کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دانیشتنێکم لەگەڵ سەرۆکی عێراقی فیدڕاڵ

Saturday, 22/09/2012, 12:00


- پێشەکی گەلێ زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنەوەتت لێ ئەکەم بۆ شارە حەیاتەکە، ئەو شارەی کەلەسایەی فەخامەتتانەوە گەلێ جیاوازی نیە لەگەڵ شارەکانی حلە و ڕومادی و بەغدا، ئەو شارەی کە پڕت کردوە لە عەگەڵ بەسەرو ئێستا بوە بەشاری(تەئاخی) و برایەتی و پێکەوە ژیان. ئەو شارەی کەخەڵکە ڕەسەنەکەی بۆتە میوان و کرێچی و،هەرچی چاو ڕەش و دەست ڕەنگینەکانی عەرەبە کە لێرەو لەوێ گاڵتە بەکورد ئەکەن و هەندێ جار لەفیس بووکیش ئاڵای کوردستان وەك پارچە قوماشێك لولی ئەکەن و چڵمی لووتی پێ ئەسڕن،ئەوان بونەتە خاوەن ماڵ و هەروەك ، لەدکتۆر بەرهەمیان بیستبێ کەکاتی خۆی ووتوبوی، ئینجا ئاڵای کوردستان چیە، خۆ پارچە پەڕۆیەکەو هیچی تر. لەسایەی سەری پڕ بەخێرت کەناڵێکی عەرەبیت بەناوی (فەیحا) لەجیاتی خەستەخانە ٤٠٠ قەرەوێڵەکە دامەزراندوەو بودجەکەی بۆ ئەو کەناڵە ئەچێ کەلەمانگێکدا جارێك ناوی مەعالیتان وەك سەرۆکی عێراقی عروبەو فیدراڵ دێنن.

پرسیار: ئەڵێن لە ماوەی ئەو ٣ مانگەی جەنابتان کەوەك نەخۆش خۆتان و یەك تۆپەڵ بەناو سکرتێرو پاسەوان لەئەڵمانیا لەسەر بودجەی لە ١٧% ی کوردستان وەك گای عەلی خەریکی خۆلێسانەوەبوون، سەرف کرد. وە بۆ جەژنیش قەیسی و قەلت بۆ چوو بوو، بۆچی ئامۆژنە هێرۆ سەردانی نەکردن و ئەڵێن گوایە بەعزن؟

وەڵامی مامە:- کاکی خۆم تۆ بەندەی موخلیس باش ئەناسی، لەو ماوەیەی خەریکی ئەژنۆ گۆڕین بوم ، هیرۆی کاکە بلە، جگە لەوەی هەرخەریکی بەخشینەوەی بەناو خەڵاتی بلەو سەرف کردنی ئەو هەموو پارانەی لای دلێری سەید مەجید دام نابوو بۆ کاتی تەنگانە و نەخۆشی مردن ، کەچی ئەوەتا زیاتر لە ٢٠ دەفتەری یابو بە دکتۆرە چاو بایەمیەکە کەوابزانم ناوی دکتۆر هۆجۆیە. ئاخر بەڕیشی کێ ڕەوایە ئاوا ئەو پارانە وا لێ بکەیت و بیدەی بەدارو بەردا. ئەمەش قەیناکە، لەسەرێکی تروە هێرۆخان ئەو ماوەیە خەریك بوو (یەکێتی نیشتمانی کوردستان)م لێ بکاتە(یەکێتی ژنانی کوردستان)، ئاخر پێم ناڵێی بۆچی لەجیاتی سەرکردایەتی و بنکردایەتی کەسی تر نەبوو قسەو باسی ڕاگەیاندن بکات لەجیاتی (شاناز) کە قسەی بە هاوڕێی ٤٠ ساڵەم ئەڵێ و ڕەخنەی لێ ئەگرێ. ئاخر کاکە (نەوە)گیان هی ئەوەیە شانازێکی دەم ڕووت پێیا هەڵشاخێ. ئەو کاکە (نەوە)یەی کە لەکاتی خۆپیشاندەکانی دوای ١٧ شوبات و دواتر فریامان کەوت و نەیهێشت بکەوینە ژێر پێی خەڵکەوە. خوا دەست بەتەمەنیەوە بگرێ و وا ئێستاش وەك بەندەی موخلیستان لەجیاتی گردەکە، قیبەلەکەی بەرەو تاران و ئێران گۆڕیوە و دڵسۆزی کۆماری ئیسلامیە.

پرسیار: ئەی ئەوە چیە باس باسی پیاچوونەوەیە بەو ڕێکەوتنە ستراتیژیەی جەنابتان و سەرۆکی تەزوویر؟

وەڵامی مامە:- لێت ناشارمەوە، ئێران پێی ووتوم و ناتوانم لەقسەی ئەو مێزەر بەسەرانە دەچم و وام نیازە بەم زوانە دەرچوو لێ ئەیەم و جرتێك بۆ مەسعودیش لێ ئەیەم . ئاخر تۆ قسەیەك بۆ دز بکە، لەو ڕۆژەوە یەك تەختە لێی کەوتوم نەپرسیارێك، نەنامەیەك، نەئیمێڵێکم بەدەست نەگەیشتوە لەلایەن نامەسعودەوە، نازانم بەجامانەیەکی سوورەوە بەم ئاخرو ئۆخرە هەر خەریکی فییس بووکەو خۆی و ئەدهەمی ئامۆزای لێمان بوون بە ڕیش سپی و خۆیان بەکەس ناگۆڕنەوە. نەك هەر ئەوەش، ئەوەتا من هاتمە و ئەویش لەداخی من، ئۆغری کرد و بەخێرهاتنەوەی لێ نەکردم، ئێتر تو خوا هەقی خۆم نیە ، هەستم بەهەڵوەشانەوەی ئەو پەیمانێتیە، دەبا هەر ئەوەندەی تر خۆی خیش بکاو بزانین چی ئەبێ با ببێ.

پرسیار: ئەی ئەوەی فٶادی ڕەفیق تەلەبەییت ووتی ، کە گوایە لەجیاتی دکتۆرەکەت ووتویەتی، مام جەلال ١٠٠ مەتر ئەتوانێ بڕواو گوزەر بکا ڕاستە؟

وەڵامی مامە:- کاکە گیان ئینجا ١٠٠ مەتر چیە، سوێند بێ بە کەرکوکی قودسی کوردستان و دەوڵەوتی کوردی خەونی شاعیران، ئێستا لەگوێزی هەورامان ساغترم و هەچی عەیب و عار بێ نیمەو نەك هەر ١٠٠ مەتر حەز ئەکەی بەبێ گۆچانیش لەسەر یەك قاچ ئەوەستم.

پرسیار: ئەی باشە ماوەیەکە ئەڵێن گەلێ پێت ناخۆشە گاڵتە بە موحەمەد ئەکرێ و وێنەی کاریکاتێری لەسەر دروست ئەکەن و گوایە داوات لە ئۆباما کردوە سنوورێك بۆ ئەو بێ ئەدەبیە دابنێ؟

وەڵامی مامە:- چی بڵێم، یاخوا پیاو کۆیلەی کەس نەبێ، ئەگینا منێكی سۆسیال دیموکرات و (کۆنە ماویەك) لەبەر خاتری ئێران نەبێ ، یائەڵایان ئەکرد هەموو ڕۆژێ وێنەو کاریکاتێر نەك لەسەر موحەمەد، لەسەر خواش دروستیان ئەکرد، من خۆم کێشەم کەمە نۆبەی ئەوەیە تا سەری خۆمی پێوە بیەشێنم، ئەوە عەلی باپیر و سەلاحەدین بابەکرو ئەمسالی ئەوان بابچن ئەو کارە بکەن، خۆ ئەوان هەر خەریکی پارە وەرگرتنن لەمن و مەسعودی سەرۆکی ١٠٠٠ پیاوەکە.

پرسیار: ئەوە چۆن بوو ئەم جارە ڕێگەتان پێداین و ئەم دیمانەیەتان لەگەڵماندا ساز دا، خۆ ئێوە ڕقی دونیاتان لەکوردستان پۆست و نووسەرانێتی؟

وەڵامی مامە:- بەقەبری باوکم نەك هەر ڕقم لێتانە، بەڵکو بۆم بکرایە مۆرێکم لەدەرگاکەتان ئەیاو هەرچی ڤایرۆس و میکرۆبە ئەم ناردە ئەم وێبسایتە و بەڵکو لەکار بکەوێ، بەڵام چی بڵێم ، هەر خۆت ئەزانی بەندە خۆم وەك دیموکراس و مافناس و ئەندامی سۆسیال دیموکرات ناساندوە، جار جارەش مۆڵەتان ئەدەمێ و گەر لەمەو دوا قسەم لەسەر نەکەن و ڕەخنەم لێ نەگرن، هەریەکە و ٢ دۆنم زەویش ئەدەم بەئێوە هەر وەك چۆن ٢ دۆنم زەویم دا بە کەمال ڕەوفی هاوڵاتی.

- لەکۆتایی ئەم دیمانەیەدا بەناوی خۆم و کوردستانپۆستەوە گەلێ سوپاستان ئەکەین و هیوامان تەمەن درێژیتانە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی ئێران و عروبە بکەن بۆ ئەوەی نەوەی نوێ گەلێ بەباشتر بتانناسن و لەماهیەت و حەقیقەتی خۆتان و مێژووەکەتان ئاشنا بن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە