەر، داوا لە هەموو رۆشنبیرانى كوردستان دەكەم كە زۆر بەجدى كار لەسەر ئەم هەنگاوە بكەن ، داوا لە خەڵكى كوردستان دەكەم ، كە زۆر هوشیارانە ، لەو مێژووەى دیارمان كردوە ، پشت لە كڕێنى كەل و پەلى ئێرانى بكەن ، داوا لە میدیاى ئازاد دەكەم ، هەروەك چۆن رۆڵى بەرچاوى هەبوە لە هوشیاركردنەوەى كۆمەڵگاى كوردى ، لەمەشدا هەمان رۆڵ بگیرَێ ، داوا لە بازرگان و سەرمایەدارەكان دەكەم ، لەو رۆژانەدا مامەڵەى خۆیان لەگەڵ ئێران رابگرن ، دڵنیابن كە دەسكەوت و سەركەوتنە نەتەوەییەكان ، گەورەترین سەرمایەو قازانجە بۆ هەمووان ...
18/7/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست