بەسەرهاتی پەزێك
Tuesday, 26/04/2011, 12:00
ڕۆژێك کاریلەیەك لەخولیای پرسیارێکیدا داپیرەی بەگیرو گاز دێنێ و نایەڵێ ماندووبونی ئەو ڕۆژەی لەگیانی دەربچێ و زوو زوو لێی نزیك ئەبێتەوەو لەپڕدا داپیرەش ئەکەوێتە بەر هێرشی باوێشك و خەوی لە ناکاو. کاریلە دوای ئەوەی لەیەکێ لەهاوڕێ نزیکەکانی گوێی لەوە ئەبێ کە ئەم دەستە پەزانە کەخێرو بێریان تەنها بۆ مرۆڤەکانە، واتە خۆیان قەڵەو ئەکەن و جەولە لەسەر جەولە گەدەی خۆیان ئەستورو ئەستور ئەکەن تا ڕۆژێ زووتر ملیان لەچەقۆی مرۆڤەکان بسوێ ، ئەمانیش واتە مرۆڤەکان دوای خواردنی ژەمێ لەگۆشتیان ، ئێتر قڕقێنەی دەبڵ و دڵە سوێرکەیان پێ بکەوێ،وەك گیانەوەری ئەهریمەنن.
کاژیلە زیاتر ئەچێتە پێشەوەو لەپڕدا بەگوێی داپیرە مەڕدا ئەشێڕێنێ و ئەڵێ: بۆ چێ ئێمە نەفرەت لێ کراوێن؟ ئەم پرسیارە، بەتەواوەتی خەون و باوێشك لە پیرە داپیرە ئەپسێنێ و هەڵتەکێك ئەکاو ئەڵێ ، کێ ناماقوڵی وا ئەکا ، ئێمە لەوەتەی هەین و هەبوین ، هەردەم بۆ خەڵکی ژیاوین و خەڵکیمان پر زگی خۆیان کردوە، کێ هەیە بەقەد ئێمە بەژمارە لێمان خورابێ، کێ هەیە لە ئێمە زیاتر کرابین بە شلە قاورمە و قۆزی و تشریب و لەزۆربەی تەعزێ و شایی و شەپۆڕەکاندا بەبۆنی گۆشتمان کونە لوتیان دوو جرتەکی نەخورابێ؟بۆ لەگۆشتی ئێـمە خۆشتر هەیە! ، کاتێ ئەچن بۆ سەیرانگاو زەماوەندەکان لەشیشمان ئەدەن و لەسەر مەقەڵی و وەجاخەکان وەك جل بەشیشماندا هەڵئەواسن و بونکڕوزامان ئەچێتە حەوت تەبەقەی ئاسمان! دەسا وەڵا گەر تامی گۆشتی ئێمە ئەوەندە خۆش نەبوایە و بۆ هەموو بۆنە و موناسەبەتێك ئێمەیان بەسەر نەکردبایەتەوە ، ئەوسا ئەمگوت وەڵا ڕاست ئەکەی.، بەڵام دوای ئەو هەموو بەڵگانەی بۆتم باسکردی، بڕوا نەکەم کەس نەفرەتمان لێ بکاو واز لەسەربڕین وگۆشت خواردنی ئێـمە بێن!! دەچێتر خۆت بەو قسە هەلەق و بەلەقانە مەشغوڵ مەکەو وەرە تۆزێ لەم جوێینە بخۆ، بەخوا دووگی سمتت وەك سەرینی پەڕۆی هەندێ لەئاغاو مەسئولەکان و دەوڵەمەندەکان زیاتر نەرم و خڕتر ئەکاتەوە. بڕوا بکە خۆ نەختێ لەم گورزە وێنجەیە بەلای مەڵاشووت ببەی، وا ئەزانێ ڕێواسە لاسورەی قەد پاڵی پیرەمەگرونە.
کەچی کاژیلەی نەرم و ئێسك سووك کە هێشتا لەیاری کردن نە کەوتوە، نایەڵێ داپیرە لەلەوەڕی خۆی بکەوێ و بڕیاری داوە کە ئەم شەو داپیرەی بەبێ کاوێژ کردن شەو بگوزەرێنێ ، بۆیە ئەم جارەش ئەڵێ : داپیرەی جوان، بەخوا لەو ڕۆژەی کەئێمەیان کردە سوتەمەنی و درێژکردنەوەی تەمەنی تاڵەبانی خەڵەفاو هەرچی هەبوو نەبوو لەمایەنەکەی سلێمانی بەیەك جار کردیانە قوربانی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو پیاوە کورد کوژە ، ئێدی بۆیە هاوڕێ ژیتەڵەکەم پێم ئەڵێ ، گەر ئێمە نەبوینایە تەمەنی ئەو گەمژەیە ئاوا درێژ نەئەبوەو ئاواش ئابڕووی میلەتێکی نەئەبرد،، ئەوەتا لەو شارەی کەهەموو مەڕەکانی کرانە قوربانی ئەو وورگ زلە، کەچی وا ئێستا عەرەبی پێ پەتی بۆ ناردۆتە سەر کوڕو کیژە نازدارەکەی و خۆی و تاقمە دزو جەردەکەی بەربونەتە گیانی شاری شێخی مەزن و خوێنکارانی زانکۆی سلێمانی ئەنفال ئەکەن.
داپیرەش ، دوای ئەوەی چی تر ناتوانێ درێژە بە ووتەکانی خۆی بدا، ئەکەوێتە پژمین لێدان و لەو پرمە پڕمەی پژمینەکانی ئەڵێ : خوا چاك بۆ ئەوە نەکا، کەئێمە بەکاردێنێ بۆ درێژ کردنەوەی تەمەنی دیکتاتۆرو دزەکان، خوا خێر بەڕێ ئەوە نەهێنێ کە گۆشتی ئێمە ئەبەخشێتەوە بەسەر گەندەڵان و مناڵ کوژانی شارو گوندەکانی کوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست