سەرکەوتنی داعش لە موسڵ ڕووخانی ڕژێمی سوریای بەدواوەیە
Wednesday, 25/06/2014, 12:00
1845 بینراوە
کێ یارمەتی چەکدارەکانی داعش دەدات؟
زۆر لە سەرچاوە بیانیەکان باس لەمەدەکەن دەوڵەمەندەکانی کەنداو و سعودی یارمەتی مادی داعش دەدەن، دەوڵەمەندەکانیش خزم و کەس و کار و پیاوەکانی پادشا و ئەمیرو سوڵتان وشێخەکانن. ئەمە ئەوە دەگەێنێت ئەم ووڵاتانە نەك ناڕاستە وخۆ بەڵکو ڕاستەوخۆ یارمەتی داعش دەدەن دژ بە تەشەنەکردنی مەزهەبی شیعی بە واتایەکی تر دژ بە ووڵاتی ئێران. ووڵاتانی کەنداو و سعودی بە بێ ڕەزامەندی بەریتانیا و ئەمریکا ناتوانن هیچ کارێ بکەن. بەهەمان شێوە تورکیاش ئەگەر ڕەزامەندی ئەمریکای پێ نەبێت ناتوانێ بە ئاشکرا یارمەتی
چەکدارەکانی داعش بدات. زۆربەی ئەوکەسانەی کە دەیانەوێت پەیوەندی بەداعشەوە بکەن بە ڕێگای تورکیاوە ئاودیوی سوریا دەبن.
کێ کڵاوی خستەسەر مالیکی؟
گوایە ١٥٠ هەزار سەرباز و ٥٠ هەزار پۆلیس و هێزی ئەمنی عێراقی لەلایەن ٨٠٠ (هەندێ سەرچاوەی تر دەڵێن ٣٠٠٠)چەکداری داعش پەرش و بڵاوەیان پێکرا، ئەگەر لە سەدەی حەوتەمی زاینی شتێکی وا ڕووی بدایە ئێستا دەیانووت فریشتەکانیش هاوکاری برا موسوڵمانە داعشەکانیان کرد. ناچێتە مێشکی هیچ کەسێ وا بەئاسانی ئەو سوپایە بوو بە بڵقی سەرئاو لەکاتێکدا زۆربەی ئەفسەرە پلەدارەکان شیعەبوون و جێگای متمانەی مالیکی بوون.
ئەگەر ئەفسەرە سونەکان خیانەتیان کردبێت ئەی ئەفسەرە شیعەکان چی، باشە کێ کڵاوی خستە سەرمالیکی یاخود بڵێین سەر سەرکردە شیعەکانی عێڕاق، بەبڕوای من چۆك دادان بە سوپای عێڕاقی بە پلان و نەخشەی داعش نەبووە بەڵکو بە نەخشەو پلانی ئاغاکانی داعش بووە.
بەهێزکردنی چەکدارەکانی داعش لەبەرژەوەندی کێ دایە؟
هەموو ووڵاتەکان لەسەر ئەوە ڕێکەوتوون چەك بە ڕژێمەکەی ئەسەد و ئۆپۆزیسیۆنی سوریا نەدرێت.
هەتاوەکوو ئێستا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل نەبوو ڕژێمەکەی ئەسەد بڕوخێندرێت، ئەمریکاش لەبەر خاتری ئیسرائیل ڕووخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەدی بەجدی وەرنەگرتبوو. بەڵام دوای ئەوەی ئۆپۆزیسۆنی سوریا لە قەتەر بەڵێنیان دا ئەگەر بێنەسەر حوکم باس لە جۆلان نەکەن بەومانایەی بەرزایەکانی جۆلان پێش کەش بە ئیسرائیل بکرێت، هەروەها دوای داماڵینی چەکی کیمیاوی سوریا، ئیسرائیل ئەوەندە ترسی نەماوە کێ دوای ئەسەد دێتە سەرحوکم. هەروەها بەڕووخانی ڕژێمی ئەسەد حیزبوولاش لە ناوچەکەدا وەك هێزێکی چەکداری دەوریان نامێنێت. دەها ئێستا کاتیەتی بۆ ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد.
باشە بەچ ڕێگایەك چەك بە داعش بدرێت بۆ ئەوەی ڕژێمەکەی سوریا بڕووخێنن بەمەرجێ ڕوسیا توڕەنەبێت و هیچ بەهانایەكیش نەدرێتە دەست ڕوسیا نەبادا ئەویش چەک بە ڕژێمەکەی ئەسەد بدات وەڵام چەکە گیراوەکانی سوپای عێڕاق. هەرکە داعش دەستی بەسەرچەکی سوپای عێڕاق داگرت هەر زوو چەکە قوڕسەکانیان ڕەوانەی ناو سوریا کرد. لەوانەیە لە دوا ڕۆژ هەر بە ڕێگای فڕۆکەخانەی موسڵیش چەك بگەێنرێتە داعش. ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد مانای وەدەرنانی ڕوسیایە لە دەریای سپی ناوەڕاست تەنانەت بڵێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
داعش بۆ ئەوە دروست نەکراوە بەغدا بگرێت، داعش بۆ ئەوە دروست کراوە مالیکی و سەرکردە شیعەکانی عێڕاقی ئێستا و دواڕۆژی پێ بترسێنرێت. داعش بۆ ئەوە دروست کراوە دوژمنایەتی نێوان شیعەو سونە قوڵتر بێت.
بەبوونی داعش، حکومەتی عەرەبی مەزهەب شیعەی عێراق ناچار دەبێت داوا لە هێزی ئەمریکا بکات بۆ ماوەیەکی زۆر درێژخایەن لە عێڕاق بمێنەوە، هەر عێڕاقیش دەبێت خەرجی سەربازەکانی ئەمریکا بدات، لە شێوەی یابان و کوریای باشوور و ووڵاتانی کەنداو .
لەمەودوا حکومەتی عێراقی دەبێت چەکی قوڕس هەر لە ئەمریکا و بەریتانیا بکڕێت، نەوتیش کۆمپانیە ئەمریکیەکان دەبێت بەشی شێریان بەرکەوێت، لەمەودوا دەبێت لێپرسراوانی بەغدا سەد دەر سەد گوێ ڕایەلی ئەمریکا بن.
من بەش بەحاڵی خۆم زۆر ڕەشبینم بەرامبەر دۆزی کوردستانی ڕۆژئاوا، هەست دەکەم ئەنفالێکی ترمان تووش دەبێت. ئەگەر ئەمریکا ڕیگر نەبێت لەوانەیە تورکیا یارمەتی داعش بدات دژ بە کوردستانی باشووریش.