کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داوای جێبەجێ کردنی داخوازیەکانی خەلک لە نارەزایەتیەکانی ١٧ شوبات دەکەین

Tuesday, 22/01/2013, 12:00


چەند هەفتەیەکی تر دوو ساڵ بەسەر ناڕەزایی ٦٢ ڕۆژەی خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە ستەم و سەرکوت و نایەکسانی تێدەپەڕیت. دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە پاش بیئومێدبوونی جەماوەری کوردستان لە بەدیهاتنی هەر چەشنە چاکسازیەکی کەمیش ، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، پاش خرۆشانی جەماوەری لە تونس و میسر و سەرکەوتنیان لە ڕوخاندنی دیکتاتۆرەکان، جەماوەری ستەملێکراو و ئازادیخوازی کوردستان بە شەپۆلی هەزاران کەسی ڕژانە گۆڕەپان و شەقامەکانی زۆرێک لە شارەکانی کوردستان بە دروشمە ئازادیخوازانەکانیان لاپەڕەیەکی نوێیان لە مێژووی خەباتی خۆیان تۆمار کرد. سەرەنجام دەسەڵاتدارانی کوردستان تەنها بە زەبری تۆقاندن و ڕاگەیاندنی حکومەتی سەربازیی و هێنانی هێزی چەکدار لە ناوەوە و لە دەرەوەی هەرێمەوە، توانیان ئەم سەرهەڵدانە سەرکوت بکەن و تەمەنی دەسەڵاتی پڕ لەتاوانیان درێژبکەنەوە.

دوو ساڵ تیدەپەڕێ و هیچ کام لە خواستەکانی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان بەدینەهاتوون، نایەکسانی و ناعەدالەتی لە هەڵکشاندایە، گەندەڵی تا دێ فراوانتر دەبێتەوە ، ژیرپێنانی یاسا لە لایەن دەسەڵاتداران و حزبەکان و کۆمپانیاکانیان بەرجەستەتر دەبێت، و بۆ ڕاگرتنی هەموو ئەو سیستەمە سەروبنەش سەرکوت ئاشکرا تر و بێ پەردەتر و دەستدرێژتر دەبێت. زەقترین نموونەی ئەو سەرکوتەش مامەڵەی دەسەڵاتە لەگەڵ کەیسی قوربانیەکانی ١٧ی شوبات.

خۆپیشاندانەکان هەر لەهەفتەی یەکەمەوە ١٠ شەهید و سەدان برینداری لێکەوتەوە ، بەلام تاوانبارانی ئەم تاوانە گەورانە هێشتا لە پلەو پۆستەکانیاندا ماونەتەوە یان ئازادانە دەسورێنەوە. سەرباری ئەوەی سەرۆکی(هەرێم و حکومەتی پێشوو و پەرلەمان ) بە نوسین و بڕیار پەیمانیان دا کە دەبێ دادگاکان ڕێچکەی سروشتی بەرانبەر هەموو ئەوانە بگرنە بەر کە تەقەیان لەخەلک کردوە، هاوکات پەیمانی جێبەجێکردنی هەندێ لە داخوازیەکانی خۆپیشاندەرانیشیان دا بەلام لەبواری پراکتیتکدا ، هیچ یەکێ لەو پەیمانانەی مەسعود بارزانی، بەرهەم سالح و پەرلەمان نەچۆتە بواری جیبەجێکردنەوە. بگرە بە پێچەوانەوە جگە لەوەی بەو پەیمان و بریارانە کاتیان کوشت تا نارەزایەتیەکان خامۆش ببنەوە، دادگاکانیان لە چالاکوانەکانی خۆپێشاندانەکان گرت و برایمی کاکە ئەحە و بیلال نوری و نزار محەمەد و ئەوا ئەمڕٶش دکتۆر موسەنا ڕاوەدوو دەنرێت، هاوکات دەستیان بەهەلمەتی گرتن و ئەشکەنجە و شوین بزرکردنی سەرجەم پێشەنگەکانی نارەزایەتیەکانی ١٧ شوبات کرد سیمای ترس و تۆقانیشیان ماوە ماوە بلاو دەکەنەوە .

جیگای ئەو پەڕی بێزاریە کە سەرەڕای ئەوەی گەلێک لە تاوانکارانی کوشتنی خەڵکانی بێ دیفاع بەڵگەی ئاشکرا، وێنەی فۆتۆگراف و فلیمی ڤیدیۆییان لەسەرە، کەچی هیچ تاوانبارێک لەئاست کوشتن و بریندارکردنی چەندین خۆپیشاندەر دەستگیر نەکراوە و دادگاکان لە ئاست ئەو تاوانکارانەدا داماو و دەستەوەستانن. کەسانێک کە لە کاتی تەقەکردن خەڵک دەستگیری کردوون، کەسانێک کە بە بەرچاوی کامیراوە بە دەستڕێژەوە شوێن خۆپیشاندەران کەوتووە، یان ڕاستەوخۆ تەقە لە سەری خۆپیشاندەران دەکات، نەک هیچ لێ پرسینەوەیان لێ ناکرێت، بەڵکو وەکە قارەمان مامەڵە و پاداشت دەکرێن. 

بۆیە ئێمە لە یادی ئەو ڕابوونە مەزنەی جەماوەری کوردستان و شکاندنی دیواری وەهم و ترس لە دەسەڵاتدارانی کوردستان سەرەڕای پێ داگیریمان لەسەر تەواوی خواستە ڕەواکانی جەماوەر بە پێویستی دەزانین کە ئەم ساڵ سەرەڕای بەرزکردنەوەی ئەو داواکاریانە جووڵانەوەیەکی فراوان بۆ ئەم خواستە دەستبەجێیە بێتە مەیدان:

پێویستە هەموو ئەوتاوانبارانەی تاوانیان بەرامبەر خەڵکی خۆپێشاندەر کردوە ، لەهەر پلە و ئاستێک بن لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە دەبێ تەسلیم بە دادگا بکرێن. چیتر کەس فریوی بەڵێنی ناڕاست و کات کوشتن ناخوات.


ئێمە لە کاتێکدا کە پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ داخوازیەکانی خۆپیشاندەرانی ١٧ شوبات و بنەمالەی قوربانیانی دەردەبڕین ، پەیمان دەدەین لە ولاتی سوێد کەیسەکانیان بەکراوەیی دەهێلینەوە کارو خەباتی لەسەر دەکەین وەک تاکو ئێستا کردومانە. 

هەروەها داوا لە تەواوی خەلکی کوردستان و پارت و ڕێکخراوەو کەسایەتیە مەدەنی و سیاسیەکان دەکەین کە خۆیان بۆ کارو چالاکی بۆ یادکردنەوەی ١٧ ئامادە بکەن و پیکەوە لە دەوری خواستی دادگاییکردنی تاوانبارانی کوشتاری خۆپیشاندەران کۆببینەوە کەئێمە لەشاری ستۆکهۆلم ئامادەکاری بۆ کارو چالاکی دەکەین .


گروپی ١٧ی شوبات لە ستۆکهۆڵم

‏21‏/01‏/2013

Te :0046735366757




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە