کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچى جێگرى سەرۆكى هەرێم دیارى ناكرێت.. جێگرى پۆستەكان هەمیشە دەبنە قوربانى ململانێى نێوان دوو حزبەكە ..

Saturday, 23/01/2010, 12:00


سایتى یەكگرتوو ئەگەرچى نزیكەى پێنج مانگە (مەسعود بارزانى) سەرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ جارێكى تر وەك سەرۆكى هەرێم دەست بەكار بووە بەڵام تا ئێستاش جێگرەكەى دیارى نەكراوە , لەگەڵ ئەوەى بە پێى یاساى سەرۆكایەتى هەرێم ژمارە (1)ى ساڵى (2005) لە مادە (13) دەڵێت :" (سەرۆكى هەرێم كەسێك وەك جێگیرى خۆى دادەمەزرێنێت ,كە لە هەمانكاتدا جێگرى فەرماندەى گشتى هێزە چەكدارەكانە لەكاتى ئامادە نەبونى سەرۆكى هەرێمدا جێگرى دەگرێتەوە .)
بەڵام دواتر پەرلەمانى كوردستان هەندێك بڕگەو مادەى لەو یاسایە هەمواركرد ,یەكێك لەو مادانەش كە هەموار كرا مادەى (13)ى ئاماژە پێكراو بوو .
كە بە یاساى ژمارە (2)ى ساڵى (2006) ە. لە مادەى (1بڕگەى 2) دەڵێت :" (سەرۆكى هەرێم جێگرێكى دەبێت كە لە كاتى ئامادە نەبونى دا جێگەى دەگرێتەوە .)
دیارە لە ڕووى یاساییەوە ئەم بڕگەیە بە بڕگەیەكى ناكامڵ هەژماردەكرێت و یەكێك لەو ڕەخنە یاساییەى كە ئاراستەى ئەم بڕگەیە دەكرێت ئەوەیە كە كات و شێوازى دیارى كردنى ئەو جێگرەى دیارى نەكردووە , ئایا ئەو جێگرە بە دامەزراندن دەبێت یاخود بە شێوازێك . ئەم بڕگەیە وەك دەوترێت بڕگەیەكى لاستیكیە وەك زۆربەى شتەكانى تر بوەتە قوربانى ململانێى نێوان ئەو دوو حزبە . بەوەى هەركات بیانەوێت و ڕێك كەوتن ئەو كات جێگرى سەرۆكى هەرێم دیارى بكرێت .
هەروەها لە پڕۆژەى ڕەشنوسى دەستورى هەرێمى كوردستان ساڵى (2007) لە ماددەى (99بڕگەى 2 دەڵێت :"(سەرۆكى هەرێم جێگرێكى دەبێت لە ئەركەكانیدا هاریكارى دەكات و لە كاتى ئامادەنەبونیدا جێگەى دەگرێتەوە و جێگرى فەرماندەى هێزى پێشمەرگەشە .)
بەڵام ئەم دەستورە لە ڕَووى یاساییەوە هیچ سیفەت و هێزێكى ئیلزامى نیە چونكە تا ئێستاش پەسەند نەكراوە .

دەربارەى هۆكارى دیارى نەكردنى كەسێك بۆ جێگرى سەرۆكى هەرێم تا ئێتا . سەرچاوە نزیكەكان لە سەرۆكى هەرێم بێ ئاگایى خۆییان پیشان دەدەن و ڕایدەگەیەنن كە ئەو بابەتە پەیوەندى هەیە بە هەردوو حزبەكە خۆیانەوە و خۆیان بڕیارى لە سەر دەدەن .
لەو بارەیەوە (فواد حسین) سەرۆكى دیوانى سەرۆكایەتى هەرێم بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند :" مەسەلەى دیارى كردنى كەسێك بۆ جێگرى سەرۆكى هەرێم هیچ پەیوەندى نیە بە منەوە , من ناتوانم وەڵامى ئەو پرسیارە بدەمەوە ,بەڵكو ئەوە پەیوەندى هەیە بە هەردوو حزبەكە (پارتى و یەكێتى) خۆیانەوە , خۆیان بڕیارى لەسەر دەدەن .
بەرپرسانى باڵاى ئەو دوو حزبەش ڕایدەگەیەنن كە دیارى كردنى جێگرێك بۆ سەرۆكى هەرێم پەیوەندى هەیە بە خودى سەرۆكى هەرێم و (كۆسرەت ڕەسوڵ عەلى) پاڵێوراوى یەكێتى بۆ ئەو پۆستە كە ئەمجارەش بە هەمان جارى پێشوتر (كۆسرەت ڕەسوڵ عەلى) دەبێتە جێگرى سەرۆكى هەرێم . ڕەدیشى دەكەنەوە كە هیچ ناكۆكیەك لە نێوان ئەو دوو حزبەدا هەبێت لەسەر جێگرى سەرۆكى هەرێم .
دەربارەى دیارى نەكردنى جێگرى سەرۆكى هەرێم تا ئێستا (سەعدى ئەحمەد پیرە) ئەندامى مەكتەبى سیاسى یەكێتى نیشتمانى كوردستان بۆ سایتى یەكگرتوو وتى :" دیارى نەكردنى جێگرى سەرۆكى هەرێم هیچ هۆكارێكى نیە وە پەیوەندیشى بە هیچەوە نیە , بەڵكو ئەوە پەیوەندى هەیە بە خودى سەرۆكى هەرێمەوە كە دەبێت لە داهاتوودا جێگرێك بۆ خۆى دەستنیشان بكات .ئەو جێگرەش بێ گومان پاڵێوراوى ئێمەیە وەك یەكێتى نیشتمانى كوردستان .
ئاشكراشى كرد :" ئێمە ئەمجارەش بە هەمان شێوەى جارى پێشوتر پاڵێوراومان بۆ پۆستى جێگرى سەرۆكى هەرێم بەڕێز (كاك كۆسرەت)ە
پیرە ڕەدى كردەوە كە دیارى نەكردنى جێگرێك بۆ سەرۆكى هەرێم تا ئێستا پەیوەندى هەبێت بە ناتكۆكى نێوان یەكێتى و پارتیەوە .
لەو بارەیەوە وتى :" دیارى نەكردنى كەسێك بۆ پۆستى جێگرى سەرۆكى هەرێم تا ئێستا پەیوەندى نیە بە گرژى و ناكۆكى نێوان یەكێتى و پارتیەوە , بەڵكو ئەوە پەیوەندى بە گفتو گۆكانى هەردوو لاوە هەیە . وە پەیوەندى بە خودى سەرۆكى هەرێم و كاك كۆسرەتەوە هەیە ,.
لەوەڵامى پرسیارێكى ترى سایتى یەكگرتوو دەربارەى ئەوەى پێت وایە بەم نزیكانە ئەو جێگرە دیارى بكرێت ؟
ئەندامەكەى مەكتەبى سیاسى یەكێتى نیشتمانى كوردستان وتى :" من نازانم بەڕاستى وەڵامى ئەو پرسیارە لاى نوسینگەى بەڕێز سەرۆكى هەرێم و كاك كۆسرەت خۆیەتى .
جێگەى ئاماژە پێدانە پێشتریش بە هۆى ناكۆكى نێوان ئەو دوو حزبەوە جێگرى سەرۆك وەزیرانى عیراق بۆ ماوەیەكى زۆر بە بەتاڵى مابوەوە لە بەغداد .




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە