لە سەر دادگایی کردنی تیڕۆڕی ڕۆژنامەنووسان ، تارمایەکی ڕەش بە چاوی دادوەران نوسا
Tuesday, 10/12/2013, 12:00
1912 بینراوە
لە سەر دادگایی کردنی تیڕۆڕی ڕۆژنامەنووسان ، تارمایەکی ڕەش بە چاوی دادوەران نوساندراوە تاوەکو نەبینن ماوەیەکی زۆر کورتە پاش بە سەختی بریندار کردنی شاسوار عەبدول واحید سەرۆکی کەنالی نالیاو تیڕۆڕکردنی پاسەوانی مام جەلال و دوێنێش تیڕۆڕکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی هاتە سەر . جا نازانین بەیانی و دووبەیانی یان پاش ئایندەیەکی نزیک سرەی کامەی تر دێت . هەلبەتە پێشتریش شێخ عەبدولستارو زەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە ..... ودوور لە دادگایی کردنی بکەرەکان ،تیڕۆڕ کران . جێگای دلخۆشیە دەزگای ڕاگەیاندنی کەنالی KNN زۆر بە فراوانی ڕوومالی ڕووداوەکە دەکات و تەلەفزیۆنی NRT یش بەش بە حالی خۆی لە سەر ئەو دۆسیە بە فراوانی هاتووتە سەرخەت و تێکڕای ڕاگەیاندنە کانی ئازاد و چالاکوانانی بزوتنەوەی گۆڕانیش وا خەریکە دۆسیەکە بە جیهانی دەکەن . بە گوێرەی وتە بزێژێکی کورد لە ئەمەریکا کە یەکێکە لە چالاکوانانی باری ڕۆژنامەنووسی و بە گوێرەی ئاخاوتنەکەی بۆ کەناڵی KNN وتی ئێمە وەک چالاکوانانی باری ڕۆژنامەگەری و بە تیم دۆسیەکەمان گەیاندووتە کۆشکی سپی و نوسینگەی ئۆباماو و هومانڕایتس و دەیان کۆمەڵی داکۆکی کەری جیهانی لە دۆسیەی ڕۆژنامەنووسان و پێشێلکاریەکانی ترو بە قسەی ئەوان هیومان ڕایتس بە تەمایە لەو چەند ڕۆژەی دادێ لە سەر دۆسیەی کاوە گەرمیانی و تەواوی پێشالکاریەکانی تری هەرێمی کوردستان کە دەرهەق بە ڕۆژنامەنوسانی ئازاد دەکرێ ، ڕاپۆرتێک ئامادە بکاو بڵاوی بکاتەوە ، هەمان دەزگای نێودەولەتی ئیمڕۆ کە دەکاتە ٦/۱۲/۲٠۱۳ ئاگاداری دەسەڵاتی کوردی کردۆتەوە کە هەرچی زووە بکوژانی کاوە گەمیانی بدرێنە دادگا . جێی وەبیر هێنانەوەیە کە کاربەدەستە باڵاکانی کۆشکی سپی و ئەوروپی و شوێنی تر زۆر بە گرنگی گوێ لە ڕاپۆرتەکانی هیومان ڕایتس و ڕۆژنامەی بێ سنوورو هی تر دەگرن . لێرەش و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئازادو و چالاکوانانی مەدەنی و بزوتنەوەی گۆڕان و ئیدی ئیدی دۆسیەکە گەیاندراوەتە بەر دەستی کۆنسلی ئەمەریکی و کۆنسولە بیانیەکانی تر . لەو نێوەندەدا من ناڵێم بۆ وڕوژاندنی دۆسیەی کاوە گەرمیانی کەم کراوە بەڵام چاوەڕوانی بوون لە دەسەڵات تا وەکو کێسەکە ببزوێنێ و تاوانباران ئاشکرا بکات ئەوە وەک کات کوشتن وایە چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر تیڕۆڕ کردنی ڕۆژنامە نووسان و ئاشکرا نەکردنی تاوانباران و بە دادگایی کردنیان مێژوویەکی ڕەشیان هەیە و وایان لە خۆیان کردووە کە کۆمەڵی نیو دەولەتی وەجواب بێت وبڵێن کاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی مەترسیدار تێ دەپەڕێ . بۆیە لە شوێن خۆیەتی کە ڕۆژنامە نووسان و کۆمەلگای مەدەنی و ئۆپۆزسیۆن و تێکڕای ئەوانەی داکۆکی لە وشەی ئازادی دەکەن ، چیتر لەبەردەم ئەو پێشێلکاریانە بێ دەنگ نەبن و خۆپیشاندانی فراوان بکەن لە هەموو شارەکانی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە و لە بەردەم کونسلخانەکانی ئەوروپی و ئەمەریکا بوەستن و ئەوەیان پێ بڵێن یان ئەوەتا کێسەکانی تیڕۆڕکردنی ڕۆژنامەنووسان بە جیهانی دەکەن وەیان ئەوەتا تواناکانی خۆتان دەخەنە کار تا دەسەڵاتی هەرێم ناچار دەکەن بە جدی بێتە سەر خەتو بەبێ فەبریکە کردن لە کێسەکان بکۆڵنەوەو تاوانبارە ڕاستە قینەکان و ئەوانەی لە پشتی جۆرە تاوانی وەهان بدرێنە دادگا یان ئەوەتا مانەوەی ئێوە لە هەرێمی کودستان هیچ سودێکی نابێت . ڕاستە دەسەڵات وەک پیشەی پێشتری لە هەردو زۆنی هەولێرو سولەیمانی بە چەند وشە هاتونەتە وەڵام بەڵام قسەی بێ کردار ئەوە وەک ئەوە وایە کە تۆ شەریکە تاوان بیت لە گەڵ بکەرەکان . پێشم وانیە وشەی ئیدانە کردنی ئەم کارە تیڕۆڕستیە و بەس لەزاری دوو پارتی دەسەڵات هیچ . مانایەک ببەخشی بەلکو ئەوەی پێویستە لە سەر دەسەڵات هەرچی زووە تاوانباران دادگایی بکات . پێم وانیە پاش تیڕۆڕکردنی پاسەوانەکەی مام جەلال و کاوە گەرمێنی و هەولی تیڕۆرکردنی شاسوارو بە ماوەیەکی زۆر کەمەوە چیتر بتوانزێ ئیدعای ئەوە بکرێ کە زوونی سولێمانی لە زۆنی هەولێر بەرەو ڕووی ڕۆژنامەنووسان پارێزراو ترە . دڵنیام لەوەی کە تەنیا دەستێکی ڕەشە لە ناو هەیکەلی سیاسی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە پشت ئەو کارە تیڕۆڕستانەیەو زەرەری سەرەکیش بەشە زۆرەکەی بەر یەکیەتی و مێژووەکەی دەگەیەنێ . دەبێ ئەوەش وەبیر خۆمان بێنینەوە کە یەکیەتی وێڕای کورت هێنانی لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان ، ۲ هەلبژاردنی تریشی لە پێشە کە ئەویش هەلبژاردنی پەڕلەمانی عیڕاق و هەلبژاردنی پارێزگاکانە . یەکیەتی ئەگەر هەرچی زووە بکەرانی ئەو تاوانە نەداتە دادگا لە لایەکەوە سجلی خۆی لە بەردەم پێشێلکاریەکان بە جیهانی دەکات و سومعەی خۆی دەهێنێتە خوارەوە وە لە لایەکی تریش ڕووبەڕووی کورتهێنانی تریش دەبێتەوە لەو دوو هەلبژاردنەی دادێ . وزەرەری سەرەکیش بەشە زۆرەکەی بەر یەکیەتی و مێژووەکەی دەگەیەنێ . مەهدی کاوانی