هەولێری هۆلاکۆ بەزێن، لاوانی دەسەڵات تۆقێن
Thursday, 24/02/2011, 12:00
شانازییە بۆ سەرجەم کوردو بۆ شارو خاکی هەولێر، کە گەنج و لاوە ڕۆشنیر و هوشیارەکانی خۆیان ڕێکخستوەو چیتر ئامادە نین. کڵاوی ئەو دەسەڵاتە لەسەرکەن کە بیست ساڵی ڕەبەقە، ڕۆڵەو نەوەی نوێ و پیاوانی دوا ڕۆژی نەتەوەکەی پشتگوێ خستوو ئامادە نەبووە و نیە، بۆ ساتێکیش گوێ بۆ ڕازی تەنیایان شل کات.
لە کاتێکا دەبوو دەسەڵات، داهاتێکی بەرچاوی وڵات بۆ خۆشگوزەرانی وپێگەیاندی گەنجان و لاوان خەرجکردایە و دەستە دەستە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کرانایەو لەباشترین زانکۆکانی جیهاندا، مافی خۆێندن وخۆپێگەیاندنیان بدرێتێ . نەک هەر ئەوەیان پێ نەکرا، بگرە نەشیان توانی ئاستی زانکۆکانیش هیچ نەبێ وەک خۆی بهێڵنەوە. پەیتا پەیتا پەیامی زانکۆو پەیمانگاکانیان، لەدەزگاو دامەزراوەی خوێندن و پێگەیاندن دوور خستەوەو کردیانە بارەگای حزبی و مەیدانی کێشمەکێشی حزب و خواستی بنەماڵەکانیان.
ئەوەشی بەهەرچی چەرمەسەری و ناڕەحەتیەکی ژیان و گوزەران هەیە، خوێندنی تەواو کرد،لانی کەمی مافی ژیانی بۆ فەراهەم نەکرا، نە دامەزراو نەداش داشدەمەزرێ! گەر ئەم تۆفانە بەردەوام، لەسەری ڕەش و قەڵاچوالانەوە، گوزەربکا.
گەنجانی شۆڕشی نێرگزو گروپی شەهید سەردەشت و خۆڕسکی ناڕازی و زانکۆی سەلاحەدین و باقی زانکۆو پەیمانگاکانی دیکەی هەولێر. دەستتان خۆش و یەکگرتوو بن، ئێوەن دەسەڵاتی داهاتووی بەڕێوەبردنی وڵات، سەردەم سەردەمی گەنجە، ئێوە دەتوانن دەستی ڕەنگیتان بخەنە سەر زامەکانی قەڵا و ئاشتی ئاوەدانی و دوا ڕۆژێکی ڕۆشنی پێ ببەخشن.
سەردەمی ئەوانە بەسەر چوو سەرو سمێڵیان لە ناعەدالەتیا سپی کرد! ئەوانەی وتە جوانەکانی (شۆڕش و کوردایەتی وتێکۆشانی قوربانیدان و پێشمەرگە) یان کردە کۆمپانیاو خستیانە سەر سفرە ڕازاوەی بنەماڵەکانیان.
ئێستا نۆرەتانە، بە شێوەی هێنمانە خۆتان، ڕێکخەن ، وداوای دابینکردنی مافە ڕەواکانتان بکەن، ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن، ئێوەن هەڵگری ئاڵای شۆڕشی سپی و بەرزکەرەوەی مەشخەڵی کوردایەتی وتێکۆشان، ئێوەن قوربانی دەرو پێشمەرگەی خامە بەدەستی ئەم ڕۆژگارە.
وریا و بە ئاگا بن و نەهێڵن دەستی ئاژاوە گێڕەکانی دەسەڵات ڕیزەکانتان بشوێنێنن، دەبێ وپێویستە، لەسەرخۆو پشوو درێژ بن. نەکەن بیانوو بدەنە دەست سیخوڕەکانی دەسەڵات، دەستتان لێ هەڵبڕن و ئازارتان بدەن! دڵنیا بن ئەوانە مەترسی کورسی و بەرژەوەندیەکانیان هاری کردوون، بۆیە لە دەستیان دێ هەموو پیلان و سیناریۆیەک داڕێژن تا ئێوەی تیا تاوانبار بکەن، بۆیە تا هێمن و لەسەرخۆ بن، نیشتمانی ئازادیتان بەرینترە.
نەڵێن تەنهاین، مەشخەڵ هەڵگرەکانی سلێمانی و شارەزوور و گەرمیان وکۆیە و ڕانیەتان لە پشتە. سەدان و هەزاران (مامۆستای ئایینی و مامۆستای زانکۆ و ڕۆشنبیرو ڕوناکبیر) پشتیوان و پەناتانە. ڕەوەندی کوردی لە سەرتاسەری ئەمریکاو ئەوروپا. چاویان لێتانە و دڵنیا بن، بۆ هەرکارو کردەوەیەکی تاڕەوای دەسەڵات، دێینە دەنگ و خۆتان باش ئەزانن ئەو سات و سەردەمەبەسەر چوو بمان ئاخننە ژوورەتاریکەکانی ئاکرێ.
ئێوە کوڕگەلێکی خۆڕسکی وشیار و خوێندەوارن. سڵاوی گەرمی ئێمەتان لێ بێ کە گەنجیمان بە ناکامی بەڕێکرد. لەگەڵ ئەو دوو حزبە گێلەدا. بۆیە نامانەوێ ئێوەش بەو دەردەبەرن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست