سەرۆکی پەرلەمان بۆ بەشداری نەورۆزی نەکرد
Sunday, 22/03/2015, 12:00
دکتۆر یوسف ئەم ساڵ بەشداری هیچ چالاکیەکی جەژنی نەورۆزی کوردی نەکرد بەهەنجەتی ئەو ٣ پێشمەرگە دیلەی کە چەتەکانی داعش سەریانی لە لەشیان جیاکردوە. ئەم پاساوەی سەرۆکی پەرلەمان نەك هەر لاوازە ،بەڵکە پاساوێکە دژ بەهەموو داب و نەریتە کلتووری و نەتەوەییەکان.
پێشەکی شەهید کردنی ئەو ٣ پێشمەرگەیە ناسۆرێکی گەلێ قووڵی لەدڵی نەك هەر کورد ،بەڵکە هەموو مرۆڤایەتی جێهێشت و ئەو کارە ناڕەواو نا مرۆڤانەو هۆڤیانەی چەتەکانی داعش ئەوەندەی تر وێنەی عەرەب و ئیسلامی خستە بەر پرسیار و ئەوەندەی تریش جیهان سەراپا ئەو کارانە ڕەت ئەکەنەوەو هاوپەیمانی گەورەتر ئەبەستن بۆ نەهێشتنی داعش و هاوشێوەکانیان لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانە بن.ئێمە سەرەخۆشی لە خۆمان و گەلەکەمان بەگشتی و کەس وکارە خۆشەویستەکانی ئەو ٣ شەهیدەو گشت شەهیدانی کوردستان ئەکەین.
گەر بەمێژووی کوردا ڕۆبچین ئەوا گەلێ لەو ڕووداوانە هەن کە لەڕۆژی نەورۆز و ڕۆژەکانی تردا ڕوویان داوە . دوژمنەکانی گەلی کورد و داگیرکەرانی هەردەم ئەو ڕۆژانەیان هەڵبژاردوە بۆ کوشتاری کورد و قڕکردنیان کەلای خۆیان بەپیرۆز بوە،وەك ڕۆژانی ڕەمەزان و جەژنەکانی قوربان وەیان ئەو ڕۆژانەیان هەڵبژاردوە کە لای کورد پیرۆز بوە وەك نەورۆز و یادی سەرکردە مەزنەکانی. ئەمانە شاراوە نین و ژمارەی ئەو کەسانەی لەڕۆژانی نەورۆزدا گیراون وەیان لەلایەن دوژمنانەوە ڕاونراون وشەهید کراون ژمارەیان گەلێ زۆرە. بۆیە ئەو کەسانەی لە ڕۆژانی نەورۆزدا شەهید کراون وەیان شەهید ئەکرێن شتێکی نوێ نیە بۆمان و هەتا کورد داگیر کراوبێ ئەوا نەورۆزی داهاتووش هەمان کردەی تیرۆریستی و کوشتن و ئەنفال و قات و قڕی کورد هەر ڕووئەدا.
نەورۆز جگە لەوەی سیمبولی بەهار و سرۆشتە لەهەمان کاتدا بۆ میلەتی کورد بۆتە سیمبولی بەرخودان و بەرگری و خەبات کردن. کەواتە بوونی شەهید لەم ڕۆژەدا شتێکی گەلێ ئاساییە بۆ گەلێك کەهەوڵی ڕزگاری بدا لەداگیر کەران و دوژمنانی.بۆیە هەرگیز نابێ هیچ کوردێ واز لەم یادە نەتەوەییە بهێنێ بەهەر پاساویك بێ. کورد لەم ڕۆژەدا زیاتر لەهەموو ڕۆژێکی تر ئەبێ گوڕ و تینی خەباتی زیاتر بکا و کڵپەی ئاگری نەورۆز ئەبێ لەگەڵ ژمارەی شەهیدەکان زیاتر باڵا بکا و خامۆش نەبێتەوە.
بۆ نمونە کاتێك ئێمە نەورۆزمان ئەکرد ئەوەندەی پێ نەئەچوو قوان خاسە ئەڕژانە سەرمان و چەندینی لێ ئەگرتین و چەندینی تری لێ شەهید ئەکردین،لێ هیچ کات ئەمانە ساردی نەکردینەوە و لەشوێنکی تر درێژەمان بە نەورۆز و یادە نەتەوەییەکە ئەدا. ڕەنگە چەندین جار ئەو یادەمان لێ قەدەغە کرابێ،لێ هەر گیز کەسمان دەستمان لێ هەڵنەگرتوە.
کاتێك سەرۆكی پەرلەمان بەشداری ئەم جەژنە مەزنە نەتەوەییە ناکا تەنها پاساوێك بۆ ئەو کارەی ئەو ئەوەیە کەئەم لە ڕوانگە ئایینیەکەیەوە. ئەم وەك ئیسلامیەك ڕەفتار ئەکا و دژ بە نەورۆز هەر چیەك بۆی بلوێ ئەیکا، بۆ ئەم، نەورۆز جەژنێکی ئیسلامی نیە و لای یاساغ و حەرامە.بۆیە بە مافی خۆی ئەزانێ کە دڵی ئیسلامیەکان ڕاگرێ و نەورۆز نەکا.لای ئەم شتێك نیە بەناوی یاد و جەژنی نەتەوەیی و میلی،بەڵکە ئەو شتانە لای ئەو گرنگن کە ئیسلامین و لەبیرو باوەڕی ئەوەوە نزیکە. ئێمە پرسیاری لێ ئەکەین ئەڵێن،ئایا چەند کورد لەیادەکانی ڕەمەزان و قوربان و ڕۆژی لەدایك بوونی موحەمەد بەدەستی چەتەکانی داعش و حەشدای شەعبی و قاعیدە و تورك و فارس کوژراون،ئایا ئەو یادانەی لەخۆی حەرام کرد وەك ئەوەی لە نەورۆزدا کردی؟ من پێم وایە لەنەورۆزەکانی تریشدا خۆی لە بەشداری کردن ئەدزێتەوەو پاساوی تری بۆ ئەهێنێتەوە.
بڕوانە ئەم لینکە:
http://sbeiy.com/Detail.aspx?id=43792&LinkID=4
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست