کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جێگرى سەرۆك و تەمسیلەكەى سلێمانى

Saturday, 19/05/2012, 12:00





ئەگێرنەوە ئەڵێن لەسەردەمى خەلیفەكانى ئیسلامدا بۆئەوەى خەلیفە و ئەمیر ئاگاى لەرەعیەتەكەى بێت وبزانێت ئیش و كارو ژیان و گوزەران و مامەڵەى هاوڵاتیان چۆن ئەڕوات بەِرێوە و مەسئول و وەزیر و گزیرەكان هەڵسوكەوت و رەفتاریان لەگەڵ خەڵكیدا چۆنە و چەند دڵسۆزن ولە خەمى دەولًَەت و مەملەكەدان و تا چ ئەندازەیەك بەهاناو كێشەو گرفتى خەڵكەوە ئەچن؟ ئەهاتن بەرگێكى سادەو ساكارو شڕۆڵەیان لەبەر ئەكرد و بە نهێنى و شاراوەیی خۆیان ئەكرد بەناو خەڵك و دائیرەو شوێنە تایبەتەكاندا ،تاكو بەچاوى خۆیان ببینن و بزانن والى و كاربەدەستانى ئەو شوێنانە تاچەند لە بەرامبەر ئەركەكەیان راستگۆ و نەزیه ودەست پاكن و بەویژدانەوە كار ئەكەن؟؟. ئەمەى عەرزمكرد ئەیسەلمێنێت كە هەزاران ساڵ لەمەو پێش و دەیان سەدە لەمەوبەر ئەو ئەمیرو و خەلیفانە لە خەمى خەڵك و میللەتدا بوون لەپێناوى گەڵ و وڵاتدا درێغیان نەكردوە و بەوپەڕى ویژدان و لێپرسراوێتیەوە ئەركى سەرشانى خۆیان راپەڕاندووە.
ئیستاش كە هەزار و ئەوەندە ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەو سەردەمەدا ، هەرباشە لەم ئاخر و ئۆخیریەدا حكومەتەكەمان بیری كەوتۆتەوە كە میللەت مەزڵومە وناهەقى بەرامبەر ئەكرێت كاربەدەست و مەسئولەكان شولًیان لێ هەڵكێشاوە و بەكەیفى خۆیان چیان بوێت ئەیكەن وهەتا بڵێت گەندەڵن و شەڕواڵپیس و ناعادیل و دزن و یارى بەهەست و نەستى هاوڵاتیان ئەكەن، شارێكى وەكو سلێمانیش كە دەیان ساڵە ئیهمالكراوە و كەس خۆى ناكات بەساحێبى ئیلا لە عانى لێقەومانى خۆیان و ئینتیخابات نەبێت دێتەوە بیریان، بۆ ئەوەى ئەوجێگرى سەرۆكە بەڕێزە هەنێك خۆى شیرین بكات و بەخەڵك و شار بڵێت ئەوەتا من گوێ بیستى خەمەكانتانم، ئێوەش ئەى خەڵكى بەشخوراو و ستەملێكراو لەمەولا من دەبمە چاودێر و سەرپەرشت و رەقیب و نایەڵم چیتر هەقتان بخورێت و یارى بە كەرامەتتان بكرێت، من ئەبمە داكۆكی كار و پشتیوانتان، بیخەم بن ئیدى ژیان بەكامى دڵى خۆتان ئەبێت.. بەڵام بەداخەوە بەڕێزم ئەوەى كە بەڕێزت پێى هەڵدەستیت و دیعایەى بۆدەكەیت لە تەمسیل و شانۆ و سینارێوو دراما زیاتر هیچى تر نییە، با بەبەڕێزت بلێم یەكەم : لەقوتوى هیچ عەتارێكا نەبووە كەسى چاودێرو مەسئولى تایبەت بە موحاسەبەو لێپرسینەوە لە ناڕەوایى و گەندەڵى و سەرپێچى بیەوێت بەدواداچون و لێپرسینەوە و موتابەعەى شوێنێك بكات پێشتر رۆژەكە دیاری بكات و بڵێت ئەوە بڕیارمدا رۆژانى پێنج شەممە لە سلێمانى دەوام بكەم!!، بەڕێزەكەم تۆ بەو كارەت چەندین دەرگاى گەندەڵى و ناعەدالەتی دەخەیتە سەر پشت،هەرچەندە بۆ من جوان نییە پێت بڵێم و رێنمایت بكەم چونكە بەڕێزت جێگرى سەرۆك وەزیران وئەندام مەكتەب سیاسیت، منیش بابایەكى هەش بەسەر و نەناسراوم ، بەڵام ناچارم لەبەر خاترى ئەوەى كەمن خەڵكى شارم و باب و باپرم وچەند پشتم لەم شارەدا ژیاون ، من دڵسۆزم بۆ ئەم شارە ، من خەمى هەر بستە خاكێكیمە،منم لەگەل هەر ناڕەوایى و ناهەقی و زۆرداریەك كەلەهەمبەرى دەكرێت شین دەگێڕم و شێت دەبم ،منم پێم خۆشە سەرجەم مرۆڤەكانى ئاسودە وكامەران و خۆش گوزەران بن،منم پێم خۆشە كەبەردەوام بزەو خەندە لە سەر لێوى مناڵەكانى بێت، منم لەگەڵ هەربەلا َو نەهامەتیەك قوڕ دەپێوم من و كەس و كارم بوین بۆ بەرزو پیرۆز راگرتنى شار وسەر شۆڕنەكردنى بە دوژمنان و ناحەزان خوێن و فرمێسكمان بۆى كردوە بەخەڵات .نەك تۆ و كۆمەڵێك لەبرادەرانت كە غەریبن و هیچ دەربەستى شار نایەن ، چونكە نەخەڵكى شارن و نە پشتتان بەهیچ شتێكى ئەم شارە ئێشاوە و زۆر و زەحمەتیتان بۆى چێشتوە، ئەكرێت بزانم لەماوەى ئەو پۆستانەى كە وەرت گرتووە و لە دەسەڵاتدا بویت چەنێك پڕۆژە و كارت بۆ شار و خەڵكەكەى كردووە چەند ئاوێزانى خەم و نەهامەتیەكانى شارەكەم بوویت؟؟ بۆیە پێت ئەڵێم دیاریكردنى رۆژى پێنج شەممە شتێكى گاڵتە جاڕانەیە و، یاریكردنە بە هەست و ئیحساسى خەڵكانى شار، تۆ بەوە بوارى زیاتر دەرخسێنێت بۆ ناڕەوایى وفرت و فێل، ئەدى رۆژەكانى تر خوا دروستى نەكردون؟؟ باشە من لە یەك شەممە تا چوارشەممە گەندەڵم . دزم، بەرتیل خۆرم، دەوام ناكەم، ئیهمالم.... و كەس نیە موحاسەبەم بكات،بەڵام پێنج شەممان لەبەر ئەوەى معاون رەئیس تەشریف دێنیت ئەبم بەشەریفى مەككە و لەسەباى ێاڵحانەوە خۆم ساز و ئامادە ئەكەم و چاوەڕوانى پێو قەیەمى بەرێزتم ،ئەمەیان چەندى بەچەندە؟؟ یان بۆ ئەوەتانە تەبلیغى مەسئول و كاربەدەستەكانى لایەنگرى خۆتان بكەن لەو تەمسیلەدا ئەكتەرێكى باش بن ، روڵێكى شایستە بگێرن و لەبەردەم كامێرادا رووى جوانی خۆت و حیزبەكەت دەرخەن؟؟ . دووەم لەوەش مەهزەلەتر ئەوەیە بەڕێزى پێش ئەوەى بچێت بۆ شوێنەكە و بەسەرى بكاتەوە ئاگادارى ئەو دائیرەو فەرمانگەیە ئەكات،كە بەنیازە بۆى بچێت. جا بەڕێزم من وەكو هاوڵاتى و كەسێكى بەئەمەكى ئەم شارە عەرزى جەنابتان ئەكەم كە واز لەونەریتە كۆن و تۆز لێ نیشتوە بهێنن، ئەگەر بەڕێزتان بەڕاستى و جددى لەخەمى شارو هاونیشتمانیەكانیدان و ئێستا بێتان زانیوە كە لەبەرامبەرسۆز و وەفاو ئەمەك و دڵگەورەیى و لێبوردەیى شاردا كەم تەرخەم و بێوەفابوون، ئەتانەوێت پاداشتى بدەنەوە و جارێكى تر سلێمانى هەستێتەوە سەرپێ خۆى و رۆحى بە بەردا بكەنەوە و فەرق و جیاوازى لەگەڵ هەولێر و شوێنەكانى تردا نەمێنێت، سەرەتا لەخۆتانەوە دەست پیًَبكەن لە هەست و ویژدانى خۆتانەوە، هەریەك لەئێوەى نامۆ و نابەڵەد بەم شارە بەهۆى سلێمانى یەو پێگەیشتن و ناسران، شار بوو لانكەى شۆرش ِبوو، شاربوو پایتەختى رۆشنبیرى بوو، شاربوو مال ََو حاڵ و پەناگەى هەزاران ئاوارەى وەكو ئێوە و كەس و كارتان بوو، شار بوو قەڵاى بەرگرى و بەرخودان بوو، شاربوو دەیانى وەكو ئێوەى دروست كرد، شاربوو خێرو بێرى بەسەرتاندا باراند، شاربوو لێوان لێوى كردن لە شادى، شاربوو كە ترومبێل و ژنى تازەو ماڵ و حال َو ڤێلا ودۆنمە زەوى و هەرچى رەفاهیەت هەیە پێى بەخشین، شار و رۆڵەكانى بوون هەزاران قوربانیان دا بۆ بەدیهاتنى ئەم رۆژەى كە ئێوە تیایدا بوون بە بەرپرس وخاوەن سوڵتە، ئیدى ئێوەش بێ ئەمەك مەبن، كاتى هەق و حسابە، كاتى ئەوەیە كە ئەو قەرزانەى لە ئەستۆتانە پێى بدەنەوە ، بە چی و چۆن دەیدەنەوە؟ ئاشكرایە بەخزمەتى زیاترى خەڵكەكەى و خاكەكەى، بەپڕۆژەى جوان و رازاوە، بە ئاوڕلێدانەوە و سارێژكردنى برینەكانى، بە لابردنى بەرپرسان و كاربەدەستانى ساختە چى و گەندەڵ و هیچ لەبارا نەبوو، بەدانانى كەسى شیاو وئیش كەر لەسەر بنەماى دڵسۆزى و چالاكى و لێهاتوى ، نەك لەبەر خاترى حزبەكەت و مەحسوبیەت، بەمە شار بەرەو پێش دەچێت و گەشە دەكات ،نەك بەزیارەت و تەشریفات(بەحەڵوا حەڵوا ،دەم شیرین نابێت)



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە