تاڵەبانى لەنێوان بەلانسى سیاسەت ...خەرقى دەستور !!!...
Thursday, 24/05/2012, 12:00
ئایا تاڵەبانى سیاسەت بە دەستور دەكات، یاخود دەستور بەسیاسەت دەكات؟!...
(سەرۆكى كۆمار ،سەرۆكى وڵاتە، ڕەمزى یەكبونى نیشتمانیە،نمایندەى سەروەرى وڵاتە، شەونخونى لەسەر زامنبون و ئیلتیزام بەدەستور، پارێزگارى لەسەر سەربەخۆیى عێراق و سەروەرى و یەكپارچەیى و سەلامەتى خاكەكەى دەبێت، بەپێى حوكمەكانى دەستور.)دەستورى هەمیشەیى كۆمارى عێراق ساڵى 2005/مادەى(67).
بەپێى مادەى (61) كە تایبەت بە دەسەڵاتەكانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق،بڕگەى (سێهەم)، هەڵبژاردنى سەرۆك كۆمار لە دەسەڵاتى ئەنجومەنى نوێنەرانە.
هەر لە هەمان مادە(61)/بڕگەى (هەشتەم)(ب ــ1)هاتوە:بۆ سەرۆكى كۆمار هەیە داوایەك پێشكەش بە ئەنجومەنى نوێنەران بكات سەبارەت بە كشانەوەى متمانە لە سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران.
بەپێى مادەى (75)/یەكەم: بۆ سەرۆكى كۆمار هەیە دەست لەكاركێشانەوەكەى بەشێوەى نوسراو ئاراستەى سەرۆكى ئەنجومەنى نوێنەران بكات، دەست لەكاركێشانەوەكەى دەچێتە بوارى جێبەجێكردنەوە لە پاش (حەوت) ڕۆژ لە بەروارى سپاردنى بە ئەنجومەنى نوێنەران.
حوكمەكانى دەستور بدوێنە شتەكان ڕونە، لەبەر ئەوەى سەرۆكى وڵات هەڵبژاردنى لە دەسەڵاتى ئەنجومەنى نوێنەرانە(وەك لەسەرەوە ئاماژەم بۆكردووە).ڕاستەوخۆ و ڕاستەوانە وەك دەرئەنجام و بەڵگەنەویستێك بەدەقى سەرەوە (م/75/یەكەم) دەست لەكاركێشانەوەى دەداتە ئەو شوێنەى كە هەڵیبژاردووە.ئەمەش بەشێوەى (ئەشێ) هاتووە،(مولزەمى) نەكردووە.
بەڵام دەستور بەدەق مادەیەكى تێدانیە بڵێ ، دەست لەكاركێشانەوەى سەرۆكى كۆمار ئەگەر نەیدایە ئەنجومەنى نوێنەران ئەوا بیداتە سەرۆكى هەرێمێكى فیدراڵى ئەو وڵاتەى كە ئەم سەرۆكى فیدراڵە!!!...
مام جەلال بۆ ئەوەى خۆى لە مالكى ڕزگاربكات بە پێى مادەى لاى سەرەوە (61)/بڕگەى (هەشتەم)(ب ــ1)، بەم پێیە دووجار ئیلتیزامى بەئەحكامى دەستور نەكردووە :
1/ جارێكیان خەرقى دەستور سەبارەت بەدەست لەكاركێشانەوەكەى كە ئەكرا و ئەشیا ئاراستەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقى بكات. ئەم مولزەمە بە شەونخونى و ئیلتیزام بە ئەحكامى دەستورەوە. وەلێ نامەكەى بەخشیوەتە سەرۆكى هەرێمێكى فیدراڵى وڵاتەكەى ،لە كاتێكدا نە ئەحكامى دەستور و نەمادەكانى بە دەق بەلاى شتى وا نەڕۆشتوە. ئەمە ئەگەر نامەكەى ئاراستەى ئەنجومەنى نوێنەران بكردایە لە پاش (حەوت) ڕۆژ جێبەجێدەكرا، واتە تاڵەبانى هەم خۆى پاراستوە، هەمیش تۆپەكەى خستۆتە گۆڕەپانى بارزانیەوە لە ڕوبەڕوبونەوەى مالكیدا.
2/ جارى دووەم لادانى تاڵەبانى لەوەى داوا پێشنیار بكات بۆ كشانەوەى متمانە لە مالكى، لەڕێگەى ئەنجومەنى نوێنەرانەوە.
تاڵەبانى بۆ دڵڕاگرتنى مالكى لەلایەك و بارزانى لەلایەك ، خۆ دەربازكردن لەو ئەركەى لەسەر شانیەتى ڕووبەڕووى قەیرانەكانى عێراق دەبێتەوە.جوڵەیەك لە نێو كایەى سیاسى عێراق دەكاو گۆمەكە بەجۆرێكى تر دەشڵەقێنێت.
دانوسانى یارى سیاسى سەركردە عێراقیەكان بە كوردو عەرەبەوە ڕاگرتن و مانەوەیە لە سەر كورسى حوكم و دەسەڵات.
ڕووداوەكانى چوار مانگى ڕابورد مشتێكى زۆر ڕوون و ئاشكراى ئەجنداو مەلەفى سیاسەتى سەركردە حیزبیەكانى ئەم عێراقەیە،
هەر لە ڕێكەوتنى دووقۆڵى تا پێنج قۆڵى ...ڕێكەوتنى(19)خاڵى یەكەمى هەولێر ،(18)خاڵى موقتەدا،(9)خاڵى پێنج قۆڵى ، ڕێكەوتنى دووەمى هەولێر، كۆبونەوەى ماڵى موقتەدا لە نەجەف و مۆڵەتى (15)ڕۆژ بۆ مالكى و كردنى بە (90)ڕۆژ.....هەموو ئەمانە ئەوە دەسەلمێنێت عێراق لە قەیرانێكى قوڵدایە بەگشتى و هەرێمى كوردستان بەتایبەتى!!...
هەموو ئەم ڕووداوانە پێمان دەڵێت : دەستور ئەو وەهمەیە كە بۆ بەرژەوەندى و مانەوە لە حوكم و دەسەڵات چەمكێك ناوى دەستورە، وەلێ سیاسەتى مەزهەبى و تەوافوقاتى شەپڕەو هەیكەلى ڕێكخستن و ئیدارەدانى دەوڵەتى كردۆتە قوربانى، زەرەرمەندى یەكەم و كۆتایى هاوڵاتیە، چونكى دەستور لەسەر بنەماى هاوڵاتیبون نیە!!!...
بۆخۆتان لێكدانەوەبكەن: ئایا تاڵەبانى سیاسەت بە دەستور دەكات، یاخود دەستور بەسیاسەت دەكات؟!...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست