کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دادوەرێكى گەرمیان تۆمەتبار دەكرێت بە"بەعسیبوون"

Wednesday, 13/03/2013, 12:00







هاوڵاتییەك: ئەو دادوەرە منى دایە دەست ئەمنى ئەعزەمیەى بەغدادەوە

تایبەت بەرایەڵ

هاوڵاتییەكى گەرمیانى كە براى حەسەن جیهادى ئەندامى پەرلەمانى عێراقە، یەكێك لەدادوەرەكانى نیشتەجێى گەرمیان بەناوى (گ) تۆمەتبار دەكات بەوەى كاتى خۆى بەعسى بووەو ئەمى بەدەستەوە داوە.
فەهمى جیهاد كە لەسەردەمى بەعس دا لە زانكۆى بەغداد خوێندكار بووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى لایەنگرى پێشمەرگە بووەو وەكو خۆى دەڵێت"لەلایەن كەسێكەوە دراوەتە دەست ئەمنەوە كە ئێستا ئەو كەسە دادوەرە و نیشتەجێى گەرمیانە، بۆیە ئەوكات هەڵهاتووەو موستەقبەلى فەوتاوە".
فەهمى جیهاد كە ماوەیەكى زۆرە لەئەوروپا دەژى و ماوەیەك لەمەوبەر گەڕاوەتەوە، ئاماژەبەوەدەكات ئەو دادوەرە داهاتووى سوتاندووە بەهۆى ئەوەى داویەتە دەست بەعسەوە، ئەگینا ئێستا ئەویش بڕوانامەدار دەبوو.
ناوبراو باسى سەردەمى رژێمى كرد كاتێك لەلایەن دادوەرەكەوە دراوەتە دەستى ئەمنەوە، روونیكردەوە كاتێك لەزانكۆى بەغداد خوێندكار بووە دادوەرەكەى نیشتەجێى گەرمیان ئەوكات ئەویش خوێندكاربووە لەگەڵى، وتى"رۆژێك دەمە قاڵەیەك لەنێوانماندا دروستبوو، ئەو رۆیشت لە مدیریەى ئەمنى ئەعزەمیە شكاتى لەمن كرد، گوایە من سەربە موخەریبم (پێشمەرگە) و شوقەكەیم شكاندووە و تفەنگەكانیانم بردووە بۆ پێشمەرگە".
فەهمى جیهاد درێژەى بەقسەكانیدا، وتى"منیش لەترسى دەستگیركردن هەڵهاتم و زانكۆم بەجێهێشت و نەمتوانى خوێندن تەواو بكەم".
بەوتەى خۆى، ساڵى 2004 كاتێك لەئەوروپا گەڕاوەتەوە دەبینێت ئەو كەسەى لەبەغداد داویەتى بەدەست ئەمنەوە دادوەرە، بۆیە پەناى بردووەتە بەر دادگا و ئەوكات سكاڵاى یاسایى لەسەرى تۆمار كردووە.
فەهمى وتیشى"ساڵى 2004 كاتێك شكاتم لێكرد خەڵكێكى زۆرى عەشایەر هاتنە ماڵەكەم و وتیان عەیبە و سوڵح بكە لەگەڵى، بەراستى من ئیمانم بەسوڵح و شتى وا نیە، بۆیە وتم كاكە با بڕوات".
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، چەند هەفتەیەك لەمەوبەر فەهمى كاتێك بیرى لەو رۆژانە كردووەتەوە كە لەلایەن دادوەرەكەوە دراوەتە دەست ئەمنى بەعسەوە و بەو هۆیەوە نەیتوانیووە خوێندن تەواو بكات زۆر نیگەران بووە، بۆیە جارێكى تر رۆیشتووەتە سەر دادوەرەكە و لێیتوڕە بووە، پێیوتووە "تۆ هۆكاربوویت بۆ ئەوەى من نەخوێنم، منت داوە بەدەست بەعسەوە".
زانیاریەكان ئاماژەبەوەش دەكەن دواتر دادوەرەكە فەهمى بەگرت داوە و ناوبراو چەند كاتژمێرێك لەزینداندا بووە، بەڵام دواتر دادوەرەكە خۆى ئازادى كردووە ، چونكە لەوە ترساوە مەسەلە دزە بكات بۆ راگەیاندنەكان.
فەهمى وتى"ئەو شەوە زۆر بێتاقەت بووم لەوەى كەهاتوومەتەوە بێ ئیش و كارم، كەچى كابرایەكى بەعسى بووەتە حاكم و زۆرم پێناخۆشبوو، بۆیە چوومە گیانى".


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە