31ی ئاب سیمبۆڵی شه‌رمه‌زاریی و خیانه‌ت!
Friday, 31/08/2001, 12:00
2912 بینراوە
تێبینی: ئه‌م نووسینه یه‌که‌م بابه‌ته له‌سه‌ر 31ی ئاب، که ساڵی 2001 له کوردستانپۆستدا بڵاوم کرده‌وه. بۆ به‌یانییه‌که‌ی حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌نیش له کوردستان نێتدا که‌وته هێرشکردن و له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا چه‌ند وتاری له دژم نووسی، ئه‌وه‌ی له بیرم مابێت، نووسینه‌کانی ئه‌مانه بوون: (له قولله‌ی قافه‌وه بۆ مێشووله، کۆمیدیای ره‌شی قه‌ترانی، زه‌بری ره‌خنه... هتد) ئیتر به‌دوای حه‌مه سهعییددا چه‌ند نووسه‌ری ده‌ربار و خۆفرۆشیش هه‌ر له سایتی کوردستان نێته‌وه که‌وتنه په‌لاماردان. وه‌ک ده‌یبینن، بایه‌خی ئه‌م نووسینه له ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌که‌دا نه‌بوو، نووسینه‌که ناوه‌رۆکێکی زۆر ساکار بوو، بایه‌خی ئه‌م نووسینه له‌وه‌دا بوو، که بۆ یه‌که‌مین جار بوو، له ره‌خنه‌ی نه‌رمه‌وه، که‌وتینه داگرتنه‌وه‌ی ره‌خنه به زمانی چه‌کووش، ویستمان ئه‌و ترسه‌ش بشکێنین، که زۆر له نووسه‌ر و خوێنه‌ر به‌رامبه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی هه‌یانبوو، به‌تایبه‌تیی له‌سه‌ر 31ی ئاب، هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا مه‌به‌ستم له تۆڕی ئینته‌رنێته، ده‌نا ئه‌م نووسینه شاکارێکی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بیی، سیاسیی وانه‌بوو، لێ بۆ ئەو کاتە و لە ساڵی ٢٠٠١دا و له رۆژێکی ئاوادا بایه‌خێکی مێژوویی خۆی هه‌بوو، پارتیی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد، هێرش و ده‌رگا کلوومکراوهکانی ره‌خنه به‌م شێوه‌یه به سه‌ریدا بکرێنه‌وه و ئه‌و ته‌وقه‌ی کردوویانه‌ته ملی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسان وا به ئاسانی لادەبرێت. ئاخر ئه‌وان ده‌یان نووسه‌ر و به‌کرێگیراوی وایان هه‌بوو رۆژانه به شان و باڵی پارتیی و بنه‌ماڵه‌یاندا هه‌ڵده‌دا، هه‌روه‌ک ده‌بینن ئه‌مڕۆ ده‌یان نووسه‌ری دیکه‌ش زۆر وتاریان له سه‌ر 31 ئاب نووسیوه، زۆر به‌هێزتر و به پێزترن له‌م نووسینه‌ی خواره‌وه که من ساڵی ٢٠٠١ نووسیومه.
**********************************
له رۆژی 31 / 8 / 1996 هێزه‌چه‌کداره‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان، به یارمه‌تی سوپای عێراق شاری هه‌ولێریان گرت، تا ئه‌و کاته ئه‌م شاره له ژیر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی نیشتیمانیدا بوو. ژماره‌یه‌کی زۆر له هاووڵاتی و که‌سانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی به ده‌ستی ئه‌م هێزه هێرشکه‌رانه کوژران، گیران و سه‌ره‌ونگوم کران. سه‌رکرده و په‌رپرسه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان، له خۆشیی ئه‌م سه‌رکه‌وتن و به‌ده‌نگهاتنی رژێمی فاشستی به‌غداد، بسکه‌ی سمێڵیان ده‌هات. به لایانه‌وه گرنگ نه‌بوو ئه‌م هه‌ڵوێسته ناموراڵییه چه‌ند له سه‌ریان ده‌که‌ویت، حیزبێک له سیاسهتییدا شتێکی نه‌بوو، ئیتر بۆ شه‌رم بکات؟ به‌ڵکو بۆی گرنگ نییه چه‌ندی تریش بدۆڕێنێت، خۆ ئه‌مه یه‌که‌م جاریان نییه مۆرکی خیانه‌ت و ناپاکی و نانیشتمانپهروهرییان لێبدرێت. با خه‌ڵکی چی‌یان پێ ده‌ڵێن بڵێن، ئاخر ئه‌وان که‌ی حیسابیان بۆ میلله‌ت کردووه تا گوێ له راو و بۆچوون و خواستیان بگرن؟. بۆ بترسن و سڵ بکه‌نه‌وه ؟! گرنگ بۆ ئه‌وسا و ئیستای ئه‌م ده‌سته‌ڵاته ئه‌وه‌یه، له سه‌ر حیسابی ژیان و خوێنی رۆڵه‌کانی ئه‌م میلله‌ته، هه‌ر سه‌رکه‌وتنێک دژی لایه‌نێکی تری کورد بێت، بێ سێ‌ودوو کردن بیکه‌ن. بۆ ئێمه‌ی کوردی بێلایه‌نیش گرنگ نه‌بوو هه‌ولێر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی یاخود یه‌کێتیدا بێت، به‌ڵام بۆ دوژمن و داگیرکه‌ران، خواست و ده‌سکه‌وتێکی ستراتیژی بوو، تا ئه‌م شاره له ده‌ست یه‌کێتی ده‌ربهێنرێت و ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتێکی کوردیی تری پێ کورت بکه‌نه‌وه، تا له سنووری سلێمانی به‌ولاوه، ئه‌و ده‌سته جوڵه نه‌کات.
دوای ته‌سلیمکردنی هه‌ولێر به پارتی، ئیتر به دڵنیاییه‌وه رژێمی شۆڤێنیستی به‌غداد له سه‌ر پلانی به‌عه‌ره‌بکردنی ده‌ور و به‌ری ئه‌م شاره و ده‌رکردنی کورده‌کانی شاری که‌رکوک به‌رده‌وام بوو. حکومه‌تی به‌عس مه‌ترسییه‌کی جه‌ماوه‌ریی ئه‌وتۆی له به‌ر ده‌مدا نه‌ما، تا سڵی لێبکاته‌وه.
سه‌رکردایه‌تییه‌کی تێکشکاوی به‌رماوه‌ی ئاشبه‌تاڵ و جهماوهرلێتۆراوی ئه‌وسای وه‌ک پارتی، که ئه‌مڕۆ خۆی له سه‌ر هێزی جاشی ئه‌نفال و هێزی خۆفرۆشی کورد دروست کردۆته‌وه، سه‌یر و سه‌مه‌ر نییه، کارێکی وای لێ بووه‌شێته‌وه، بۆیه هاواربردنه به‌ر سوپای دوژمن، تا ئه‌و ناوچه‌یه‌ی پێش چه‌ند ساڵێک، به راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌رییانه رزگارکرابوو، که رۆژئاواش وه‌ک ناوچه‌یه‌کی هێمن بۆ کورده‌کانی دانابوو، پارتیش ئه‌مه‌ی به کارێکی زۆر ئاسایی زانی، که ئه‌و هێزه داگیرکه‌ره‌ی به‌عس جارێکی تر بگه‌ڕێنێته‌وه و داگیری بکات.
ساڵێک دوای گرتنی هه‌ولێر، سه‌ردانێکی کوردستانم کرده‌وه، له هه‌ولێر لای ناسیاوێک لامدا، بۆ چه‌ند کاتژمێرێک پێکه‌وه که‌وتینه ئاخافتن. بۆ ئه‌مکاره ئه‌و براده‌ره قسه‌یه‌کی جوانی کرد، وتی: ئه‌وه‌ی به‌عس به‌رامبه‌ر به کورد کردی، نه‌یتوانی هیوامان بۆ پاشهرۆژ بمرێنێت، ئه‌مڕۆ پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌بینم و خراپتریش، چونکه زۆر زه‌حمه‌ته و ئه‌و ده‌سته‌ی که‌س و هاوڕێیکه‌م لێم ده‌وه‌شێنێت، ئازاری زۆرتره وه‌ک له دوژمن. راسته زه‌حمه‌ته ئه‌مڕۆ خه‌ڵکی کوردستان، له بار و زروفێکی وادا که چاوی ئه‌وروپا و هێزی داگیرکه‌ر و ناحهزهکانیی له سه‌ره، بتوانێت وا به ئاسانی له به‌رامبه‌ر به‌م هێزه خۆماڵییه‌ی کورد راپه‌ڕن و ناڕه‌زاییه‌ک پیشان بده‌ن.
کورد ناپاک و خاین و جاشی زۆره، مێژووش بۆمان ده‌گێڕێته‌وه. به‌ڵام هیچ کات و سه‌رده‌مێک، کورد وه‌ک ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابڕدوو، هێنده خۆفرۆش و خیانه‌تکاری به‌خۆیه‌وه نه‌دیووه، هیچ کات وه‌ک ئه‌مانه زیانی پێ نه‌گه‌یاندووه، له هه‌ر شوێنێک و له مێژووی هه‌موو میلله‌تاندا خائین و جاش و خۆفرۆش ته‌نها یه‌ک مۆڵگه‌یان هه‌بووه، داڵده‌ی خۆیانی تێدا بده‌ن. ئه‌ویش باوه‌شی دوژمن بووه. جاران چ قوره‌ت بوو سیخوڕێک به ئاشکرا نیشتیمانپه‌روه‌رێک به گرت بدات، جاشێک له کوچه و شه‌قامدا ته‌راتێن بکات! جاش و سیخوڕ و ئافره‌تێکی سۆزانی، وه‌ک به‌دڕه‌وشتێک سه‌یر ده‌کران، له لایه‌ن خه‌ڵکییه‌وه به سووکی تێ‌یان ده‌ڕوانیین. ئه‌مڕۆ ئاساییه، دایک و خوشکی مامه ریشه سواڵ بکه‌ن و ده‌ست پانبکه‌نه‌وه، له‌و لاشه‌وه قه‌وم و قیله‌ی ته‌حسین شاوه‌یس پیتاک و پاره‌ی شه‌هیدانه وه‌ربگرن! ئه‌مڕۆ زۆر ئاساییه جاشێکی ئه‌نفالچی کاره‌که‌ی به خزمه‌ت بۆ بنووسرێته‌وه، هێنده ده‌ستی بڕوات و یارمه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌کی که‌مئه‌ندام و بێده‌رامه‌ت بدات، بۆیه سه‌یریش نییه ئه‌مڕۆ ئه‌دیب و رۆشنبیری کورد له سه‌ر یه‌ک قاچ بڕوات، به یه‌ک تاکه چاو ببینێت، به‌ڵام به دوو زمان بدوێت و هاواری لێههڵسێت، سۆزی بۆ 31ی ئاب هه‌بێت، جار جاریش به دڵی پارتی ختوکهیهکییان بدات! نووسه‌ر و رووناکبیرانی کورد ئه‌مڕۆ زۆربه‌یان، که 31ی ئابه دڵنه‌وایی پارتی ده‌ده‌نه‌وه و ئاهه‌نگ بۆ ئه‌و رۆژه ده‌گێڕن، ئه‌مڕۆ 31ی ئابه رۆژێکی دوور و درێژه، خۆر تێیدا ئاوا نه‌بووه، وا زووش ئاوا نابێت، هێشتا هێزی داگیرکه‌ری به‌عس هه‌ولێری جێ نه‌هێشتووه. چاوه‌ڕێین له یه‌کی ئه‌یلولدا کشه له جاش و نه‌فره‌ت له نووسه‌ری بێ‌ویژدان و نووستوی کورد بکرێت.
که‌مال جه‌مال موختار
31 / ئاب / 2001