کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


قوباد تاڵەبانی هەواڵە گەرم و گوڕەكانی بەهەشت لە رۆژنامەی ئاوێنەی ئەمڕۆی سێشەممەدا بڵاوكردەوە

Tuesday, 01/03/2011, 12:00


لە ژمارە264 ئەمڕۆی رۆژنامەی (ئاوێنە)دا قوباد تاڵەبانی فیتەری سیاسی وتارێكی نوسیوە، لە وتارەكەدا دەڵێت: ئێستا شەهیدەكان لە بەهەشتەوە بۆ ئەم وەزعەی كوردستان دەگرین، ئەم دێڕە زۆر سرنجی راكێشام كە تا ئێستا كورد نەیزانیوە فریشتەیەكی هەیە لە بەهەشتەوە هەواڵ بۆ خەڵكی كوردستان دەهێنیتەوە، كورد خاوەنی ئەو بلیمەتەی بەهەشتییە، كەچی نەیتوانیوە بە جیهانی بناسێنێت ، بۆ ئەوەی لە رێگای ناو بانگی ئەوەوە كورد ببێتە خاوەنی دوڵەتی كوردی، قوباد تاڵەبانیەك بە پارەی خەڵكەوە و لە ژێر پاڵتۆكەی باوكە خائینەكەیەوە بۆبێتە نوێنەری كورد لە ئەمریكا و ئارەقی بۆ كورد نەرشتبێت، ئیتر ئەمە فریشتە نەبێت دەبێت كێ فریشتە بێت و هەواڵەكانی شەهیدەكانی بەهەشتمان بۆ بڵاو بكاتەوە؟ ئەم فریشتەیەی كورد لە ئەمریكاوە دەترسم هەواڵەكانی وەكو هەواڵەكەی كەناڵی ئاسمانی هیرۆساتی دایكی بێت كە بە پێچەوانەوە بۆ مان دەگوازێتەوە، وەكو چۆن كەناڵەكەی هیرۆسات تەقینەوەی بەر دەركی سەرای ئازادی كە هێزە سیخوڕەكانی خۆیان و هاوپەیمانە دیكتاتۆرەكەیان دایانابو، كەچی لە هەواڵەكانیاندا دەیان گوت: هیچ نیە محاویلە تەقیوەتەوە، وەكو ئەوەی بڵێیت خۆیان ئاگایان لە تەقینەوەكەو سینارۆكەی نەبوبێت.
بۆ لەمەودوا هەمو هەوڵەكانی خۆم دەخەمەگڕ بۆ بینینی قوباد تاڵەبانی فیتەری سیاسی و فریشتەكەی بەهەشت، دەبێت هەر بیبینم و چاوم پێی بكەوێت، بۆ ئەوەی واسیتەیەكم بۆ بكات كەس و كارە شەهید و ئەنفالەكانم لە بە هەشتدا ببینم، بۆ ئەوەی بزانم بۆچی دەگرین و داوای چیمان لێ دەكەن و چۆنیش ئاشت دەبنەوە، نا خۆت هەڵ مەخەڵەتێنە و واسیتەش مكەو وازیش لە بینینی قوبادی جلالیملایزم بێنە، چونكە قوبادیش كوڕی دایك و باوكێكی خاوەن داستانێك دزی و جەردەی و درۆیە وپێویست ناكات باوەڕی پێ بكەیت.رەنگە ئاغای فیتەری سیاسی مەبەستی ئەو شەهیدان بێت دەگرین كە بە دەستی چەتەكانی خۆی باوكی و ئامۆزاركەی و مەلا مستەفا و ئیدریس بارزانی ومسعود بارزانی و مەسرور و منسور و نیچیر كوژراون، بۆ ئەوە دەگرین و بێتاقەتن لە كەس و كارو دۆست و برادەرەكانیان كە تا ئیستا نەیان توانیوە تۆڵەی خۆیان لەو سەرۆكەكانی چەتەكانی بارزانی و تاڵەبانی بسێنن.
قوبادی فیتەر سیاسی بەوەشەوە ناوستێت رەخنە لە فەیلەسو ف و رۆشنبیرەكانی كوردستانیش دەگرێت و بەوەیان وەسف دەكات دەیانەوێت بە تێكدانی رەوشەی كوردستان ناو بانگی دەربكەن، لێرەوە لە قوبادی خاوەنی كۆڵێك داستنای فیتەری سیاسی دەپرسم، ئەگەر كەسێك فەیلەسوف و رۆشنبیر بێت چی پێویستی بەوەیە خۆت وەتەنی لە رێگای تێكدانی رەوشی كوردستانەوە ناو بانگ دەر بكات؟ ئەوە وەڵامەكەی بەجێ دەهێڵم بۆ رۆشنبیر و فەیلەسوفەكان با خۆیان وەڵامی ئەو كابرا فرشیتەی دزی وتاڵانچیەی كوڕەكەی جەلال ئەتاتورك بدەنەوە.
قوبادی فیتەری سیاسی داوا لە ئۆپۆزسیۆن دەكات رەوشەكە ئارم بكەنەوە، دەنا دەكەونە بەر رەخنەی هەوادارانیان، قوباد لە بەهەشەتەكەی لای خۆیەوە سەیری كوردستان دەكات و وادەزانێت گەنجان و پیران و ژنانی كوردستان لەسەر شەقامی سەرای ئازادی وەكو خۆی لە بەهەشتدا دەژین. رەخنەی شەقامی كوردی و سەرای ئازادی لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان ئەوەیە كە دەچن لە گەڵ ئێوەی مافیا و دز و گەندەڵدا دادەنیشن و سێو و پرتقاڵ و مۆز و قاوە و چای دەخۆن و پێدەكەنن، شەقامی كوردی و هەوادارانی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن توڕەن لە پیرە سیاسیەكانی خۆیان، لەبەر ئەوەی لە كاتێكدا خوێنی منداڵ وپیری كوردستان بە دەستی هێزە چەتەكانی ئێوە و هاوپەیمانە دیكتاتۆرەكانتان دەڕێژرێت، كەچی دەێن بە عەقڵی سەردەمی شاخەوە گفتوگۆ و دانوستانتان لە گەڵدا دەكەن، لە داوا و داخوازیەكانی نەوەی سەردەمی تەكنەلۆژیا و فەیسبوك تیوتەر و پاڵتاك و سایتی ئەلیكترۆنی تێناگەن و پینەی قوماشی رزی و بە قوماشی كۆن وداڕزیو دەكەن،بۆیە هەرچی پینەو پەڕۆی دەكەن هیچ سودێكی نیە.
ناهەقی فیتەری سیاسیەكەی تاڵەبانی ناگرم لە چاوی خۆیە دەڕوانێتە شەقامی كوردی، چۆنكە ئەگەر ئەم ئەزمونی تاڵانیەیان لە دەست بچێت ، ئەوە مەرگی ئەوان رادەگەیەنرێت و دەستیان دەبڕدرێتەوە لە بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵكی كوردستان و ئەزمونێكی سەردەمیانە دێتە گۆڕی كە جێگای قوباد و هاوشێوەكانی تێدا نابێتەوە.
هەر لە نوسینەكەیدا لە ئاوێنەدا باس لەوەش دەكات، كوردستان نە میسرە و نە تونس و نە لیبیاشە، منیش دەڵێم لای ئێوەی كوڕە دیكتاتۆر و مافیا تەبعەن وایە، چونكە لە چاوی خۆش گوزەرانی و رابواردنی خۆتانەوە بە سەروەت و سامانی خەڵكی كوردستانەوە دەڕواننە خەڵكی كوردستان، ئەو قسەیە پێش ئێوە سەرۆكی تونس و میسریش كردیان، بەڵام كە لافاوی تۆڕەی خەڵك هەڵسا هەمو ئەو بۆگەناوەی وەكو ئێوەیە لە گەڵ خۆیدا رایماڵین و لە بری بۆگەناوی 23 ساڵەی بن عەلی و 30 ساڵەی موبارەك ئەوتا خەریكە ژینگەیەكی پاكی دیموكراسی جیگایان دەگرێتەوە، بۆیە ئێوەش ئەوەندەتان نەماوە ئەو قسانە بۆ خۆتان وەكو دەرزی مسەكن وایە لە خۆتانی دەدەن و ئەوەی باسی دەكەن عیلاجێكی چارەسەركەر نیە تا لەو نەخۆشیە بە ئاسانی رزگارتان بێت كە دیكتاتۆرەكانی ناوچەكەی گرتوەتەوە.
تا ناردنی هەواڵێكی ترلە بەهەشتەوە لەلایەن فریشتە ی دزەكانی جیهان قوباد تاڵنیەوە و بڵاو بونەوەی لە رۆژنامەی ئاوێنەدا، بە خواتان دەسپێرم.
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە