1ى ئایار ڕەمزى تێكۆشانە بۆ چەسپاندنى ئازادى و دادپەروەرى !
Tuesday, 30/04/2013, 12:00
...مێژوویى مرۆڤایەتى لێوان لێوە لە تێكۆشان بۆ چەسپاندنى مافە ئینسانییەكان,بۆ بە دیهێنانى ژیانێكى شایەستە بە مرۆڤ بوونیان بەڵام بە هۆى پاراستنى بەرژەوەندییەكانى دەسەڵاتداران و كۆكردنەوەى سەرمایە بە شێوازى نائینسانى ئەمە بۆتە هۆى زیاترى چەوسانەوەى چینى خوارەوەى كۆمەڵگە.لە ژێر پەرچەمى نیزامى سەرمایەدارى دا ئەوەى بەها و نرخ و گرینگ نەبێت ئینسانە تەنها كۆكردنەوەى قازانج و سەرمایەو پاراستنى دەسەڵاتى زاڵمانەى خۆیانەوە بەلاوە گرینگە سەرجەم دەسەلات و حكومەتە چەوسێنەرەكان بەپێى قۆناغەكانى مێژوو و بەپێى شوێنى جوگرافى و ڕۆژ هەڵات یا ڕۆژ ئاوا ,باكوور یاخود باشوورى گۆى زەوى ئەورووپا یاخود رۆژهەڵاتى ناوەراست تەنها لە شێوازى دەرەوەى دەسەڵاتیان جیاوازى یان هەیە بۆ ئارایشتدانى دەسەڵاتیان و جۆرى كارگێرى ئیداریان جیاوازى یە كانیان دەر دەكەویت بەڵام زۆرینەیان لە ناوەرۆكدا جیاوازى ئەو تۆیان نیە .وڵات و كۆمەڵگاكەیان لێوان لێوە لە نابەرابەرى و چەو سانەوە و نە بوونى ئازادى و نەبوونى ڕیفاهیەت بۆ كرێكاران و زەحمەتكێشان.ڕێگا نادان بە كرێكاران و زوڵم لێكراوان داواى مافى ڕەواى خۆیان بكەن لە هەر هەنگاوێك دەترسن كە ئەم چینەى خوارەوەى كۆمەڵگا ناسراوە بە چینى كرێكار و رەنجدەران و بێكاران و دەستفرۆشان بینێت بۆ یەكگرتوویى و یەكێتى بوونى خۆیان.هەر لە بەر ئەمەشە هەموو جۆرە ڕێگایەك بەكار دێنن بۆ بەر گرتن بە شۆڕش و بەرخودانى چینایەتى و ئازادیخوازى لە سەراسەرى جیهان.بیرمەندى گەورەى جیهانى كارڵ ماركس ڕاستى ووتووە كە ووتویەتى (ئەى كرێكارانى جیهان یەكگرن !),لە بەرئەوەى یەكگرتنى كرێكاران یاخود ئەوانەى مافیان خوراوە و دەخورێت تەنها بە یەكگرتویى و یەكێتى بوونى تێكۆشانى خۆیان ئەتوانن ئامانج و داواكارى یە ڕەواكانى خۆیان بە دەستبهێنن بە پێچەوانەى ئەمەوە تەنها كات بەفیڕۆدان و دڵخۆش كردنى چەوسێنەران و سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانە هیچى تر بە دەست نایە.بە دەستهێنانى مافەكانى چینى كرێكار بە دەستهێنانى مافەكانى تەواوى كۆمەڵگەیە,بە دەستهێنانى ئازادى و دادپەروەرى یە بۆ تەواوى كۆمەڵگە,چەسپاندنى مافەكانى كرێكار واتە نەمانى گەندەڵى و دزى و تاڵان و بە فێرۆنەدانى سامانى گشتى یە.یەكى ئایار چەژنى چینى كرێكارە,لەو ڕۆژەدا لە زۆرێك لە وڵاتانى جیهان كرێكاران كارگەكان دادەخەن بە كۆمەڵ بۆ داواكردنى مافە چینایەتییەكانیان لە شەقام و شوێنە گشتى یەكان ولە بەردەم كارگەكان و پەرلەمان و دامودەزگا حكومى یەكان ناڕەزایەتى دەر دەبڕن داواى چەسپاندنى مافەئینسانییەكانیان دەكەن.لە سەرجەم دەوڵەت و حكومەتە دواكەوتو چەوسینەر و دیكتاتۆر و دژە بەشەرى یەكان بە شێوازى جۆراو جۆر ڕێگرى دەكەن لە یاد كردنەوەى ئەم یادە یان وەكو یادێكى تەشریفاتى و هاوتا بە قازانج و بەرژەوەندى یەكانى حكومەت ئەم رۆژە دەناسێنن بە مانا یەكى تر لە هەموو بەرگێكى چینایەتى و ئینسانى داى دەماڵن ,ئەمەش لە پێناو پاشەكشە پێكردنى ڕەوتى ئازادیخوازى و شۆڕشگێرى یەكێتى و هاوخەباتى چینى كریكار.سەرجەم سەرمایەداران و حكومەتەكانى چەوسێنەر باش دەزانن بە هێزبوونى یەكێتى شۆڕشگێڕى چینى كرێكار دەرگا بەرەو شكست لە گۆڕنانى نیزام و یاساكانى چەوسێنەران و زاڵمان دەكاتەوە.یەكى ئایار ڕۆژێكى پرشنگدار و زیندووە لە رابردوویى مرۆڤایەتى دا.لەو ڕۆژەدا ڕق و بێزارى چینى كرێكار لە شیگاگۆ تەقییەوە بۆ ئەوەى داخوازى 8سەعات كار دابین بكەن بەڵام لەلایەن پۆلیسى سەرمایە وە خەڵتانى خوێنكران.دواتر بەهۆى بەهێزبونى یەكێتى و تێكۆشانى كرێكاران ئەمرۆژە بە ناوى 1 ى ئایار دیارى كرا.هەر ئەمەش بوو ئەو ڕاستى یەى سەلماند كە چینى سەر دەست و چەوسێنەر و دیكتاتۆر هەر چەندە خاوەنى هێز و ئامرازى سەركوتبن و خاوەنى سامان و پارەى زۆربن بەڵام ناتوانن لەبەرامبەر توورەیى و ناڕەزایەتى چینى چەوساوەدا خۆیان ڕابگرن و پارێزگارى لەو دەسەڵاتە نارەوایە و نابەرابەر و چەوسێنەرە بكەن كە لەسەر خوێن و رەنج و هیلاكەتى هەژاران و نەداران و كرێكاران و ڕەنجدەران دامەزراوە بووەتە مایەى زەوت كردنى ماف و بەرژەوەندى یەكانى تاكەكانى كۆمەڵگا و تێكدانى شیرازەى كۆمەڵگا لە سەرجەم بوارە جیاوازەكان دا.بەهۆى كاریگەرى بە جیهانى كردنى سەرمایەدارى یەوە عێراق و كوردستانیش بە دەرنییە لە چەوسانەوەى خەڵكى كرێكار و زەحمەتكێش و نەدار. سەر دەمى ئەمرۆى عێراق ئاوێنەیەكى دیار و زیندووى بەرهەمى گەشەى كاریگەرییەكانى نیزامى سەرمایەدارییە,بە ئاشكرا لایەنەكان و حیزبەكان تەمسیلى باڵە جیاوازەكانى چاوچنۆكى و شەرەنگێزى ئیمپریالیزم دەكەن ئەمە لە كێشە و ململانێكانى ناو باڵە جیاوازەكانى حكومەت و حیزبە جیاوازەكان بە ئاشكرا دەردەكەوێت,موبەلیخانى سیاسى و ئایینى و نەتەوەیى و حیزبى و عەشیرەتى جەهەننەمێكیان داخستووە كە ڕۆژانە خەڵكى زەحمەتكیش و كرێكار و كاسبكار دەسوتێنێت,سەرەڕاى بە ڕێژەیەكى زۆرى هەبوونى هەژارى و بێكارى و بێ خانەولانەیى,ڕۆژانە شەقام و كۆڵان و ڕێگاكانى دەرەوەى شار و قەراغ گوند و زەوى مەزارەكان چەندین تەرمى نەناسراو ئەدۆزرێتەوە یاخود بەهۆى تەقینەوە و كوشتنە بە كۆمەڵەكانەوە تەرمى ژن و مناڵان و خەڵكى كاسبكار و زەحمەتكیش ئەبیندرێت.خەڵك داواى مافەكانى خۆى دەكات و نارەزایى دەردەبڕێت و خۆپیشاندان دەكات بە شێوازى مەدەنى و شارەستانى دوور لە توندوتیژى بەڵام دەسەڵات و حكومەت ئەمە قبوڵناكەن و بە فرۆكە هێرشیان دەكەنە سەر خۆپیشاندانەكان و تانك و زریپۆش و سەباز دەبەنە سەریان خەڵكى خۆپیشاندەر دەكوژن و بریندار دەكەن ,بەزەبەرى چەك و سەربازى دەیانەوێت كۆتایى بە خۆپیشاندان و نارەزایەتى خەڵكى عێراق بێنن ,ئەمە چ جۆرە دەسەڵاتێكە كە نە یەوێت داواكارییەكانى خەڵكى خۆپیشاندەر جێبەجێ بكات؟ جگە لە دەسەڵاتى دیكتاتۆرى و ملهوڕى نەبێت هیچ دەسەڵاتیك ئەمە ناكات . مانشێت و سەردێڕى هەواڵى ڕاگەیاندنەكان ئەم ڕاستییە باشتر دەسەلمێنێت كە ڕۆژ بە ڕۆژ بارى ئاسایش و مەترسى پێكەوەژیان و گەندەڵى ئیدارى و دزى و تاڵانى سەروەت و سامانى گشتى وڵات زیاتر دەبێت.لە كوردستان وێڕاى هەبوونى گەندەڵى و دزى و بە فیڕۆدانى كات لە ڕووى كارگێڕى ئیدارى و ناشەفافى لە خەرج كردنى دارایى گشتى دا و هەبوونى نابەرابەرى زۆر لە چین و توێژەكانى كۆمەڵگە,ئەوانەى خزم و كەس و كارى بەرپرسانى حكومى و حیزبین و بەر پرسن لە حیزبەكان و حكومەتدا لە گوزەران و ژیانێكى بەهەشت ئاسا ژیان بەسەر دەبن لە لوتكەى ڕیفاهیەت و خۆشگوزەرانى دا دەگوزەرێن لە خانوو لە زەوى زۆر لە پارە و لە جۆرى خوێندنى باش و لە پلەوپایەى حیزبى و حكومى و لە سەفەرى ووڵاتان بە كورتى بە ئارەزوویى خۆیان دەتوانن بگوزەرێن كە كەمینەى كۆمەڵگەی پێكدێنن بەڵام بارو گوزەرانى خەڵكى دەست فرۆشان و هەژاران و كرێكاران و زەحمەتكێشان كە چینى خوارەوەى كۆمەڵگەن و زۆرینەن لە وڵاتدا لەو پەرى گوزەرانى خەراپ و نالە بار دەگوزەرێن بە شێكی زۆریان كرێچین و لە ژێر هێڵى هەژارى دا دەژین,بە شێكیشیان كرێكارى بیناسازى وكرێكارى گەچ كارى و لەبخ و كاشى و كرێكارى كارگە حكومى و ئەهلێیە كانن كە هیچ یاسایەك لە كوردستان لە بەرژەوەندى كرێكاران نەسپاوە,زەمانەتى ژیانیان نییە,ڕۆژانە كرێكاران بە هۆى قورسى كارەوە نەخۆش دەكەون و برینداردەبن و زۆر جار گیانیش لە دەست دەدەن, زەمانەتى سلامەتییان نییە و لە كاتى نەخۆشى دا هیچ بیمەیەك وەرناگرن یاخود خانەنیشین ناكرێن كاتێك بەساڵدا دەچن.بەڵام حیزبەكانى خاوەن دەسەڵات و حیزبە هاوپەیمانەكانى حیزبەكانى دەسەڵات زۆرترین كادر و ئەندامانى خۆیان خانەنیشین كردووە لەسەر بودجەى گشتى حكومەت كە ئەمە بەشێكە لە گەندەڵى حكومەت و حیزبەكانى كوردستان,پارە و سامانى گشتى وڵات بەم جۆرە پەخشان تەخشانى پێدەكرێت.لە كام حكومەت و دەوڵەت هەیە بەم جۆرە حیزب لە جیاتى حكومەت خەڵك خانە نیشین بكات ؟!و داهاتى ماددى و مەعنەوى بەم جۆرە بۆ حیزبەكان لەلایەن حكومەتەوە خەرچ بكرێت ؟! بەشێكى زۆرینەى كۆمەڵگەش كە خەڵكى جوتیار و كرێكار و و بێكار و دەست فرۆش و هەژار لە نەهامەتى دا بگوزەرێن .پێویستە 1ى ئایار بكرێت ڕۆژى دانان بە مافەكانى چینى كرێكار .چەندین یاسا بۆ باشتر كردنى گوزەرانى خەڵكى كرێكار و جوتیار و بێكار و دەستفرش دەر بكرێت لەلایەن پەرلەمان و حكومەتى هەرێمى كوردستانەوە,بە شێوازێكى شارەستانیانە كار بۆ كەم كردنەوەى بێكارى بكرێت.هەوڵى باشتر بدرێت بۆ هاوكارى ئاوەدانكردنەوە گوندەكان و پرۆژەى زانستیانە بۆ گەشەى بەرهەمى كشتوكاڵى لە سەرجەم ناوچەكاندا بخرێتەكار و گەشە ى زیاتر بە بەرهەمى خۆماڵى بدرێت.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست