کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قورئان و ئامۆژگاری بۆ کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان

Wednesday, 02/01/2013, 12:00


کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان وا نیشان ئەدەن و میللەت وا لێیان ئەروانێت کە مێژوو ناخوێننەوە، ئەگەر بشخوێننەوە پەندی لێوەرناگرن، ئەوەش تەنها بۆچون و قسەی خۆم نییە بەڵکو زۆر جاریش لە میدیاکانەوە ئیشاڕەی پێکراوەو لە هەواڵ و رۆژنامەکان باسی لێوەکراوە.

بۆیە بەپێویستم ئەزانم باسێکی قورئانی بیری هەموو لایەک بهێنمەوە بەتایبەتی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی چی تر ناز بەسەر میللەتدا نەکەن و بەسەروەت و سامان و دەسەڵاتەکەیانەوە نەنازن، لەسەروی خۆیانەوە سەیری خۆیان نەکەن و بە چاوی نەخوازراوەوە نەڕواننە میللەت.

فەرموون با بەیەکەوە بچینە خزمەت ئەم بەسەرهاتە قورئانییە کە لە قورئانی پیرۆزدا باسی لێوە کراوە، بزانین چی لێ فێرئەبین، ئایا لەگەڵ ئیستای هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی هەرێم یەک ئەگرێتەوە یان دەبێت چاوەریی چی لەو کاربەدەستانە بکەین.
بێگومان هەر لە سەرەتای ژیان و دێرزەمانەوە ململانێی هەژار و نەدار و زۆرلێکراوو زۆردار و میللەت و چینێکی دەسەڵاتی ستەمکار بەردەوام بووە، با بزانین لەم بەسەرهاتە قورئانییەدا کە باس لە هەڵویستی دوو پیاو ئەکات پیاوێکی خاوەن ماڵ و سامان و کوڕو نەوەی زۆرو دەسەڵاتدارو بەتوانا لەبەرامبەریشتدا پیاوێکی هەژاری باوەردار.

بەسەرهاتی دووپیاو...
(قورئان نمونەو بەسەرهاتی دووپیاومان بۆ باس دەکات کە یەکیان لەو پیاوانە باخ و سەروەت و سامانێکی زۆر هەبووەو خاوەنی ئەولاد و نەوەیەکی زۆر بەهێز بووە، یەکێکیانیش هەژاررێکی باوەردار بووەو زۆر شوکرانەی خودای کردوە لەسەر ئەوەی کە خودا پێ داوە، خودای گەورە بەسیان ئەکات باسی پیاوە خاوەن ماڵ و سامانەکە ئەکات کە چی هەبووە لە دنیاداو چۆن مامەڵەی کردوە، ئەو پیاوە خاوەنی دوباخی زۆر خۆش و جوان و پر بەرهەم بووەو بە قەدەری خودا لەبەینی هەردوو باخەکانیشی روبارێک زۆر جوان هەڵقوڵاوەو هەبووە، جگە لەوەش سامانی تریشی هەبووەو خاوەنی ئەولادو نەوەیەکی زۆرو بەهێزبووە، بەڵام کابرای باخەوان و خاوەن سامان و ئەولادو نەوەی زۆر، غڕابووە بە سەروەت و سامان و دەسەڵاتەکەی، بە بێ بیرکردنەوە لە گەورەیی خوداو بەخششی خودایی، بە هەژارە باوەردارەکە ئەڵێت: من سامانی زۆر زیاترم هەیە لە تۆ ماڵ ومنداڵیشم بە هێزترە لەوانەی تۆ.
رۆژێکیان ئەچێتە سەردانی باخ لەگەڵ هەژارەکەدا ئەکەونە گفتوگۆ و بە لەخۆبایی بوونەوە لە بەرخۆیدا ئەڵێت، گومان نابەم کە ئەم باخ و باخاتە هەرگیز لەناو بچێت، واش نازانم قیامەت بەرپابێت، سوێند بە خودا ئەگەر بگەرێمەوە بۆ لای خودا دوای مردن، ئەوە دڵنیام لای ئەویش جێگەو ڕێگەو چەندەها باخی ڕازاوەی لەمە باشترم بۆ ئامادە کراوە.
هەژارە باوەردارەکەش پێی ئەڵێت: ئایا باوەرت نەماوە بە خودا بەو زاتەی کە لە سەرەتا تۆی لە خاک دروست کردووە؟! پاشان لوقمە گۆشت بوویت، پاشان کردویتی بەو پیاوە؟ هەژارەکە بەردەوام ئەبێت لە قسەکانی و پێی ئەڵێت: من دەڵێم خودا بەدیهێنەری هەموو بونەوەرە، هەر ئەو پەروەردیگارمە، هەواڵ و شەریکیشی بۆ بریار نادەم، دەبوا تۆش کاتێک دەچویتە ناو باخەکەت بتوتایە: ماشاواللە، هەرچی خودا ویستی لەسەر بێت هەر ئەو دەبێت و ئەم هەموو نازو نیعمەتە بەخششی خودایەو بەهەر کەس بیەوێت دەیبەخشێت، هیچ هێزو توانایەک بۆ هیچ کەس نیە تەنها بە هۆی خوداوە نەبێت، لەگەڵ ئەوەی تۆ من ئەبینیت ماڵ و سامان و نەوەم لە تۆ کەمترە، هیواشم وایە پەروەردیگارم لەو باخەی تۆ زیاترم پێ ببەخشێت لە دنیاو قیامەت، بە دووریشی مەزانە لە ئاسمانەوە بەڵایەک بۆ باخەکەت بنێرێت بیکاتە زەویەکی ڕووت و وشک، یاخود دوورنیە ئاوی باخەکەت ڕۆبچێت و هەرگیز نەتوانیت بەدەستی بهێنیتەوە و وشکبێت.
سەرئەنجام پێشبینی پیاوە هەژارو باوەردارەکە هاتەدی، سەروەت و سامانی پیاوە خاوەن باخ و بەدەسەڵاتەکە لەناو چوو و هەمووی لەناو برا، ئینجا بەدەم ئاخ و داخ و هاناسەی ساردەوە دەستی دەدا بەیەکداو، لەگەڵ ئەوەی کە هیچی بۆنەمایەوەو بەسەر یەکدا تەپی بوو، لەجێی خۆیدا کاول بوو، ئەوسا دەیوت: خۆزگە من هەڵەی وام نەکردبایەو خۆم توشی تاوانی وا نەکردبایەو هەواڵم بۆ خودا بڕیار نەدایە، پابەندی باوەر و باوەڕم دامەزراوبایە بە خۆدا. بەرامبەر هەژارو نەدار و بێدەسەڵات وام نەوتبایە.)

کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان ئێوەش پێش ئەوەی سەروەت و سامان و دەسەڵاتەکەتان بەڵای بەسەر بێت بە خۆتاندا بڕۆنەوەو بیربکەنەوە، ئەو هەموو سەروەت و سامانەتان بەسەریەکەوە ناوە، نە سوپاسی خودا ئەکەن و نە گوێ بۆ هەژارو نەدارەکان ئەگرن نە گوێیان پێئەدەن و نە بەزەییتان پێیاندا دێتەوە.
بەردەوام نازبەسەر میللەتی هەژار ونەداردا ئەکەن و خەریکی خۆتان و ماڵ و منداڵی خۆتانن و بیگوێدانە میللەت، وا ئەزانن ئەو سەروەت و سامان و ماڵەتان بۆخۆتان دروستان کردوەو بەرهەمتان هێناوە، نازانن کە تاقیکردنەوەی خودایەو خودا لیتان ئەپێچێتەوە، لەوەی هەتانەو کۆتان کردۆتەوە، چۆن کۆتان کردۆتەوەو بۆچی کۆتان کردۆتەوەو لەچی سەرفتان کردوەو سەرفی ئەکەن.
لەگەڵ ئەوەی کە ناتوانن خۆتان لەبەر هێزی خوداو بەڵای خودایی بگرن ئەگەر خوداش مۆڵەتی زیاترتان پێبدات و نەکەونە بەرشاڵاوو ئاهو ناڵەو هاوارو تۆڵەی میللەت دڵنیابن ناتوانن خۆتان لە مردن بپارێزن و مردن مۆڵەتتان پێنادات و ناتوانن هیچ لەگەڵ خۆتان بەرن لەگەڵ ئەوەی پیری و نەخۆشی و بەڵاو موسیبەتیش لەرێگاتانە.

بۆ بیرێک لە خۆتان و دوارۆژی خۆتان و ماڵ و منداڵتان ناکەنەوە بۆ ئاورێک لە میللەتە هەژار ونەدارو مەزڵومەکەتان نادەنەوە، بۆ بە مێژودا ناڕۆنەوەو پاند لە مێژوو وەرناگرن، ئەزانین سەروەت و سامان و ماڵ و منداڵ و رابواردن مەشغوڵی کردون کاتی خوێندنەوەتان نییەو پەند لە مێژوو وەرناگرن، بەڵام بە چاوی خۆتان ئەبینن زۆردار و زاڵم و کاربەدەستە ناپاک و زۆردارەکاندا چییان بەسەر هاتوو چییان بەسەر دێت.

بیربکەنەوە خودا چی بەسەر قەزافی و بن علی و حوسنی نا موبارەک و هاو شێوەکانی داهێنا بەدەستی ئەو میللەتانەی کە چەندان ساڵ بوو ئازاریان ئەدان و ئەیان چەوساندەوە، بە فەرمانی ئەوان سەروەت و سامانی نیشتیمان و میللەتەکانیان بە فیرۆئەدراو میللەتش لەهەژاری و ئازارو بێ ژیانیدا ئەچەوسێندرایەوە بەدەستی جەللادو کاربەدەستەکانیان، بیر بکەنەوە ئەوان توانییان چی لەگەل خۆیان بەرن، تا کەی بە خۆتان دا ناچنەوە بیر لە میللەتتان ناکەنەوە دڵنیابن ناتوانن لە بەر هێزی خودا خۆتان پەنا بدەن پێش ئەوەی خودا وەک خاوەن هێزو باخ بەڵاتان بەسەر بێنێت چاوێک بە خۆتان دا بگێرنەوەو ئاورێکی وەفاداری لە میللەتەکەتان بدەنەوە. دڵنیابن کاتێک موفلیس ئەبن دەست لەیەکدان و ئاخ و داخ و هەناسەی سارد هەڵکێشان داتتان نادات، ئەگەر نەشکەونە بەر ئاهو ناڵەو هاوارو هێزی میللەت، ئەوا چاوەروانی بەڵای خودا بکەن چونکە ئێوە زیاد لە پێویست لەبەرامبەر میللەت و بەخششی خودادا زیاد ڕەویتان کردوە.

تەواوەی بەسەرهاتی دووپیاوەک لە قورئاندا سورە الكهف ئایەتی ۳۲ بۆ ۴۴ هاتووە, بە تەواوی یۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی ئەیانەوێت زیاتر لەو بارەیەوە بزانن و بخوێنەوە کە من لێرەدا بە کورتی ئیشارەم پێکردوەو باسم کردوە، نە تەفسیری ئایەت بە ئایەتم کردوە نە تەواوی بەسەرهاتەکەم نوسیوە،تەنها مەفهومێکی بەسەرهاتەکەم نوسیوە، نەمویست بابەتەکەم زیاتر بێت چونکە هەندێک خوشک و برا گلەیی ئەوەیان کردوە کە نوسینەکانم دورو دڕیژن، بۆیە بەس کورتەیەک لە باسەکەم نوسی وەک بیرهێنانەوە، بەو هیوایەی کە جێگای خۆی گرتتبێت و مەبەستەکەم گەیشتبێت و سودبەخشبێت.

نەسرەدین ڕەببانی
۲۰۱۲/۱۲/۲٦
Email: [email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە