منیش بیرەوەریم لەگەڵ پارتى كرێكارانى كوردستاندا هەیە (بەشى دووهم)
Tuesday, 28/08/2012, 12:00
یەكەم تەجروبەى شەڕو تێكەڵاویم لەگەڵ َژمارەیكى زۆرتر لە هەڤالان زۆردەرگاى داخراوى بەڕومدا كردوە، لەوكاتەوە من هەستم بە نابەرابەرى و نایەكسانى و نیوان تیۆر و پراكتیك كرد جیاوازى نێوان هەڤاڵى شار و شاخم بەروونى بەرچاوكەوت دەمخواست ئەوەى كە بەزارەكى بۆیان باسكردووم لەسەر هەڤاڵان وبەرپرسان بەواقیعى ببینم بەڵام شتێكى ئەوتۆم بەدینەكرد كەببێتە مایەى خۆشحاڵیم، لەوێش جارێكى دیكە جیاوازى نێوان گەریلاو مەسئولەكەیم دیت لەوێش خزم خزمێنەوتەكەتول و باڵ باڵێنم دی،لەوێش دیكاتۆریەت و بەرتەسكردنەوەى ئازادیم بینى لەوێش لەسەر دەربڕینى بیرو راو رەخنەو زیندان و رەمیكردنم دیت. بەهۆى شەڕى پارتى و سیاسەتى ناجێگیرى یەكێتى حاڵ و وەزعمان تەواو خراپ بووئابڵوقەیەكى زۆر خراپمان لەسەر بوو، خواردن و پێداویستى زۆر بەزەحمەت دەست دەكەوت ئەویش مەگەر بەقاچاغ و پارەى زۆر پێمان بگەیشتایە،كاتێكیش دەهات دەمان بینى جۆرەها خواردن و شتومەكى تێدایە ،كەچى بەشى گەریلا تەنها وتەنهاهەر ئارد و نیسك ونۆك و فاسۆلیابوو، ئاردەكەش دەبوایە خۆیان بیانكردایەتە نان ئەویش لەسەر تەنەكەى شكاو پارچە لەوحە ئاسنى ژەنگاوى و لەگەڵ نیسك یان فاسۆلیا، ئەوە خواردنى سێ ژەمەمان بوو،لەولاشەوە هەڤاڵ دۆغان و چەكدار لەوپەڕى ناز ونیعمەت دابوون لەهیچیان كەم نەبوو تەنانەت بەیانیان بۆ بەرچایى لەهیچیان ئەتگوت لە چایخانەو چێشتخانە لایانداوە دەیان كارتۆن پەنیرى قوتو شیرى نیدۆ وهێلكەو خواردەمەنى وەكو ماسى قوتو گۆشت و قارچك وچى و چى هەبوو، ئەوە جگەرە هەرباسى مەكە زۆربەى هەڤاڵان بەحوكمى ئەوەى كە جگەرە دەكێشن لەهەمووشت زیاتر بێتاقەتى جگەرەبوون هەتا توتن وپەرە سیغار هەبوو حاڵیان باش بوو بەڵام كە نەماو بەرەو تەوابوون چوو جۆرەها شەڕ و ناخۆشى لەنێوان هەڤاڵان رویدا ، هەندێك لەهەڤاڵان كەسەبیلى جغارەیان پێبوو دەچوون گەڵا و پووشیان دەكردە ناو سەبیلەكەوە ئاگریان پێوە دەناو لەبرى جغارە دەیان كێشا ، بەجۆرێك زۆربەى هەڤاڵان دووچارى نەخۆشى تەنگە نەفەسى و قەفەزەى سنگ ببون، تا شەوێكیان هەڤالێك بەناوى(میلیتان) دەستیكرد بەگلەیى و ناڕەزایى و رەخنە لەسەر ئەو رەوشە و گوتى ئەگەر خواردن وجغارە وشت هەیە با بۆ هەمووان بێت ئەگەریش نیە ئەوا گوێى پێ نادەین وباهەموان وەك یەك بین، بەس چ مەعقولە ئێمە وابگوزەرێین و لەوپەڕى بارخراپیدابین ئەوانیش وابن ئێمە بەبرسێتى ونەبونى هەزارەها دەردى سەرى ژیان بەڕێدەكەین و بەردەوم لەشەڕداین وهەر رۆژەى چەند هەڤاڵێكمان لێ شەهید دەبێت ،كەچى تاكو ئەمرۆ نەمبیست تاكە یەك هەڤاڵى مەركەزى(سەكردایەتى)وكۆنسەو كۆمیتەى ناوەند بەسوكیش بریندارببنو لوتیان بەخوێن بێت؟ لەسەر ئەم وتانە لێپَچینەوەى لەگەڵدا كراو بەوەتاوان باریانكرد كە خەریكە باوەڕو متمانەى بەشۆڕش لاواز دەبیت و هەوڵى ساردكرنەوەى هەڤاڵانى دەدات و سوكایەتى بە پەكەكەو رێباز وسەركردەكانى دەكات چاكترە دوبارە تەڤلى پەروەردە ببێتەوە و دواتریش بچیتەوە بۆ مەیدانى شەڕ رۆژێكى دیكە لەگەڵ هەڤاڵ دەلیل پێكەوە گفتوگۆمان دەكرد دەلیل بەحوكمى زۆرى كاروخەبات ئەزمون و شارەزایى لەمن زیاتربو ئەو پتر لە 10 ساڵ دەبوو هاتبوە ناو ریزى پەكەكەوە زۆر بەسەرهات و رووداو شتى بۆ باسدەكردم ،تەواو لەرەوشەكە بێزاربوو بەڵام هیچ چارەى نەبوو دەیگوت ئەگەر رەخنەبگرم ئەوە روبەڕوى سزاو زیندان دەبمەوە ئەگەر وازبێنم بڕۆمەوە بۆسوریاو بچمەوە عفرین دیسان لێناگەڕین و گێچەڵم پێدەكەن دوریش نیە بەتاوانى خیانەت و راكردن وەكو زۆرێك لەهاورێكانم بمكوژن و لەناوم بەرن، تارۆژێكیان كەتەواو بێزابوو وتى ئەبێت بچمە بارەگاكەى هەڤال دۆغان بەهەرچى شێوەیەك بێت پاكەتێكى جگەرە بێنم ،هەرواش بووملى ناو چووە ناوكەپرەكەى و دوو پاكەت جغارەى مارلبورۆ یان گرێفن بوو لەگەڵ یەك دوو قوتو خواردنى هێنا وتى سەیركە هەڤاڵ ئەمە سەركردە خاكى و سۆسیالیستەكانن كە خۆیان بە نوێنەرى چینى پرۆلیتاریاو زەحمەت كێش دەزانن، نازانم چۆن بوو كێ ئەو هەواڵەى گەیاندە لاى هەڤاڵانى بەرپرس كە هەڤاڵێك هاتۆتە ناو بارەگاوە و دزیكردوە، ئەوانیش وەكو ئەوەى جاسوس یان بەكرێگیراوێكى میت یان ئاشكرا كردبێت دەمودەست ناردیان بەشوێنیدا و سەرەتا بێ هیچ لێپرسینەوە ولێكۆڵینەوەیەك خستایە زیندان ،چەندین جار ویستم لەنزیكەو ببینم و هەواڵێكى بزانم بەڵام پاسەوانەكان رێگریان لێدەكردم و رێگەیان نەدەدا، پاش چەند رۆژێك ئاگاداركراین كە ئەمرۆ هەڤاڵ دەلیل لەسەر تاوانەكەى دادگایى دەكرێت ، هەمو هەڤاڵان بەژن وپیاوەوە(خورت و بەیان) لە شوێنى تایبەت بە دادگاى ئامادەبووین، پێشان تاوانبار هەڤاڵ دەلیل یان بە دەست بەستراوى هێناو پاش قەیرێك هەڤاڵانى مەسئول هاتن، ریورەسمى دادگایكردن دەستى پێكرد و باسى تاوان و كارى نارەواى دەلیل كرا، گوایە ئەو بۆ خواردن نەچووە بەڵكو بۆ دەست كەوتنى زانیارى یان كارى خراپ بێ پرس چۆتە ئەو شوێنە. سروشتى دادگای ناوپەكەكە بەوجۆرەبە هەموو ئامادەبوان بۆیان هەیە پرسیارو لێكۆڵینەوە لەو كەسە بكەن كە تاوانباركراوە،جۆرەها پرسیارى هەمەجۆرى لێكراو بەشداربوانیش واتە هەڤاڵانى گەریلا ئەوانیش هەریەكەو بەپێی بیروبۆچونى خۆى لە هەڤاڵ دەلیلى دەپرسى
پاش تەواوبونى دادگایەكە قسە هاتە سەر حوكم وسزاكەى نیەكێك دەیگوت با لەسێدارەى بدەین تا هەڤاڵانى تر شتى وا دوبارە نەكەنەوە،یەكێكى دیكە دەیگوت لەبەر ئەوەى كە ساڵانێكە لەریزى پەكەكەدا خەبات دەكات با بیبەخشین وسزاكەى بۆسوك بكەین وبیكەینە زیندانى هەتا هەتایى،یەكێكى دیكە دەیگوت با بینێرینە هەرێمى بۆتان و بەرەى جەنگ ،یەكێك دەیگوت من پێشنیار دەكەم لە ریزەكانى پەكەكە وەدەرنرێت ،ئە وداماوە وەها تۆقیبو تەنانەت نەیدەتوانى بەئاماژەش وەڵام بداتەوە،تا سەرەنجام منیش موداخەلەم كردو هەستام و كەوتمە قسەكردن سەرەتا لەهەڤاڵانى بەرپرسم پرسى ئایاكەس لە ئێوە پارێزەرە و یان شارەزایى لەبوارى یاسادا هەیە؟گوتیان نەخێر ،بەس بەپیێ زەرورەت و وەزع خۆمان بەوكارە هەڵدەستین ،وتم ئەوە كارێكى باش نیە وتاوانە لەخۆتانەوە حوكم بدەن بەسەركەسێكدا لەسەر تاوانێكى بچوك كە شیاوى لێبوردنە،هەروەها ئێوە دەركتان بەوە كردوە كە ئەو كەسە بۆچى ئەو كارەى كردوە یان چ پاڵنەرێك هەبووە بۆ ئەنجامدانى ئەو كارە؟؟وتیان هەرچ پاساو یان بیانویەك بیدات قیمەتى نیە و ئەبێت سزا بدرێت لەدیسپلینى پارت لایداوە و ئامانجى كارى خراپ بووە،ئەگەر بۆشى بلوێت دورنیە شتى خراپتر ئەنجام نەدات ،منیش تەواو شێتگیربووم و وتم ئەى دەزانن هۆكارى تاوانەكە ئێوەن وئێوە تاوانبارى سەرەكین ،وەكوگەورەترین تاوانم كردبێت یان هەڕەشەى جدیم لەسەر چارەنوسى پەكەكە كردبێت بەتێكرا لیم هاتنە دەنگ و وتیان تۆش شەریكە بەشى ئەویت وئەبێت سزابدرێت لەسەر ئەو كارەت، وتم ئاسایە لام، بەڵام رێگەم بدەن با رونكردنەوەى خۆم بدەم ئەوكاتە چیدەبێت با ببێت، رێگەیان پێدام ،وتم بەڕێزینە ئێوە هەمیشە گاڵتە بە پارتەكانى باشور و مەسئولەكان دەكەن كە تەماعكارن و قوتى میللەت دەدزن وهیچ رێزو قیمەت ونرخێك بۆ پێشمەرگەو چەكدارەكانیان دانانێن بۆخۆیان بەكەیفى خۆیان رادەبوێرن جۆرەها خواردن ومەشروب و جغارەى گرانبەها دەكێشن پێشمەرگەكانیش زەقەى چاویان دێت، من هیچ جیاوازیەك لەنێوان ئێوە ئەواندا نابینم تەنها ناوەكانتان نەبێت ئێوە پەكەكەن وئەوانیش پدك یان ینك ئەوەتا ژێر كەپرەكەى هەڤاڵ دۆغان لەبەر كارتۆنە جغارە وشیرى نیدۆ و بابەتى قوتوەمەنى جێگەى یەك كەسى دیكەى تێدا نابێتەوە ئەوانیش ئەوە حاڵیانە ،بەڕێزتان بەیانیان زوو قەیماغ و كولێرەى گەرم و هێلكەى كوردى پەنیرى پێستەتان لەو لادێیانە بۆ دێت ئەوانیش بۆ قومێك چاو پارویەك نان وماست وا شێت دەبن، من كەباسى پەكەكەیان بۆكردم بەوجۆرە نەبوو، ئەوان هەڤاڵانى شار دەیانگوت لەنێو پەكەكە جیاوازى نێوان گەریلایەك و بەرپرسێك نیە لەئەرك ومافدا هاوبەشن موڵكداریەتى تایبەت نیە خواردن جلوبەرگ و پێخەف و تفەنگ موڵكى هەمووانە،كەچى لێرە زۆر ناعەدالەتى وزوڵم وغەدر دەبینم كە بەحەیاتم پێشبینى ئەوەم نەدەكرد و ئەكەر بمزانیایە پەكەكە ئەوهایە ودوو دیوى هەیە ئامادە نەدەبووم یەك سەعات خەباتم لەگەڵیاندا بكردایە و رۆژم بەم رۆژە بگەیشتایە لەم دەقەیەوە من هیچ پەیوەندیەكم بە پەكەكەوە نەماوە دەست بەردارى هەموو شتێكى دەبم و ئەوەى كردوشمە تەواو لێى پەشیمانم، پاش مقوۆمقۆ و گفتوگۆى دەستەى دادگا بڕیاریاندا هەڤاڵ دەلیل سزایەكى سوك بدەن ئەویش بۆ ماوەى دوو حەفتە خواردن بۆهەڤاڵان ئامادەبكات و قاپ و قاچاغ بشوات و دووبارە تەڤلى پەروەردەبێتەوە و راپۆرتى خۆى بنوسێت كە هەڵەیەك بووە ودوبارەى ناكاتەوە. بۆمنیش هەواڵیان بیستبوو كە چەندە هاوكارو پشتیوانى پەكەكەم لەبەر ئەوە دەستیان بەسترابوو نەیان دەتوانى كاردانەوەیان هەبێت لەبەرامبەر ئەو رەخنەو قسانەم بۆیە چەند رۆژێك ژیانمان وا گوزەراند تا بەیانیەكیان وتیان هەڤاڵ چەكدار بانگت دەكات
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست