کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی ژان گرتی، مشکێکی به‌ مردویی بوو!

Wednesday, 15/09/2010, 12:00




دوا به‌دوای کوژرانی ڕۆژنامه‌ نوسی چاونه‌ترس(سه‌رده‌شت عوسمان) و زیاتر له‌ سه‌دو بیست ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، مه‌سعود بارزانی و حزب و قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌ ڕسواکانی، له ترسی وشیاری و تووڕه‌یی به‌شێکی به‌رچاو له‌ خه‌ڵکی کوردستان و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ ڕێکخراو و که‌سانی ئینسان دۆست و ئازادیخوازی دنیا، په‌نایان بۆ(کات) برد و له‌گه‌ڵیدا جووت بوون! به‌و ئومێده‌ی دوای چه‌ند ڕۆژێک (ئاوس) بوونی خۆیان رابگه‌یه‌نن و جار جاره‌ له‌ یه‌کێک له‌ خه‌سته‌خانه‌ ئه‌هلی یه‌کانیاندا، سۆنه‌رێکی موخابه‌راتیانه‌ بکه‌ن و وێنه‌ی(به‌ڵێن) ه‌که‌یان پیشانی خه‌ڵکی ناڕازی و تووڕه‌ بده‌ن و هێمنیان بکه‌نه‌وه‌! هه‌ر مانگ تێده‌په‌ڕی و نه‌یانده‌زانی بڵێن ئه‌و گیانداره‌ چی یه‌! مامانه‌کان سه‌ریان لێشێوا بوو، هه‌ر ڕۆژه‌ی قسه‌ی یه‌کێکیان قه‌بووڵ ده‌کرا و مژدانه‌ی پێده‌درا و چه‌ند ده‌قه‌یه‌ک دوای ئه‌وه‌ش په‌شیمان ده‌بونه‌وه‌ و پێیان ده‌وت: ئه‌مه‌ش هه‌ر نابێت و له‌به‌ر خۆیانه‌وه‌ ده‌یانوت: ئاخ بۆ سه‌رده‌می ڕێبه‌ری گه‌وره‌ی کوردایه‌تی! ئه‌و کاته‌ کوا خه‌ڵک ئه‌وه‌نده‌ زانیاری یان له‌سه‌ر گیانداران هه‌بوو؟ کوره‌ هه‌ر دوور مه‌ڕۆ 14 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ 31 ی ئابدا مه‌عره‌زێکی گه‌وره‌مان کرده‌وه‌ و به‌ هه‌ڤاڵانی خۆمانمان وت: ئه‌وانه‌ حه‌ره‌س کۆماری‌ نین، ئه‌وانه‌ زێڕه‌ڤانین! ئا ئه‌وانه‌ ده‌بابه‌ نین، ئه‌وانه‌ ئه‌سپی ڕه‌سه‌نی عه‌ره‌بین و هه‌ڤاڵ سه‌دام به‌ دیاری بۆ کوڕ و نه‌وه‌کانی بارزانی نه‌مر هێناونی! یه‌ک که‌سیش چیه‌، نه‌یوت وا نیه‌! ته‌نانه‌ت دواتریش توانیمان تاڵه‌بانی و حزبه‌که‌یشی بگه‌یه‌نینه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ ئه‌وه‌ی له‌ 31 ی ئابدا ئه‌وان لێی ترسان خه‌و بوو! کاتێکیشیان وتیان ئه‌ی ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ بۆ ڕژا بووه‌ سه‌ر جاده‌کانی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری؟ به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ وتمان عاقڵینه‌ ئه‌وه‌ نه‌وت بوو، ئه‌گه‌ر بڕوا ناکه‌ن فه‌رموون تا به‌شی که‌ین! ئیتر له‌ ڕێگای(ئاشتی) یه‌وه‌،(به‌رهه‌م) ه‌که‌یشیمان براوبه‌ش کرد و ئه‌وانیش زۆر (به‌ختیار) بوون و هه‌ستیان به‌ (ئازاد) ی کرد!
یه‌کێکی تریان وتی: هێشتا هه‌ر باشه‌.
بارزانی تووڕه‌ بوو:
ـ کوێی باشه‌ گه‌مژه‌؟
ـ قوربان ئه‌وه‌ نی یه‌ به‌ نه‌وشیروان و ده‌سته‌ودایه‌ره‌که‌ی ده‌ڵێین: ئێوه‌ خۆتان مه‌شغوڵ بکه‌ن و (ته‌په‌ ته‌پ)یش نه‌که‌ن و مۆمه‌که‌یش بکوژێننه‌وه‌، تا ئێمه‌ ئه‌م مشکه‌ مردوه‌ پیشانی خه‌ڵک ده‌ده‌ین و پێیان ده‌ڵێین ئه‌مه‌:
ـ کۆرپه‌ی ئه‌و هه‌ڵۆ به‌رزه‌فڕه‌ی سه‌ر ئاڵاکه‌ی کوردایه‌تی یه و ئێستا خه‌وتوه‌‌!
ئه‌وه‌تا ئه‌وانیش به‌ قسه‌یان کردووین.
بارزانیش به‌ ده‌نگێکی ئاوسه‌وه‌ وتی :
ـ ده‌ی ده‌ست پێبکه‌ن و مامانه‌کان بانگ بکه‌ن و ڕای بگه‌یه‌نن!
گوناح پارتی! دوای ئه‌و هه‌موو کاتی ئاوس بوونه‌، دوای ئه‌و هه‌موو نقه‌ نقه‌! مشکێکی مردووی بوو! مه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌و که‌سانه‌ باوه‌ڕیان پێبکه‌ن که‌ له‌ خوێنی ڕژاوه‌وه‌ نه‌وتیان کۆکرده‌وه‌ و کۆده‌که‌نه‌وه‌ ! مه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌وانه‌ باوه‌ڕیان پێبکه‌ن که‌ باوه‌ڕیان وایه‌، ئه‌وه‌ ته‌نیا ته‌په‌ ته‌پی ناو په‌رله‌مانه‌ مشکه‌ مردوه‌کان ڕاده‌چڵه‌کێنێت و ئه‌وه‌ ته‌نیا مۆمه‌که‌ی نه‌وشیروان و گۆڕانه‌ کوردستان ڕوناک ده‌کاته‌وه‌!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە