کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


مەملەکەتی مەقەڕ و مزگەوت

Friday, 09/01/2015, 12:00


لەسەر گۆی ئەم زەمینە، چەندین ووڵات و هەرێم هەن، کە هەریەکەیان بەچەند خەسڵەت و شێوازێک ناودارو ناسراون. وەلێ ئەگەربێت و بمانەوێت، ئەو هەرێمۆچەکەیەی باشوری کوردستان، بخزێنینە نێو ناوان، مەگەر بەو ژمارە زۆرەی مزگەوت و مەقەڕی حیزبەکان، بیخەینە بەرچاوی دونیا! بەڕێکردن و گوزەرکردنت، بەهەرکوچەو شەقامێکی هەرێمی کوردستاندا، مەقەڕو مزگەوتێک، لەبەردەمتدا قوتکراوەتەوە. ئەگەربێت و کۆی خەرجی ئەو هەموو بیناو کارمەندو پێداویستیانەی بۆمەقەڕو مزگەوتەکان بەفیرۆ دەڕوات، بۆ قوتانخانەو بنکەی تەندرستی بەکاربهێندرابا، لانی کەم ئێستا لەباشوری کوردستان، کێشەکانی تەندروستی و پەروەردە، لەڕەوشێکی باشتردا دەبوو. سەرباری بوونی ئەو ژمارە زۆرەی مەقەڕی حیزبەکان، دواتر کلک لێبونەوەیان بۆ دەیان بەناو ڕێکخراوو سەنتەری هەمەجۆر، لەژێر ناو و سیفەتی جیا جیا. کۆی ئەو هەموو ناوەندە حیزبیانە، کێشەکانی کۆمەڵگای کوردیان ئاڵۆزتر کردوە، نەک سود گەیاندن و بینینی ڕۆڵی خۆیان. ئەگەر ژمارەی مەقەڕەکانی حیزب پێوانە بوایە، بۆ ساغڵەمکردنی کۆمەڵگای کوردی، بۆ هەرێمی کوردستان، تەنها بەمانگێک بێ بودجەی بەغدا، ئیفلیج دەبێ؟! یان بەهاتنی ژماریەک چەکداری داعش، کوڕەکانی مەقەڕو حیزب، سەدان کیلۆمەتر، لەنیشتیمان و گیان و شەرەفی، هەزاران هاووڵاتی کورد، دەخەنە ژێرپێی مرۆڤ کوژەکان.؟ مەقەڕەکان و کلکەکانیان، هێندە مۆرۆڤی بێ مۆڕاڵیان گۆش کردوە، باکیان نیە لەبازرگانی کردن، لەگەڵ بکوژی هاوسەنگەرو براو کەسەکانیان.
بۆچی لەکۆی ئەو هەموو ئەندامە گوێڕایەڵانەی، ئەو حیزب و حیزبۆچکانەی، نێو مەقەڕە زۆرەکانی هەرێم، نەیانتوانیوە تائیمڕۆ، دەستور، ژێرخانی ئابوری، سوپایەکی نیشتیمانی، پەروەردەو زانست .. بنیاتبنێن. یان کارو فرمانیان، خۆژیاندن و ڕۆژ ژماردن و قسەی گەورەی سەرپەڕەی ڕۆژنامەو گۆڤارو تەلەفیزیۆنەکانە، لەفریودانی بەشێکی لەمیللەت.
ژمارەی کەمی مزگەوتەکان لەڕبردودا، جێگای پێگەیاندنی چەندین ئەدیب و شاعیرو گەورەپیاوی کورد بووە. ئێستا ژمارەی زۆری مزگەوتەکان، بۆتە هۆی دروست بونی جیاوازی ئایینی، سوک سەرنجدانی بیروباوەڕی ئەوانی دیکە. ئەگەر بەژمارەی زۆری نوێژخوین و مزگەتەکان بوایە، دەبوو کەس هیندەی میللەتی ئێمە، سەرڕاست و بێ خەل وغەش نەبویە! کەس چاوی نەبڕیبا داگیرکردنی بست بەبستی چیاو گردو دۆڵەکان. کەس بۆ مشتێک پار جەستەی هاوزمان و نەتەوەو ئایینیەکەی خۆی، خەڵتانی خوێن نەکردبا! ئەگەر ئایینی نێو مزگەوتەکان، مرۆڤ هانبدات بۆ پاک و خاوێنی ڕاستگۆی و یەکتر خۆشویستن و نیشتیمان پەروەری؟ ئەی بۆ بەشێک لەوانەی دەچنە مزگەوتەکان، هیچ یەکێک لەوخەسڵەتانەی تێدانیە؟ ئەگەر پاک و خاوێنی لەباوەڕەوەیە؟ بۆبەدەگمەن شارو شاۆچکەیەکی پاک خاوێن هاو شێوەی ووڵاتێکی بێباوڕەکان نابینن. بۆ کەس نیشتیمانەکەی خۆشناوێ؟ لەووڵاتانی دەرەوەو لەبۆنە ئاینییەکاندا، نرخ و پێداویستەیەکان دێتەخوارەوە. لەمەملەکەتی زۆری مزگەوتەکاندا، بۆ بۆنە ئاینییەکان، نرخی کەلوپەل وپێداویستیەکان، چەند قات لەسەر کڕیار زیاد دەکەن. لەوەش ترسناکتر، لەژێرنوای بەشێک لەحوجرەو سێبەری مزگەتەکان، بیری توندڕەوی ئایینی و ترس و تیرۆرو تۆقاندن، بەرهەم دێت. بەرئەنجام دەبێت درک بەوەبکەین، کەمزگەوت و مەقەڕە زۆرەکانی هەرێمی کوردستان، سودی ئەرێنی ئەوتۆیان نیە، هێندی بونەتەبار بەسەر باری ئابوری و کۆمەڵایەتی، کۆمەڵگای کوردیەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە