کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حكومەتەكەی یاجوج و ماجوج واخەریكن ئاوەكانیشمان لوش ئەدەن

Tuesday, 13/07/2010, 12:00



یاجوج و ماجوج ئەو خێڵە زیانبەخشەن كە لە قورئانی پیرۆزدا ناویان هاتووە و چەند ساڵێك بەرلە كۆتایی دنیا سەر هەڵئەدەن وهێندە لەشكرێكی زەرەرمەند و چاوبرسین كاتێك بەسەر هەر چەم وڕوبارێكدا تێپەڕن ئەوا تێكڕای ئاوەكە هەڵئەلوشن و شوێنەكەی وەك دۆڵێكی ووشك و برنگ ئەمێنێتەوە.
لەدنیای ئابوری ئەمڕۆدا ئاوی شیرین بە هەرەگرنگترین سەرچاوەكانی ژیان دادەنرێت ، بەتایبەت كە لە ئێستادا كەش وهەوای گۆی زەوی بەرەو و گەرم بوون ئەڕوات و سەرچاوە ئاویەكان بەهەڵم بوون تیایاندا زیادی كردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوی شیرین لەكزبووندایە ،پسپۆڕانی بواری جیۆلۆجی پێشبینی دەكەن لە ساڵانی داهاتوودا كێشەى سەرەكی نێوان گەلانی جیهان لەسەر ئاوبێت.
ئێمەی كورد بەحوكمی ئەوەی هەر لە كەژ و كێوەكاندا باو باپیرانمان ژیانیان بەسەر بردووە شكور بۆ خوا لە ئاوی شیریندا قسوریمان نیە و گەلێك چەم و ڕوبارو سەرچاوەی جۆراو جۆر مان هەیە وبە ووتەی جێۆلۆجیناسان 4/1ی ئاوی شیرینی جیهان لە كوردستانی گەورەدایە.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە بەرپرسانی كوردستان هەست بە و نیعمەتە گەورەیە ناكەن ولەبری ئەوەی ئەوئاوە بۆ پڕۆژەی جۆراو جۆر بەكاربێنن ، دێن سەرچاوە ئاویەكان ئەكەن بە قوربانی پەترۆڵ .
لە ناوچەی عەربەت ونزیك گوندی بێستان سور كۆمپانیایەكی وەهمی كوردی بەناوی (شەمێران پترۆلیۆم) كەلەبنەڕەتدا كۆمپانیایەكی ئەمریكیەو لەكوردستاندا لەلایەن ستافێكی چینیەوە بەڕێوە ئەبرێت وهەرچی كارە پڕ زەحمەت وگرانەكانیشەلەبەرامبەر چەند دۆلارێكدا بە خەڵكی ڕەش و ڕوتی ناوچەكەی ئەكەن .
ئەم كۆمپانیایە لەدەور وبەری چەمی بێستان سوور سەرگەرمی گەڕان وپشكنینە بەدوای پەترۆڵدا و ئەگەر خوانەكردە بیری پەترۆڵ لەوناوچەیەدا بونی هەبێت ئەوا ئەبێت بەتەمای ئاوی چەمی بێستان سور نەبین لەبەرئەوەی لێدانی بیر لە نزیك چەمی بیستان سور ئەبێتە هۆی تێكدانی ڕاڕوی ئاوەكەو ووشك بوونی و ئەگەر بەتەواویش ووشك نەكات ئەوا تێكەڵبوون لە نێوان ئاوەكەو نەوتەكەدا ڕوئەدات و ئەبێتە هۆی پیس بوونی و بۆ خواردنەوە نەشیاو ئەبێت.
لەكاتێكدایە كە هەرسێ شارۆچكەی عەربەت و باریكەو هەڵەبجەی تازە وگوندی
بێستان سور تاكە سەرچاوەی ئاویی خواردنەوەیان ئەو چەمەیە .ئەمە لەلایەكەوە و لەلایەكی دیكەشەوە لێدانی بیرەنەوت و دەرهێنانی لەزەویداپێویستیەكی زۆری بە ئاوە وبەمەش دیسان ئاوی بێستان سور ئەگەر ووشكیش نەكات ئەوا زۆربەی ئاوەكەی قۆرخ ئەكرێت بۆ پڕۆژەی پترۆڵەكە وخەڵكی ناوچەكەش ئە بێت سەوزەڵێ خانم بەدیار چەمەكەوە بڵێن .
لەوانەیە هەندێك خەڵكی ساویلكەو سینەپاك بڵێن حكومەت ئەو كارە بۆ خۆشگوزەرانی میللەت ئەكات و دەرهێنانی پەترۆڵ ئابوری ووڵاتەكەمان بەهێز ئەكات ، بەڵام ئەگەر بەوردی تەماشای ئەو هەموو كۆنتراكتەی حكومەتی هەرێم بكەین كە لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكانی بەرهەمهێنەری پەترۆڵدا واژۆیان كردووە ، میللەت نەك لێی سودمەند نەبووە بەڵكو ناشزانێت داهاتەكەی بەرەو كام بانكی نێودەوڵەتی ڕوانە ئەكرێت ، تەنانەت ئەو كارو پڕۆژەكانەش كەلە هەرێمەكەماندا جێبەجێدەكرێت لەسەر %17 ئەو بودجەیە كە لەبەغداوە بۆمان ڕوانە ئەكرێت و هیچ داهاتێكی كۆمپانیاكانی پەترۆڵ نەخراوەتەوە سەر بوجەی حكومەتی هەرێم.
كورد واتەنی ئەوان ئەیانەوێت بڵێن بەشەكەی خۆم بۆ خۆم و بەشەكەی ئێوەش ئەخۆم.ئێمەش ئەڵێین دەوران دەوڵتتان لەدەست ئەسێنێ ،سەروەت و سامان بۆكەس نامێنێ ، ڕۆژێك دێت بڵێن خۆزگەم بەدوێنێ.



 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە