لەگەرمیان بەهۆی گەندەڵی،چاوەڕوانى دادگایی كردنى سەرۆكى شارەونى كفرین
Thursday, 03/09/2009, 12:00
دواى ئەوەى لە راپۆرتى چاودێری دارایی تایبەت بە سەرۆكایەتى شارەوانیی هاتوە،چەند بەرپرسێكى حكومى ئەو شارە ئیستغلالی پلەى وەزیفییان كردووەو سەربارى وەرگرتنى خانوو،زەویشیان وەرگرتووە،بەڵام تاكو ئێستا لەلایەن حكومەتەوە هیچ لێپرسینەوەیەكیان لەگەڵدا نەكراوە،كۆمەڵەى گەنجە سەربەخۆكانى گەرمیان،داوادەكەن سەرۆكى شارەوانى پێشوى كفری دادگایی بكرێ.
سەباح عەلی رۆژنامەنوسێكى دانیشتوى شارى كفرییە لەوبارەیەوە دەڵێت((لەگەڵ ئەوەدام لەهەردام و دەزگایەكى حكومەت گەندەڵی تێداكراوە،كەسەكان بدرێنە دادگاو دادگایی بكرێن))هەروەها دەڵێت((دەیان گەندەڵیی ئاشكرا بووە حكومەت لێپرسینەوە ناكات،چونكە بەرپرسەكان لەسەرو یاساوەن))
قادرئیسماعیل گەنجێكى ترى كفرییە،دەڵێت((ئەو هەموو گەندەڵیانە ئاشكراوەو تا ئێستا حكومەت لێپرسینەوەى نەكردوە،دەخوازم پەرلەمانى نوێ كار لەسەر بنبڕكردنى دیارى گەندەڵی لە هەرێمى كوردستان بكات)).
بەپێی راپۆرتى چاودێریی دارایی ژمارە 272 لە 17/8/2004 كە كۆپییەكى دەست ئاوێنە كەوتوە،تایبەت بە سەرۆكایەتى شارەوانیی كفری ناوى هەریەك لە سەرۆكى پێشووى شارەوانیی كفری و لێپرسراوى بەشی زەویوزار هاتووە،كە سەرپێچییان كردووە لەبڕیارى ژمار 131 لە 12/12/1998 سەبارەت بەخانووى تەملیككراوو بڕیارى سەرۆكایەتیی هەرێم ژمارە 115 لە /7/7/2001،سەبارەت بە قەدەغەكردنى تەرخانكردنى زەوى یان تەملیككردنى خانوو بۆ زیاتر لەیەك كەس،سەرۆكى پێشووى شارەوانى بەفەرمانى وەزارى 21456 لە 24/11/2004 پارچە زەویی ژمارە 168/22ى وەرگرتووەو خێزانەكیشی لە 12/1/2004 دا پارچە زەویی ژمارە 128/168ى بۆ تەرخانكراوە،لێپرسراوى بەشی زەوى و زاریش لە 29/8/2000دا زەویی ژمارە 3/261ى لە كەلار وەرگرتووەو هاوكات خانووى ژمارە 41/1555ى بۆ تەملیككراوەو خێزانەكەى ئەمیش زەویی ژمارە 167/39ى لە كفری بۆ تەرخانكراوە،جگە لەوەش سەمین سابیر قادر زەویی ژمارە 1356/41ى لە 24/4/2004 دا وەرگرتووە،لە كاتێكدا پێشتر لەخانووى كارگێری خۆجێیەتى ژمارە 11/21ى لە 13/12/1998 سوودمەندبووە،بەهەمان شێوە خێزانەكەشی زەویی ژمارە 14/254ى بەپێی فەرمانى وەزاریی لە 5/4/2004دا وەرگرتووە،هەمان راپۆرت بە پاڵپشتیی یاساى"انچباگ موڤفی الدولە"هەریەك لە دڵشاد فازڵ ئەمین سەرۆكى پێشووى شارەوانى و شكور مەحمەد حەیدەر لێپرسراوى بەشی زەوى زارو ئەیهان نەجمەدین یوسف دەبێت"سحب الید"لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
كچە قوتابیەكى دیكەى شارى كفری بەناوى جوان ئەحمەد،دەڵێت"رێكخراوەكانى گەرمیان كاری زۆریان كردوە بۆ ئاشكرا كردنى گەندەڵی،بەڵام حكومەت گوێیان لێناگرێت،ئەو كچە قوتابیە ئاماژەى كرد كە دەستێوەردانى حزبی لەهەموو دامودەزگا حكومییەكان كۆتایی پێی بێت و لیژنەیەكى نەزاهەى سەربەخۆ لەكەسانى دڵسوز هەبێ بۆ چاودێری كردن بەسەر هەموو دامودەزگا حكومییەكان لەرووى گەندەڵییەوە.
عەدنان قوربانى نوێنەرى گەنجەسەربەخۆكانى گەرمیان دەڵێت((ئێمە وەكو رێكخراوە مەدەنیەكان و گروپی بەگژداچوونەوەى گەندەڵی،بۆ ماوەى زیاتر لە دووساڵە كار لەسەر دۆسیەی گەندەڵی و كەموو كوڕییەكانى ناو ڕاپۆرتەكەى سەرۆكایەتى چاودێری دارایی دەكەین،بەتایبەتى سەبارەت بە گەندەڵییەكانى سەرۆكایەتى پێشووى شارەوانى كفری،بەڵام بۆماوەى پێنچ ساڵە حكومەتى هەرێم هیچ لێپچینەوەى نەكردوە،كە راپۆرتەكە ئاراستەى حكومەتكراوە)).نوێنەرى گەنجە سەربەخۆكان باسی لە وەش كرد لەچەند ڕوژى داهاتوو هەڵمتێكى واژۆكۆكردنەوە دەست پێدەكەن لەناو چین و توێژەكانى خەڵكى شارى كفری،دواتر لەگەڵ راپۆرتەكەى دیوانى چاودێری دارایدا دەیدەنە دادگاو كارى لەسەر دەكەن،قوربانى دەڵێت((دەبێت سەرۆكى شارەوانى پێشوی كفری لەسەر ئەو گەندەڵی و كەموو كوڕییانە دادگایی بكرێت ئەنجامدەرانیشی دەستنیشان بكرێت و بە ئاسانى ئێمە وازیان لێ ناهێنین، ئەوان مافی گشتى خەڵكییان بەهەدەرداوە)).
لەوبارەیەوە نەوزاد رەشید سەرۆكى ئێستای شارەوانیی كفری دەڵێت((ئەوە پەیوەندى بەمنەوە نییە لەكاتى مندا نەكراوە،ئەوەى لەسەرمنە كۆمەڵێك زەوى لە چاودێری دارایی باسی كراوە من حجزم خستوتەسەرى)).
دەربارەى ئەوەى داوادەكرێت سەرۆكى پێشوى شارەوانى كفری دادگاى بكرێت لەوبارەیەوە سەرۆكى ئێستای شارەوانى وتى((ئەوەى حەق و یاسا بێت،من لەگەڵیدام)).
لەبارەی هۆكارى لێپرسینەوە نەكردن لەو راپۆرتەدا،دەڵێت((هۆكارەكەى بۆ كەمتەرخەمى دەیگەڕێنمەوە،دەبێت حكومەت یاسا بچەسپێنێت بەسەر هەموو دام و دەزگاكاندا)).
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست