کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەرمى تەراجوع

Monday, 18/06/2012, 12:00




لە پرسە هەرە چارەنووس سازەكانى كوردستاندا و بەتایبەت ئەوەى پەیوەندى هەبێت بە مەسەلەى هاوبەشى دەسەڵات و حوكمداریەتى لەگەڵ بەغدا، هەر لە دواى روخانى رژێمى بەعس تاوەكو ئەمڕۆ كورد هەناسەى ساردى هەڵكێشاوە و پەنجەى پەشیمانى گەستووە.
لەكاتێك كە جەوهەرى مەسەلە سیاسیەكان و پەیوەندیە هاوبەشەكان روون و ئاشكرا لەبەر چاوى هەموومان دا هەر لە دابەشكردنى دەسەڵات و پێدانى بودجە هەتا چاوپۆشیكردن لە گرێبەستە نەوتیەكان و جولانەوەى پێشمەرگە ئەو خاڵە سەركیانە بوونە كە كورد لە دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ بە داواكارى خۆى زانیووە و كردویەتیە چەكێكیش بۆ بەهێزكردنى پێگە و دەسەڵاتى ناوەخۆیى خۆى. زۆر جاریش وەكو دەسكەوتى سیاسى و سەركەوتنى هێزى كورد لە بەغدا هەژمارى كردوون.
ئیستا لەگەڵ دروستبوونى هەر جیاوازیەك لە بیركردنەوە و بەگەڕخستنى سیاسەتى بەرێوەبردنى حكومەتى عیراق ، دەسەڵاتى بڕیاردانى كوردى لە چەندین هەنگاودا دەگەڕێتەوە خاڵى سفر. بەجۆرێك كە هەموو ئەو پێگە و دەسەڵاتەى كە كورد بۆ خۆى باسى لێوەدەكات، راستیەكان پێچەوانە دەكاتەوە و ئەوپەڕى خەمساردى و بێ دەسەڵاتى نوێنەرە كوردەكان نیشان دەدات لە بەرژەوەندیە باڵاكانى كورد و
تەنانەت لە ئیفلیج كردنى حكومەتى بەناو فیدرالیش. كە زۆرینەى خالە سلبیەكانى ئەو حكومەتەیان بەر دەكەوێت.
ئێستا ئەو هەوڵەى كە هەیە بۆ سرینەوەى ئاسەوارەكانى ئەو رێككەوتنامەیەى كە كەس نازانێت چى نهێنى لێوە باسكراوە لە هەولێر و لە كورسى لابردنى مالكى بە هەموو پێوەرە سیاسیەكان، نەوەك هەر لە بەرژەوەندى كورد دا نیە بەڵكو بەجۆرێك لە شكستى گەورەى ئەو بەشە لكێندراوەى عیراقى دەزانن كە وەك چۆن دروسبوونى حكومەتەكەى بە دەسكەوتى خۆى دەزانى ،ئیستا روخانیشى بۆتە بڕیارێك كە گەڕانەوەى بۆ نیە ، لە پاشگەزبوونەوەیدا كورد زەرەرمەندى یەكەم دەبێت.ئەوەى جێى بایەخە قسەى لەسەربكرێت ئەوەیە، ئاخۆ كورد لە تەراجوعى وەها هەولێكى یەكلایكرەوەدا شەرمى لە چیە؟
ئایا ترسى لەو مشورەتەیە كە بە میللەتەكەى كراوە و بڕیارى لەسەر دراوە و ئەمڕۆ بۆتە خواستى تەواوى رەنگە جیاوازەكانى كوردستان؟
یاخود لە هەستیارى مامەڵەكردنى لەگەڵ وەها نەیارێك كە دوور لە ئیستیحقاقە قانونیەكان هاتۆتە سەر حوكم ؟
یان ترس لەو تاكڕەویەى كە بێ دەسەڵاتى نوێنەرانى كورد و خەمساردیان لە مەسەلە ئەساسیەكانى كورد وێنەیەكى وەها تەمومژاویان بۆ كێشاوە.
بۆیە بە هەموو لێكدانەوەكان ململانێكى سیاسى وەها دژوار بە تێكەڵبوونى چەندین ووڵاتى زلهێز و پڕ تامەزرۆ بۆ ناسەقامگیرى دۆخى سیاسى و ئاسایشى عیراق، بەبێ كۆدەنگیەكى تەنانەت كوردستانى، دەبێتە هۆى بەدەستهێنانى تەنها مەبەستێك، كە ئەویش قۆرخكردنى سەرچاوەكانى داهاتە بەشێوەیەكى نایاسایى ،لەگەڵ رازیكردنى چەند ووڵاتێكى دراوسێى كە بەردەوام چاویان كردۆتەوە بۆ ئەو هەلە زێڕینەى كە ووڵاتەكە دەگەڕێنێتەوە دۆخى 10 ساڵ لەمەوبەر و دەشكرێ ببێتە یەكێك لەو روبار و كانیاوانەى كە جۆگەكانیان رووەو بەرژەوەندیە ستراتیژیەكانى خۆیان وەرگەڕێنن و زۆر زیاتر لە ئێستاش لەگەڵ سەقامگیرى و ئارامى و خۆشگوزەرانى هەموو تاكێكى ئەو عیراقە نامۆ و نائاشناى بكەن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە