کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرەتا دیموكراسی...دواتر ووردەكارییەكان

Wednesday, 23/11/2011, 12:00







ن/ سەعید ناشید_مەغریب
لەعەرەبیەوە: هێمن مەحمود حەمە

ئەوانەی دەڵێن یەكەمجار گەشەپێدان ئاستی بەرزی خۆشگوزەرانی، ئەوانەی دەڵێن یەكەمجار ئاسایش یا ئارامی، ئەوانەی دەڵێن یەكەمجار موساوەمەكردن یا ئاشتی، ئەوانەی دەڵێن یەكەمجار بەرگریكردن یا مومانەعەكردن یا رزگاری، ئەوانەی دەڵێن یەكەمجار چاكسازی رۆشنبیری یاخود ئاینی، بەهەموو ئەوانە دەڵێین: سەرەتا دیموكراسی و دواتر ووردەكارییەكان..
رەنگە یەكەمجاربێت لەماوەی چەندین سەدەدا كە گەلانی عەرەب راپەڕین ئەنجامبدەن و دوا لەدەسەڵاتدارانیان بكەن كورسییەكانیان جێبهێڵن، رەنگە یەكەم جاربێت داواكاری گەلان سەرەتا لە روخانی رژێمە ستەمكارەكانەوە دەست پێبكات تا رۆشتنی دەسەڵاتداران و لەدواجاریشدا بەدادگایكردنیان كۆتایی بێت.
بەدەرئەنجامێكی ئاشكراو روون، كودەتایەكی بنەڕەتی و بێ پێشینە لە هوشیاری عەرەبیدا رویداوە، ئێمە لەبەردەم چەند خاڵێكداین كە لێرەدا بەكورتی دەیانخەینە روو:
* ئەمڕۆ ناتوانرێت هیچ گەشەپێدانێكی بەردەوام یان خۆشگوزەرانییەك لەناو هیچ وڵاتێكی عەرەبیدا بەدیبێت لەسەر حسابی كەرامەت و ئازادی هاوڵاتیان. ئەمەش ئەو وانەیەیە كە شۆڕشی تونسی پێمان دەڵێت.
* ناتوانرێت لەسەر حسابی كەرامەت و ئازادی مرۆڤ هیچ ئاگربەستێك یاخود شەڕێك یاخود ئاشتیەك بەدیبێت، ئەمەش وانەی شۆڕشی میسرە.
* هەروەها ناشتوانرێت لەسەر حسابی كەرامەت و ئازادی هیچ مرۆڤێك پاراستنی یەكێتی خاكی هیچ وڵاتێكی عەرەبی بەردەوام بێت ، ئەمەش وانەی شۆڕشی یەمەنە.
* بەڵام، هەروەها زۆر بەراستیش ناتوانرێت پشتگیری هیچ موقاوەمەیەك یاخود مومانەعەیەك بكرێت لەسەر حسابی كەرامەت و ئازادی مرۆڤی عەرەبی، ئەمەش وانەی شۆڕشی سورییە.
ئەمە وانەی كۆتایی نیە، چونكە شۆڕشەكانی شەقامی عەرەبی چەندین وانەی دیكەی هەیە، كە لەكۆتایدا وانەیەكن بۆ هەموان: ئیسرائیل و هاوڕێكانی لەرۆژئاوا بۆ ماوەیەكی زۆر بڕوایان وەهابوو، رژێمە ستەمكارەكانی عەرەب هاوڕێ و هاوپەیمانیانن، وەك چۆن لەمیسری سەردەمی حوسنی موبارەكدا وەهابوو، ئەمەش باشتربو لەهاوڕێیەتی دیموكراسییەك كە ئەنجامەكانی زەمانەت نەبون، وەك توركیا.
بەڵام لەبەرامبەردا، هەندێكی دیكەش برٍوایان وەهابوو،موقاوەمە ئەگەر لەلایەن رژێمێكی سەركوتكاری عەرەبییەوە پشتگیری بكرێت، هاوسەنگییەك لە هەڵوێستەكاندا بەدیدەهێنێت، وەك چۆن لەسوریای ئەسەدا دا هەبوو،چاكترە لەوەی لەلایەن رژێمێكی دیموكراسیەوە پشتگیری بكرێت كە حكومەتەكانی ناو بەناو دەگۆڕێت، وەك حاڵەتی ئێران.
بەجوملە هەموو ئەم حساباتە سیاسیانە هەڵەبون، لەبەرئەوەی شتە بنەڕەتیەكەیان لەبیركردبوو، كە ئەویش ئازادی تاك و مافەكانی هاوڵاتیان و كەرامەتی مرۆڤە، ئەمەش وانەیەكە بۆ هەموان.
لێرە بەدواوە، هەموو پرۆژەو هەڵوێست و ئەگەرەكان، جا چ بۆ گەشەپێدان بێت یاخود بۆ رزگاری یاخود بۆ یەكگرتن بێت، پێویستی بە شەرعیەتی دیموكراسیانە هەیە.
هەر لێرە بەدواوە، دیموكراسی بنەمای هەموو شەرعیەتێكی سیاسیە لەجیهانی عەرەبیدا، تەنانەت بنەمای هەموو دامەزراوەیەكی ئەخلاقی سیاسیشە، چونكە ئەگەر سیاسەت لەسەر لێپرسراوێتی سلوك و ئیلتیزاماتی ئەخلاقی و بەها رەزامەندی لەسەردراوەكان ئەنجامنەدرێت، ئەوا دەبێتە تەنها فێڵێك كە سیاسیەكان ئەنجامی دەدەن،و دەزگاكان جێبەجێی دەكەن و خۆبەعاقڵزانان نەخشەی بۆ دەكێشن.ئەمەش تەنگەژەی فیكری سیاسی ئیسلامیە هەر لەكۆنەوە تاوەكو ئێستا.
لەكۆتایدا وەك گەڵاكانی پایز رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عەرەب دەكەون، ئەوانەی كە كۆنەپەرستن و ئەوانەشی كە عەلمانین، ئەوانەی كە میانڕەوەكان و ئەوانەشی توندڕەون، ئەوانەی هەژارن و ئەوانەشی دەوڵەمەندن، مادامەكی بنەمایەكیان نیە، كە ئەویش بنەمای ئازادی و كەرامەتی هاوڵاتی عەرەبییە.
هەربۆیە دەڵێین ئەوانەی دەڵێن یەكەمجار گەشەپێدان یا ئاستی خۆشگوزەرانی، ئەوانەی دەڵێن یەكەمجار ئاسایش یا ئارامی، ئەوانەی دەڵێن یەكەمجار موساوەمەكردن یا ئاشتی، ئەوانەی دەڵێن یەكەمجار بەرگریكردن یا مومانەعەكردن یا رزگاری، ئەوانەی دەڵێن یەكەمجار چاكسازی رۆشنبیری یاخود ئاینی، بەهەموو ئەوانە دەڵێین: سەرەتا دیموكراسی و دواتر ووردەكارییەكان.

[email protected]

* لەژمارە 61 ی پاشكۆی كاكێشان دا بڵاوبوەتەوە
سەرچاوە/ سایتی ئیلاف


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە