کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەندەڵی ڕۆشنبیرانی كورد

Wednesday, 05/05/2010, 12:00


نەختێك بیركردنەوە لە وشەی ڕۆشنبیر پێویستە بۆ بینینی ئەو كۆمیدیا ڕەشەی لە كوردستان بەرقەراە. ئەم وشەیە هیچ ڕەسەنایەتییەكی لە توڕاسی ئێمە دانیە، بەڵام ماناكەی جوانە: ڕۆشن+بیر، واتە مرۆڤێكی هزرو بیر ڕۆشن. ڕۆشنییەتی هزری كەسێك چەند مانایەكی فراوان دەبەخشێت كە بەهیچ شێوە كردارێكی نەرێنی (سلبی) قەبول ناكات لەچەشنی دواكەوتن، تەمبەڵی، دزین، تەزویركردن و قەناعەت فرۆشتن بۆ دەستكەوتی ماددی. ئەوەی لەنێوەندی كوردی دەگوزەرێت نەك هەر شتێكی سەیرو سەمەرەیە، بەڵكو تا ئەوپەڕی، كرێت و بەدو بێزەوەرە. ئەوەی ناوی خۆی ناوە ڕۆشنبیر، لەبەر تەمبەڵی تاقەتی خوێندنەوەی نییە. بەزانیاری باوو ڕووكەشیانە ڕاهاتووە و گیرساوەتەوە. هاتووە، بەتورەگەیەكی گەنی، ناوەڕۆك سیس و پوچ هەڵگەڕاو، نەخشە و پلان و تیۆریزەكردن بۆ میللەتێكی لێقەوماو پڕاكتیك دەكات، كە لەزۆر لاوە حاڵی شڕو پەرێشانە، ئۆقرەی بڕاوە و توانای لەسەر پێ وەستانی نییە. یەكێك لەو كارە بێزەوەرانەی بەناو ڕۆشنبیری كورد ئەوەیە، دەچێت یەك دوو كتێبی نوسەرو هزرڤانانی عەرەب یان فارس دەخوێنێتەوە و پەڕەگراف و ڕستەكانی دەكات بەكوردی و تێكەڵ و پێكەڵی دەكات و، ئنجا سەرچاوەكانی هەمان كتێب وەك خۆی دەنووسێتەوە و، كتێبەكە پێشكەش بەخوێنەرانی كورد دەكات گوایە ئەمە لێكۆڵینەوە و نووسینی خۆیەتی! كەسانێكی بێویژدان هەڵساون ئەم كارانە جێبەجێ دەكەن، لەپێناو پلەوپایە، پارەوپول و ناوودەنگ. ئەمەشیان بۆ چووەتەسەر. لەم یەك دوو ڕۆژەی ڕابردوو، خەریكی خوێندنەوەی كتێبێكی نووسەر و ڕۆماننوس فازڵ قەرەداغی بووم بەناونیشانی: "بیری ئوسووڵی ئیسلامی لەنێوان خوێندنەوەو نەخوێندەواریدا". بەدوو ڕۆژ كتێبەكەم خوێندەوە. ڕاستیەكەی، ئەم كتێبە، لەوەڵامی نووسینی بەناو كتێبێكی "فوئاد مەجید میسری"یە، كە هەڵساوە چەند سەرچاوەیەكی عەرەبی كەمی بەكارهێناوە و، نووسین و ماناكانی گواستوونەتەوەو، بەناوی خۆی پێشكەشی كتێبخانەی كوردی كردووە، گوایە لێكۆڵینەوەی لەسەر ئیسلامی سیاسی ئەنجامداوە! سەیریش لەوەدایە، كتێبەكەی ناوبراو، دەیان سەرچاوەی ئاماژە پێداوە گوایە لێكۆڵینەوەكەی لەنێویاندا بەئەنجام گەیشتووە. بەڵام فازڵ قەرەداغی بەتوانایی و لێهاتوویی خۆی ئەم دزی و چەتەییە ڕۆشنبیرییەی ئاشكرا كردووە، بە بەڵگە و ژمارە ڕوونی كردووەتەوە كە چۆن (فوئادی مه‌جید میسری) كەڵكی لە سێ چوار كتێبێك وەرگرتووە، ماناو پەڕەگرافەكانی گواستوونەتەوە، كەچی ئاماژەی بەچەندین سەرچاوە داوە! ئەمە لەكاتێكدا، نە شرۆڤەیەك، یان ڕاو سەرنجێك یان بیرو بۆچوونێكی نووسەر خۆی، تێدا بەدی ناكرێت! كەچی فازڵ قەرەداغی، ئەم كارە قێزەون و دزیە گەورەی ئاشكرا كردووە و بەناو نووسەری كتێبەكەی خستووەتە بەردەم لێپرسینەوەی ئەخلاقی و یاسایی، بەڵام فوئاد میسری تا ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە، گەر هیچ نەبێت بۆ ئەوەی ئەم تۆمەتە لەسەر خۆی بڕەوێنێتەوە! هۆكارەكەشی ئەوەیە هەر كەسێك كتێبەكەی فازڵ قەرەداغی بخوێنێتەوە، بەچاوی سەر دەبینێت چۆن، ئەو "نووسەرە" واتە فوئاد مه‌جید میسری، بەئاشكرا دزی ئەدەبی كردووە و، هی ئەوە نییە پەردەپۆش بكرێت! ئنجا گەر چەندین "نووسەر"ی دیكە تەماشا بكەین، كە بوونەتە چاوساغ و ڕیش سپی پارتی و یەكێتی، هەر لەڕێگای دزی و چەتەیی ئەدەبی، دەزانین بۆ حاڵی ئەدەب و زانستی كوردستان ئاوا كڵۆڵ و تەپیوە؟! بەداخەوە، گەندەڵی و كەتنی! بەناو "ڕۆشنبیران" لە گەندەڵی و كەتنی دەسەڵاتداران كەمتر نیە و، بەڵكو گەنیتر و بەدترە! ئا ئەم جۆرە "ڕۆشنبیر"ە، كە بەشێكی زۆری بودجەی دزراوی نیشتمان و گەلی خراوەتە ژێر دەست، دێت بەناوی "ئازادی" و "لیبڕاڵی" و "دیموكراسی" و "نیشتمان پەروەری" و "ڕۆشنفكری" هێرشێكی جاهیلانە و شێلگیرانە دەكاتە سەر موقەددەساتی میللەتی ڕەش و ڕووت. ئەمە لەكاتێكدا، لەپێش چاوی ئەم موهەریجانە "ڕۆشنبیران"، دەسەڵاتی كوردی، هەرچی تاوان و كوشتن و بڕین و دزیە، دژ بە گەل و نیشتمان جێبەجێی دەكات. ئەمن و ئاساییشی خەڵك لەژێر پێی دەزگای میت و ئیتڵاعاتە. بودجە بەخڕەوە دەدزرێت. تاوانی قێزەون جێبەجێ دەكرێت و مافی ئازادی تاكە كەس و، بنەماكانی دیموكراتی پێشێل دەكرێت، كەچی لەگەڵ هەموو ئەمانە، ئەم موهەریجە دێت، باز بەسەر هەموو شتە جیددیەكان دەدات و، بەناوی ئازادی و دیموكراسی هێرش دەكاتە سەر ئیسلام، قورئان دەسوتێنێت، ڕیسوای موقەددەساتی خەڵك دەكات، گوایە ئەمە ئازادییە و ئیبداعە لەهونەر و ئەدەب! ئەمە وێڕای ئەوەی مێ كێشی كردنە بۆ دەسەڵات، بۆ ئەوەی خەڵك مەشغولكەن و، لەمافە بنەڕەتییەكانی خۆی نەپێچێتەوە، لەلایەكی دیكەوە تاوان و دزی و جەردەیی دەسەڵاتی لەبیر بچێت "ڕۆشنبیر"ی كورد بەرەی شەڕ لەگەڵ خەڵكی چەوساوە دەكاتەوە و تیر دەگرێتە پێغەمبەرانی مێژووی مرۆڤایەتی و جنێوو جەهل و سوكایەتی دەوەشێنێتە قورئان و ئیسلام. هەزاران تاوان و تاوانكاریش فەرامۆش دەكات: كە بە ڕۆژی ڕوناك گەل و نیشتمانی كردووەتە بار و بارگیری خۆی! ئەمەیە ئیبداعی نێوەندی "ڕۆشنبیری" كورد!(*)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە