بەڕێز!! تاڵەبانى كام سەربەخۆیى یاساو كام دادپەروەرى ؟
Saturday, 21/02/2009, 12:00
1465 بینراوە
ئەوەى ڕاستى بێت لەم وڵاتەى ئێمەدا وا ڕاهاتووین یەخەى بەرپرسەكانى خوارەوە بگرین بۆ دیارى كردنى كەم وكورتییەكان كە چى هەڵەكانى ئەوانەش دەرئەنجامى سیاسەتەكانى سەرەوەى خۆیانە، بۆیە من تا ئێستا لە ژیانمدا هیچ بابەتێكم لەسەر كەسێك لەخوارەوە نەنوسیووە.
بەهەر حاڵ بەڕێز تاڵەبانى لەكۆبوونەوەیدا لە گەڵ هەندێك لەدادوەرەكان باسى سەربەخۆیى دادگاو باسى دادپەروەرى كرد بۆیە من دەپرسم ئایا دادگا ئەتوانێت سەربەخۆ بێت ؟
ـ ئەگەر دادوەر بە واسیتەى فلان شێح وفیسان ئاغا لەدیوەخانەكەى ئێوەدا دامەزرابێت؟ ئایا دادوەر دەتوانێت داواكارى ئەو كەسانە ڕەتبكاتەوە كە بەواسیتە دایانمەزراندووە؟
ـ بەڕێز تاڵەبانى دەتوانیت داواى ڕاپۆرت لەهەموو دادگاكان بكەیت بزانە چەند بڕیارى گرتنى بەرپرسەكانى سەر بەدەسەڵات هەیەو جێبەجێناكرێت یان چەند نوسراو كراوە بۆ هەواڵەكردنى كەسێك بۆ دادگاى كەتن یان تاوانەكان و (مەرجەعیان) هەر وەڵامناداتەوە.
ـ ئەگەر وڵاتێك هەمووى لەژێر چەكدا بێت و هەموو ماڵێك چەكى بێ مۆڵەتى هەبێت ولەبۆنەكاندا ئێوە لەجیاتى گوڵ چەك ببەخشن ، لە وڵاتى وادا سەربەحۆیى یاسا چۆن بەرقەرار دەبێت؟ چۆن پۆلیس دەتوانێت بڕیارى دادگا جێبەجێ بكات؟
ئەما دادپەروەرى:
ئەگەر دادپەروەرى لەهەر جێگایەك هەبێت ئەوە لەم هەرێمەدا نییە لەبەر:
ـ شێوازى دامەزراندنى دادوەر:
وەك وئاماژەم پێكرد (80%)ى دادوەرەكان بە واسیتە دامەزراون و هەل بۆ هەموو ئەو كەسانەى موستەحەقن وەك ویەك نەبووە و ئەوەندە دادوەر لەبەر خاترى فلان وفیسان دامەزراون ئەوەندە لەبەر تواناو ماندووبوون ولێهاتووى كەسەكان دانەمەزراون.
ـ جیاوازى زۆرى موچە:
موچەى ئەو دادوەرانەى كە توانیویانە بگەنە دیوەخانەكەو بەخت یاوەریان بووە پێنج بۆ شەش ئەوەندەى فەرمانبەرە یاساییەكانى دیكەى وەزارەتى دادە كە هەمان بڕوانامەو هەمان خزمەتیان هەیە، بەڵێ منیش دەڵێم دادوەر بەرپرسیارێتى لەسەرەو ماندوو دەبێت بەڵام جیاوازى بەو شێوەیە هیچ مەهانەیەكى بۆ نییە، هەروەها جێگرەكانى داواكارى گشتى كە ناتوانن كارەكانیان بكەن بۆ دیفاغكردن لەمافى گشتى لەبەر نەبوونى سیستەم لەم وڵاتەدا و كارەكەیان تەنها تەمیزكردنەو ئەركەكەیان زۆر سووكە، چى پاساوێكى مەنتقى هەیە موچەكەیان بەقەد هێندەى دادوەرێك بێت و پێنج ئەوەندەى جێبەجێكارى داد بێت، كاتێك جێبەجێكارى داد خانوویەك چۆڵ دەكات لەم وڵاتە بێ یاساییەدا خوێنى دەبێتە ئاو كە چى لەیاسادا(30%) موخەسەساتى هەیە كە هەرچەندە زۆر كەمە ئەوەشى بۆ سەرفناكرێت.ئەمە دادنوس و لێكۆڵەرى دادى و یاریدەدەرى دادوەریش دەگرێتەوە.
لەكۆتاییشدا دەڵێم ئەو سەربەخۆیى یاساو دادپەروەرییەى تۆ باسى دەكەیت جەنابتان لەهەموو كەس باشتر دەزانن قسەیەو هیچى تر نییە.