كۆمەڵی ئیسلامی دەبوو لە بیری ئەوەدا بووایە كێ عەبدوڵا قەسرێی كوشت، نەك وەرگرتنی پۆست؟!
Friday, 02/10/2009, 12:00
هەندێ قەڵەم كڵۆڵی حیزبی بەتایبەتی ئیسلامیە كۆنە تەقلیدی و كلاسیكیەكان كە ئێستا خۆیان خزاندۆتە باوەشی كۆمەڵی ئیسلامی هێشتا خەون بەو زەمەنەوە ئەبینن كە جارێكی تر موقەدەس و چەمكەكانی پیرۆزی بكەنەوە بە باڵای خەلیفەو ئەمیردا، كۆمەڵی ئیسلامی بەوپەری باوەر بەخۆبوونەوە سەنگەری چوار حیزبەكەی جێهێشت یان بەمانایەكی تر شەقیكرد و متمانەی بە حكومەتەكەی یەكێتی و پارتی بەخشی و هەست و سەنگەری موعارەزەی دۆراند لەپێناو دەستخۆشانەیەكی دەسەڵات و ئەو دوو حیزبەدا، ئەو دوو حیزبەی ساڵەهای ساڵە كۆمەڵ شەهیدیان لە دژدا ئەكات بە قوربانی، ئەو كاراكتەرو قەڵەم حیزبیانەی كۆمەڵ حەقی خۆیانە پیاوی ئایدۆلۆژیست و دۆگمای حیزبی بن، ئازادیشن بەشداری دەكەن یان نایكەن لە حكومەت بەڵام بۆیان نیە هەڵبدەن بە شان و باڵی ئەم حكومەتە گەندەڵەداو فاڵ و شەعوەزەو قاوەی بۆ بگرنەوەو پێشبینی باشە بكەن بۆ ئەم حكومەتەی كە جارێ زۆری ماوە پێشبینی خێری بۆ بكەین........!؟
وەك یەكێك لەو قەڵەمانە بەناوی عەبدولقادر پشدەری لە ووتارێكیدا لە سایتی ستاندەر دەڵێت" ئەم جارە پارتی و یەكێتی وەك جاران حوكم ناكەن و بە جۆرێكی تركاردەكەن و پانتایی ئازادیەكان زیاتر دەكەن و دەستی خزمەتگوزارییان باڵاترو چاوی براگەورەییان پڕ عەدالەت تر دەكەن" سەیری ئەم ئینشا تەعبیری و سوریالی و وەهمیەی ئەم برادینیە بكەن؟ سەیری ئەم بەهەشتە خەیاڵاوییەی كە ئەم برا كادیرەی كۆمەڵ بۆ ئەم حكومەتەی ئەكات، برام كام ئازادی و كام عەدالەت و كام براكەورەیی؟ مەگەر هەر ئەو برایانە نەبوون لەو پانتایی ئازادیەدا مامۆستا قەسرێیان شەهید كردو ئەمیری كۆمەڵیان فراند؟ كە ئێوە ئێستا لە سێبەری ئەو برایانەدا حكومەتی ئەو برایانە تەشكیل دەكەن و ستایشی چاكەی ئەكەن بە بێ ئەوەی جارێ بەرهەمەكەیتان دیبێ؟ ئێوە ئەو كێشەیەتان هەیە ئیمتیاز ببینن كارەساتەكانی رابردوو لەبیر ئەكەن، ئاخر چۆن جورئەتی ئەم قسەیە ئەكەیت و ئەم پێشبینیەت لەكام تەفسیرەوە هانی بۆ حكومەتێك كە وەك خۆیەتی و هیچ نەگۆراوەو هەمان سەركردە عەسكەریەكان و مەكتەب سیاسیەكانی رابردووی یەكێتی و پارتی پێكی دەهێنن؟ بێزەحمەت مەقاسیدی شەریعەش رێگە بەم بەشداریە ئەدات كە ئێوە ئێستا بۆخۆتانی ئەشەرعێنن؟ چۆن زاتی ئەوە ئەكەن ئەو هەموو غەدرو دزی و تاڵانی و فەزاحەت و گەندەڵیە گەورانەی نەوت بخەنە ئەستۆی خۆتان تەنها لەبەر خاتری پۆستێك و بودجەیەكی حازربەدەست؟ بەڵێ كۆمەڵ لەبەر ئەو ئیمتیازو دەستكەوت و پۆستە بچوكانە ماهیەتی موعارەزە بوون و حەماسی شۆرشكیری وون كردو خۆی خزاندە ناو بۆتەی گەندەڵترین حكومەتەوەو ئەبێت ئیدی لە بری دانانی قەڵغان و دیفاع لە دین و لە تاكی كوردو لە هەژاران ببنە دروستكەری قەڵغان و بەرگریكار لە خرابترین سیستمی بەرێوەبردن، وە هەر ئەم رەهەندەشە دواجار كۆمەڵ لە حیزبێكی نیمچە باشی بە هەڵوێستەوە بكاتە حیزبێكی باشكۆ، وەبیكاتە حیزبێكی ئیسلامی دەستەمۆی پراكماتی، وە پێویستە كادرو مورشیدەكانی كۆمەڵ ئەوەندە حیزب وەك موقەدەس سەیر نەكەن و وا بزانن هەڵەو كەمو كورتیان نیە با راستگۆ بین كە قەرەوڵی ئەمجارەی كۆمەڵ و عەلی باپیر راستی نەپێكا. لەگەڵ رێزی براتان كاكە لاوە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست