نامەیەک لە سەردەشت عوسمانەوە!
Saturday, 11/05/2013, 12:00
دڵنیابن هەموتانم بینی!
ئازیزان خۆشەویستان، ئەو سال هەر زو بڕیارمدابو دوای یادەکەم و دیتنی هەموتان، بە ماوەیەکی کورت نامەیکتان ئاڕاستە بکەم و هەندێ خاڵتان بۆ رون بکەمەوە کە چەند ساڵێکە لە دەرونم دەخولێنەوە!
خۆشەویستان،هەمو ساڵ لە رۆژی یادەکەم ، روحم دەبێ بە پەپولەیەکو لە باڵەفرکێدەداودەفرێ بەسەر بەرزایەکانی هەولێرو هەر بە پەلە بۆ چرکەیەک سەردانێکی ئەو شوێنە دەکا کە کۆتای بە چرکەکانی ژیانم هاتوە تیایدا، ئینجا دوبارە لە شەقەی باڵدەداو دەفرێتو لە بەرزترین خاڵی ئەوشارە لەنگەر دەگرێ.
ئازیزان، لەبەر تامەزرۆی دیتتان چاوم وەکو یەمامەی زەرقا تیژ دەبێ و لە دورو نزیک یەکە بە یەکەی ئەو کەسانە دەبینم کە لە یادی رۆژی ونبونم خۆیان ئامادە کردوەو دەنگهەڵدەبڕن، رەنگە لاتان سەیربێت! بەڵام بڕوابکەن هەتا گوێم لە نوزەی دایکم بو بە جلێکی سەرتاپا رەشی چاو فرمێسکاوی لە پێش خۆی ورتە ورتی بو بە دەنگیکی پرگریانی لەرزۆکەوە گفتوگٶی لەگەڵ دەکردمو بە بیری دەهێنامەوە کە چەند نیگەران بو پێی دەوتم کورم زۆرم پێت گوت ئاگات لە خۆتبێت! زۆر بەجوانی هەمو ئەو کەسانەم دیت کە وێنەکەمیان گوڵکێشکردبو، هەمومیدیاو سایتی ئەهلی و حیزبیکانم دیت بە مانشێتی گەورە لاپەرەی پێش پێشەوەیان رازاندبوەوە بە وێنەمو بەشێک لە نوسینەکانم ، هۆی ونبونم وکێ ونی کردم، ئاگام لەوەش هەبوکە هەمو میدیای وڵات هەوڵی ئەوەی دەدا وەکو هێمایەک بمکا بەهی خۆیو وەکوگوڵیکی سپی بە سنجاقێکی پەمەیی لە یەخەی خۆیم بدا، ئای کە جێگەی سەربەرزی و خۆشحاڵیم بو، بەڵام با راستیەکتان پێبڵێم کە زۆردەمێکە لە دڵودەرونم دەخولێتەوە ، بەینی خۆمان بێت بڕوام بە راستی و رەوای نوزەی دایکم هەبو لەو رۆژە، بەڵام لە دەنگهەڵبرنیەکەی هەموتان زۆر دڵنیانەبوم!
برادەران خۆشەویستان، رۆژانێ بو قەڵەمەکەم ئەوەندە بزێوبوهەمو میدیای وڵات لێدەسەڵمیەوە ،بۆیەش بە ناچاری بو بە هاورێی لاپەرە سپیەکانی دەرەوەی وڵات و یەکەم سەرە دێرەکانی لەسەرئەولاپرەنەدا نەخشاند، خۆ لە یادتانە ئازیزان خۆ من پێشوەخت چرپاندبوم بەگوێی هەمو لایەکتان کە لە بارو دۆخێکی ناهەموار دەژیم و رۆژانە بە موبایلەکەم هەرەشەم بۆ دەنێردرێ پێویستم بە داڵدەیەکە و پێویستم بەوەیە کە دنگهەڵبردرێ و هەڵوێستبنوێندرێ، خۆ ئێوە هەموتان چاک دەتانزانی نیگەرانی دایکم بێ بنەما نەبو،خۆ چاک دەتانزانی داڵی رەش زۆر بە ئاسانی زەفەر بە کوری هەژاری ئەو میللەتە دەبا، بەڵام سەڕەڕای ئەو هەمو هەستو خۆشەویستیو قەڵەباڵخیە کە پێش چەند هەفتەیەک دیتم، سیرە دونیا زۆر سەیرە خۆشەویستان !کەچی ئەو کات هێچ هەڵوێستێ نەبو و هەر بە تەنیا خۆم بوم!.
دڵنیابن کە من دڵزویرنیم لێتان بەڵام ئەگەر ئەوجارە سەردەشت عوسامنێکی تر هاتو چرپاندی بە گوێتان کە لەبارو ساتێکی ترسناکو ناهەموارە، هەمان هەڵوێستمەنوێنو زۆرئاگاداری بنو پارێزگاری لێبکەن وە تکایە پێشوەخت دنگهەڵبرن بۆ ئەوەی ئەوجارە داڵەرەشەکە دوبارە بە ئاسانی زەفەربە کورانی هەژاری وڵاتەکەم نەبا.
لەگەڵ رێزم بۆ هەموتان
سەردەشت عوسمان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست