نزا
Sunday, 08/12/2013, 12:00
خودایا
عەبدە زالمەکانت بەرەوە
زەلامە بۆگەنەکانت بۆ خۆت
ئەوان بەسەرو بەبەر ،هەر دەزانن بڕشێنەوە.
خودایا
ئەو غەزەبەی لێت گرتووین لایبە
ئەو بەڵایەی بە موریدەکاندا بۆت ناردین بە تەیرەکانتدا بیبەوە
ئەو دۆزەخەی لە دلت بەرداین
دەمانکا بە قەقنەس.
ئێمەش دەکەوینە یەکو دوو لەگەل خۆمان
دلمان دەکەینە بەردەبازی فریشتەکان
رووحمان دەدەینە جالجالۆکە گوناهەکانمان بتەبێ
ئەو هەلۆیانە لە سەر شانی سەرکەوتنەکان دەکەینەوە
توانای فرینیان نەماوە
چۆلەکەکان لە سوانەکان هەلدەفرێنین تا نەبنە نێچیری فرسەت
لە جیاتی جنێو دەممان پڕ دەکەین لە ئایەتی ماچ
لە بری بوختان لێومان دەبەخشینە هەناسەیەکی سەرابی
بەلێن دەدەین
بینمان لە قومی مەحەببەت نەترازێنین
لە جێی بەرد بەدەوری گولدا خول بخۆین
ئەی باری تەعالا
ئەو دنیا بۆ عەبدە پیاوکوژە ژن کوژە دلکوژەکانی خۆت
لەم دنیا قومێك ئاشتیمان بکە بە دەمەوە
گەزێک ئازادی ببرە بەباڵامان
گۆرێک نیشتیمان بکە بە نسیبمان...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست