یادی ساڵیادی سلێمانی
Sunday, 16/11/2014, 12:00
یەکەم:
لەیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی سڵاو ڕێزێکی گەورەمان بۆ زۆر بەڕێز پاریزگاری سلێمانی و ستافە ماندوو نەناسەکەی،هەیە. ئەم بەڕێزە ئەگەر چی بەنایاسایی دانراوەو وا ماوەیەکی دوور و درێژترە لەکارەکەی ماوەتەوەو کەئەوەش دیارە زیاتر لەخەمی شارەکەدایەو نایەوێ وەیان ئامۆژەنە هێرۆ نایەڵێ پۆستەکەی جێبێڵێ ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەم شارەمان لە دەردە کوشندەکانی وەك ڤایرۆسی باڵندەو شێرپەنجەو نەخۆشیەکانی دڵ و نەخۆشیە کۆنەکانی وەك کۆلێرا کەم کردۆتەوە کە مەگەر تەنها قەبرستانەکان ڕاستی ئەم ووتانەمان بسەلمێنێ.
دووەم: هەر لەم یادە شکۆدارەدا زۆر سڵاو حورمەتمان بۆ زۆر بەڕێز شارەوانی و دەست ودایرەکەی هەیە،بەهۆی ئەوەی کە توانیان بڕیاری قەدەغەکردنی مەی خواردنەوە لەهەریەك (چەق چەق و دەباشان) دەربکا لەبەرئەوەی ناکرێ لەشوێنە گشتیەکاندا مەیخواردنەوە ڕێگای پێبدرێ. ئەگەر چی لەوانەیە لەمەو دوا خەڵکی عارەق و بیرەو ویسکی بخەنە تەرمۆزە و جلیکانەوە و مەنجەڵەوە بەڵام هەر بڕیارێکی باشە.. دیارە لەبەر بێ بودجەیی شارەوانی بەهامەهەنگی لەگەڵ بەڕێز پاریزگاردا نەیان توانی ئەو بڕیارەش جێبەجێ بکەن سەبارەت بەوانەی خیانەتکاران و گەندەڵکارانن کە بڕیار وابوو لە شوێنەکانیان دەربکرێن. کە ڕەنگە ئەمان کەمتر زیانیان بۆ کۆمەڵگاو شوێنە گیشتیەکان هەبێ.
سێیەم: هەروەها پێرۆزبایی گەرم لە ئامۆژنە هێرۆ و مەلا بەختیار ئەکەین بەهۆی ئەوەی نەیانهێشت(هەڤاڵ ئەبوبەکر) بکرێتە پارێزگا. چونکێ وا وتراوە کەئەم کابرایە کاتی خۆی بەشان باڵی سەدام حوسێندا هەڵی داوە.. دەستان خۆش و پێوستە پارێزگاری لەو دیموکراتیە بکرێ کە پارتە سۆسیالدیموکرات هەڵگریەتی و کەوا هەڵبژاردن بەشێکە لێی و پێوستە نەهێڵدرێ کەسی کۆنە بەعسی ببێتە پارێزگای سلێمانی.. هەروەها دەست خۆشی لە ئامۆژنە هێرۆش ئەکەم و پیرۆزبایی لێ ئەکەم کە نایەڵێ جاشایەتی و خیانەتکردن جگە لەخۆیان کەسی تر بیکا. ئەوان خۆیان عەیب نەبێ لە ١٩٦٦ بۆ یەکەمین جار و بە کۆڵوانەی سوورەوە سواری دەبابەی عێراق بوون و کورد کوژیان کرد،بۆیە بەڕاستی هەر لەخۆیان جوانەو نابێ کەسی تر ئەو شەرەفەیان لێ زەوت بکا.
چوارەم: پیرۆزبایی گەرم و نەرم لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەکەم کە توانی ئەم شارە پڕبکا لەعەرەبی چاو ڕەش و فەزلیان بدا بەسەر خەڵکە ڕەسەنەکەو هاکا ئەمانیش وەك عەرەبەکانی کەرکوك ببنە ڕەسەن و شار بە خاوەنەکەی چۆڵ بکەن.بەڕاستی ئەمە نیشانەی دڵفراوانی و سەخاوەتەی ئێوەیە کە هەموو شت بە حەڵاڵ و دروست بەخەڵکی دەرەوەی شارەکە بەڕەوا ئەزانن و بۆ خەڵکەکەی خۆشی تاڵی ژەقنەبووت.
پێنجەم: پیرۆزبایی لە گۆڕان و کاك نەوشیروان بەتایبەتی کەوا خەڵکی بە سلێمانچێتی ئەزانن و لە ئۆفیسەکەی لەگردەکە نە وێنەیەکی هەر یەك لە شێخی مەزن و قازی موحەمەد هەیەو نە وێنەیەکی گەورەکراوی سلێمانیش بەدی ئەکرێ. بەڕاستی گۆڕیتان و گەر زیاتریش ئەتانەوێ بیگۆڕن ئەوا داوا لە برا تورکەکان بکەن با سلێمانی بەتەواوی ئاوەدان بکەنەوەو بەڵام پێیان بڵێ با تەنها کرێکاری خۆیان بێنن چونکێ خۆمان خاوەنی کارگەری چیمەنتۆین.
شەشەم: پیرۆبایی گەرم لە دام دەزگای ڕاگەیاندنی ئەهلیەکان ئەکەین کە کاریان تەنها ڕێکلام کردنە بۆ دەسەڵات و بڵاوکردنەوەی نووسین و بابەتەکانی نووسەرو بەناو ڕۆشنبیرو سیاسیەکان ئەم حزب و ئەو حزب. هیوادارین بەردەوام بن و بێ لایەنی خۆتان تێك نەدەن.چونکە گەر وانەکەن ڕەنگە عاجز بین.
حەوتەم: پیرۆزبایی زۆر گەرم لە پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆر بەڕێز سەرۆکی هەرێم کاکە مەسعود ،ئەگەر چی ئەم بەڕێزەش وەك پارێزگاکەی لای خۆمان ماوەکەی بەسەر چوەو زۆریان بۆ درێژ کردۆتەوە، کەڕەنگە ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەبێ کە خەڵکی ئەو دەڤەرە چونکێ فێری خواردنی بەسەرچوو و ئێکسپایەر بوبن،ئاوهاش سیاسیەکانیان بەهەمان شێوە لێیان ئەڕوانن. بۆیە حەقی خۆیەتی پیرۆزبایی لە لقی ٤ تان بکەین و کەلەدوای ڕووداوەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١١ خاك و خوێنی ئەم شارەتان تێکەڵ بەیەك کرد،وا ئەمڕۆ نازتان ئەگیرێ و لەئامێز کراوان.
هەشتەم: پیرۆز بایی گەرم لەسەرجەم شاعیران،نووسەران،ڕۆشنبیران...بەوانەی کە مردوون و نەیان وویست لەبەر قەرەباڵغی و زۆری مردوان خۆیان تەنگە نەفەس بکەن و لەپارکیك نێژران ، وەیان خۆیان لەژیاندان و لەبەر جوانی گەڵا ڕێزان ستاچویەکیان بۆ دروست کردن، ئەکەم و هیوادارین کەشاری سلێمانی وەك خۆی بمێنێتەوەو جگە لە پەرتووكخانەیەك و چەند سینەمایەك و یەك دوو هۆڵ زیاتری بۆ نەکەن چونێ شاری ڕۆشنبیری هەر ئەوەندەی ئەوێ و لێشی زیایە.
نۆیەم: پیرۆزبایی لەهەموو گەنج و لاو و دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان ئەکەم و هیوام گەورەیە کە خەمیان نەبێ لەسایەی ئەم کابینەیە نوێیە،نەك هەر سلفەی زەواج و مووچەی حازر بەدەست،ڕەنگە موفاجەئەی گەورەتریشیان بۆ بکەن بەتایبەتی لەلایەن زۆر بەرێز کاکە قوباد تاڵەبانی کە خۆی گەنجەو لە خەمی ئێوە تێ ئەگاو شەو و ڕۆژ لەخەمی ئێوەدایە.
دەیەم: پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنە لەزۆر بەڕێز و ئاشتیخواز کاکە لاهور کە نایەڵێ خوێن لەلووتی یەك هاوڵاتی بەربێ و ژیانی ڕۆژنامەنووسان بەتەواوی پارێزراوە. بەڕاستی ئەم کاکەیە ئەگەر چی هەندێ بوختانی ئەوەی بۆ ئەکەن کە لەژێر فیتی ئێران و ئیتلاعات کارەکانی بەئەنجام ئەگەیەنێ، بەڵام خۆشبەختانە وانیەو هەموو خەمی خۆی لەپێناو ئاسایش و بەرقەراربوونی یاساو سەروەری دادگاکان لای هەموو شتێکە.
یانزەیەم:پیرۆزبایی گەرم لە ژووری بازرگانی سلێمانی ئەکەم و هیوادارم لەیادی کردنەوەی ئەم ڕووداوە نێو دەوڵەوتیە بتوانن زیاتر بەرو بومی خۆماڵی فەرامۆش بکەن و زیاتر هینی تورکی و ئێرانیمان بۆ بێنن. لەبەرئەوەی هەقی دراوسێ بەسەرمانەوە گرانەوەو مافی خۆمانە ببین بە بازاڕێك بۆ ساغکردنەوەی کەلو پەلەکانی ئەوان. ئێوە بەڕاستی ستراتیژێکی ئابووری تۆکمەتان بۆ خەڵکی سلێمانی داڕشتوە کە ڕەنگە لە ماوەی ٢٠ ساڵی داهاتوو جلی کوردی و زمانی کوردی وکەلتووری کوردی و هەرچی شتی خۆماڵیە نەمێنێ و نەجاتمان ببێ لەو سەر ئێشەیە.
دوانزەیەم : پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنە لە دادگاکان و پارێزەرە دڵسۆزەکان ئەکەین بەوەی کەوا توانیوتانە یاسا سەروەر بێ و بتوانن بەتەلەفونێکی تاڵەبانی حاکم قادر لە تیرۆری زانا حەمە ساڵح بپارێزن و هەروەها نەتان هێشت بکوژی تیرۆری کاوە گەرمیانی و شاعیر عیرفان هیچی لێ بێ لەبەرئەوەی بێ گوناه و بێ تاوان دەرچوون. بەڕاستی ئیوە ئەم هەرێمەتان وا یاساندوە کە ڕەنگە هەمو جیهان بەغیلیتان پێ بەرن.
سیانزەیەم : پیرۆزبایی یادی سلێمانی لە هەرچی مەلا و پێش نوێژ و موفتی و خەتیبەکان ئەکەم کە ڕۆڵیان گەورە وبەرچاویان هەیە لە ڕەوانەکردنی گەنج و لاوان بۆ لای داعش و هێزەکانی وەك نوسرەو هاوشێوەکانیان . بەڕاستی ئێوە گەلێ لەخەمی ئایینی ئیسلامی پیرۆزن و دەقەکانی وەك خۆی جێبەجێ ئەکەن . بەڕاستی ئێوە بۆتان سەلماندین کەوا ئایین گەلێ گرنگترە لەخاك و نیشتمان. بەو هیوایەی بتوانن ئەیڕەقیب بگۆڕن.لەبەرئەوەی خاك و نیشتمانیان لە ئایین پیرۆزتر باسکردوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست