نەوشیروان مستەفا لەسەر سەربانەکەی زەڵێ چی بە مەسعود وت ؟ ئەم جارەش لە سەری ڕەش ئامۆژگاری چی کرد؟
Sunday, 29/04/2012, 12:00
لەکاتێکدا ئەم چەند دێڕە بۆ ئەم سایتە بوێرە دەنێرم، سەر بە هیچ گروپێکی سیاسی نیم بەڵکو تەنانەت ڕقم لە سیاسەت و سیاسەت کردنیش دەبێتەوە ، بەڵام بۆ مێژو بە واجبی دەزانم بیرەوریەك بگێڕمەوە کە بەشیکە لەدیمەنە سەرنج ڕاکێشەکانی ڕۆژە سەخت و چارەنوس سازەکان، بەتایبەتیش لەم کاتەدا کە کاك نەوشیراون لە زیارتی بنەماڵەیەکدا بو کە چی خراپە هەیە ، چی پیچەوانەی قانونی ئەرز و شەرعی ئاسمانە ، لە بیست ساڵی ڕبردودا ئەم بنەماڵەیە بەرامبەر بە میللەتی کورد کردویانە بە بێ ئەوەی بە ڕێکەوتیش فیشەکێکیان بە دوژمنەوە نابێ.
. ڕۆژەکەیم بە ڕێکی بیر نەماوە بەڵام یەك دو ڕۆژێك بەر لە ڕاپەڕینی قەڵادزێیەکانی ئۆردوگای خەبات و ڕانیە بو، نەوشیروان لەسەر سەربانە قوڕەکەی مقەڕەکەی زەڵێ پیاسەی دەکرد و خێرا خێرا جگەرەی دەکێشا بەڵام لە ئەوپەڕی توڕەیی دابو، هەر لەبەر خۆیەوە بۆڵە بۆڵی ئەکرد و وەك جوێندان جوێنی ئەدا.
لەپڕ وتی" ئاخر ئەگەر ئێستا چوار پێنج پێشمەرگەی بۆ ئەنێرم بە جەلب کراوی بۆم دەهێننە ئێرە کێ دەڵێ خەتاتە، ئەم کابرایە ڕۆحی چوە ئەوەتە میلەتێك لە بن تۆپ و تەیارەی سەدامدا ئەناڵێنێ کەچی ئەم کابرایە ناوێرێ لە حدودەکانیش نزیك ببیەتەوە"
کادرێکی ئەوکاتەی ڕاگەیاندن(کوردی فەیلی بو) وتی کاك نەوشیروان مەبەستت کێیە؟ نەوشیروان وتی "کاکە مەبەستم ئەم مەسعودە...یە ،
ئەوەتا چەند ڕۆژە من چاوەڕێی دەکەم، ڕۆحی چوە ناوێرێ ئێران بەجێ بێڵێ، ئاخر کاکە مەعقولە ئەوەتا ئێمە خەڵك و پێشمەرگەمان حازر کردوە، هەموی چاوەڕوانی ئێمەن"
هەر لەوێ نەوشیروان باسی ئەوەشی کرد کە بۆ دەیەوێ مەسعود یش لەگەڵ خۆیدا بەرێتەوە بۆ کوردستان، باسی ئەوەی کرد ئەمڕۆ ڕۆژێکی چارەنوس سازە بۆیە دەیەوێ کورد بەیەکەوە بن، ئەگەر نا هیچ پێویستی بە مەسعود و پارتی نەبو، ئەوەشی ڕونکردوە کە یەکێتی هەمو ئامادەییەکی بۆ هەڵسان و ڕاپەڕین کردوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بونی مەسعودی پێ باش بو، بە تایبەتی لەبەر جاشەکان کە زۆربەی هەرە زۆریان لەسەر داوای ماڵی بارزانی بۆ تێکدانی شۆڕشی نوێی یەکێتی بوبون بە جاش و ڕاوی پێشمەرگەیان دەکرد.
هەفتەی ڕابردوش لە سەردانێکی گوماناویی دا بۆ سەری ڕەش نەوشیروان مستەفا لەگەڵ مەسعود دا کۆبۆوو، بەڵام ئەمجارەیان بە شێوازێکی دیکە و لە قۆناغ و دۆخێکی دیکەدا، کە بارزانیی کوێرانە بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەکەی خەریکی سەرقاڵکردنی خەڵکی کوردستانە بە دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستانەوە، بۆ ئەوەش خەریکە کورد لە لێواری کارەسات و ئاشبەتاڵێکی دیکە نزیك ئەکاتەوە.
زۆر وترا لەسەر ئەم سهردانه و زۆر ڕەخنەگیرا بەڵام کەمتر لەسەر ناوەرۆکی کۆبونەوەکە نوسرا.
لەوکۆبونەوەیەدا بەڵێ باسی دەوڵەتی کوردیی کرا، هەروەها نەوشیروان ئامۆژگاریی مەسعودی لەو بارەیەوە کردوە، بەڵام ئهمجارهیان وەك ئەوەی زەڵێ نا کە مەسعود وەك پیاوێکی نامۆ و هەڵهاتوی ئاشبەتاڵ بەڵکو وەك سەرۆك کە شەرعیەتی لە هێنانەوەکەی لە زەڵێ وە و لە دەبابەکانی ٣١ی ئابی سەدامەوە وەرگرتوە.
لە کۆبونەوەکەدا نەوشیروان دو ئامۆژگاری مەسعودی کردوە، یەکەمیان گوشاری زیاتر بخاتە سەر بەغدا بەوەی کە لەمانگی ٩ ی ئەمساڵدا ڕیفراندۆم لەسەر سەربخۆیی کوردستان ئەکا ئەگەر تا ئەوکاتە بەغدا کێشەکانی لەگەڵ هەرێم چارەسەر نەکا. ئامۆژگاری دووههم پێك هێنانی لیژنەیەکی باڵا و دەست ڕۆیشتو لە هەمو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بۆ گڤتوگۆ لەگەڵ بەغدا و دورکەوتنەوەی سەرۆکی هەرێم لە هەڕەشە و گوڕەشەی نا پێویست.
دوای تێپەڕبونی هەفتەیەك بەسەر ئەو سەردانەدا، ئەوەتا ئەنجامەکەی ئاشکرا دەبێ بەڵام ئەمەشیان وەك دەستپێشکەریی و سەروەریەك بۆ مەسعود و بنەماڵەکەی، بێ ئەوەی ناوی نەوشیروان و هێچ کەس و لایەنێکی کوردستان لە کولەکەی تەڕیشدا بهێنرێ.کەواتە خەڵکینە کێ ماڵی مەلا مستەفای هێنایەوە و کێ کردنی بە کەڵەگای خەڵکی کوردستان و کێش ئێستا ئامۆژگاریان ئەکا و ئەیەوێ لە هەڵدێر ڕزگاریان کا؟
پێشمەرگەیەکی ڕاگەیاندنی شاخی یەکێتی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست