کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

شاسوار مامە

https://www.facebook.com/shaswarmame21


فێڵى سیاسى

Tuesday, 29/12/2009, 12:00


دەستەواژەى(فێڵ) زۆربەمان بیستوومانە لەناو كۆمەڵگاى كوردى، ڕەنگە زۆرجار خودى دیاردەكە وەك بابەتێكى كۆمەڵایەتى بینرا بێت لەناو تاكەكانى كۆمەڵدا، بەڵام دەستەواژەى(فێڵى سیاسى) تا ڕادەیەك نوێ ترە لەویان، چونكە فێڵى سیاسى كاتێك توانى بوونى خۆى بسەلمێنێ كە پارت و قەوارەى سیاسى لە كوردستان هاتنە گۆڕەپانى ململانێ لەسەر دەسەڵات، بۆ بەهێزكردنى پێگەیان لەناو ئیرادەى تاك بە تاكى خەڵكى كوردستان. بۆیە دەكرێ بڵێین فێڵى سیاسى سەرەتا لەناوخۆى وەڵات لەناو هێزە سیاسییەكان هاتە ئاراوە بە مەبەستى خزمەتكردنى بەرژەوەندییە تایبەتییەكانى حیزب، دواتر لە دەرەوەى كوردستانیش لایەنى سیاسى دیكە توانیان ئەو دەستەواژەیە بەشێوەیەكى پراكتیكى بێننە ناو خاكى كوردستان و پەلكێشى بكەن بۆ ناو ئەو ناوەندانەى كە فێڵى سیاسى دەیتوانى ڕۆڵى تێدا ببینێ لە بەرژەوەندى خاوەنەكەى. فێڵى سیاسى هەمیشە لەژێر ناونیشانى دیكە و بەناوى جیاجیا خۆى بەیان كردووە، زۆرجار بەناوى بەرژەوەندى هاوبەش و بەڵێنى پشتگیرى و چەندانى تر توانیویەتى دەست بەسەر ئیرادەى لایەنە بەرامبەرەكانى دابگرێت. لەدواى ئازادكردنى عێراق لایەنە دەرەكیەكانى هەرێم بەشێوەیەكى زانایانە بێ ئەوەى هێزە سیاسییە كوردییەكان هەستى پێ بكەن توانیان لەژێر ناوى ناچوونیەك لە گۆڕەپانى سیاسى عیراق لەپێناو بەرژەوەندییەكانیان فێڵى سیاسى كارا بكەن، نوێنەرانى كوردیش زۆر بە داماوى بەنیازێكى زۆر جیا تێدەگەیشتن، بەشێوەیەك خۆیان بە دۆست و لایەنگرى ئەوان دەزانى و پێیان وابوو هەرچى بیڵێن و بیكەن لەپێناو مافى كوردە چونكە وایاندەزانى بەزەییان بە كورد دێتەوە بەهۆى ئەو زوڵمانەى ساڵانى ڕابردوو لێیان كراوە، ئەگەر كەسێكیش نیازى ئەوانیان ئاشكرا كردبوایە پارتە كوردییەكان نیگەران دەبوون و بەدژى خۆیان ناوزەندیان دەكرد. ئەو فێڵانە سنوریان بەزاند و هەر لەزۆربوون دابوون بەڵام دۆستەكانمان هەر بێ ئاگابوون، لەو دواییانەش كاتێك ململانێ دەكرا بۆ پەسەندكردن یان نەكردنى یاساى هەڵبژاردنەكانى عیراق چەندین فێڵ لە كورد كرا بەڵام لایەنە كوردییەكانى كە لە بەغداد بوون بە دەستكەوتى مێژوویى باسیان دەكرد، ئەو هەلوێستانەى لایەنى سیاسى كوردى خەڵكى كوردستانى ناچاركرد داوا لە جێگرى سەرۆك كۆمار بكەن ئاگادارى بەرژەوەندى كوردەكان بێت، ئەوە لە كاتێكدا سەرۆك كۆمار خەڵكى كوردستان ناردوویەتى لە بەغدا نوێنەرایەتى بكات. هەست نەكردن بەو فێڵە سیاسییانەى لە كورد كراوە كە ئەو جارە نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەشداربوون تیایدا واى كردووە هێزە كوردییەكان هەمیشە لە سازش كردن دا بن. بێگومان ناسیاسى بوونى سەركردەكانى كوردیش كاتێك دەركەوت كە ماوەى 6 ساڵ لە بەغداد هاوشانى لایەنەكانى ترى عیراق وەڵات بەڕێوە دەبەن. ئەنجامى ئەو شێوازى مامەڵەى نوێنەرانى كوردستان ئەوە بووە كە وردە وردە ڕێژەى نوێنەرانى كورد لە پرۆسەى سیاسى عیراق هەمیشە بەرەو كەم بوونەوە دەچێت. پێویستە ئەوەش بزانین فێڵى سیاسى لە جیهاندا لەگەڵ هەموو هێز و لایەنێك سەرناگرێت، هەمیشە وابووە فێڵى سیاسى لەو هێزانە كراوە كە هەژارن لە عەقڵیەتى سیاسى و فەرهەنگى سیاسى، ئەگەر سەیرى مێژووى پارتە سیاسییەكان بكەین لە كوردستان پڕ بووە لە فێڵى سیاسى بەڵام فێڵى سیاسى بەو مانایەى نا كە هێزە كوردییەكان ئەنجامدەرى بن، بەڵكو بەو مانایەى كە هێزە كوردییەكان بن بەستى فێڵى سیاسى بن و گەلەكەشیان باج دەرى ئەو عەقڵیەتە نەزانەیان بێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە