کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کەمپین ..... با شارەکانمان لەچەکدارو بارەگای چەکدار داماڵین

Sunday, 20/02/2011, 12:00


رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، یه‌كێك بوو له‌ تاریكترین ئێواره‌كانی ژیانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان. ئێواره‌یه‌ك بوو به‌ ده‌نگی خۆپیشاندانی گه‌نجانی ناڕازی ده‌ستی پێكرد، به‌ گولله‌‌و خوێن گه‌یشته‌ تاریكی، له‌نیوه‌شه‌ویشدا وه‌خت بوو بمانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دۆزه‌خی شه‌ڕی ناوخۆ.

ئێمه‌ نامانه‌وێ جارێكی تر سیناریۆی رووداوه‌كان بگێڕینه‌وه‌، كه‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان له‌زاری راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بیستوویانه‌‌و له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌لفزیۆنه‌كانیان به‌چاوی خۆیان بینیویانه‌. قسه‌ی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و عه‌قلیه‌ته‌یه‌ كه‌ ئێستاش واده‌زانێ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی كوردستانه‌. عه‌قلیه‌تێك كه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ناڕه‌زاییه‌كی خه‌ڵكدا بۆ "موئامه‌ره‌ی دوژمنان ده‌گه‌ڕێ"، وه‌ڵامی به‌ردباران به‌ گولله‌بارانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی‌و بێچه‌ك ده‌داته‌وه‌. عه‌قلیه‌تێك كه‌ پێی وایه‌ ده‌توانێ له‌م سه‌رده‌می شۆڕشی فه‌یس بوك‌و شه‌پۆلی جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی ناوچه‌كه‌دا، به‌ ناردنی له‌شكر‌و هێزی چه‌كدار خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بسه‌پێنێت. عه‌قڵیه‌تێك كه‌ واده‌زانێ به‌ گرتنی بنكه‌‌و باره‌گاكانی هێزێكی ركه‌به‌ر ده‌توانێ كۆنترۆڵی ره‌های كوردستان بكات‌و پێده‌چێ هیچ په‌ندێكی له‌شه‌ڕی چه‌ندساڵه‌ی ناوخۆ وه‌رنه‌گرتبێ.

ئه‌مڕۆ له‌هه‌موو رۆژێك زیاتر ئه‌و درۆ گه‌وره‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ خه‌ڵكی كوردستان ئاشكرا ده‌بێت كه‌ باسی حكومه‌تی هه‌رێم‌و داموده‌زگای سیاسی‌و مه‌ده‌نی له‌هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كه‌ن. باشه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت داموده‌زگایه‌كی یه‌كگرتوو‌وه‌‌و هێزه‌ چه‌كداره‌كانیش هێزی ملیشیا‌و حیزبی نین، چ پێویست ده‌كات پارتی دیموكراتی كوردستان "هێزه‌كانی خۆی" بنێرێته‌ سلێمانی؟ ئاخۆ سلێمانی هێزی پێشمه‌رگه‌‌و ئاسایش‌و پۆلیسی لێنییه‌؟ پاشان باوای دانێین وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن "كۆمه‌ڵێك گێره‌شێوێن‌و ده‌ستی ده‌ره‌كی!" رۆژی 17ی مانگ ویستیان په‌لاماری پارتی بده‌ن‌و دۆخه‌كه‌ بشێوێنن. ئایا وه‌ڵامی عه‌قلانی‌و مه‌نتیقی حكومه‌تێكی دامه‌زراو ده‌بێ ئه‌وه‌بێت كه‌ "هێزی حیزب" كۆبكاته‌وه‌‌و نه‌خشه‌ی په‌لاماردانی ركه‌به‌ره‌كانی بكێشێت، یان ده‌بێ دان به‌خۆیدا بگرێ‌و پێش هه‌موو شتێك له‌رێگه‌ی داموده‌زگا یاساییه‌كانه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ بكات‌و پاشان هه‌موو كه‌مته‌رخه‌م‌و تۆمه‌تباران راده‌ستی دادگا بكات بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كه‌؟

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، پاش خۆپیشاندانە خوێناوییەکە، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی سه‌رسام كرد كاردانه‌وه‌ی حیزبه‌ سیاسییه‌كان بوو به‌رامبه‌ر رووداوه‌كه‌. هه‌موو لایه‌نه‌كان ئیدانه‌ی به‌ردباران كردنی باره‌گای پارتی ده‌كه‌ن‌و داوای سزادانی بكه‌رانی ده‌كه‌ن (كه‌ بێگومان ئێمه‌ش به‌كارێكی نه‌شیا‌و‌و نایاسایی ده‌زانین)، كه‌چی هیچ لایه‌ك بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە، دوور‌و نزیك باسی ته‌قه‌كردنی پاسه‌وانه‌كانی باره‌گاكه‌‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ ناكات كه‌ له‌و ئێواره‌ خه‌مناكه‌دا خه‌ڵكی مه‌ده‌نییان دایه‌به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌‌و مێرمنداڵێكی ئه‌م شاره‌یان شه‌هید‌و ده‌یانی تریشیان برینداركرد. لەوەش سەیرتر، بەرپرسانی پارتی دەڵێن "پەلاماری بارەگاکەمان دراوەو ناچار بووین داکۆکی لە خۆمان بکەین"، وەک ئەوەی داروپەردووی بینایەک لە گیانی گەنجان و هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە بەنرختربێت!
ئێمه‌ له‌كاتێكدا كه‌ هه‌موو جۆره‌ توندوتیژییه‌ك ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌هه‌مان كاتدا پێمان وایه‌ ته‌قه‌كردن له‌ خۆپیشانده‌رانی مه‌ده‌نی‌و بێچه‌ك تاوانێكه‌ نابێ به‌بێ سزادانی بكه‌رانی به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕێت. هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیش جێگای قبوڵی خه‌ڵكی كوردستان نابێت، ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی ئه‌و ته‌قه‌كردنه‌ش نه‌گرێته‌وه‌‌و به‌سزای یاساییان نه‌گه‌یه‌نێ.

ئه‌مڕۆ له‌هه‌موو رۆژێك زیاتر ئه‌و راستییه‌ خۆی ده‌سه‌پێنێت كه‌ تا هێزی چه‌كدار به‌ده‌ستی حیزبه‌كانه‌وه‌ بێت، ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ هه‌رگیز ئارامی‌و ئاسایش به‌خۆیه‌وه‌ نابینێ‌و هه‌موو بارگرژییه‌ك ده‌مانباته‌وه‌ سه‌ر لێواری دۆزه‌خی شه‌ڕی ناوخۆ.

لەم هەلومەرجە سەخت و نائاساییەدا پێشنیار دەکەین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە هەرچی زووە:
یەکەم، هەموو ئەو هێزانەی لەدەرەوەی ناوچەی سلێمانییەوە هێنراون، بگەڕێنرێنەوە بۆ بنکەکانی خۆیان.
دووەم، بارەگای هەموو حیزبەکان بەبێ جیاوازی ببرێنە دەرەوەی شار.
سێهەم، دەستەبەرکردنی مافی خۆپیشاندانی بێ قەید و شەرت و ئازاد بۆ خەڵک، بێ ترساندن و تۆقاندن و تەقەکردن.
چوارەم، جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی و گوێگرتن لە نوێنەرەکانیان.
پێنجەم، دادگاییکردنی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای ئەوانەی تەقەیان لە خەڵک کردوە،
شەشەم، دەستهەڵگرتن لە ناونانی خەڵک بە ئاژەوەگێڕ و ڕێزگرتنی ئیرادەی گەنجانی خۆپیشاندەر.
حەوتەم، داوا لە گەنجان و هاوڵاتیانی خۆپێشاندەر دەکەین، بەشێوەیەکی هێمن و مەدەنییانە خۆپیشاندان بکەن.
هەشتەم، نەهێشتنی بەسەربازیکردنی فەزای گشتیی شارەکانی کوردستان.
نۆیەم، بەردانی بێ چەندوچونی خۆپیشاندەرە گیراوەکان.
دەیەم، قەرەبووی زەرەرمەندان.

ده‌توانی له‌ رێگه‌ی ئه‌م ئیمیله‌وه‌ ([email protected]) ئه‌م كه‌مپینه‌ واژۆ بكه‌یت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە