کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سۆشیالیست و زه‌حمه‌تکێشان له‌ په‌نا ده‌نگه‌کانی ئیسلامییه‌کان پۆست وه‌رده‌گرن..

Wednesday, 16/09/2009, 12:00


ره‌نگه‌ ئه‌م وتاره‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌وه‌ نه‌بێت ئێمه‌ چه‌نده‌ کۆکین له‌ گه‌ڵ گروپه‌ ئیسلامییه‌کان ، به‌ڵام دیاره‌ کۆکین له‌ گه‌ڵ هه‌بوونی ده‌نگی جیاجیا ، چونکه‌ له‌ دواجاردا ئه‌وانیش واته‌ گرووپه‌ ئیسلامیه‌کانیش به‌شێک له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان پێکده‌هێنن ، بۆیه‌ رێزگرتن لییان وه‌ک رێزگرتن وایه‌ له‌ دیموکراسیه‌ت و قه‌بوڵکردنی یه‌کتر که‌ ئێمه‌ له‌ کوردستانپۆستدا ده‌مێکه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌داین..
به‌ هه‌رحاڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی به‌شداربوونی زه‌حمه‌تکێشانی قادر عه‌زیز و سۆشیالیست له‌ کابینه‌ ته‌زویره‌که‌ی به‌رهه‌م ، که‌ به‌ده‌نگه‌ ناشه‌رعییه‌کان پێکهێنراوه‌ ، هه‌وێنی ئه‌م نووسینه‌مان بوو ، که‌ ده‌مانه‌‌وێت به‌کورتی باس له‌و گه‌مه‌ قێزه‌وه‌نه‌ی هه‌ردولا بکه‌ین.
هه‌ردولا که‌ حاڵی حازر موغازه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناشه‌رعی ده‌که‌ن ..له‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌کاندا باش خۆیان ده‌ناسی و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ پێگه‌ و هێزی سیاسی خۆیان کردبوو که‌ له‌ چ ئاستێکی نزم و بێ بایه‌خدان..له‌ لایه‌ک حزبه‌که‌ی قادر عه‌زیز که‌وتبووه‌ به‌ر شاڵاوی له‌تبوون به‌ پیلانی نێچیر و موباره‌که‌ی جه‌لال و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ش سۆسیالیست ئه‌وانیش له‌ قه‌یرانێکی مالیدا ده‌ژیان که‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی مافیا تێیخستبوون. که‌واته‌ ئه‌وان ئه‌گه‌ر به‌ته‌نیا یا هه‌ردولا به‌یه‌که‌وه‌ به‌شداریان له‌ هه‌ڵبژاردن بکردایه‌ به‌ قه‌ده‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ده‌نگیان نه‌ده‌هێنا ، بۆیه‌ خۆیان خسته‌ پاڵ یه‌کگرتووی ئیسلامی و کۆمه‌ل ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر هیچ نه‌بێت یه‌که‌و کورسییه‌ک به‌ده‌ست بخه‌ن و دواتریش سازش بکه‌ن له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ته‌زویرچی و بجنه‌ نیو حکومه‌ت تا بوودجه‌ ناشه‌رعییه‌کانیان لێ نه‌بڕن.
هه‌ڵبژاردن کرا و ئه‌وه‌ی روویدا روویدا ، به‌ده‌نگی ئیسلامییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و پاش ئه‌و هه‌موو ته‌زوویره‌ ، ئه‌وانیش خۆیان گه‌یانده‌ نێو په‌رله‌مان و ئێستاش وا سازش له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناشه‌رعی و ته‌زویر ده‌که‌ن به‌ ناوی حکومه‌تی بنکه‌فره‌وان به‌ته‌مان به‌شداری له‌ حکومه‌تی به‌رهه‌م-به‌رواری بکه‌ن.
به‌شداریکردنیان هیچ له‌ مه‌سه‌له‌که‌ ناگۆڕێت ، چونکه‌ هه‌روه‌ک ووتمان خۆ خه‌ڵکی ده‌نگی به‌ ئه‌وان نه‌داوه‌ تا حساب و کتابیاب له‌گه‌لدا بکات ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ خه‌ڵک و ده‌نگده‌رانی ئیسلامییه‌کانن پێویسته‌ موحاسه‌به‌ی سه‌رکرده‌کانیان بکه‌ن که‌ چۆن له‌گه‌ڵ دۆڕاو ده‌چنه‌ مه‌یدان و سه‌رکه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا به‌شده‌که‌ن؟!.
ئیسلامییه‌کان ده‌بوایه‌ گره‌و له‌سه‌ر کارتی دۆڕاو نه‌که‌ن ، چونکه‌ هه‌ردولا(زه‌حمه‌تکێشان و سۆشیالیست) وا فێربوون ئه‌گه‌ر له‌ دووره‌وه‌ شتێکیان پێنیشانده‌ن بۆی هه‌ڵده‌به‌زنه‌وه‌ ، ئه‌و دووانه‌ نه‌سیاسین و نه‌کاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌ت و شه‌قامی کوردی ، ئه‌م دووانه‌ ناوی گه‌وره‌ و دێی وێرانن و هیچی دیکه‌.
له‌ کۆتاییدا مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو به‌ ئۆپزسیۆنی ، له‌ داهاتوودا خه‌ڵکی گه‌وره‌تریان ده‌کات و به‌هێزتر ده‌بن ، ئه‌گه‌رنا با یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ خۆیان به‌روارد بکه‌ن له‌گه‌ڵ پێش 2005 ، ئه‌وسا ده‌زانن به‌شداریکردنیان له‌ ده‌سه‌ڵاتێکی مافیایی چه‌نده‌ ده‌بێته‌ هۆکاری لاوازبوونیان..ئه‌م ئامۆژگارییه‌مان بۆ ئه‌وان ته‌نها به‌ خاتری خه‌لکی کوردستان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیانه‌ ، ئه‌گینا با دلنیابن ده‌نگه‌کانی ئه‌وان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی دادێ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گۆڕاندا ده‌بێت و ئه‌وانیش ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ لاواز و بێ ئیراده‌ی سیاسی ده‌میننه‌وه‌ که‌ له‌دواجاردا ده‌بن به‌ سۆسیالیستی کاکه‌حه‌مه‌ و زه‌حمه‌تکێشانی قادر عه‌زیز.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە