کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن چوار په‌رله‌مانتاری گۆڕان

Wednesday, 02/06/2010, 12:00


به‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵێك له‌ رۆژنامه‌و سایتی ئاوێنه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چوار په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان پاره‌ی ئۆتۆمبێله‌كان له‌ په‌رله‌مان وه‌رده‌گرن، روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن هه‌رچوار په‌رله‌مانتاره‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌.


سلێمانی، ئاوێنه‌: پاش ئه‌وه‌ی 21 په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان له‌یاداشتێكدا رایانگه‌یاند كه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وه‌رناگرن كه‌ بڕیاره‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل به‌ په‌رله‌مانتاران ده‌ده‌رێت، رۆژنامه‌و سایتی ئاوێنه‌ هه‌واڵێكیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ چوار ئه‌ندام په‌رله‌مانی سه‌ربه‌ فراكسیۆنی گۆڕان ئه‌م بڕه‌پاره‌یه‌ وه‌رده‌گرن.

په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر لیستی گۆڕان، سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج له‌ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا له‌لایه‌ن خۆی‌و سێ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی دیكه‌ی گۆڕان (عه‌بدولڕه‌حمان حسێن، بورهان ره‌شید گوڵه‌، دكتۆر رێباز فه‌تاح) به‌ سایتی ئاوێنه‌ی راگه‌یاند "كاتێك ئه‌و ته‌ڕه‌حه‌ هاته‌پێشه‌وه‌ بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان، ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی گۆڕان هیچمان له‌گه‌ڵیدا نه‌بووین‌و ره‌تمانكرده‌وه‌، له‌و كاته‌دا چه‌ند ته‌ڕحێكی به‌دیل پێشنیاركرا، یه‌كێك له‌و ته‌ڕحانه‌ كه‌ له‌ناو فراكسیۆن پشتگیرییه‌كی زۆری لێكرا ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ بكڕدرێت‌و دواتر پاش كۆتایی خولی په‌رله‌مان، راده‌ستی په‌رله‌مان بكرێته‌وه‌، ته‌ڕحێكی دیكه‌ هه‌بوو كه‌ من خۆم به‌جدی لایه‌نگری ئه‌م ته‌ڕحه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م پاره‌یه‌ وه‌ك سولفه‌‌و قه‌رز بدرێته‌ په‌رله‌مانتاران بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل دواتر مانگانه‌ له‌سه‌ر موچه‌كانیان كه‌مبكرێته‌وه‌، به‌م شێوه‌ی په‌رله‌مانتارانێك ئه‌گه‌ر پێویستیشی پێی نه‌بوو ده‌یتوانی بۆ پێداویستییه‌كانی دیكه‌ی به‌كاری بێنێت‌و ناچاری هیچ ده‌سه‌ڵات‌و لایه‌نێك نه‌بێت.

سه‌رهه‌نگ وتی "ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م چه‌ند رۆژی دواییدا له‌هه‌ولێر روویدا‌و ئه‌و 21 براده‌ره‌ی ئێمه‌ ئه‌و بڕیاره‌یان ئیمزاكرد، ئێمه‌ له‌ سلێمانی بووین، ته‌له‌فۆنیان بۆ ئێمه‌كرد كه‌ بڕیارێكی به‌په‌له‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ رهایی رتبكرێته‌وه‌، ئێمه‌ش له‌وێ نه‌بووین نه‌مانتوانی ئیمزای بكه‌ین، ئه‌مه‌ش خراپ كه‌وته‌وه‌‌و له‌لایه‌ن هه‌ندێ خه‌ڵكه‌وه‌ نان‌و پیازی پێوه‌خورا‌و، به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك ده‌زگای میدیابی ئه‌مه‌ به‌ سه‌ره‌تای ئینشقاق له‌نێو فراكسیۆن‌و له‌نێو گۆڕان لێكدرایه‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "راسته‌ له‌ نێوگۆڕان‌و له‌نێَو فراكسیۆندا رای جیاواز له‌سه‌ر شته‌بچوكه‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر هێڵه‌گشتییه‌كان یه‌ك بنه‌ما‌و بۆچوونمان هه‌یه‌. ئێمه‌ وه‌كو ئه‌و چواربراده‌ره‌ وه‌كو مه‌بدأ بۆ مه‌سه‌له‌ی ره‌تكردنه‌وی پاره‌ی ئۆتۆمبیله‌كان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵیدابووین، به‌ڵام وه‌ك بۆچوون له‌نێو ئه‌و چواربراده‌ره‌ی ئێمه‌دا دوو بۆچوون هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ وه‌ربگیردرێن‌و دواتر پاش كۆتایی خوله‌كه‌ بدرێته‌وه‌ به‌په‌رله‌مان، چونكه‌ په‌رله‌مانتار هه‌یه‌ ئۆتۆمبێلی نیه‌، یان هی خزم‌و كه‌س‌وكاری پێیه‌‌و یان به‌ ته‌كسی هاتوچۆده‌كات، من بۆ خۆم پشتوانی ئه‌و ته‌رحه‌ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌م پاره‌یه‌ وه‌ك سولفه‌ بدرێته‌ په‌رله‌مانتاران‌و دواتر له‌سه‌ر موچه‌كانیان مانگانه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌. ئێمه‌ ئه‌مه‌ بۆچوونمانه‌‌و هه‌رچیه‌كی دیكه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ بوترێت ئه‌سڵ‌و ئه‌ساسی نییه‌".

وتیشی "مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ئاوێنه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ پاره‌كه‌ دێته‌سه‌ر حسابمان، ئێمه‌ خۆمان زانیارییه‌كی وامان نییه‌، به‌ڵام هه‌ركاتێك ئه‌و پێشنیارو ته‌رحانه‌ی ئێمه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت‌و پاره‌كه‌ هاتبێته‌ سه‌ر حسابه‌كه‌مان، ئێمه‌ له‌ماوه‌ی 20 ده‌قیقه‌دا پاره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كه‌ی خۆی".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان له‌كۆتایی روونكردنه‌وه‌كه‌یدا وتی "ئێمه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو له‌یه‌كه‌م ده‌رفه‌تدا ده‌چینه‌ په‌رله‌مان‌و ئه‌و كێشه‌یه‌ یه‌كلایی ده‌كه‌ینه‌وه‌".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە