هەڵوێستەكەی هونەرمەندی گەورە (زیاد ئەسعەد) لە یاد مەكەن، پارەكەی ئەویش كەم نەبوو..!!!
Wednesday, 15/07/2009, 12:00
كامەرانی عەلی پێنجوێنی
گۆرانی بۆ مەبەستی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەی كوردستان بە شێوازی جۆراو جۆر بەكار هێندرا، زۆر هونەرمەندی گۆرانیبێژ لەلایەن لیستەكانی هەڵبژاردنەوە پەیوەندییان پێوەكرا، بەڵام زۆربەی هونەرمەندان خۆیان لە بەرامبەر ئەو پارە گەورانە نەگرت، كە بۆیان دانرا بوو لەبەرامبەر گوتنی گۆرانییەك یاخوود ئاهەنگ سازكردن، بۆ لیستەكانی هەڵبژرادن
لەسەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا دەتوانم بلێم پێش زۆربەی زۆری هونەرمەندانی كورد پەیوەندی كرا بە هونەرمەندی دوورە وڵات (زیاد ئەسعەد)، من خۆم لە نزیكەوە ئاگاداری پەیوەندی كردنی هەردوو حیزبی دەسەڵات دار بووم كاتێك پەیوەندیان پێوە كرد، بۆ مەبەستی هەڵمەتی هەڵبژاردن بگەڕێتەوە بۆ كوردستان و چەند زنجیرە ئاهەنگێك لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی ساز بكات، بۆ لیستی (كوردستانی) لە بەرامبەر ئەوەدا (000 400) چوار سەد هەزار دۆلاریان بۆدانا، وابزانم پارەیەكی ئەستوورەو پیاوی دەوێ خۆی لەبەرامبەری رابگرێت، بەڵام من لە نزیكەوە هەڵوێستەكەی هونەرمەند (زیاد ئەسعەد)م بەچاوی خۆم بینی و زۆر بوێرانە و چاونەترسانە و بەبێ دوو دڵی و راوێژكردن لەسەر هیچ پرس و باسێك گوتی (من دوای 17 ساڵ دووری لە كوردستان تازە منتان بیر دێتەوە..؟ بۆ من بووكە شووشەم هەڵم پەرێنن..؟ بۆ من چەندین جار هەوڵمدا بگەڕێمەوە كۆنسێرت ساز بكەم لە كوردستان نەتان هێشت..؟ هۆیەكەی چی بوو..؟ بۆ من كورد نەبووم..؟ هونەرمەندی ئەو وڵاتە نەبووم ..؟ بۆ من چەندین هونەرمەندم پێنەگەیاند بە ئاواز و هۆنراوەكانی من ناوبانگیان بەدەست نەهێنا ..؟ بۆچی من هەموو تەمەنم لە بری دروست كردنی ژیانی هاوسەری و ماڵ و مناڵ هەموو تەمەنم پێش كەشی هونەرەكەم نەكرد..؟ ئێستا من لەهەموو ماڵی دونیا خاوەنی تەنها دوو ئامێری موزیك و ژوورێك و تەلفزیۆنێك و كۆمپیتەرێكی لاپ تۆپم، خێرە تازە ئەو هەموو پارەیەم بۆ دەریژن..؟، برۆن ئەو پارەیە بدەن بە ماڵە شەهیدەكان بەو مناڵانەی لە ئەنجامی نەداری و هەژاری نەیانتوانی خوێندن تەواو بكەن، برۆن بیدەن بەو دایكە شەهیدانەی كە ئێستا نەخۆشن پێویستیان بە چارەسەركردن هەیە..؟)
بەڵێ زیادی گەورە هونەرمەند گوتی من زۆم پێخۆشە وڵاتەكەی من بەرەو سەركەوتن و سەرفرازی بڕوات، زۆرم پێ خۆشە وڵات ئاوادان بێت، بەڵام نەك ئەو ئەوەدانی و خۆشیە تەنها بۆ چەند كەسانێك بێت و ئەوانی تریش هەر بتلێنەوە بەدەم ئازار و نەبوونی و هەژاری، تەنها سەیر بكەن!!! ئاخر ئێمە لەسەردەمانێك كە زوڵمان لێدەكرا، ئومێدمان ئەوەبوو رزگارمان بێت، بەڵام نەك كە رزگارمان بوو ئیتر وڵات ببێتە وڵاتی بازرگانی بۆ كەسانێك و هەندێك كەسیش هەر قۆرەی سكیان بێت لە بەرسان، ئاخر من ئەو جەماوەرەی كە هەمە چۆن دەكرێ هەڵیان بخەڵێتێنم و پێیان بلێم برۆن دەنگ بدەن بە فڵانە لیست..؟ من هونەرمەندم موڵكی میلەتێكم ئاخر سیبەینێ جەماوەرەكەم ناڵێن (زیاد ئەسعەد) كوا حكومەتی هەرێمی كوردستان چی بۆ كردووی..؟ ناڵێن كوا رۆژێك لە رۆژان لە تۆیان پرسیەوە پێیان گوتی وەرە سەردانێكی وڵاتەكەت بكەوە و با هەرنا ئاهەنگێك بۆ جەماوەرەكەت ساز بكردایە...
بەڵام سوێند بەخاكی كوردستان من بەچاوی خۆم ئەو هەڵوێستەی هونەرمەند زیاد ئەسعەدم بەچاوی خۆم بینی و ئەو پارەی رەتكردەوە، كە من لەلای دانیشتبووم پێم گوت بەو پارەیە سێ چوار سیدی بەرهەم دەهێنی و ئەو سیدیەی ئێستاش تەواو دەكەیت، ئەویش گوتی من (6) ساڵە یەك گۆرانییم نەمتوانیووە بەرهەم بهێنم ئەگەر تا مردنیش نەتوانم گۆرانییەك تۆمار بكەم، ئامادە نیم بە پارەی میلەتەكەم گۆرانی بڵێم بەڵكو من گۆرانی و هونەرەكەم بۆ گەلەكەمە، بەهەر حاڵ ئومێدم وایە ئەو هەڵبژاردنە بە ئارامی بەڕێوەبچێت ئەوەش نەبێتە مایەی ماڵ وێرانی بۆ گەنجان و لاوانی وڵاتەكەم و شەر و وێرانكاری بەدواوە بێت چونكە شەر وڵات بەرەو دواوە دەبات، ئومێدەوارم دەسەڵات دارانی ولاتەكەم بەخۆیان دابچنەوە و بە هانی ئەو میلەتەوە بێن، وەك چۆن ئەوەتا ماوەی مانگێكە داوا لەخەڵك دەكەن دەنگیان پێ بدەن پێویستیان بەخەڵكە ئەواش دەبێ بزانن هیچ حكومەتێك بە بێ میلەتەكەی سەركەوتوو نابێت.
لە كۆتایی دا بەڕێزان بۆ زانیاری هەموو لایەكتان پێش چەند رۆژێك هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) دایكی ئەمری خوای كرد، نەیتوانی بێتەوە بۆ كوردستان بەشداریی پرسەكەی بكات، چونكە ئەو هەڵوێستەی هونەرمەند زیاد ئەسعەد زیاتر بووە بەڵگە بۆ ئەو هونەرمەندانەی كە لەدەسەڵاتەوە نزیكن نەیانهێشتووە زیاد ئەسعەد بگەڕێتەوە بۆ كوردستان، بەتایبەتی (زەكەریا عەبدوڵلا) كە چەندین جار نەیهێشتووە ئەو هونەرمەندە بگەڕێتەوە بۆ كوردستان، بەتایبەتی لە ساڵی (2004) كاتێك كەناڵی ئاسمانی كوردستان tvی بە داوەتنامەیەكی فەرمی ویستی بیهێنێتەوە بۆ كوردستان ئاهەنگی بۆ ساز بكات، بەڵام بە پێ ی سەرچاوەیەكی نزیك كە لە بەڕێوەبەرانی كوردستان تیڤی بە زیاد ئەسعەدی راگەیاندووە كە زەكەریا هەوڵی هاتنەوەی زیادی راگرتووە و نەیهێشتووە ئەو كارە سەر بگرێت، كە زیاد ئەسعەد لە دیمانەیەكی تایبەتی بەرنامەی تاراوگە كە لە وڵاتی سوید ئامادە دەكرا ئاماژەی بەو داوەتنامەی كوردستان تیڤی كردبوو، هەروەها كۆمپانیا رۆژبین ئەو كۆمپانیایە، كە ئەو كۆمپانیایە هونەرمەندی توركی (ئیبراهیم تاتلیساس)ی داوت كرد بۆ هەولێر، ئەو كۆمپانیایە بە بۆندێكی گرانبەها هونەرمەند (زیاد ئەسعەد)ی داوەت كرد، بلیتی تەیارەكەش بۆ كرا، چەندین ریكلامی جۆراو جۆریان كرد بۆ هاتنەوەی هونەرمەند (زیاد)ی ئەنجام دا بەڵام بە پێ ی قسەی بەڕێوەبەری كۆمپانیای رۆژبین كە خۆی پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەری كارە هونەرییەكانی (زیاد ئەسعەد) هونەرمەند (دلاوەر حەریری) لە وڵاتی سوێد كە كاری وێنەگری بۆ كوردستان تیڤی ئەنجامداوە ماوەیەك پێشتریش كارمەندی تەلفزیۆنی گوڵان بووە، پێی گوتووە لەبەر ئەوەی (زەكەریا عەبدوڵڵا) پێی ناخۆشە زیاد بگەڕێتەوە بۆ كوردستان من ناتوانم ئەو كارە جێ بەجێ بكەم كۆنسێرتەكانی زیاد بە شێوەیكی باش بەڕێوە ببەم، چونكە زیاد ئەسعەدم زۆر خۆشدەوێ نامەوێ شەرمەزاریی بم
ستۆكهۆڵم سوید
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست