کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حكومەتى بێ دەستور و سەرۆكێکی ناشەرعى

Wednesday, 17/04/2013, 12:00


دەستپێك هەق وایە خەڵكى كوردستانى باشور،لەسەر ئەو قسە و بێ رێزیەى بەرامبەریان دەكرێت ،بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت، كە هەندێك چڵكاو خۆر و ماستاوچى، نێو پارتى و یەكێتى دەیڵێن، لەكوردستان هیچ بەدیلى بارزانى نیە، یان لەبارزانى باشتر و شیاوتر نیە بۆ ئەم رۆژگارە، ئەمە بۆخۆى ئیهانە و سوكایەتى و بەكەم تەماشاكردنى خەڵكى باشورە،وا بەیان دەكات كە تا ئەمڕۆ، لەسەرانسەرى كوردستاندا كەسێكمان نیە،وەكو مەسعود بیرو عەقڵ و لۆژیكى لەكاردا بێت، ئێمەش لەچاو ئەودا بچوك گزگل و قەزەمین،ئەویش باڵا نوماو گەورە و مەزنە.بەبڕواى من ئەوە ناشیرنترین دەستەواژە و گەورەترین بێ رێزیە، بەتەواوى خەڵكى كوردستان، بەكەم سوك و بێ نرخكردنى تەواوى چین وتوێژەكانى میللەتە.راستەوخۆ دەڵێت سەرانسەرى كوردستان لەمەسعود پیاوتر و بلیمەتتر پاكترى تێدا نیە.
هەرلەسەر ئەو بابەت وپرسە، گۆڤارى سڤیل كەزمانحاڵى پارتى و پاراستنە ،هەموو نوسەرو ستافەكەى كەسانێكى تا دوارادە دڵسۆز و متمانەدارى پاریتن، لەنوێترین ژمارەیەدا ژمارە(177) ،پرسى دووبارە كاندیدكردنەوەى مەسعود بارزانى وروژاندۆتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەژێر پەردەى، یاساو حیللەى شەرعى و قانوندا، كەماوەیەكى زۆرە ئەم بابەتە بۆتە حەزو خولیاو، كارى لەپێشینەى مەسعودو پارتەكەى،بۆ بەدەستهێنانەوەى ئەو كورسیە هەموو سازش و موجازەفەیەك دەكەن.
لەیەكێك لەنوسینەكانى ئەو گۆڤارەدا كەسێكى پارتى و جامانەسوور دەڵێت(دەرفەتێكى تێدایە كەمەسعود دووبارە خۆى كاندیدبكاتەوە و خولى یەكەمى بۆ هەژمارنەكرێ) هەرئەمەشە تەواو پارتى سەرقاڵ و نارەحەت كردوە، كەوتۆتە جموجوڵ و هەوڵ وهەڵپە، تابتوانێت شتێك بپچڕێت. بیانوشی بۆ ئەو شتە ئەو كاكى نوسەرە دەڵێت(هێشتا هەرێم دەستورى نیە)، بۆیە دەرفەتى تێدایە یاساكە هەمواربكرێتەوە و،ماوەى سەرۆكایەتى درێژ بكرێتەوە.
ئەم رستەیە جێگەى سەدان پرسیارو تێڕامانە،یانى چى تاكو ئێستا هەرێم دەستورى نیە؟!زۆرباشە كەوایە هەرچى كارێكى مەسعود وبنەماڵە كە كردویانە لەسەربنەماى عەشایەرى و، حزبایەتى و خێڵەكى بوە. باشە ئەگەر وڵاتێك خاوەن دەستورى خۆى نەبێت، لەسەرى نەڕوات بەڕێوە و سیاسەت و كارى پێ نەكات،ئەدى سەرۆكى چۆن بۆپەیدابوو؟ بەكام دەستور خستیانە سەر ئەو كورسیەى ،كە تا ئێستاش پێى مەستە؟ كەواتە ئەو چەندساڵەى كە جەنابى سەرۆك بووە،ناڕەواو ناشەرعى و تەزویر و ساختەیە.هەقى وایە لەسەر هەموو بڕیارو راسپاردە و یاسایەى كە دەرچوە هەق و حسابى لەگەڵدا بكرێت.
جوداى ئەوە،ئەى ئەو هەموو ،راوە روت و سەرانەو گیرفان خاڵكیردن وباج وسەرانە و گومرگ سەندنە ،بەكام دەستور ویاسا لەو خەڵكە وەرگیراوە؟ ئەى پێمان ناڵێن ولاتێك كە دەستور مەعنا بێت نەیبێت، ئەى ماناى چیە دەڵێن یاساى نەوت و غاز؟ لەسەرێكى دیكەبەپى َى یاساو دەستور نرخى سوتەمەنى گران دەكەن پارەى تابلۆى ئوتومبیل و مامەڵەى كرین وفرۆشى خانو وموڵك و چى چى دەكەنە چەند قات، بۆچ بۆ ئەوانە یاسا و دەستورى تازە هەیە و سەروەرە؟. بۆئەمەش هەقى خۆیەتى هەرچى كەسێك لەو ماوەیەدا لەسەردەمى دەسەڵاتى پارتى و مەسعود دا زیان مەند بووە، بەهۆى یاسا و دەستورى هەرێمەكەى مەسعود، ماڵ وموڵكى زەوت كراوە، چەندین ساڵ زیندانى كراوە ،لەترسى كوشتن وراونان هەڵهاتوە، داواى قەرەبوو بكات و، بچێت شكاتى لێ بكات،بپرسێت لەپاى چى تۆ زوڵمت لێكردون، بەچ یاساو دەستورێك سزاو مافت خواردین، لەكاتێكدا وڵاتەكەت هیچ یاسا و دەستورێكى نیە؟!
هەر لەهەمان گۆڤاردا، برادەرێكى دیكەش كەئەویش تا سەر ئێسقان پارتى ومەلاى یە، ئەویش قسەى خۆى كردوە ، ئەو بەڕێزە،ترسى لەوە هەیە ئەگەر مەسعود كورسیەكەى بدۆڕێنێت، ئەوا خۆرى ئەویش ئاوا دەبێت. بەمجۆرە پاساو بۆ دوبارە كاندیكردنەوەى مەسعود دەهێنێتەوەو دەڵێت:(دەبەنگیە كاتێك زەرورەتى هەبوونى كەسێك دەبینین،دەبینین وڵات پێویستى بەكەسایەتى و قورسیەت وتواناى كەسێكە رابەرایەتى بكات) وەلحاڵ كورت و موختەسەر ئەو بەڕێزە، سەرجەم ئەوانەى كە مەسعود و پارتیان ناوێت و لەم رۆژگارەدا رەتى دەكەنەوە،لە قاموسى ئەو و پارتیدادەبەنگن. بەدیدو بۆچونى ئەو بەڕێزە، ئەوەى دەروێش و كۆیلە و ئەڵقەلەگوێى بارزانى نەبێت، لەحوجرەكەى بارزانى بڕوانامەى دەرەبارو غولامى وەرنەگرتبێت دەبەنگە.
من لەهەموو خەڵكى كوردستان ، بەسیاسى و ئەدیب ورۆشنبیرو، خەڵكى ئاسایى دەپرسم، ئایا بەدرێژایى تەمەنى مەسعود وسەرۆكایەتیەكەى چ خێر و بێرێكى هەبوە،؟ چ دەستكەوت و وداهات و مافێكى بۆ كورد بەرجەستەكردوە؟ چ خەم وخەفەت و دەردێكى لەكۆڵ كردوینەتەوە؟تاچەند بەتەنگ باشتركردنى ئاستى بژێوى و خۆشگوزەرانى میللەت بووە؟ تا چەند هەوڵیداوە هۆشیارى و عەقڵ ومەعریفە، بكاتە سەرتۆپى بەرنامەى ژیانى؟تا چەند هاتۆتە ناو میللەت و جەماوەر و، لەنزیكەوە لەگەڵیان دواوە ،ئاوێزانى خەمو خەفەت و ئازارەكانیان بوە؟تا چەند جیاوازى لەنێوان ناڵێم پارتى یەك و لایەنێكى دیكە، بەڵكو دەڵێم لەنێوان پارتیەكى ماندوى چەندین ساڵ خەبات و، خاوەن شەهید ،لەگەڵ مناڵ یان هەرزەكارێكى بنەماڵەى بارزان كردووە؟ تا چەند كەشى دیموكراسى وئازادى خوڵقاندوە؟ تاچەند لەدژى دزى وگەندەڵى وناعەدالەتى هاتۆتە دەنگ؟تا چەند توانیویەتى لاى خەڵك و میللەت خۆى خۆشەویست بكات، خەڵك بەحەق وەكو سەركردە بیناسن؟ئایا مەسعود ئاگادارى ژیان وبژێوى خەڵكى دڵسۆز و شەیداى پارتى یە؟ وەكو بلەى سەعەكەڕى رەحمەتى، و عومەر چاوشینى هونەرمەند و عەریف مەجیدى خاوەن سى چل ساڵ خەبات و پێشمەرگایەتى؟، كەئەوانە لەهەرە دلٍسَۆزو مەلایى یە تۆخ تۆخەكانن ئاوا پەراوێزخراون، ئەدى ئێمەى گوم ناو نەناس دەبێت چى بین؟
تۆ بڵێیت مەسعود قەت رۆژێك لەرۆژان ،بەخەیاڵیدا هاتبێت، پردێك لەنێوان خۆى و میللەتدا دروست بكات ؟كاتێك تەرخان بكات بۆ گوێگرتن، لە داواو خواستى میللەت.؟

ئەرێ جەنابى سەرۆك جگە لەسەرى رەش و ،كۆشكە خەیاڵییەكانى ،سەردانى شوێنى دیكەى كردوە؟، تا لەنزیكەوە بزانێت ،رەوشى ژیان و بار و دۆخی رەعیەتەكەى چۆنە؟نەك وەكو سەردانەكانى سلێمانى و گەرمیان وقەڵادزێ،كە هەرچى هێز وچەكدارى پارتى هەیە كون كەلەبەرى دەشت و شاریان تەنى بوو،جا توخوا گەر سەرۆكێك بەوچەشنە بێت، هێندە بى َمتمانە بێت وباوەڕ و سیقەى بە خەڵك و لایەنگرانى نەبێت ،بۆهەر شوێنێك بچێت بەئەندازەى هێزى ناتۆ سوپا دواى خۆى بخات،ماناى چیە وچى دەبەخشێت؟ بۆچى ولەبەر چى قبوڵى دەكات خۆى بەسەرۆك میللەتێكى بێ سیقە بزانێت؟ ئەوە بۆخۆى گەواهى ئەوەیە كە مەسعود بارزانى بەقەدەر پوشێك سیقە وباوەڕى بەهیچ كەسێك نیە، خەڵكیش لەبەر ئەوەیە سەرۆكایەتى ئەویان پێ قبوڵ نیە و خۆشیان لەدەسەڵات و حكومەتەكەى نایەت.
بەڕێزانم،دڵسۆزانى پارتى و،دەروێشانى مەسعود وبنەماڵە، سەردەم سەردەمى چل و پەنجاكان نیە،شەخس پەرستى و كۆیلایەتى و خۆكردنە فیداى كەسانى دیكە كەلاتان رەوا و پیرۆزە،بەسەرچوە، تۆ ببینە وڵاتان سیستەمى سۆسیالیستى و كۆمۆنیزم سۆسیال دیموكراتیان تێپەڕاند و، بیر لە سیستەم و رێچكەیەكى دیكە بۆ ژیان دەكەنەوە،كەچى ئێوە لەسایەى بنەماڵەو خێڵ و عەشیرەتەوە تازەبەتازە، بەرەوپاش مل دەنێن، دەتانەوێت خەڵك ومیللەت بەرەوە كۆیلایەتى و سەپانى وبەندایەتى بگەڕێنەوە.
بیرتان نەچێت لەسەدا نەوەدى گرژى و، ئاڵۆزى وكێشە و قەیرانەكانى كورد لەگەڵ حكومەتى مالیكى، بەهۆى سیاسەتى هەڵە و تاكڕەوى ،و خۆسەپاندنى مەسعودەوەیە،هەرچى بێ سەروبەرى وپاشا گەردانى ونەهامەتى، كوشت وبڕى كوردستانە بەرۆكى بارزانى دەگرێتەوە، ئەو لێى بەرپرسە.
بازۆر سەرتان نەیەشێنم و بێنمەوە بیرتان،راپرسیەكەى پارتى كەلەماڵپەڕى(رووداو) كە نێچیر بارزانى سەرپەرشتى دەكات، پاش هەموو فرتو فێڵ و دەستكاریەك،،باشتربن بەڵگەو سەنگى مەحەكە،ئەوەمان پێ دەڵێت كە زۆربەى خەڵكى كوردستان پێان خۆش و باش نیە مەسعود ببێتە سەرۆك و دەمڕاستیان و بڕایەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە