کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


دەسەڵاتی دوو کارتۆن

Friday, 11/10/2013, 12:00

2084 بینراوە










هەموو جارێ گەڕانەوە ئەمخاتەوە بیری ئەو بەسەرهاتەی کە لەوێ نەدەکرا لە هەموو شوێنێك بیگێڕمەوە، چونکە زۆربەی جار ئەوەندە ئاسایی وەریان دەگرت، دەیانگوت: ئەوانەی لە خاریج دەگەڕێنەوە چەند شتی بچوك گەورە دەکەنەوە؟ هەر لە بەلاش رەخنەیان لە هەموو شتێک هەیە!
یەك دوو ساڵ بەرلە ئێستا، لە چلەی هاویندا بەسەفەر چوومەوە بۆ کوردستان، کە لە ئیبراهیم خەلیل (زاخۆ) دابەزیم، گەرمایەکی لەڕادەبەدەر و تاقەتپروکێن بوو، منیش دوو جانتای زلم پێ بوو. هەوای نیشتیمان پڕی کردمەوە لەیادگاری منداڵی و شۆروشەوق، حەزم لێبوو بفڕم. لەگەراجی تاکسیەکان چاوم گێرا بۆ ئەوەی بەزووترین کات دەربچم.
لە ناکاو دوو کوڕی گەنجم لێ پیدا بوو، کە لە تورکیاوە ئەگەڕانەوە بۆ هەولێر، وتیان بۆ ئەوەی ئەوەندە لەبەر ئەم هەتاوە گەرمە چاوەڕوانی نەفەر نەکەین بۆ نایەیت بە هەرسێکمان تاکسییەك لەم تاکسیانە بگرین بۆ هەولێر؟ سایەق تاکسیەکیش ئەو کاتە لەولاوە راوەستابوو. منیش وتم زۆرم پێ باشە، بەڵام من دوو جانتای گەورەم پێیە، ناشمەوێت لە هەولێر بمێنمەوە و دەچم بۆ سلێمانی، بەمەرجێک دێم ئەگەر کاکی سایەق لە هەولێر من بگەێنێتە گەراجی سلێمانی. کابرای سایەق، کورتەک و شەرواڵێکی خاکیی و جامەنەیەکی لەسەر پێچابوو، لەبەر ئەو گەرمایە نیوە برژاو ببوو، کەچی وەکو ئەوەی گاڵتەی بە هەتاوەکە بێ، بێ دەربەست جگەرەی دەکێشا، دەم و دەست بە تێکەڵەیەك لە سۆرانی و بادینی وتی:" بسەر چاڤێ من پسمام، ئەز حەتا گەراجێ سلێمانێ تو دەبەم، چ مشکیلە نینە، بلا دەربچین."
حیساباتی پارە و کرێمان بڕانەوە و لەحزەیەک پێش ئەوەی دەرچین بەرەو هەولێر، یەک دوو چەکداری پارتی هاتن، بە کابرای سایەقیان گووت تۆ دەردەچی بۆ هەولێر، لەگەڵ خۆت ئەم دوو کارتۆنە، کە لە خاریجەوە هاتووە، بگەیەنە ماڵی کاک فازڵ میرانی. کابرای سایەق ئەمجارەش گوتی بەسەرچاڤا. دوو کارتۆنی بە قەبارە لاکێشە و بە کێش مامناوەندیان ئاخنیە سندوقی دواوەی تاکسیەکەوە و دەرچووین. کابرای سایەق وەک ئەوەی پەیامێکی نیشتمانی و راسپاردەیەکی نەتەوەیی گرنگی پێ راسپێردرابێت، یەکسەر هەستکردن بەشانازیەکی زۆری تیا دروست بوو. دەگەیشتینە هەر سەیتەرەیەك بێ سێو و دوو بە شانازیەوە بە پۆلیسی سەیتەرەکانی دەگوت، کە ئەشیای ماڵی فازڵی میرانی پێیە. دوای ئەوەی سەیتەرەکان جانتاکانی ئێمە دەگەران، هەرکە سایەقەکە ئاماژەی بۆ کارتۆنەکان دەکرد و دەیوت ئەو کارتۆنانە ئەشیای ماڵی کاک فازیڵە، دەم ودەست کاکی سەیتەرە، زۆربەیان، دەستیان لەئاستی کارتۆنەکان دەلەرزی. هەتا گەیشتینە هەولێر یەک سەیتەرە نەیوێرا ئەو کارتۆنانە بکەنەوە و بزانن چییە. لەبەرخۆمەوە وتم: تڕحێو؟ ئەمەیە ئەڵێن سەیتەرەکانی کوردستان زۆر موهیمە و قەل و قوشی لێوەی دەرناچن! خۆ ئەتوانی بە ناوی مەسئولێکی گەورەوە بە گەڵابەی گەورە شتی خەتەر دەربکەی!
کە گەیشتینە ناو هەولێر لە شوێنێکدا دوو کوڕە گەنجەکە بە سایەقەکەیان گوت: ئێمە لێرە دێینە خوارێ. کە دابەزین و خواحافیزیان کرد من هەر لە پێشەوە دانیشتبووم و چاوەڕێ بووم کاکی سایەق ئەشیاکانی ئەوان دابگرێت، دوای ئەوە دەربچین بەرەو گەراجی سلێمانی. بەڵام چاك وانەبوو.



دیقەتم دا کاربرای سایەق وا خەریکە جانتاکانی منیش دادەگرێ، منیش وامزانی لێی تێکچووە، وتم ئەوانە جانتاکانی منن دایان مەگرە. ئەویش تۆزێ سەیری کردم، ئینجا وتی "چما ئەتو چاڤەڕێی چ دکەی؟ یاللە ئەتۆش هەرە، دابەزە خارێ!" منیش وتم ـ بەڵام تۆ بڕیار بوو من بگەیەنیە گەراجی سلێمانی؟ کابرای سایەق وەکو ئەوەی لە زووەوە چاوەڕێی قسەیەکی وا بێت لە منەوە و خۆی بۆ ئامادە کردبێت، یەکسەر بە دەنگێکی بەرز و پڕ لە خۆبای بوونەوە، وتی " گەراجی چی، ئەوە تو چی د بێژی؟ عەقڵەتە تەمامە؟ ئەڤە ئامانەتی ماڵی کاک فازڵ لە ناڤ سەیارەیە منا، ئەز لازمە نوکە ببەم بۆ ڤێ عینوانێ!" وتم بەڵام ئێمە وا رێک نەکەوتین کە تۆ من... یەکسەر پێی بڕیم و وتی:"ئەتو گەلەك هێڕی ها، دەزانی! ئەتو خەڵکێ کێرێی؟ ئەتو موهیمی یان ئەشیایێت کاک فازڵ؟" منیش بەبزەیەکەوە وتم: چۆن چۆن؟ من و کێ؟ بەڵام چونکە زۆرم لە سەر یاسا و رێسا سەمەرەکانی لای خۆمان بیستبوو. هەواڵ و نووسراوەکان، خەڵکی، هەموو هەر موسیبەت و کارەسات دەگێرنەوە، وتم با حەیای خۆشم نەبەم، لەوانەیە ئەم بەراوردکردنە زۆر ئاسایی بێت. لە چاو ڕفاندن و کوشتنی کەسێك لەسەر وتارێك، یان چەند ساڵ زیندانی کردنی کەسێك بێ مەحکەمە، یان مەسئولیکی فوول بۆیاخ بە تەلەفۆن هەزار جوێنی پیس و ناشتیرن بە دایکی هاوڵاتیەك ئەدا، کەشفیش دەبێ، هیچ ناقەومێ، هەموو لایەکیش زۆر ئاسایی وەری دەگرن! یان ڤیدیۆی زابوتێك کە لە کورێکی گەنج دەدات، مەجبووری دەکات قۆنەرەکانی بۆ ماچ بکات، یان.. یان..هەر مەپرسە.
بەڵام دوای بڕیارم دا، وتم با هەرهیچ نەبێت تۆزێ خۆم گیڤ بکەمەوە، بزانم دەگەینە کوێ! وتم "کاکە گیان تۆ جارێ کارەکانی خۆت تەواو بکە، خۆ میرانی دەم ودەست لەسەر ئەو کارتۆنانە پەکی نەکەوتووە، دوای ئەوە منیش پرسیارێک لە تۆ دەکەم، تۆ ئیشوکارەکەی خۆت موهیمە یان ئەو کارتۆنە قۆڕانە؟ " هەر ئەوەندەم خۆش بوو وتم "کارتۆنە قۆڕ"، کابرای سایەق وەکو ئەوەی ناماقوڵترین و پیسترین جوێن بەشەخسی خۆی درا بێت، یان کوڕی پیاو بێت و بێ ئەدەبیەکی گەورەی بەرامبەر کرا بێت، گڕی گردو هاواری کرد:" چ، چ؟ چیت گۆت؟ ئەتوو بووی بەو پیاوەی قسە بە ئەشیای کاک فازیڵ بیکەی؟ بەخودێ هەرئێستا عیلاجت دەکەم!" ئەنجا دەستی کرد بە خیتابی حەماسی و وەتەنی. هەرچەن ئەیگوت "کاك فازیل" ئەتووت نان و پیازای لەگەڵدا خواردوە و دۆستێکی زۆر نزیکێتی. لەوەش ناخۆشتر ئەوە بوو کە لەگەڵ قسەکردنا بەلێشاو تفاو دەردەپەڕی. منیش هەر ئەملا و ئەولام دەکرد و سەرم ئە‌هێنا و ئەبرد هەتا سوچێکی وشكەڵانی بدۆزمەوە خۆم لە ئاوەڕشێنی ئەو خیتابە حەماسیە بپارێزم. بۆ نەگبەتی، بەو سەربادانەی من، بە گاڵتە پێ کردن حاڵی بوو، ئەوەندەی تر هار و شێت بوو. پڕ بە هەردوو سییە سیخناخ بە دوکەڵی جگەرەکانی وەکو شێرێکی بریندار دەینەڕاند و هەرەشەی دەکرد.
ئیتر تەواو، لەو لەحزەیەوە، ئەو دۆستێکی نزیکی مەسئولێکی وەتەنی بوو. منیش هاوڵاتیەکی خائن و گومانلێکراو. جەوی ناو تەکسیەکە تەواو گۆڕا. خەڵکی تێ ئەپەرێنو نەیان دەزانی ئەوە تاکسیەکی ئاسای نییە ڕاوەستاوە، ئەوە ئێستا ژوورێکە لە ژوورە بچکۆلەکانی تەحقیقی ئاسایش. لای خۆمەوە زۆر سەیرم لەو مەوقیفە عەنتیکەیە دەهات کە تێی کەوتبووم!
دوای وتم بەخۆا دیارە ئەم کابرایە زۆر خراپ لە وەزعەکە حاڵی بووە، نیازیشی خراپە، با فریا بکەوم هەتا لە بەلاش توشی موشکیلەیەکی گەورەتری نەکردووم. وتم "قەیناکا کاکە گیان، وەللە ئەتو راست دەکەی، حەقی خۆتە، زۆر واییە، ئەو دوو کارتۆنە کە ئێستا لە ناو سەیارەکەی جەنابتا حزوریان هەیە، زۆر لە هەردووکمان موهیم ترە، ئەی چۆن! قەیناکا من تەکسیەکی تر دەگرم هەتا گەراج، وەکو واجبێکی وەتەنیش با تۆ لەوە زیاتر تاخیر نەکەم. دەی خۆا حافیز. کەچی وتی "چ چ؟ خوا حافیز؟ وەی وەی! بە خودێ ناڕۆی، تودەڤێت هەر وا بەئاسانی بۆی دەربازبیت؟ تۆ بوویە ئەو پیاوەی قسە بە مەمتەلەکاتی شەخسی کاك فازیل بیکەی! دوایش بێژی خۆا حافیز؟" لای خۆمەوە وتم "ئەرێ ئەم بیتاقەیە چی بوو بۆ من دەرچوو؟".
بەهیچ کلۆجێ دانەئەمرکایەوە. بۆ نەگبەتی، بۆ ئەوەی باشتر بتۆقم، هەرچەن ئەیوت "مومتەلەکاتێ شەخسی کاک فازیل یەك شت لێ بەسەرهاتبێت، تۆ مەسئولی." نمیش وتم کاکە گیان خوانەخواستە خۆ ئەشیاکان هیچیان بەسەرنەهاتوە. تۆ بڵێی بەو جوێنەی من دڵیان ئێشا بێت؟ ئەگەر وایە، ئەوە من داوای لێبوردن ئەکەم، باشە؟ یان تۆ ئەمڕۆ هەر بڕیارت داوە ئەبێ من توشی موشکیلەیەك بکەیت و تەواو؟
هەر وازی نەهێنا، ترسی ئەوەشم هەبوو بەو هاوارهاوارە، کۆمەڵێ هاوڵاتی تری دڵسۆزی خۆیئاسام لێ کۆ بکاتەوە. ئەوانیش تەدەخول بکەن و دەیان مەحامی وەتەنی و خۆبەخشی تر بۆ کارتۆنەکان پەیدا بێت. بۆیە لەجێی خۆم دانیشتمەوەو وتم: ئادەی با بزانین سزای قسەی ناشرین بە "مومتەلەکاتی" مەسئولێک لەم وڵاتە چیە؟ ئەویش جارێ پێش هەمووشتێ، وەکو یەکەم عقوبە، مەجبووری کردم گوێ لە هەموو ئەو حیکمەتانەی خۆی بگرم. تائریخی کوردایەتی، شۆرش و خەباتی شاخ وداخ و، ئەوشیعاراتانەی کە خۆی باوەڕی پیان هەبوو. تەبعەن بەتف بارانەکەشەوە. بەڵام من ئەم جارە وەکو هاوڵاتیەکی شەریف، لەجێی خۆم نەبزوام، زۆر بە جوانی گوێم لێگرد هەتا بەتەواوەتی تەڕبووم. وتم بەڵکو ئەمە خوایە عقوبەکەم هەر ئەوەنە بێت. پێویست بەوە نەکات ئاسیش و چەکدارم بۆ بانگ بکات. چونکە ئەوەم باش باش دەزانی کە سزاکەی ئەم هەرچۆنێك بێت زۆر زۆر ئەهوەن ترە لە هی ئاسایش و پیاوانی دەسەڵات. ئەگەر هەتا بە شەڕە بۆکساتێش نەجاتم بێت، ئەگەر لاچاوێکیشم بۆ بکا بە قۆخی گەنیو، دوای ئەوە بەیەك پارچەی بگەمەوە لای کەسوکار، ئەوە نەك هەر مایەی خۆمە بەڵکو زۆرێشی قازانجە.
دوای بیرم لەوە کردەوە کە هەرخۆی سروشتی ئینسان ئاوەها هەڵکەوتووە، هەرکاتێ بووبە خاوەنی دەسەڵات، دەبێ بەکاری بهێنێت. ئینجا ئەم سایەقەش بەبۆنەی حزوری ئەو کارتۆنانەوە خۆی لە مەوقیعی دەسەڵاتا دەبینیەوە. منیش ئەبێ تەقدیری ئەوە بکەم و تەحەمولی بکەم. بۆیە بڕیارم دا ئەو غرورەی بۆ رازای بکەم و ڕۆڵی هاوڵاتیەکی نەگبەت وبێدەسەڵات ببینم. لای خۆمەوە وتم: "ئەگەر مەوزۆعەکە هەر بەوەندە کۆتای بێت، دەبا لێگەرێم تۆزێ خۆی پێوە بابدات، تۆزێ بۆخۆی چێژی لێ ببینێ، قەیچێکا! ئێ دوای ئەوە کێ دەڵێ بەو دەمودەستە کەسێکی تری بۆ هەڵدەکەوێتەوە هەتا خۆی و عەدالەتی بەسەرادا تاقی بکاتەوە؟ بەڵکو تۆزێکی تر خۆی سارد بێتەوەو ئەم وەتەنیاتەش بەری بات."
بەڵام دوای لەدڵی خۆما وتم: "ئەی کێ ناڵێ من ئەگەر بێدەنگی هەڵبژێرم، ئەویش لەو مونتەڵەقەوە کە خاوەن دەسەڵاتە، ئێ خۆیشی بە لەسەرهەق دەزانێ، بۆعافەرینێ توشی موشکیلەیەکی گەورەترم ناکات؟" کە مرۆڤ ئەکەوێتە مەوقیفێکی نائاسای وخەتەرەوە هەزار شتی سەیر بە خەیاڵیدا گوزەر دەکات. "کێ ناڵێ تازە من توش بووم؟ ئێ هەقی خۆیشێتی! ئاخر من بووم بەوپیاوەی قسە بە (ئەشیای) شەخسی مەسئولێکی ئەم مەملەکەتە بکەم؟ تەبعەن دیارە تاوانێکی مەزنەو من نایزانم. لەوانەیە هەر ئێستا مەفرەزەیەك بڕنەولەشانم بۆ بانگ بکات، پوختەوجوان هەموو چیرۆکەکەیان بەترشوخوێی زیادەوە بۆ بگێڕێتوە، ئەوانێش پێش ئەوەی لێبگەڕێن تەواوی بکات، پوختەوجوان هەموو سەروگوێلاکم بۆ بشکێنن، منێش لەبەر هەستکردن بە ناهەقی و بۆ بەرگری کردن لەخۆم، دەست بکەم بە فەلسەفە لێدانی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا وئەو قسە گەورانە کە نەك هەر یارمەتیم نادەن بەڵکۆ ئەوەندەی تر قوڕەکەم بۆ خەست تر دەکەنەوە. چونکە تەبیعەتی پۆلیس وچەکدار وا هەڵکەوتووە، بەو جۆرە قسانە قەلبیان تێک دەچێ و ئەوەندەی تر شێت وهاردەبن، دوایی کێشەکە ئەچێتە قاڵبێکی گەورە تروە. ئەوانیش هەر لەسەر ئەم جادەیە یەك دوو فیشەکم تیا سەرف بکەن، هەر بەوەنەشەوە نەوەستن، جەنازەکەشم بەهەمان سایەقا بەرن لە موسڵ فرێی بەدەن!!" لەو لەحزەیەدا چەندەها شتی ئاوا سەیر بە خەڵمدا دەهات.
کە من بڕیارم دا ئیتر تەواو بێدەنگ بم، کابرای سایەق تازە گەرم دەبوو. هەر وتی و هاواری کرد. تا دەهات تۆنی دەنگی دادەبەزی. هێواش هێواش بەرەو ماندوو بوون دەچوو. وزەیەکی زۆری بەخەرج دا. ئەوەندە شەکەت وماندو بوو، تا گەروی بەتەواوی بەیەکەوە نوسا. گەرماکەش ئەوەندەی تر هەناسەی لەبەر بڕی. وا بزانم زۆری حەزدەکرد لە جیاتی ئەوەی کە من هەر بڵێم: "وایە..دروستە.. حەقی خۆتە.. بەڵێ." تەدەخولێك بکەم، تا ئەویش هەناسەیەکی پیا بێتەوە، یان هەر هێچ نەبێ هەندێ شتی تری بیر بکەوێتەوە. بەڵام من ئەو چانسەم نەدایە، لە سیاسەتەکەی خۆم بەردەوام بووم، هەر سەرم بۆ لەقاند. ناو بەناو بەبێ ئەوەی بهێڵم ئەو هەستی پێ بکا دەستێکم دەهێنا بە روومەتم داو دەمسڕیەوە. ئیتر دوای ئەوە دڵنیابووم لە مەرحەلەی پۆلیس و ئاسایش گازکردن پەڕینەوە، چونکە تازە ئەگەر ئاسایش وهەموو هێزە چەکدارەکان بەهاتبایە، ئەو ئەوەندەی دەنگ و وزە بەخۆی نەهێشتبوو بتوانێ هیچیان بۆ بگێڕێتەوە. منیش لەوکاتەیا دەستم برد و دەرگاری سەیارەکەم کردوە، دیقەتم دا هیچی نەوت، نە بڕۆ.. نە مەڕۆ! بە لاچاووێ سەیرم کرد وەکو ئەوەی پێی بڵێم ئەها خەریکە دائەبەزم، هیچی ترت پێماوە؟ ئەنجا وتم: "دەی خوا ‌حافیز.. باشە؟" ئەویش هەر بە دەست ڕاوەشاندن وئیشارەت وتی "بڕۆ لاچۆ لەبەرچاوم" یان "بڕو ملت بشکێنە."
دوای ئەوەی وەکو ئەرکێکی نیشتیمانی، منی لەسەر ئەو جادەیە فرێ دا. ماندو، تۆزێکیش توڕە، لە بەر ئەو هەتاوە گەرمە، بەدەم مێشك کوڵانەوە بیرم لەوە کردەوە کە "ئەبێ ئەو دەسەڵاتە سیحریە چی بێت کە تەنیا لە خودی دەسەڵاتدارێک و حیمایەکانیا مەوجود نییە، بەڵکو تا ئاستی شتومەکە بێ گیانەکانیشیان رۆیشتووە؟ دوای ئەوە..دوای ئەوە، ئەبێ ئەشیای شەخسی مەسئولێکی کامل بۆیاخ چی بێت؟ لەوانەیە کارتۆنێکیان بۆیاغە ئەسڵیەکە بێت. ئێ ئەگەروا بێت، ئەوە دەبێ ئەوی تریان حەبە شینەکە بێت. چونکێکم ئەو دووانە لەیەك دەوەشێنەوەو، بەیەکەوە جوانن. هەرکامێکیان بێ ئەوی تریان، لە عومرێکی دیارکراودا، لە بەلاش خۆت دەخەیتە مەوقفێکەوە کە دەبێ سوێند بەگۆری شەهیدان بخۆی هەتاکو باوەڕت پێ بکرێ."
لەهەموو حاڵەتێکدا کاربرای سایەقیش ناهەقی نەبوو ئەو هەموو شانازییەی تیا دروست ببوو. بەڵام گومانیشم هەبوو هەروا بەئاسانی ئەو ئامانەتە بگەێنێتە جێگای خۆی، هەتا یەك دوو چالاکی تریشی پێ نەکات.


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)